دوو بڕیاری گەورەی حکومەتی بریتانیا

دوو بڕیاری گەورەی  حکومەتی بریتانیا:

01/10/21

لە کاتێکدا وڵات بە قەیرانی بەنزین و غاز و گازۆیل و کەمیی خواردەمەنی و پیداویستییەکانی ژیانی خەڵکی و بەرزبوونەوەی نرخیان بە ڕادەیەکی ئێکجار زۆر،  کە دەستی ناوەتە بیناقاقای دانیشتوانی ئەم وڵاتە، تێدەپەڕێت،  حکومەت بە دوو بڕیار ئەوەندەی دیکە قەیرانی هەنووکەیی  لەسەر بەشێکی زۆری خەڵکی قوڵتردەکاتەوە.

بریاری یەکەم: کە ئافاتی کۆرۆنا گەیشتە بریتانیا حکومەت بۆ ڕێگرتن لە برسێتی و لە چونەسەر شەقامی خەڵكی و تەنگ هەڵچنین بە حکومەت ، بە دەوڵەت، وەکو گەلێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە 20/03/2020 بڕیاری دا کە کرێکاران کە چی تر ناتوانن کاربکەن لە ئۆفیس و شوێنی دیکەی سەرکاردا لە سەدا 80ی موچەکەیان پێبدرێت.  ئەم بڕیارە 11.6 ملیۆن کرێکار و کارمەندی بریتانی گرتەوە بۆ ئەمەش دەوڵەت 70 ملییار پاوەندی سەرفکردووە .  کە ئێستاش تا رادەیەك ژیان وەکو جارانی لێهاتۆتەوە هێشتا 1.6 ملیۆن کرێکار / کارمەند کە لە سەدا 5 تەواوی هێزی کاری بریتانیا دەکات،  تا کۆتایی مانگی تەموز هەر لەسەر لەسەر ئەو پلانە/پرۆژەیە بوون و دەژین .  بەشی زۆری ئەم کرێکار و کارمەندانە لە بەشی هاتو و چۆ و گەشتوگوزار و هوتێل و باڕ و چێشتخانەکانن.  بەڵام بە بڕیاری حکومەت دوێنێ ، 30/09  دواڕۆژی ئەوە بوو ئیتر لە ئەمڕۆوە 01/10، ئەو پلانە کاری پێناکرێت ، ئەمەش یانی ئەوەی کە ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لەسەر ئەو پلانەن لەمەولا موچەیان نابێت و کارێکیش نییە کە چی تر بیکەن یاخود خاوەنکارەکانیان ناتوانن کاری پێشتریان بۆ مەیسەر بکەن .  بۆیە زۆرێك لەمانە دەچنە ڕیزی بێکاران و دواتریش بێ خانوو بەرە دەبن و ڕەنگە بچنە  بەرەی برسییان و هەژارەکانەوە.

بڕیاری دووهەم: ئەو کەسانەی کە پارەی کارکانیان کەم بوو یاخود کاریان بۆ خۆیاند دەکرد نەك بۆ خاوەنکارێك، پلانێك هەبوو لە وەرگرتنی  پارەیەکدا  کە پێی دەڵێن Universal Credit  کە پێشتریش ئەمە هەر هەبوو بەلام هەفتانە بەبڕی 20 پاوەند زیادرکرا ئەمەش یارمەتییەکی زۆری ئەو کەسانەی دەدا، کە لە ساڵێكد دەکاتە زیاتر لە هەزار پاوەند.  لە ئێستادا حکومەت بڕیاری داوە کە لە 6/10 وە ئەوە پارەیەش ببڕێت.  ئەمەش کارایی لەسەر زیاتر لە 1.6 ملیۆن کریکار و کارمەند دادەنێت.  بە گوێرەی وتارێکی گۆردن براونی کۆنە سەرەكوەزیرانی بریتانیا، کە لە ڕۆژی 3شەمە لە گاردیانی بریتانیا بڵاویکردەوە، لە ئێستادا لە سەدا 50 ئەو خێزانانەی کە 3 منداڵ یاخود زیاتریان هەیە لەژێر هێڵی برسێتییەوە دەژین و 500 هەزار کەسی تر دەخاتە خانەی هەژارییەوە هەر ئاواش 300 هەزار منداڵی تر هەژار دەکات و بەم شێوەیەش بڕی هەژاری منداڵان هەر لە 3 منداڵ، منداڵێك لە هەژاریدا دەژی .

کاتێك کە ئافاتی کۆرۆنا یەخەی پێگرتین زۆربەمان دەمانزانی کە جەنگێکی ناوخۆیە و هێڕشێکی گەورەیە بۆ سەر زۆربەی دانیشتوانی بریتانیا و شوێنەکانی دیکەش بەو شوێنەوارانەی کە ئێستا دەرکەوتون وەکو گرانی پێداویستییەکانی ژیان ، بەتاڵەی زیاتر ، کەمکردنەوەی کرێ و موچە، بڕین یاخود کەمکردنەوەی بیمەکان ، داخستنی سێنتەرەکانی گەنجان و زۆری مەلە و جیم و وەرزشکردن ، سەرکەوتنی کرێی پاس و قیتار و تکتی تەیار ، زیاتربوونی ژمارەی خێزانی بێ خانووبەرە ، بەررزبوونەوەی ژمارەی کەسانێك کە بە نەخۆشی خەمۆكی  و بێ هیواییەوە گیرۆدەدەبوون، هەڵوەشاندنەوەی مەوعیدی نەشتەرگەرییەکان و بەرزبوونەوی لیستی چاوەڕوانی بینینی دکتۆر و داخستنی کلینیکەکانی دکتۆر بە نەبینینی نەخۆش بە پاساوی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، داخستنی باخچەی منداڵان و مەکتەب و زانکۆ و خوێندنگاکانی دیکە و لەمانەش گرنگتر لێدان لە بزوتنەوەی کرێکاران و هەموو بزوتنەوە و چالاکییە لۆکاڵییەکان و   زۆری تریش، بوون .

بە هۆی ئەوانەی سەرەوە گەلێکمان واماندەزانی کە ئەمە بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکی دەبوژێنێتەوە و بەهێزیان دەکات و  قەیرانەکە دەکرێت لەسەری دەوڵەت و خاوەنکار و کۆمپانیاکانا بشکێتەوە، بەڵام بەداخەوە کە پێچەوانەکەی ڕوویدا.

بەشی شێری هۆکاری ئەمەش دەبەنگی چەپ و نقابە و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و زۆرێکیش لە ئەنارکستەکان بوو کە هەموویان کەوتنە ئەو داوەی کە چەند ساڵێكە کاپیتاڵیزم بۆی ناوینەتەوە و بوین بە تەڵەکەوە . بڕوامان بە میدیای دەوڵەت کرد بەو هەموو درۆ و دەلەسەیەی کە لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە و هەروەها لە سۆشیال میدیاشدا پێمان ڕادەگەیەنرا.

بە گوێرەی تێڕوانینی من و لێکدانەوەم بۆ بارودۆخەکەی ئێستا، بزوتنەوی کرێکاران و خەڵکی لانی کەم دەیەیەکی دیکە چووە دواوە ، سەرمایەداران بە وریایی و زیرەکی خۆیان توانییان ئێمە هەمومان بگەوجێنن و ئەوەی ویستیان بەجێیبگەیەنن.

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *