ئایا ئه‌م قه‌یرانه ئابوورییه قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه، یاخود قه‌یرانی ئێمه‌یه؟
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
01/10/2015
سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و میدیاکه‌ی هه‌میشه کاریان له‌سه‌ر چه‌واشه‌کاری و گه‌وجاندنی خه‌ڵک کردووه ، نزیکه‌ی سه‌د ساڵه سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی به سۆشیالیزم به ئێمه ده‌فرۆشنه‌وه، نزیکه‌ی 40 ساڵیشه ئه‌وه‌ی له ئێران ڕوویدا به شۆڕش به ئێمه‌ی ده‌ناسێنن، ئه‌وه‌ی که له وڵاته عه‌ره‌بییه‌کانی وه‌کو تونس و میسر و لیبیا و سوریادا ده‌گوزه‌رێ به”به‌هاری عه‌ره‌بی و به شۆڕش” به ئیمه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نن ، پتریش له سه‌د ساڵه ئه‌زمه‌ی خه‌ڵکی به ئه‌زمه‌ی سه‌رمایه‌داری و سیسته‌مه‌که‌ی ناوده‌به‌ن ، تاکو پێمان بڵێن ئه‌وه‌ی که باجه‌که‌ی ده‌دات ئه‌وانن و ژیانی ئێمه هه‌ر وه‌کو خۆی ده‌گوزه‌رێت و ئه‌وانن که زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌کین.
به‌ڕای من هۆکاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه به‌شێکی زۆری ئێمه ناتوانین سه‌ربه‌خۆیانه ، ئازادانه، بیربکه‌ینه‌وه ، به‌واتایه‌کی دیکه زۆربه‌ی وه‌خت ده‌که‌وینه ژێر هه‌ژموونی میدیاوه ، زۆربه‌ی کات به مێشکی یه‌کێکی دیکه بیرده‌که‌ینه‌وه ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش لێکدانه‌وه و توێژینه‌وه‌کانمان بۆ زۆرینه‌یه‌ك له دیارده کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریی و سیاسییه‌کان له دیدی میدیای باو و که‌سانی ناسراو و توێژه‌ره‌وه و ئه‌کادیمایای ئه‌و بواره‌وه‌یه که له‌سه‌ری ده‌نوسن و ده‌ده‌وێن ، ده‌یانبینین.
مارکس له سه‌رده‌می خۆیدا تێبینی کردووه که به تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن که‌لێنی نێوانی قه‌یرانه ئابورییه‌کان نزیکتر ده‌بنه‌وه و درێژتریش ده‌بنه‌وه. ڕه‌نگه ڕۆژگارێکیش بێت ئه‌و که‌لێنه‌ی نێوانیان ته‌نها له چه‌ند سالێکی که‌مدا ، خۆی بگرێته‌وه . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ڕای من ئه‌وه‌ته‌ی ئه‌زمه په‌یدا بووه تاکو هه‌نوکه‌ش هه‌رگیز قه‌یرانه‌که قه‌یرانی ئابوری سه‌رمایه‌داری وه‌کو سیسته‌م و سه‌رمایه‌داران به‌گشتی نه‌بووه، به‌ڵکو هه‌میشه قه‌یرانی ئابوری ئێمه بووه ، هه‌میشه پێگه و ده‌سه‌ڵات و ده‌ستکه‌وته‌کانی ئێمه له ڕۆچوندا بوون و سه‌رمایه‌داریش وه‌کو سیسته‌م له بره‌و و خۆڕێکخستنه‌وه له شێوه‌یه‌کی نوێ و پته‌وتردا، بووه ، هه‌میشه قه‌یرانه‌کان ئێمه‌ی زیاتر وه‌کو هێز ، بێ هێزتر و جه‌مسه‌ره‌که‌ی دیکه‌ی که سه‌رمایه‌دارییه ، به‌هێزتر کردوه.
گه‌رچی ته‌واوی تیوره سیاسییه‌که‌ی مارکس له پراکتیکدا فه‌شه‌لی هێنا و به‌شێکیش له لێدوان و شیکردنه‌وه ئابورییه‌که‌شی لای من جێگای سه‌رنجه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که مارکس ده‌رباره‌ی ئابوری وتویه‌تی ، هه‌رگیز نابێت سهرزهنشتبکرێت، چونکه یه‌که‌م: لێکۆڵینه‌وه‌کانی مارکس و تاووتوێکانی بۆ سیسته‌مه‌که، پێناسه‌ی بۆ چینی کرێکاران بۆ سه‌رده‌می خۆی بووه که سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌می ئه‌و، زۆر لاوازتر و بزوتنه‌وه‌ی کرێکارانیش له ئێستا زۆر به‌هیزتر بووه . هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش هۆکاری خۆی هه‌یه . دووهه‌میش: من مارکس ناکه‌م به خوا و په‌یامبه‌ر که ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆیدا وتویه‌تی هه‌ر هه‌مووی بۆ ئێستاش و داهاتوش ، ده‌ستده‌دا ، ئه‌وه‌شی که شێوازه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئاوای هه‌بێت نه‌ك هه‌ر غه‌درێکی گه‌وه‌ره له‌و پیاوه ده‌کات به‌ڵکو سوکایه‌تیشی پێده‌کات، خۆشی ته‌نها توتیییهكه، نه مرۆڤێکی دهماخداری بیرکه‌ره‌وه به مێشکی خۆی .
سه‌باره‌ت به‌م بۆچونه‌ی خۆم ته‌نها و به ته‌نها من پشت به دوو سه‌رچاوه ده‌به‌ستم که یه‌کێکیان واقیعی کۆمه‌ڵایتی و ئابوری و سیاسییه و ئه‌وی دیکه‌شیان به‌ڵگه و ئاماره‌کانن .
لای من ئه‌م سیسته‌مه ئابورییه ئێمه دروستمانکردوه نه‌ك سه‌رمایه‌داری ، ئێمه‌ین که پاره و خاوه‌ندارێتی و سامان و هه‌موو پێداویستییه‌کانی ژیان دروستده‌که‌ین نه‌ك سه‌رمایه‌داران و سه‌رمایه‌داری ، ئێمه‌ین که به بێ پاره به بێ هه‌بوونی موڵکییه‌تی تایبه‌تی به بێ سه‌رمایه‌داری ده‌توانین بژین و کۆمه‌ڵیش دروستبکه‌ین و پێویستیشمان به ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش ، نه‌بێت، به‌ڵام سه‌رمایداران هه‌رگیز ناتوانن به بێ هێزی بازوی ئێمه به ته‌نها، ته‌نانه‌ت دهمارقاچانێکیش دروست بکه‌ن و سیسته‌می سه‌رمایه‌داریش بۆ چرکه‌یه‌ك به‌رقه‌رار بێت، ئێمه‌ین که بکه‌ری یه‌که‌مین و ئه‌وانیش بخۆر و ته‌واکه‌ری ئامانج و ته‌ماحه‌کانی خۆیان . لیره‌وه ده‌مه‌وێت بڵێم ئیمه‌ین که له هه‌موو سه‌رده‌مانێکدا سیسته‌می ئابوریمان ڕاگرتووه نه‌ك سه‌رمایه‌داران، هه‌ر به‌م هۆکاره‌ش که درزێك، کونێک ، داڕمانی لایه‌کی ئه‌م سیسته‌مه ڕووده‌دات، ئێمه‌ین زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م، نه‌ك سه‌رمایه‌دار به گشتی و سیسته‌مه‌که‌ی.
قه‌یرانی ئابوری چییه؟
پێناسه‌ی فه‌رهه‌نگی ئۆکسفۆرد بۆ قه‌یرانی ئابوری ” بارودۆخێکه که وڵاته‌که له پڕێکدا به‌هۆی قه‌یرانی دراوییه‌وه توشی ها تنهوهیهكدهبێت. ئابورییه‌ك که ڕووبه‌ڕوی قه‌یرانی ئابوری ده‌بێته‌وه به‌زۆری داهاتی نه‌ته‌وه‌یی داده‌به‌زێت، که‌مبوونه‌وه‌ی به‌گه‌ڕخستنی پاره و سامان له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه و دابه‌زینی نرخه‌کاندا به‌هۆی هه‌ڵئاوسان و پووکانه‌وه‌ی پاره‌وه ، قه‌یرانی ئابوری ده‌توانێت له فۆرمی مه‌نگی و سستی و بێ جووڵه‌ییدا خۆی ببینێته‌وه ، ئه‌وکاته‌ش به قه‌یرانی ڕاسته‌قینه‌ی ئابوری ناوده‌برێت”
پیناسه‌ی گووگڵ بۆ قه‌یرانی ئابوری به‌م شێوه‌یه: “چونهیهکی، کرژی ئابورییه ، به‌شێك له ده‌ورانی ئابوری ،( که هه‌ندێك جار به ده‌ورانی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی) ناو ده‌برێت. له بریتانیاش پێناسه بۆ ئه‌م قه‌یرانه گه‌شه‌کرنی سلبیانه‌ی ئابورییه له دوو چاره‌کی یا دوو وه‌رزی یه‌ك به‌داوی یه‌کی ساڵێکدا. پێناسه‌ی کرژی یا چونه‌وه‌یه‌کی ئابوری کارایی که‌متره له قه‌یران، قه‌یرانی ئابوری ” ….. ” بارودۆخێکه که ئابوری وڵات ڕووبه‌ڕوی کرژبوونهوهیهکی کوتوپڕی قه‌یرانی ئابوری ببێته‌وه یاخود به هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌یه ” . زۆرینه‌یه‌ك له ئابوری‌ناسان ده‌ڵێن ئه‌م قه‌یرانه داراییه‌ی ئێستا ، خراپترین قه‌یرانێکه که جیهان له سه‌رده‌می سستییه (رکود) گه‌وره‌که‌ی سا ڵی 1930 وه ، نه‌یبینیوه .
پێناسه‌ی کارڵ مارکس‌یش بۆ قه‌یرانی ئابوری ، ده‌ڵێت ” کاپیتاڵیزم، سیسته‌مه‌ێکی ئابورییه که قه‌یرانه‌کانی به میراتی بۆ ده‌مێنێته‌وه، هێزی پاڵپێوه‌نه‌ری ئه‌مه‌ش نائارامی و پشێوی و خۆوێرانکردنه.” مارکس و ئینگلس له به‌یاننامه‌ی کۆمۆنیست‌دا ، ده‌ڵێن ” کۆمه‌ڵێك که ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ئاڵوگۆڕکردنی به شێوه‌یه‌کی موعجیزانه خولقاندووه ، وه‌کو ساحرێك به شیوه‌یه‌کی ساحیرانه له‌گه‌ڵ وزه‌ی جیهانێکی شاراوه‌دا مامه‌ڵه ده‌کات که دواتر ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌م هێزه‌دا نامێنێت” لێره‌دا چه‌ند پرسیارێك دێته پێشه‌وه : ئه‌رێ به‌ڕاست ئه‌وه ڕویداوه؟!! ئایه ڕاسته که بورجوازییه‌ت توانای ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ستداوه ؟!! دوای 170 بۆ 180 ساڵ له دوای ئه‌و قسه‌یه له‌کوێدا ڕویدا‌و نه‌توانرا کۆنترۆڵبکرێته‌وه؟!!
له شوێنێکی دیکه‌دا مارکس جه‌ده‌لی ئه‌وه ده‌کات که قه یران” له شهمهنهفهرهکهیدا زۆرترین مه‌ترسی خاپورکردن و وێرانکردنی ، هه‌ڵگرتووه ، هه‌روه‌کو بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك بناغه‌ی کۆمه‌ڵی بورجوازی، ده‌له‌رزێنێت” بۆ ئه‌مه‌ش ده‌توانین پرسیاری ئه‌وه بکه‌ین : ئایا به‌ڕاستی کام بومه‌له‌زه بنچینه‌ی کۆمه‌ڵی بورجوازی له‌رزاند؟!! ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که به ئاشکرا مارکس مه‌به‌ستی له قه‌یرانی خودی سیسته‌مه‌که و کۆمه‌ڵی بورجوازییه.
پێناسه جیاجیاکانی قه‌یرانی ئابوری هه‌رچۆنێك بنوسرێت، چۆن ڕو یدابێت هێشتا لای پۆزشکارانی کاپیتاڵیزم بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که سستی ( رکود) هه‌رگیز ڕوونادات و سوڕی بره و مهوجدانهوه ( مه‌وجدانه‌وه‌ی شمه‌ك) و کرژبوونه‌وه‌ی له بزنس و بازرگانی ، له‌ناوبراون و به‌سه‌رچوون .
مارکس هۆکاره‌کانی قه‌یران به زۆری ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ زێده به‌رهه‌م، دابه‌زینی توانایی کڕین ، پشێوی و نائارامی خودی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری . ئه‌و ده‌ڵێت ” سستی، مه‌نگی بێ جووڵه‌یی له به‌ر ههمهێناندا – له بارودۆخێکی دیاریکراوی ناوخۆی سیسته‌می کاپیتاڵیزمدا – حاله‌تی گه‌شه‌کردن و فراوانی به‌رهه‌م ، به‌دووی خۆیدا ده‌هێنێته‌وه ، به‌م شێوه‌یه‌ش سوڕه‌که‌ش نوێ ده‌بێته‌وه ”
لای مارکس و ئینجلس تاکه حه‌لی ئه‌م قه‌یرانه پلانی دیمۆکراتی ئابوریانه‌یه- سۆشیالیزم، ده‌ڵێن ” گه‌ر به‌رهه‌مهێنه‌ران داخوازی مشته‌رییه‌کان بزانن ، گه‌ر له نێوانی خۆ یاندا به‌رهه‌مه‌کانیان ڕ ێکبخستایه ، گه‌ر به‌رهه‌مه‌کانیان هاوبه‌ش (شه‌یر) بکردایه ، ئه‌وا هه‌ڵگه‌ڕ ان و داگه‌ڕانی ( تهقهلوبات) ڕکه‌به‌ری ، ململانێی کاپیتاڵیزم و مهیلانهکهی به‌ره‌و قه‌یران، مه‌حاڵ (موسته‌حیل) ده‌بوو . به‌رده‌وامبونی به‌رهه‌مهێنان به هۆشمه‌ندییه‌وه وه‌کو مرۆڤ، نه‌ك وه‌کو پرژ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئۆتۆمێك. به بێ ئاگایی خۆت ، ئه‌وا زاڵدهبوویت به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ی که دروستکراون له‌ته‌ك ئه‌م هه‌موو ناکۆکیانه‌دا،که ناتوانرێت به‌رگریی لێبکرێت . به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی تۆ تا ئێستاش ناهوشیارانه به‌رده‌وامبیت له به‌رهه‌مهێنان، به ڕێگایه‌کی بێ پلانانه و بێ بیرکردنه‌وه ، له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی به‌ختدا …قه‌یرانه‌کان ده‌مێنن و سنوری هه‌ر یه‌ك له قه‌یرانه‌کانیش زیاتر گه‌ردوونی ( که‌ونی ) ده‌بێت هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌و خراپتر ده‌بێت له‌وه‌ی پێش‌و و ده‌بێته هۆی هه‌ژارکردنی کۆمه‌ڵێکی زۆری سه‌رمایه‌داره بچوکه‌کان…..ژما ره‌یه‌کی زۆریش له‌و چینه‌ی که له‌سه‌ر هێزی کاری خۆیان ده‌ژین”
گومان له‌وه‌دا نییه که ئاژاوه و پشێوی (فه‌وزای) شێوازی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی که ناکۆکن به هێزی به‌رهه‌مهێنان، قه‌یران به‌دووی خۆیدا ده‌هێنێت، که سه‌رئه‌نجام ده‌بێته ڕوت و ڕهجاڵکردنی زۆرینه‌مان و خڕبوونه‌وه‌ی پاره و سه‌رمایه‌یه‌کی گه‌وره به هه‌موو شێوه‌کانییه‌وه له چنگی خه‌ڵکانێکی زۆر که‌مدا.
گه‌ر هۆکاری سه‌ره‌کی قه‌یران مه‌وجدانه‌وه‌ی شمه‌ك و کاڵاکان بێت له بازاڕه‌کاندا و ئه‌وه‌ش ببێته هۆی خولقاندنی سستی ئابوری، ئه‌وا له ئێستادا به‌هۆی پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیاو خۆڕێكخستنه‌وه و پلانکردنی پێشواده تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌توانرێت پێش به‌و مه‌وجدانه‌وه‌ی که‌ره‌سه و شمه‌كانه بگیرێت. له ئێستادا هه‌ر یه‌ك له کۆمپانیا و کارگه و شۆپه گه‌وره‌کان به کلیکێکی سه‌ر کۆمپیوته‌ره‌کانیان له چه‌ند چرکه‌یه‌کدا ده‌توانن له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م دونیایه‌دا که لقیان ( فه‌رعیان) هه‌بێت بزانن چه‌ند له کاڵاکانیان نێردراوه بۆ ئه‌وێ، ژماره‌ی کرێکارانیان ، بڕی فرۆشتنیان، جۆری کاڵای فرۆشراویان ، زۆر و که‌می موشته‌رییان ، ته‌نانه‌ت چه‌ندایه‌تی مانگی یا خود وه‌رزی فرۆشتنیان له که‌یدا له بره‌ودایه و که‌نگێ له کزیدایه. به‌م هۆیه‌شه‌وه ده‌توانرێت لانی که‌م پلان بۆ ماویه‌کی که‌م سه‌باره‌ت به‌هه‌ر لقێکی فرۆشگاکانیان ، بازاڕه‌کانیان بکه‌ن به پێیی که‌م و زۆری فرۆشتن که لێره‌شه‌وه ده‌توانن که بزانن چه‌ند کرێکار و کارمه‌ندیان ده‌وێت، تێچونی (کولفه)ی مانگ و ساڵیان و زه‌ره‌ر و قازانجیان چه‌ند ده‌بێت. ئێستا سه‌رده‌م و چه‌رخه‌کانی کۆن نین تاکو سه‌رمایه‌داری ده‌سته‌پاچه بێت ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه که هه‌نووکه قه‌یرانه‌کان زیاتر له بواری داراییدا ڕووده‌ده‌ن تاکو مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و بزنس، گه‌ر چی کۆتاییه‌که‌ی به قه‌یرانی ئابوری دێت.
ئه‌وه‌ی که لێره‌دا لای من گرنگه مه‌سه‌له‌ی دۆزینه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی قه‌یرانه‌کان نین ، به‌ڵکو هه‌ژموون و کارایی قه‌یرانه‌کانن له‌سه‌ر هه‌ره زۆرینهکهمان . چونکه ڕاسته لێره‌و له‌وێ چه‌ند سهرمایادارێک و چه‌ند کۆمپانیا و بانقێك هه‌ره‌سده‌هێنن و مایهپوچدهبن ، به‌ڵام سیسته‌مه‌که به‌گشتی به‌پێوه ده‌مێنێته‌وه و پته‌وتر و به‌هێزتر خۆی ڕێکده‌خاته‌وه ، بومه‌له‌رزه‌یه‌ك دێت و ده‌ڕوات به‌ڵام له سه‌ری ئێمه‌دا ده‌شکێته‌وه و سه‌رمایه‌داری و سیسته‌مه‌که‌ی ته‌نها ڕووبه‌ڕووی چه‌ند له‌رزینێکی که‌مده‌بنه‌وه .
وه‌کو له سه‌ره‌وه وتم چونێتی دروستبوونی قه‌یرانه‌کان گرنگ نییه ئه‌وه‌ی که گرنگه ئهژموون و کارایییهکانێتی که به‌گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه ( ته‌قه‌شوف) ناسراوه، کۆتایی دێت.
گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه:
ئه‌وه‌ی که تائێستا به ئه‌زمه‌ی سه‌رمایه‌داری ناسراوه ، له هه‌قه‌تدا نه ئه‌زمه‌ی سه‌رمایه‌دارانن و نه ئه‌زمه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریش، له کاتێکدا ململانێی و کێشمه‌کێشی پرۆسه‌ی ته‌سفییه‌ی حساباتی نێوانیان ڕووده‌دات و ده‌بێته هۆی گلانی یه‌کجاریی یا هه‌نووکه‌یی هه‌ندێکیان ، ئا له‌م بارودۆخه‌دا باشترین هه‌ل بۆ سه‌رمایه‌داری له ڕێگای نوێنه‌ره سیاسییه‌کانیانه‌وه که حکومه‌ته‌کان و سیسته‌می پهڕلهمانتارییانهیانه ، ده‌توانن ئه‌وه‌ی که ده‌یانه‌وێت ، بیکه‌ن . بۆ ئه‌مه‌ش حکومه‌تی نیشتمانی ، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه ده‌گرێته‌به‌ر . سیاسه‌تی ده‌ستگرتن به پاره‌وه گوایه بار‌و دۆخی ئابوری و دارایی وڵات ، کیشۆره‌که یاخود جیهان زۆر خراپه و له داڕماندایه، گه‌ر به ئاگا نه‌بین هه‌موو شتێك هه‌ره‌سده‌هێنێت و له ده‌ستده‌چێت ئه‌و کاته‌ش ژیان ده‌وه‌ستێت. به‌م پاساودانانه هه‌موو هێڕشێك: هه‌ر له فرۆشتن و به‌تایبه‌تیکردنی که‌رته ده‌وڵه‌تییه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ی کرێ و موچه و ده‌رکردنی کرێکاران و کارمه‌ندان و بڕینی بیمه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌یان و درێژکردنه‌وه‌ی کاتی سه‌رکار و سه‌پاندنی هه‌لومه‌رجی نامرۆیانه به‌سه‌ر کرێکاران و کارمه‌ندان، تاده‌گاته به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی یپێداو یستییهکانی ژیان و کرێی خانوو و داخستنی شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌کان و ناچارکردنی کرێکاران به ڕازیبوون به هه‌موو شتێك به‌هۆی ئافراندنی سوپایه‌کی گه‌وره‌ی به‌تاڵه‌وه له‌سه‌ر شه‌قام ، له بازاڕدا.
هه‌موو ئه‌م سیاسه‌تانه‌ش یه‌ك کۆمه‌ڵه گرفتی گه‌وره‌ی وه‌کو لاوازکردنی نقابه‌کان و پاشه‌کشه‌کردن به بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران و خه‌ڵکی ، که‌مکردنه‌وه‌ی باجی کۆمپانیا و شۆپه گه‌وره‌کان به بیانوی هاندانی به‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه له وڵات‌دا، زیادبوونی تاوان و دزی و ڕاو و ڕووت ، ڕایسیزم و فاشیسزم ، درێژبوونه‌وه‌ی لیستی ناوی چاوه‌ڕوانی دکتۆره‌کان و خه‌سته‌خانه‌کان و کارمه‌ندان و کرێکارانی شاره‌وانی و لانه‌وازان و بێ خان‌و وبه‌ره و گه‌لێکی دیکه له‌مانه .
ئاماره‌کان و واقیعه‌که ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن که قۆرته‌کانی ئه‌م قه‌یران و سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه‌یه به ته‌نها له سه‌ری ئیمه‌دا ده‌شکێنه‌وه و ئه‌م قه‌یرانه به قه‌یرانی ئێمه ده‌مێنێته‌وه تاکو هۆشیارییه‌کی ته‌واو به هه‌موو بارودۆخه‌که په‌یدا ده‌که‌ین و به ئاگا دێیننهوه له میحنهتییهکانمان ، ئه‌ویش به خۆڕێکخستنمان له ده‌ره‌وه‌ی پار ته سییاسییه‌کان و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕژیمی په‌ڕله‌مانتاری و گرتنه‌به‌ری چالاکی ڕاسته‌وخۆ و ئه‌نجامدانی دیمۆکراتی ڕاسته‌وخۆ بۆ به کۆمهڵیکردن و هه‌ره‌وه‌زیکردنی هه‌ر هه‌موو پێداویستییه‌کانی ژیان له ڕێگای خۆبهڕیوهبهرییهکانمانهوه .
تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌وه ڕووده‌دات وه‌کو ئه‌م به‌ڵگانه‌ی خواره‌وه نیشانیانده‌دات ، ئه‌زمه‌کان له‌سه‌ری ئێمه‌دا ده‌شکێنه‌وه و سه‌رمایه‌دای و سه‌رمایه‌داران به‌گوڕ و تینێکی زۆر له‌وه‌ی پێش ڕودانی قه‌یران هه‌ڵده‌سنه‌وه و خۆیان باشتر ڕێکده‌خه‌نه‌وه.
خۆگرتنه‌وه و به‌هێزبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داران، سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دوای قه‌یرانه‌کان ، جاری وا هه‌یه ده‌گاته ڕاده‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێکی زۆر گه‌وره، باشترین نموونه‌ش هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی دووهه‌م بوو دوای گه‌وره‌ترین قه‌یرانی ئابوری که له کۆتایی بیسته‌کانی چه‌رخی ڕابوردوو ، 1928 بۆ ساڵی 1930، هه‌روه‌ها توانای خولقاندنی ده‌یه‌ها جه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و نێوانی وڵاتان و ناوچه‌گه‌ری.
گه‌ر له سه‌ر ئاستی جیهانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین ئه‌وه ده‌توانین ئاماژه به ڕاپۆرته‌که‌ی ئۆکسفام -ی ڕۆژی 19/01/15 که ده‌ڵێت نیوه‌ی سامانی جیهان له‌ژێر چنگیی له 1% ی دانیشتوانه‌که‌یه‌تی ، ئه‌مه له ساڵی 2009 دا به ڕێژه‌ی له 40% بوو ،که له ساڵی 2015 دا سه‌رکه‌وتووه بۆ له 48% . ڕاپۆرته‌که ئاوا پێشبینی ده‌کات که ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندانه له ساڵی 2016 دا زیاتر له 50% ی سامانی جیهان ده‌که‌وێته ژێر چنگیانه‌وه. له‌و راپۆرته‌دا واهاتووه که هه‌ره 85 ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی جیهان بڕی هه‌مان سامانی نیوه‌ی دانیشتوانی جیهانی له ده‌ستدایه که 3.5 ملیارن، هاوکاتیش ڕاپۆرته‌که ملیارده‌رانی جیهان به 645 که‌س، ده‌خه‌مڵێنێت.
له کاتێکدا که سه‌رمایه‌داران له ئه‌وروپادا ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بن و کۆمپانیاکان و بانقه‌کان قازانجی زیاتریان ده‌ستده‌که‌وێت ، هاوکات قه‌یرانه‌که‌ی ئێمه قوڵترده‌بێته‌وه به خستنه‌وه‌ی به‌تاڵه‌ی زیاتر و سه‌رکه‌وتنی ڕێژه‌ی بێ‌کاری. بۆ نموونه له ئیتالیا ڕیژه‌ی بێ‌کاری له 12.4% و پورتوغال 13.% یۆنان له 25.6% ئیسپانیا له22.7 % .. فه‌ره‌نسا له 10.5 %، له ئیرهلهنده 9.7%، ئه‌ڵمانیا 4.8% له بریتانیا 5.4% له ئه‌مه‌ریکا له 10.3% . ڕێژه‌ی بێ‌کاری له نێوانی گه‌نجانی ژێر ته‌مه‌ن 25 ساڵ له ئیسپانیا له 53.5% و ئیتالیا 43.9% له یۆنان 56% و له کرۆتیا له 45.5% و له نێو انی ئه‌فریقییه ئه‌مه‌ریکییه گه‌نجه‌کانی ته‌مه‌ن 17 و 20 ساڵدا که ناویان بۆ زانکۆکان تۆمار نه‌کراوه و قوتابخانه‌ی سانه‌وی سه‌رو ئه‌ویان ته‌واو کردوه له 50% زیاترن .
وه‌کو پێشتر وتم ڕاسته له سه‌ره‌تادا چه‌ند کۆمپانیایه‌ك و چه‌ند بانقێك مایهبووچبوون یا به‌ته‌واوی هه‌ره‌سیان هێنا به‌ڵام له ڕاستیدا به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌وانه‌یان که ماونه‌ته‌وه له‌م قه‌یرانه سوودمه‌ندبوون و قازانجی زیاتریان به به‌راورد به ساڵانی پێشتر ده‌ستگیر بووه. من لێره‌دا ته‌نها ئاماژه به هه‌ندێکیان ده‌که‌م که داهات و قازانجیان خستۆته ڕوو، له‌وانه:
قازانجی ساڵی 2014 ی Walmart 16.4 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریکی بووه، که به ڕێژه‌ی 2% له ساڵ ی2013 وه سه‌رکه‌وتووه، JP Morgan له 14/07/15 قازانجی وه‌رزی یه‌که‌می ئه‌مساڵی خسته ڕوو که به ڕێژه‌ی له 5.2% زیادیکرددووه. له 31/07/15 دا Electronic Arts پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که قازانجی هه‌ر پشکێك (سههم) 2.85 دۆلار سه‌ر بکه‌وێت ، که ئه‌م بڕه قازانجهش دووقات زیاتره له ساڵی پار. Amazon Online به بڕی 5.3 ملیار پاوه‌ندی له ڕێی ئینته‌رنێتی بریتانییه‌وه، فرۆشتووه که به ڕێژه‌ی له 14% سه‌رکه‌وتووه . Apple قازانجی ساڵی پاری به ڕێژه‌ی له 6% له چاو ساڵی 2013دا بۆ 39.1 ملیار دۆلار سه‌رکه‌وتووه ، Microsoft ساڵی 2014 قازانجه‌که‌ی 22.1 ملیار دۆلار بووه و له به‌رامبه‌ر ساڵی 2013دا به ڕێژه‌ی له 1% سه‌رکه‌وتووه ، Google له ساڵی پاردا ، 2014 دا، 14.4 ملیار دۆلاری قازانجکردووه ، که به‌ڕێژه‌ی له 11% سه‌رکه‌وتووه. Nike ساڵی پار به بڕی 2.7 ملیار دۆلار قازانجیکردووه که ئه‌م بڕه‌ش به ڕێژه‌ی له 8% له ساڵی 2013وه سه‌رکه‌وتووه، IBM بڕی قازانجی ساڵی2014 ی 12 ملیار دۆلار بووه و له ساڵی 2013وه به ڕێژه‌ی له 27% زیادیکردووه .
له‌سه‌ر ئاستی بریتانیاش به گوێره‌ی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامه‌ی سه‌نده‌ی تایم-ی ڕۆژی 26/04/15 که لیستی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی به‌یانکرد، ده‌ڵێت داهات و سامانیان له ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابوردوودا دووقاتبووه . هه‌زار ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی بریتانیا داهات و سامانیان 547 ملیار پاوه‌ندی ستێرلینییه، ئه‌مه بێ حسابکردنی ئه‌وه‌ی که له حسابی بانقهکانیاندایه، ئه‌م بڕه به به‌راورد به 250 ملیار پاوه‌ند له ساڵی 2005 دا، سه‌رکه‌وتووه. ژماره‌ی ملیارداران له ساڵی پاره‌وه که 104 دانه بوون ئێستا سه‌رکه‌وتون بۆ 117 که‌س، که 80 دانه‌یان له لهندهندان .
ئه‌مه‌ی که له سه‌ره‌وه ده‌یبینین جێی سه‌رسوڕمان نییه چونکه یه‌که‌م ئه‌و بڕه باجه‌ی که ئه‌وان ده‌یده‌ن ئه‌گه‌ر بیشده‌ن ، له ئێستادا له 20% که له سه‌رده‌می چێرچڵ-دا بڕی باڵای باج له 97 % و له ژێر حوکمی مارگرێت تاچه‌ریش-دا له 60% بووه ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که حکومه‌ت به بڕی 93 ملیار پاوه‌ند سپۆنسه‌ری بزنسی کردوه به ئاسانیکردنی دانی باج، دووهه‌میش داهاتی خه‌ڵکانی داهات که‌م به ڕێژه‌ی له 10% له ژیانی فیعلیدا هاتۆته خواره‌وه . زیاتر له 900 هه‌زار که‌س له سه‌ر سێنته‌ره‌کانی خواردن به‌خشینه‌وه ده‌ژین و که ئه‌م ڕێژه‌یه به بڕی له 38% له چاو ساڵی پاردا ، 2014 ، سه‌رکه‌وتووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که جیاوازی نێوانی کرێ یاخود موچه‌ی پیاوان و ژنان دوای 70 ساڵ هێشتا ئه‌و که‌لێنه هه‌ر ماوه .
کاتێک که ئه‌و ئامار و به‌ڵگانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بینین له ته‌ك ئه‌وه‌ی که زیاتر له 1.7 ملیۆن خه‌ڵکی له سه‌ر عه‌قدی زیڕۆ کۆنتراکته ، واته نه‌بوونی هیچ کۆنتراکتێك له نێوانی ئه‌و خه‌ڵکانه و خاوه‌نکاره‌کانیاندا، بڕینی هه‌ندێك له بیمه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌یان ، فرۆشتنی موڵک و سامانی ده‌وڵه‌تی به خانوه‌کانی شاره‌وانیشه‌وه ، ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی زیاتری ده‌وڵه‌مه‌ندان ، پانتربوونی که‌لێنی نێوان ده‌وڵه‌مه‌ندان و هه‌ژاران ، کاتێك ستانده‌ری ژیانی خه‌ڵکی له 5 ساڵ له‌مه‌وبه‌ری خراپتره، کاتێك که ڕێژه‌ی خانوودار ( ئه‌وانه‌ی که له خانوی خۆیاندان به‌ڵام مه‌رج نییه به بێ قه‌رزی عه‌قار بێت) له 70% دابه‌زێت بۆ له 64%. و ژماره‌ی ده‌رکراوان له خانوه‌کانیان له ڕۆژێکدا بچێته زیاتر له 1000 و ته‌نها له نێوانی مانگی ته‌موز و سێبته‌مبه‌ری ساڵی پاردا، 2014 ،دا ژماره‌ی کرێچیانی ده‌رکراو گه‌یشتبێته 11 هه‌زار و 2805 قه‌رزاری سلفه‌ی عه‌قار له 3 مانگدا خانووه‌کانیان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابێت ، کاتێك که بڕی خێزانێك له خانویه‌کدا ، گه‌ر ژیان به‌م شێوه‌یه بڕوات، له کۆتایی ساڵی 2016 دا به بڕی 10 هه‌زار پاوه‌ن قه‌رزار بێت ، کاتێك که ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی که داوای کرێی خانوو له‌ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن به بڕی 500 هه‌زار که‌یس چوبێته سه‌ره‌وه ، کاتێك که له نێو گه‌نجانی ئیتنیکییه‌کاندا به‌تاڵه‌یی به ڕیژه‌ی له 50% به‌رزبوبێته‌وه ، کاتێك که کولفه‌ی گه‌وره‌کردنی منداڵێك له چاو ساڵانی پێشووه‌وه به بڕی 2 هه‌زار پاوه‌ند به‌رز بووبێته‌وه ، کاتێك که پێنجیه‌کی کرێکارانی بریتانیا کرێ و موچه‌یان له‌ژێر کرێ و موچه‌ی بژێوییه‌وه بێت…… گه‌لێک به‌ڵگه و ئاماری دیکه …… کێ ده‌توانێت بڵێت ئه‌م قه‌یرانه قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه ، کێ باوه‌ڕی وایه که ” قه‌یران بنچینه‌ی کۆمه‌ڵی بورجوازی ده‌له‌رزێنێ” و هی ئێمه نییه؟؟
ئه‌و کاته‌ی که ڕۆحی ڕه‌تکردنه‌وه و قبوڵنه‌کردنی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌مان به‌رزده‌بێته‌وه ، کاتێك که به‌رهه‌ڵستی فرمانه‌کانی ده‌سته‌بژێر و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان ده‌بینه‌وه و به‌گژیاندا ده‌چینه‌وه و ده‌توانین خۆمان به‌خۆمان گۆڕانکارییه‌کان بکه‌ین ، کاتێك که ئاره‌زوی مه‌یلی یاخیبوونمان ده‌که‌ین و ڕاده‌په‌ڕین، کاتێك که به‌خۆمان ده‌زانین که چۆن بهکارهێراوین و چهوسێنراینهتهوه له‌ته‌ك هه‌بوونی مێنته‌ڵه‌تی به‌گژاچوونه‌وه، که ئه‌مانه زۆر گرنگن بۆ وه‌رچه‌رخاندنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی که یه‌خه‌ی پێگرتوین به ئاقاری سیسته‌می هه‌نوکه‌یی ، ته‌نها ئه‌و کاته ده‌توانین ئازادانه به ده‌نگی زوڵاڵ و به‌رز بڵێین: قه‌یران قه‌یرانی کاپیتاڵیزمه، نه‌ك ئێمه…