ھۆشیار مرد ، بەشێکی دیکەی من مرد

ھۆشیار مرد ، بەشێکی دیکەی من مرد:

09/09/2021

ئەوە جارێکی ترە من حیکایەتخوانی بەشێکی ژیان و مەرگی پڕ ئازارتانم ، ئەوە منم کە گێڕرەوەی یادوەری و مێژوی پڕ لە پاکی و مرۆبوونتانم ، ئەوە منم ھەگبەی کراوەی پڕ لە خەمم ھەر لە پڕبووندایە و بەڵام ھەگیزیش سەرەڕێژ ناکات، ئازارەکانتان ، خەم و پەژارەتان ، یادوەری پڕ لە سەروەری و ناسۆریتان بۆ ھەمیشە لەلامە بۆ تەنھا ساتێکی کەمیش ، کەم ناکات .

ئای چ ژیانێکی پڕ لە ئازار و ئێش و کارەساتە ، سروشت و گەردوون کاری خۆی دەکات و ڕێگا بە ئێمە نادات کە بەو ئاراستەیەی کە ئەو دەیەوێت نە ڕابێین و نە ژیانیش وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت بڕوات : مەرگ ڕوونەدات، ژیان پێچەوانەی سروشتی خۆی میلەکانی بسوڕێیت، بگەڕێت ، ڕێگانادەین کە ئازارەکان ڕەگی خۆیان داکوتن ، خەم و ناسۆرەکان چنگی خۆیان لە شادەماری ژیانمان گیرکەن، فرمێسکەکان ڕێچکەی خۆیان بگۆڕن و سەرکەن. خۆشەویستی و سۆز و پەرۆشی ئیمە ڕێگا نادەن کە خۆشەویستەکانمان جاریکی دیکە بچنەوە باوەشی سروشت و لەسەر بنجی خۆیان بڕوێنەوە و ژیانێکی نوێی دیکە ، بژێنەوە.

من ئەمڕۆ لە شینی دواکۆچی تۆدام ، ھوشیار ، تۆی ھاوڕیێی ٥٣ ساڵەم ، لە چێشتنی ناسۆری تۆدام، لە پرسەی کەسێک کە پڕاو پڕ لە جوانی و زیرەکی و بوێری و ڕاستگۆیی و پڕ لە ھەڵوێست، ‘ لە ھی تۆدام .

ھۆشیار، برا وبرادەر و ھاوڕێی ئەم ھەمو ساڵانەم لەدەستچوو ، ئەو دواکۆچی خۆی کرد، کۆچێک نە گەڕانەوەی لە دوایە و نە یادوەرییەکی تێدایە ، کەسێک بۆ ھەمیشە بەجێی ھێشتین کە لە مێژوی ٥٣ ساڵی برادەرێتیمانا نە لە یادمە بە وشەیەکیش زویری کردبێتم، نەبیستوشمە کەسێکی دیکەشی قەڵسکردبێت.

ساڵانی ١٩٦٨/١٩٦٩ و من تۆ دەناسم ، ھەمیشە جگەرەیەک بە دەمەوە، زەردەخەنەیەک بە لێوانەوە، چاویلکەیەک لە چاوتا، ھیوا و ئومێدێکی گەلێک گەورە بە داھاتوو’ لە دڵتا. کاتێک بوو کە من لە خانەی مامۆستایان بووم تۆش ٥ی ئامادەیی بەشی زانستت تەواوکردووە و داوای کۆلیژی ئەندازیارییت کردووە ، بەڵام ئەو ساڵە وەرگرتن خرایە ساڵی ئایندە . ھەر لەبەر ئەوەش باوکت پێشنیاری بۆ کردیت کە بچیتە پەیمانگای مامۆستایان کە دوو ساڵ بوو. تۆ دووسالت تەواوکردو بویت بە مامۆستا لە ڕایات، لام وایە دوو سا لەوێ مایتەوە و ھاوکاتیش دووساڵ مۆڵەتی نەخوێندنی کۆلیژەکەت بۆ دواخرا . ڕێکەوت وابوو کە کەسێکی خەڵکی ڕایاتت دەستبکەوێت کە بتەوێت بە یاسای شوێنگۆڕکێ تۆ بێیتەوە بۆ سلێمانی و ئەویش بگەڕێتەوە بۆ ڕایات گەرچی مامۆستاکە مەرجی سەت دیناری ئەوکاتەی ھەبوو دواتر بووە سەت وپەنجا دینار. دەرفەتێکی باشت بۆ ڕەخسا لە قوتابخانەی شەوان دەرست دەوتەوە و بە ڕۆژیش زانکۆت دەخوێند.

من نازانم بەتەواوی ھۆکاری ناسینی من و تۆ چی بوو، چۆن بوو!!! ڕەنگە بە ھۆی ڕێکخستنی یەکێتی قوتابیان و ڕێکخستنی ‘جەلالیەتی ‘ ئەو سەردەمەوە بووبێت .

ھەر لە کۆتاییی ساڵی ١٩٧١ و سەرەتای ١٩٧٢ بەھۆی ئەوەی کە ئێمە عێراقیی بوین ، کاتێک بوو چی تر نەدەتوانرا لە کۆمەڵەدا بمێننەوە و ھاتنە دەرەوە و ڕێکخستنێکی کۆمۆنیستی – عێراقیمان دروستکرد. ئەو کاتە تۆ خوێنکاری زانکۆ ، بەش ئەندازیاریی مەدەنیی بویت، ئەو کاتە بوو کە ماڵە گەورە جمەھاتووەکەی شێخ موحەمەد و دایە فاتمی ئازیز ، بووبوونە بارەگای ڕێکخستن ، بوبووە ئیعلامی ڕێکخراو ، بووبووە قوتابخانەی پەروەردە و خۆپێگەیاندن بە فکری مارکس و لینین و ستالین و ماو. ھەر لەو سەروبەرەدا بوو کە ‘نازە’ش ھاتە ژیانی تۆوە، تۆش چویتە ژیانی ئەوەوە، بووە ئەندامێکی نوێی خێزانە جوانەکەی صابونکەران و ، جێگەبڕوای ئێمەی ھاوڕیانی تۆ.

لە ژوورە بچوکەکەی سەرداڵانەکە کە ھەر دەھاتیتە ژوورەوە و پێش ئەوەی بدەیت بە لای ژوور و ھەیوانەکەی کە کاک سالاری برات و فاتمەخانی ھاوسەری و دووکوڕە منداڵە شیرینەکەیان ، زۆر جار بە چرپە و بێ دەنگی قاچمان دەنایە ژوورە بچووکەی تۆوە . ھەندێک جار کە ھەر خۆم بۆ دێنی دەھاتم ‘نازە’ و عوسمان جۆڵا ، یادی بەخێر، لەوێ بوون . کە لێم پرسیت ئەم مەکتەبە گەورەیەت چۆن ھێناوەتە ژوورەوە، پێکەنیت و وتت خۆم دروستم کردوە، زۆر سەرم سوڕما . ئاخر بۆ منێک بە ئێستاشمەوە کە ناتوانم بزمارێک بە باشترین چەکوشی ئەم سەردەمەو بێ لاربوونەوە داکوتم، جێی سەرسامیم بوو. جارێکی دیکە کە ھاتمەوە ‘ نازە’ دەستێک جلی جوانی لەبەردا بوو. وتم نازە ئەو جلانەت زۆر جوانن لەکوێ کردوتە؟ نازەش بە پێکەنینەوە وتی قوماشەکەم لای فڵان کوتاڵفرۆش کڕیوە ، بەڵام ھۆشیار نەخشەی کێشاوە و دوورویەتی. من وەڵامیکم نەبوو جگە لە سەرسوڕمانێکی زیاتر . ئیتر جار بە جار کە دەھاتم بۆلاتان زیاترم لە سەلیقە و وردی و کارامەیتم بۆ دەردەکەوت، ھوشیار . پەیوەندی گەرموگوڕمان نیشانی دام کە تۆ دارتاشێکی زۆر باشی، خەیاتێکی زۆر چاکی، نەخێر بۆم دەرکەوت کە تۆ بەلوعەچیی، کارەبایی،، فیتەرێکی زۆر چاکیی.

ئێمەی گەنجی ئەو سەردەمە کە باسی کۆمەڵی سۆشیالیستییان بۆ دەکردین و کەسایەتیی و کاراکتەری تاکەکانی ئەو کۆمەڵە کە چەندێک داھێنەر و بەتوانا و بەھرەمەندن ، بە خۆمم دەوت ھەی لەوە، ئێمە لە کۆمەڵی دەرەبەگایەتیی و نیمچە سەرمایەداریدا دەژیین کەچی ‘ تاکیی ‘ ئەو کۆمەڵەمان تیدا ھەڵکەوتووە، ئەو تاکە تۆ بوی ھۆشیار.

ساڵ ھات و ساڵ ڕۆیی ، تۆش وەکو ئەندامێکی ڕێکخراویی ڕێکخستنەکانمان نەمایتەوە بەڵام ھەمیشە پشت و پەنایەکی زۆر گەورە بوی ، قەڵایەکی زۆر مەزن بوی بۆ خودی خۆم و بۆ ڕێکخستنەکەشمان کە ڕێکخراوی ‘ کار’ بوو، تۆ ھەمیشە بەو پەڕی ئارامیی و لەسەرخۆیی و کارامە و سەلیقەی خۆتەوە لە پشتمانەوە ڕاوەستابویت لە دروستکردنی ھەوییەی ساختە لەوانە بۆ صەباح یاسین ، ‘ھاوڕێ ‘ ی گیانبەختکردو و ‘تاھیری حەمەموراد، زۆری تر تا دەگەیشتە تەزویری مۆڵەتی سەربازیی و دروستکردنی پەناگا و شوێنی حەشاردانی بڵاوکراوە یاساخەکان لە ماڵی ئێمە و شوێنی تر. زەروورە کە ڕۆڵی ھاوڕێ عومەری مەلایاسین و وەستا قارەمانی دارتاش لە کۆڵانەکەی مزگەوتەکەی حاجی حەسەنی لۆکە و وەستاخالید (یادی بەخێر) لەشانی تۆوە ڕۆڵی ئەوانیش ناونوس بکەم ،گەلێک پەناگاو شوێنی شاراوەیان بە تایبەت بۆ من و لە ماڵی مندا دروستکرد. .

ھوشیار من ساڵی ١٩٨٥ کوردستانم بەجێھێشت و بەڵام پەیوەندیمان ھەر مایەوە تۆش بە دڵسۆزی خۆت و شارەزایت و دەستپاکی و لەخۆبڕان لە کاری ئەندازیارییدا بەردەوامبویتت بۆ خزمەتی ئەم شارە، بۆ خزمەتی ئەم خەڵکە بێ دەرەتان و ھەژارە. تا ئەو ڕۆژەی کە کۆرۆنا خستتی بە تەمەنی ٧٤ساڵییەوە ھەر بەردەوامبویت لەسەر کار.

ھوشیار تۆ زۆر ھەلت دەستکەوت ، زۆر دەرفەتت بۆ ڕەخسا لە پەیداکردنی ملێونەھا دۆلاردا، لە بەدەستھێنانی بەرزترین پلەو پایەی سیاسی و کۆمەڵایەتییدا، بەڵام تۆ ئەم ھەموو تەماحە، ئەم ھەموو”بەھا”کۆمەڵایەتییانە نەیخلیسکانی بۆ زۆنگاوی مەنگی گەندەڵیی، بۆ باوەشی گەرمی حیزب و حیزبایەتی بێ مۆراڵ ، مایەپووچ ، بێ ئەمەک و بێ ئیعتیبار. تۆ بە پاکی و دڵسۆزی و وەفاو وەلای تەواوەوە بۆ کۆمەڵ و بۆ برادەران و ھاوڕێکانت مایتەوە. تۆ ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشەوەچوونی فکریدا بویت تا ڕەتکردنەوەی ھەموو ڕابەرێک، ھەموو حیزبێک، ھەموو جۆرە دەوڵەت و دەسەڵاتێک.

وەفا و وەلای تۆ بۆ من ، لە خودی سنوری خۆم تێپەڕی کردبوو ، تۆ و ‘نازە ‘بووبوونە کەسێکی ھێکجار نزیک بە خێزانەکەمان، تا ئەو ڕادەیەی کە دوای منیش تۆ بەبەردەوامی لەوانت دەپرسییەوە بە تەنگیانەوە بویت. بۆ سەرقاڵی تۆ و ھیلاکردنی تۆ ، ھەموو سێ ساڵ جارێک باوکم خانووەکەی دەگۆڕی ئیتر جاری واھەبوو لەبەر خۆونکردن لە حکومەت و جاری واش ھەبوو خۆی ماخۆلانی پێکەوتبوو. تۆش ھەمووجارێک نەخشەی خانوی تازە و سێ جار پشکنین و ھاتنە سەرخانووەکەیت لە ئەستۆ بوو : لە داڕشتنی بناخەدا، لە تێکردنی سەقفدا و لە بەستینی کارەباو ئاودا ‘ وەزیفەی تۆ بوون . ئاخر من چیم بۆ تۆ ھەبوو ، چیم بۆ کردبوویت جگە لە ھەراسانکردن و مەترسیدانان لەسسەر ژیانی خۆت و نازە و ڕۆزا و لیڤۆ ، کەچی تۆ ئەو ھەموو دڵسۆزی و وەفایەتییەت لێدەبارێ.

ئەو چوارشەمەیەی کە ھەرگیز پێمان تێ نەنا . چوارشەمە شەوەکەی کە لاتان بووم وتت ٤شەمەی ئایندە ئەگەر بۆ من بکرێیت ھەموومان بە جەماعی واتە ئێوە ھەموتان و من و کاک فوئاد قەرەداخی و کاک ئەشرەف تاڵەبانی و مامۆستا عەتا قەراداخی و دایکم و ماڵی شێخ عومەری برام دەچینە باخەکەی ئامانج . وتت تۆ یاخود خۆی زەنگانیان بۆ لێدەدا . ئاوا ڕێکەوتن بەڵام مەخا بن ئەو چوار شەمەیە لە بەروار و مێژوی بەیەکەوە دانیشتنمان بە حزوری تۆ، بە خۆشی تۆ ، بە تەواوی ئاوا بوو. دوو ڕۆژ دوای ئەوە بوو کە نازە زەنگی بۆ لێدام :

– بە پێکەنینەوە کاک زاھیر دەزانیت ھوشیار کۆرۆنای گرتووە!

– ئەی چۆنە؟

– زۆر باشە خواردنی باشە و گۆڕانکاری بەسەر تام و بۆنیا نەھاتووە و باشیش دەخوات.

– نازە گیان بێ تاقەت مەبە ھۆشیار زۆر بە ھیمەتە و تێیدەپەڕێنێت. ئەو چەند ساڵێک پێش ئێستا لە ٣ قاتەوە کەوتە خوارەوە و ھەمووگیانی تێشکا و نزیکەی دوو ساڵ لە جێگادا مایەوە تا چاکبوونەوە و کەوتنەوە سەر پێی خۆی، کە زۆر بە کەمی پێشبینی دەکرا. نازە خۆتیش دزانی ، کۆرۆناش ھەر ئاوا تێدەپەڕێنێت.

– -کاک زاھیر ئەو خەمی دانیشنەکەیەتی کە دەبێت دوابخرێت.

– – نازە گیان ئەوە گرنگ نییە باچاکبێتەوە من ئەو دانیشتنە سازدەکەم. من ھەر ئەمڕۆ زەنگ بۆ ھەموان لێدەدەم ئاگەداریان دەکەمەوە ، کە دانیشتنەکەمان دوادەکەوێت.

زۆر بەداخەوە نە ھوشیار کۆرۆنای تێپەڕاندو نە چوارشەمەش دانیشتنی تیادا کرا.

مردنی تۆ کارەسات بوو ھوشیار ، کاتی مردنت نەبوو، بەشێکی گەورەی ئێمەی ھاوڕێیانت و منداڵان و ژن و خوشکان و برا و کەسوکارت لەگەڵ خۆت مران، منت وێرانکرد، بۆشاییەکی زۆر زۆر گەورەت لە ژیانما دروستکرد، تۆ ڕۆیشتیت و ئێمەت سەرگەردان کرد. ئەم شارە بە ھوشیار و ھوشیارەکانەوە جوان بوو، من ئیتر چۆن سەربدەمەوە، ئەو کەلێنە گەورەیە چۆن پڕبکەمەوە، کێ جێگای تۆم بۆ بگرێتەوە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا دڵم ھەمیشە لەلای نازە و ڕۆزا و ئامانج و لانە و لیڤۆ و کاک سالار و دڵشاد و ھەموو خوشکان و باقی خێزنەکەتە ھوشیار .

ئای ھوشیار تۆ خۆت ڕۆیشتیت، بەڵام یاد و یادەوەرییەکانت ھەمیشەبڵند و بەرز ڕادەگرین .

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *