ساڵیادی کۆچی دوایی هاوڕێی دێرینم محەمەدی شێخ ڕەشید ” ئارام”

ساڵیادی کۆچی دوایی هاوڕێی دێرینم محەمەدی شێخ ڕەشید ” ئارام”

07/06/2021

ئەمڕۆ ساڵێکی تەواوە تۆ بەجێتهێشتوین…. ئۆغری کۆتایت کردو ئێمەشت لە کوێ بەجێتهێشت، هەر لەوێ دانیشتوین …. ئۆغری تۆ بە بارتەقای شاخێك ئازارمان دەدات و ناتوانرێت ساڕێژ بکرێت … ڕۆیشتنی تۆ کەسەرێکی ئێکجار گەورەیە و ناتوانرێت  فەرامۆش بکرێت…. یاد و یادوەرییەکانت مێژوی ساڵانێکی تێکۆشانمانە و ناکرێت لەبیربکرێت..

ئای مردن … ئای مەرگ بۆچی ئەمەندە ئازارهێنەری … بۆچی ئەوەندە ناوت شوومە و بێزارکەری … ئەی مەرگ تۆ نەك هەر ئازاربەخشی و…… بێ پەروا، نەك پەپوولە ئاسا، بەڵکو شەیتان ئاسا، لە دەوری  شەوقی ئاگری سوتانی  ژیانی قوربانییەکانت  دەسوڕێیتەوە، بەڵکو زۆر جاریش لە کاتێکی ئاوا زۆر ناوەختیشدا دێیت و ڕووزەردییش بەسەر زیندووکانا دەبەخەشیتەوە …

دەکرا گەر دەردی کۆرۆنا نەبوایە لە دوا چرکەی ژیانتا هەندێکمان لە لای سەرتەوە بوینایە … گەر بە چرپەش بوایە ماڵئاوایمان لێبکردیتایە … گەر بۆ چەند ڕۆژێکیش بوایە میوانی دڵی غەمگینی ‘ زەینەب ‘ و منداڵەکان:  كامۆ و سکاڵا و ڕاز و هێمن’ بوینایە … گەر بۆ چەند ساتێکیش بووایە دڵی یەکدیمان بدایەتەوە … ناڕەحەتی و ئازارەکانمان لەگەڵ یەکدا هاوبەش و هاوتا بکردایەتەوە ….ئەی مەرگ نازانین کەی دێیت و کە یەخەمان دەگریت .. کەی پرسەی ماتەمینی بە کەسانی نزیکی ‘ قوربانییەکانت ‘ دەگێڕیت ..

  تۆ تەنها ساڵێکە لێمان دووریت بەڵام هەست و ئاوەز و نزیکییمان بۆت، وەکو دوێنی وایە … ئازارمان بەردەوامە و کۆتایی نایە .. ئەشکی چاومان هەر سەر دەکات و   دڵی خەمبارمان هەر قوڵپ دەدات…

درەنگی و زوویی، نزیكی و دووریی، دەیەیەك لەمەوبەر و تەنها ساڵێك پپێش ئێستای لە دەستدانی ئازیزان لای براو خوشك و هاوڕێ و تەواوی خزم و دۆستان، ساڵێك بێت یاخود دووان…. هەر وەکو یەکە….ئەوە بەرواری ڕۆژەکانە، مانگەکانە … ساڵەکانە کە بە گورجی تێدەپەڕێت … بەڵام جوانی و ناسکی و دڵسۆزی و چاکی تۆ هەر دەمێنێ و هەر دەمێنی  لەبەر چاومان وننابێ… لە خانەکانی نێو مێشکمانا، کەڕوو هەڵناهێنێ.

ئەمڕۆ ساڵێكە تۆ کەشکۆڵی سەفەری کۆتاییت پێچایەوە .. بەرەو قەبرسانی مەرگ، بەرەو دوا دەلاقەی کۆتایی ژیان بۆ هەمەیشە چاوت لێکنا و بە هێمنی لەوێ سەرت نایەوە  .. هەنگاوی بێ ئاوڕدانەوەت ناو، یەک دوو مەتر دووجایەکت کرد بە نیشتمانی هەمییشەیی جەستەی بێ دڵ و بێ گیانت …کردت بە دوالاپەڕەی داستانەکانی مێژوی ژیانت … ئای مردن .. ئای مەرگ چەند سەختیت … چەند کاریگەریت … ئەوەی کە هەستت پێناکات تەنها قوربانییەکانتە .

بەڵام من دەزانم کە مردن بۆ تۆ ئازار نەبوو ، بەڵکو ئازار ژیان بوو… ژیان ئازار بوو… تۆ کاتێكیش کە لاو بویت و هەڕەتی گەنجێتیت بوو…. کە لەشت ساخ و تەندروست  بوو، کە دڵت پڕ لە هیوا بوو…  لە مردن نەدەترسای، ئیتر بۆچی دەبێت  بە بار و بارگەیەکی گەورەی پڕ لە ئازارەوە چی تر لێی بترسی؟!!.. نا، نا ئەزیزم ئەوە تۆ نەبویت ئەوە مردن بوو کە لە تۆ دەترسا،  خۆشت دەزانیت کە چەند جارێك شاڵاوی بۆ هێنایت و بەڵام شکستی هێنا … تۆ کێویك بویت لە خۆڕاگریی ، تەمەنێك بووی لە گیانبازیی و  لە فیداکاریی ، مێژوییەك بوی لە پاکی و دڵسۆزی و جوانڕەفتاریی، دەفتەرێكی پڕ بویت لە تێکۆشان و جەنگین دژ بە زوڵم و زۆرداریی.

ساڵێك لەمەوبەر بوو  وەکو ئەمڕۆ کە تۆ ماڵئاوایی هەمیشەیت لێکردین، ساڵێکی شووم، ساڵێکی پڕ لە ئافات، ساڵێك بێ هیوایی و  پڕ لە نەهات .. ساڵێك کە تێیدا بە لەدەستدانی دەیەها لە ئازیزان و کەسانی نزیك، دۆستانی دڵسۆز و  هاوڕێی نزیکمان، تەواو بوو…..  تەنها شەش مانگ پاش ژیانئاوایی تۆ هاوڕێ ‘ تەیب ‘-یش ماڵئاوایی هەمیشەیی لێکردین و هەواری دەنگوباس و گفتۆگۆ و چالاکی و  پێشنیارەکانی خۆی ، بۆ گۆڕە تەنگ و تاریککەی، بە بێ دەنگیی ، بە بێ ماڵئاوایی ، بە بێ گلەیی، گواستەوە.

ئای مەرگ … چەند بێ بەزییت.. چەند بەدچارە و مەترسیداریت ..چەند ئازاراوی و مایەی خەفەتبارییت ……

یاد و یادوەرییەکانتان بەرز و زیندوو گەرچی خۆتان مردوو.

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *