سزا و گەمارۆی ئابووریی و کاراییان لەسەر کامیان؟

سزا و گەمارۆی ئابووریی و کاراییان لەسەر کامیان؟

زاهیر باهیر

19/03/2022

پێش ئەوەی بێمە سەر باسەکە سێ خاڵی گرنگ هەن. یەکەم: سزا و گەمارۆی ئابوریی لە سەرەتادا هێچ ڕۆڵێکی نییە لەسەر وڵاتی سزادراو. پرۆسەیەکی درێژ خایەنە و هەندێك جاریش ڕك و کینەی دانیشتوانی وڵاتی سزادراو  دژ بە بەدەوڵەت یا دەوڵەتانی سزادەر دروستدەکات. گەرچی بازرگانانی جەنگ هەر کە تەقە دەستی پێکرد ئەوان زۆربەی کەرەسەکان لە ئەمبارەکاندا خەزن دەکەن و ئەوەشی کە بەدەرەوەیە  هەر دوای ڕۆژێك نرخەکەی بەرز دەکەنەوە.  دووەم : سزای ئابووریی کە بەسەر وڵاتانی گەشە نەکردوی پیشەسازییدا دەسەپێنرێت زۆر جیاوازە لەو سزایەی کە کۆمەڵێك لە وڵاتان بەسەر وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو دەیسەپێنن، هەر ئاواش کاراییان دوولایەنەیە . سێیەم: هەر لایەك ئەو سزایە بەسەر هەر لایەکی دیکەدا بچەسپێنێ باجەکەی دانیشتوانی وڵاتی سزادراو دەیدات نەك حوکمڕانانی وڵاتەکە.  باشترین بەڵگەش سزادان و گەمارۆخستە سەر عێراق، ئێران، ڤێنزویلا، کۆریای باکور و زیمبابۆیە .

لەم نوسینەدا مەبەستم پەیوەندی ئاڵووێر و بازرگانی نێوانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا لەگەڵ روسیادایە بە هۆی ئەم شەڕەی کە هەیە. هەر ئاواش قسەکە لەسەر سزادانی وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتووە لەسەر وڵاتێکی دیکە کە تا ڕادەیەك ئەویش خاوەن پیشەسازیی پێشکەوتوە کە ڕوسیایە.  لێرەدا سزای ئابوریی و گەمارۆدانی ئابوریی و ئابورییانە دوولایەنەیە واتە لەسەر دانیشتوانی هەردولا دەکەوێت، ئەویش بە گوێرەی ئاستی گەشەی پیشەسازییەوە و ڕێژەی هەناردەکردن و هاوردەکردنی شمەك و کاڵاکانە لە نیوانیانا .

 بۆڕونکرننەوەی ئەوە چەند داتایەکی نوێ کە سەبارەت بە بازرگانیی نێوانیانە دەخەمە ڕوو، ئەو کاتە دەتوانین ئەنجامگیرییەك بکەین .

بەگوێرەی داتاکان، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2021 سەرجەمی هەناردەی ڕوسیا بۆ جیهان 388.4 ملیار دۆلار بوە کە بە شێك لەو وڵاتانە ئەم 5 وڵاتەن:  چین بە بڕی 112.4 ملیار دۆلار، ئەڵمانیا بە بڕی 46.1 ملیار دۆلار، هۆڵندە بەبڕی 37 ملیار دۆلار، ئەمەریکا بە بڕی 28.8 ملیار دۆلار  و تورکیا بە بڕی 25.7 ملیار دۆلار.  ئەوەی ڕوسیا هەناردەی بۆ ئەم وڵاتانە دەکات نەوتە و غازە و بەرهەمهێنراوی کیمیاوییە و مەعدەنە. لەسەرجەمی هەناردەی ڕوسیا  لەسەدا 53 ی نەوتە و غازە وەبەرهەهێنراوی کیمیاوییە.  لە سەدا 13 هەناردەی ڕوسیا دەچێت بۆ وڵاتانی CIS ، واتە ئەو 11 وڵاتەی کە کاتی خۆی لە فەلەکی یەکێتی شورەویدا بوون.

 بێ لەوانەی  سەرەوە ڕوسیا ئەمانەش هەناردە دەکات : جۆ ، ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە، مریشک، شیر و پەنیر ، گۆشتی بەستوی بەراز ، پێویستی کارەبایی و کەرەسەی میکانیکی و تەختە. ڕوسیا و ئۆکرانیا پێکەوە سێیەکى هەناردەى گەنمى جیهان‌ و 80%ى ڕۆنى زەیت دابیندەکەن ئەمەش وای کردوە هەر لە ئێستاوە لە بۆرصەی جیهانیدا گەنم نرخەکەی بە ڕێژەی لە سەدا 50 زیادی کردووە.

بازرگانی ئەمەریکا و ئەورروپا لەتەك ڕوسیا:

بازرگانی و ئاڵووێر و خزمەتگوزاریی و کاڵای نێوانی ئەمەریکا و ڕوسیا لە ساڵی 2019دا تەنها 34.9 ملیار دۆلار بووە کە لەمەش هەرناردەی ئەمەریکا بۆ ڕوسیا 10.9 ملیار دۆلاربووە و هاوردەی 24 ملیار بووە، کەواتە نوقسانی [ عەجزی] ئەم ئاڵووێرە بۆ ئەمەریکا 13.1 ملیار دۆلار بووە ، بە زمانی ئاسایی یانی هەناردەی ئەمەریکا بۆ ڕوسیا کەمتر بووە لە هاوردەی. هەر لەو ساڵەدا، 2019 دا ، ئەمریکا 26 هەمین  دەوڵەتی مامەڵەی بازرگانیی ڕوسیابووە، کە 28 ملیار دۆلار بووە. لە هەناردەکردندا ڕوسیا بۆ ئەمەریکا لە ساڵی 2019 دا، 40 هەمین وڵات بووە، بەڵام لەهاوردەی کاڵادا لە لایەن ئەمەریکاوە هەر لەو ساڵەدا، ڕوسیا لە ڕیزبەندی 20 دا بووە، کە بە بەهای 22.3 ملیار دۆلاربووە.  سەبارەت بە نەوت و وزەش ئەمریکا لە سەدا 5 نەوت و وزەی لە ڕوسیا هاوردە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە BlackRock کە گەورەترین کۆمپانیای ئیدارەدانی سامانە لە جیهاندا کە بارەگاکەی لە نیو یۆرکە و سامانی  10 تریلۆن دۆلاری  لە ژێردەستدایە،  ئەم کۆمپانیایە 17 ملیار دولاری لە کاری سیکوێرێتیدا لە ڕوسیا لە دەست چووە، بە هۆی هەڵپەساردنی سامانییەوە لە 28/02 دا.

هەرچیش سەبارەت بە ئەوروپایە ، لە ساڵی 2021 دا بازرگانی و ئاڵووێر لە نێوانی ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپیدا 257.5 ملیار یورۆ بووە. بڕی هاوردەی ئەوروپا لە ڕوسیا 158.5 ملیار یورۆ بووە کە بریتی بووە لە نەوت و غاز و وزە و کانزاکان و تەختە و پۆڵا و ئاسن هەروەها سەمادی کیمیاوی.  هەر ئاواش لە ساڵی 2021 دا ڕوسیا پێنجەم شەریکی ئەوروپا بووە لە هەناردەدا و سێهەم شەرییکی هاوردەی ئەوان بووە. سەرجەمی هەناردەی ئەوروبا بۆ ڕوسیا لە ساڵی 2021دا بایی 99 ملیار یورۆ بووە کە بریتی بووە لە مەکائین و پارچەکانی و سەیارە و داو و دەرمان و ئالەتی ئەلەکترۆنی. لێرەشدا بە ئاشکرا دیارە کە مامەڵەی بازرگانی ئەوروپا لەتەك ڕوسیادا لە عەجزدا بووە، هەناردەی ئەوروپا بۆ ڕوسیا زۆر کەمتر بوە لە هاوردەی.

هەرچیش بریتانیایە تا ئێستا سزای زیاتر لە 350 ڕوسیی کە زیاتر لە 50 کەسیان ئۆلیگارگییەکان و خێزانەکانیانن و بڕی گشتی داهاتیان دوای باج 100 ملیار دۆلارە. لە لایەکی دیکەوە حکومەت بە بڕی سەدەها ملیۆن پاوەن لە کاڵای زۆر گرانبەها و ناوازە [لەکشەری] بلۆك کردووە. ئەمە لە کاتێکدا ساڵی پار، 2021 ، بریتانیا بایی2.6 ملیار پاوەند کاڵا و شمەکی بە ڕوسیا فرۆشتووە، 400 ملیۆن لەمە پارەی فرۆشتنی سەیارەی دانسقە و تایبەت دروستکراو، بووە. لەگەڵ ئەوەشدا بە گۆێرەی داتاکان بریتانیا بازاڕێکی بچوك بووە بۆ كڕینی سەیارە لە لایەن ڕووسەکانەوە، کە نیشانی دەدات کە شتێك زیاتر لە 10 هەزار سەیارە بە ڕوسیا فرۆشراوە، کە لە کاتێکدا بڕی بەرهەمهێنانی سەیارە لە بریتانیا بەهاکەی 850 هەزار پاوەند بووە.

کاردانەوەی جەنگەکە و سزا ئابوورییەکان لەسەر دانیشتوانی بریتانیا زۆر گەورەیە هەر لە مانگی ڕابوردوودا، مانگی شوبات، نرخی خۆراك و خوردن لە سەدا 20 گرانتر بووە بە بەراورد بە هەمان مانگی  ساڵێك لەمەوبەر. کولفەی ژیان لە بریتانیادا لە پایزدا بە ڕێژەی لە سەدا 10 دەچێتە سەرەوە. هەر بە گوێرەی  ئەو ئامارانە ژیان ئەوەندە گران دەبێت کە 23.4 ملیۆن خەڵك لە بریتانیا بۆ ئەوەی بژین دەبێت دەست بە جیهازەکانی گەرمکردنەوەی خۆیانەوە بگرن و هاوکاتیش کەمکردنەوەی هەندێك لە کەرەسەی خواردنی بنەڕەتی کە لە خۆیانی بگرنەوە.

بێ گومان کشانەوەی کۆمپانیای پیترۆڵی بریتانی لەژێر فشاری حکومەتی بریتانیا و کۆمپانیاکانی دیکە  لەژێر فشاری حکومەتەکانی تردا هەر وا بە ئاسانی بەسەرماندا تێناپەڕێت و دەبێت ئێمەی باجدەری بریتانیا ئەم باجە قورسە بدەین . ئەم باجەش دێتە سەر ئەو باجەی کە ماوەیەك لەمەوپێش نرخی غاز و وزەیان بۆ ساڵێك لانی کەم بە 700 پاوەند خەمڵاند لەسەر هەر ماڵێك یا بزنسێك.

سەرەڕای ئەمانەش نوقسانی بوجەی بریتانیا لە 2019 دا گەیشتە 140 ملیار پاوەند بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ئێستا پێشبینی دەکرێت ئەم نوقسانییە [عەجزە] بە هۆی ئەم جەنگەوە زیاتر هەڵکشێت کە ئەمە لە کاتێکدا لەسالی 2000 دا تەنها 40 ملیار پاوەند و لە 2010 دا 98 ملیار بووە.  لەم بارەشەوە، مارك کەنری کۆنە سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئینگلەند ماوەیەك لەمەوبەر وتی ” بریتانیا سەبارەت بە ئیدارەدانی عەجزی میزانییەکەی متمانە دەکاتە سەر بەڕەحمیی ساماندارانی بێگانە” .  گرانیی لە لایەکەوە  و نوقسانی میزانییە ، بە بڕوای ئابوورییناسەکان هەڵئاوسانی پارە لە پایزدا دەباتە سەروی لە سەدا 8 .

هاوکاتیش حکومەتی بریتانیا دەڵێت ” ئەوەی لە توانامانا بێت دەیکەین بۆ پارێزگاریکردن لە بەکاربەر و خەڵك”  بەڵام چۆن دەتوانێت ئەمە بکات ؟ ئەی ئەگەر نەیکرد چی ڕوودەدات؟ بێ گومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ڕەنگە لە ئایندەدا دەستمان بکەوێت.

ئەنجامگیریی :

بە گوێرەی ئەو داتانەی سەرەوە غاز و نەوت بەشی سەرەکی هەناردەی ڕوسیایە بۆ ئەوروپا کە دەکاتە لە سەدا 31 بۆ ئەڵمانیا و ئەوروپا، بریتانیا لە سەدا 7 بۆ ئەمەریکا لە سەدا 5 . لە ئێستادا کە نرخی نەوت لە بەرزبووندایە بێ گومان لە قازانجی ڕوسیایە نەك بریتانیا و ئەوروپا کە تا ئێستا جێگرەوەی نەوت و وزەی ڕوسیایان نییە. گرانبوونی زیاتری غاز و وزەمەنیی زۆر لەسەر دانیشتوانی ئەوروپا و بریتانیا دەکەوێت.  هەمان شتیش بۆ هاوردەکردنی سەمادی کیمیاوی کە کێڵگەوانەکان بە پلەی یەکەم زیانیان لێدەکەوێت و لە پلەی دووهەمیشدا بەکاربەران. باشە لەم بارە ناهەموارەدا کاردانەوەی ئەوروپییەکان و بریتانییەکان چییە و چۆن دەبێت؟ ئەی حکومەتەکانیان چۆن چۆن چارەسەری ئەم کێشە گەورەیە دەکەن؟ کاتێك کە لە پایزدا ئاو و هەوا دەگۆڕێت.

لە ڕاستیدا زۆر گرانە کە ئەوروپا و بریتانیا جێگرەوەی بڕی نەوتی هاوردەی ڕوسیا وا بە ئاسانی پڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەوە بکرێت زیادکردنی بڕی دەرهێنانی نەوتی زیاترە لە لایەن دەوڵەتانی ئۆپیکە وە کە خودی ڕوسیا کارایی خۆی لەسەر هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپیکدا هەیە وەکو  ئێران و لیبیا و ڤێنزویلا، خودی ئەمانیش  لایەنگری ڕوسیان، تەنها وڵاتێك کە بیەوێت ئەو بڕە زیاتر بکات کە ئەویس دەبێتە شکاندنی پەیمان و ڕێکەوتنی نێوانیان، سعودییەیە . چارەیەکی دیکە هەیە کە ئەویش لابردنی سزا و گەمارۆی ئابووریی ئەمەریکا و ئەوروپایە لەسەر ئێران. رەنگە ئەم روداوانەی ئەم ڕۆژانە هەنگاوی یەکەم بێت بۆ ئەوە، لەوانە گەرمکردنەوەی وتووێژ و بەردانی نازەنین  زەگهاری ڕەتکلیف لە بەرانبەر نزیکەی 400 ملیۆن پاوەن کە ئەمەریکاش رازی بوو بەوە کە وەکو بڕێك بۆ کاروباری مرۆڤانە دەبێت سەرفبکرێت.  

شتێکی دیکەش هەیە ئەویش دابەزینی  بەهای ڕۆبڵە، دراوی ڕوسیا ، کە لە دەستپێکردنی جەنگەکەوە شکاوە بەڵام لە هەناردەی کاڵادا هێشتا هەر قازانج دەکات .

 لە مەسەلەی هەناردەی دانەوێڵەدا لە کاتێکدا کە بە ڕوسیا و ئۆکرانیا سێیەکی دانەوێڵەی دونیا زامن دەکەن زۆرێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها و باکوری ئەفەریقا متمانەی سەرەکییان لەسەر دانەوێڵەی ڕوسیا و ئۆکرانیایە.  بۆ نمونە لەسەدا 40 ی پێویستی دانەوێڵەی یەمەن لە ڕوسیادا دەڕوێنرێت، هەر ئاواش میسر گەورەترین هاوردەی دانەوێڵەیە کە لە سەدا 70ی گەنمی لەوێ دەهێنیت. ئەمە کارەسات دەهێنێت.  ئایا ئەم وڵاتانە لێدەگەڕێن کە میسر و یەمەن و وڵاتانی دیکە گەمارۆ ئابووریییەکە بشکێنن و ئاسانکاریشیان بۆ دەکەن؟ یاخود حکومەتانی ئەوروپا و بریتانیا قەرەبوی ئەوەیان بۆ دەکەنەوە؟ هەر بارێکیان بێت ڕوو لە باشی نییە بۆ ئەم حکومەتانە.

 لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ڕوسیا وڵاتێکە کە قەرزەکەی ئێکجار کەمە کە هەتا دوو مانگ لەمەوبەر تەنها 38 ملیار دۆلار قەرزار بوو، کە لە چاو بریتانیادا هەر هیچ نییە، وێڕای ئەمەش متمانەی، کرێدتی، 650 ملیار دۆلاریشی هەیە، کە بڕێکیان نەختینەن و بڕێکی تریان ئاڵتون و ئەڵماس و کانزای گرانبەهای دیکەن .  

لە لایەکی دیکەوە ئایا ئەو کۆمپانیانەی کە مامەڵەی بازرگانی و ئاڵووێر لەتەك روسیادا دەکەن تاکو چەندێك دەتوانن تەحەمولی ئەوە بکەن کە پەیوەست بن بە سزادانی ئابوری ڕوسیاوە وەکو کۆمپانیاکانی نەوت، مەکدۆناڵدا،  کۆکاکۆلاو، بیبسی  بێرگەرکینگ ، ستاربێرکس، ئەپڵ و نەستەلە و کشانەوەیان لە ڕوسیا ،کارتە بانکییەکان، ماستەرکارت،  هەرە گەورە کۆمپانیای جیهان ‘ بلاك ڕۆك ‘  کە هەر لە ئێستادا 17 ملیار دۆلاری لە ڕوسیادا لە دەستداوە.  

ئەوەی کە لێرەدا دەردەکەوێت ئەوروپا و ئەمەریکا و کۆمپانیا گەورەکانیانە کە زیاتر  پاشکۆی ڕوسیان، نەك پێچەوانەکەی.  لە لایەکی دیکەشەوە مەتریسیەکی دیکەش لەسەر کۆمپانیاکانی ئەوروپا و ئەمەریکا کە لە ڕوسیان، هەیە. ڕوسیا ئێستا بیر لە دەستبەسەراگرتن و خۆماڵیکردنی کۆمپانیا و کارگە نزیکەکانی ئەوروپا کە لەوێ هەن ، بێ هیچ قەرەبووکردنەوەیەک، دەکاتەوە .

ڤلادیمێر پوتین چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وتی ” کرملین دەتوانێت ڕێگایەکی یاسایانە لە دەست بەسەراگرتنی کۆمپنایا جیهانییەکان بدۆزێتەوە …دەتوانێت ئیدارەیەی دەرەکی بدۆزێتەوە بۆ گواستنەوەی ئەمانە بۆ هەر کەس بیەوێت کاریان لەسەر بکات … یاسا و بازاڕی کافی هەیە بۆ ئەمە”   هاوکاتیش دیمەتری میدڤیدیڤ-ی کۆنە سەرۆکی ڕوسیا وتی ” وەڵامی گونجاو” هەیە بۆ سزا و گەمارۆی ئابوریانەی کە لە سەریانە لەوانە ” دەست بەسەراگرتنی سەرەوت و سامانی بێیانە و گریمانی خۆماڵی کردنیان”  دواتر ئەوەشی بۆ وتەکانی زیادکردو وتی ” هۆکارەکانیان هەرچۆن بێت ، کۆمپانیا بێیانەکان دەبێت لەوە بگەن گەڕانەوەیان بۆ بازاڕەکەمان ئاسان نابێت”

گەرچی ئەمانە هەڕەشەن لە ئێستادا بەڵام ڕوسیا ڕەنگە بتوانێت بیانکاتە کردار و ئەوەی کە دەیەوێت بیکات، ئەمەش زۆر گران نییە بۆ ڕوسیا کە لە کاتێکدا ڕوسیا دەتوانێت سەرپێچی ئەو یاسا و برگە یاسایانەی بازرگانی و بزنسانەی نێوانی خۆیان و کۆمپانیا بێیانەکان بکات، چونکە لە حاڵەتی ئاوادا ئەوروپا و ئەمەریکا  چی تر دەتوانن بکەن جگە لە سزا و گەمارۆی ئابوریانەی زیاتر؟ کە ئەمانەش هەموویان کراون.   

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *