خودی پەڕلەمان خۆی مەهزەلەیە و ڕوودانی مەهزەلەش تێیدا، ئاساییە

خودی پەڕلەمان خۆی مەهزەلەیە و ڕوودانی مەهزەلەش تێیدا، ئاساییە.

16/01/2021

هێڕشی ئەم دواییە بۆ سەر کۆنگریسی ئەمەریکا نە مایەی سەرسامبوونە و نە تێرامانیش. ئەوەی کە لە 6 ی ئەم مانگەدا لە کۆنگریسی ئەمەریکا ڕوویدا ڕووداوێکی تازە نەبوو و کۆتا رووداویش لەو جەشنە نابێت .  هێڕشی خەڵکی ئیتر ڕاستڕەوەکان بووبێت یاخود چەپەکان بۆ سەر بینای پەڕلەمان لە زۆربەی وڵات ڕوویداوە لەوانە پۆڵۆنیا، یۆنان ، بولغاریا ،ئیسرائیل ، ئۆکرانیا، بەلەڕوس، ئۆگەندە و ولاتانی دیکە.

 لە وڵاتانێکیشدا کە ئەمە ڕووینەداوە وەکو بریتانیا لەبەر ئەوە بووە ئەمان پێشوەخت بە هەزارەها پۆلیس و ئەسپسوار و سەگیان هێناوە، لە ئاسمانیشەوە هەمیشە دوو کۆپتەرێك بەسەر پەڕلەمان و ماڵ و ئۆفیسی سەرەكوەزیرانەوە چاودێرییان کردووە، دەنا چەندەها جار لە لایەن خۆپیشادەرانەوە بۆ شکاندنی دەرگای پۆڵاینی بەردەم ماڵی سەرەکوەزیران ، هێڕشکراوە، بەڵام شکستیانهێناوە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەشی کە لە چەندەها وڵاتا شەڕە بۆکس و شەرە کورسیی لە نێوانی پەڕلەمانتارەکانا ڕویداوە لەوانە پۆڵۆنیا، ئیسرائیل، تورکیا، عێراق، کوردستان .. تد.  خودی پەڕلەمان خۆی مەهزەلەیە و دەکرێت مەهزەلەش تێیدا رووبدات.

ئەوەی کە ئەم روداوەی کۆنگریسی ئەمەریکای گەورە کردووە و  کردۆتە ویردی سەرزمانی میدیا بە تایبەت میدیاکانی ئەمەریکا و ئەوروپا، ئەوەیە کە دەیانەوێت پیمان بلێن لە وڵاتێکی دیمۆکراتی وەکو ئەمەریکادا ناکرێت ئەوە ڕووبدات !!! ئەوە شکاندنی حورمەت و قودسییەتیی پەڕلەمانە، ئەوە سوکایەتیکردنە بە پیاوانی کۆنگریس  کە نوێنەرانی گەلن، ئەوە تێپەڕاندنی هێڵی سوورە و کۆتای سنوری ئازادیی تاکە، ئەوە بڤەیە و گوناحی کەبیرەیە.

لە حەقەتدا ئەوەی کە لەوێ کرا مەترسی نەبوو بۆسەر دیمۆکراتییەت، چونکە خودی پرسی دیمۆکراتیی، لەوێ بزرە و بوونی نییە. هاوکاتیش هەڕەشەیەکیش نەبوو بۆ سەر دەسەڵاتی ئەمەریکی و پەیامێكی جەرگبڕانەش نەبوو بۆ دونیا و حکومەت و دەوڵەتەکانی .  هەرچی دەسەڵاتداران هەن لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بن خۆیان زۆر باش دەزانن دیمۆکراتی وجودیی نییە و باس لێوەکردنی بۆ گەمژاندنی دەنگداران و هاووڵاتیانیانە،  ئەوان دەزنن کە دیمۆکراتییەت تەکسییەکە و کە گەیاندنییە مەنزڵ کاریان پێی نامێنێت و دەتوانن ئیزنی بدەن.

 ئایا خودی دیمۆکراتی وجوودی هەیە؟

قسەی سیاسییەکان و بزنسمان و خاوەنسامان و میدیا شتێکە و واقیعیش شتێکی دیکەیە.  دیمۆکراتیی و کۆمەڵی دیمۆکراتی و حکومەتی دیمۆکراتی لای ئەمان هەر لایەنی هەڵبژاردنی حوکمڕانان دەگریتەوە، کە لەو هەڵبژاردنەدا هەژاران و چەوساوان شتێك ناکەن و مافێکیان نییە جگە لە جێبەجێکردنی فرمانی فرماندەران، جگە لە مافی هەڵبژاردنی چەوسێنەران، زاڵمان و بکوژانی خۆیان.

 ئەم جۆرە لە حوکمکردن لە پیلانی کودەتای سوپایی و دەسەڵاتی ڕەهایی پادشایی بۆ باڵادەستان و دەستەبژێران، چینی بورجوازیی، زۆر ئارامبەخشتر و بەرهەمهێنەر تر و کەم مەسرەفترە و توانای باشتریشی هەیە لە مێشكشۆردنەوەی هاووڵاتیانا.  ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و دەگاتە مەنزڵی خۆی بی ئەوەی هاووڵاتیی چی تر  ڕای وەرگیرێت تا خولی هەڵبژاردنی ئایندە مەگەر ڕاپرسییەکی [ ڕیفرۆندەمێك] گشتی بێتە پێشەوە.  ئیتر هاووڵاتیان ، دەنگدەران بێ ئەرك و زانیاریی دەمێننەوە، ئەوەی کاندیدەکان و دەوڵەت  دەیشارنەوە لێیان، ئەو ڕاستییەیە کە دەنگدانی ئەوان و دەنگنەدانیان یاخود زۆربە بەشداری بکەن یا نەیکەن، گرفتێك نییە لەم درۆ گەورەیەدا، چونکە ئەوان ڕۆڵیان بەڕێکردنی پرۆسەکەیە و تاج لەسەرنانی ئەمانە.  ئەوەی کە حوکم دەکات سوپایە ، دەستەبژێرەکانن، خاوەنسەرمایە و بزنسمانەکانن،  کۆمپنایا گەوەرەکان و  بەڕێوەبەرە گەورەکانن، پۆلیس و تۆرە سیخوڕییەکان و دەسگەدراوییەکانن،  دداگا و دادوەرەکانن، نە پەڕلەمانتارەکان .

پەڕلەمانتارەکان، بەڵتەچییەکان یاخود  چەواشەکەرەکان، هەرچییان ناودەنێیت، تەنها لەوێن بۆ پەسەنکردن و بەڕێکردنی ئەو بڕیارانەی  کە ناونوسم کردن، تاکو شێوە و ناوەرۆكی یاساییان پێبدەن و ئەم نوێنەرانەی گەل پەسەند و مۆری بکەن.

لە سەراپای دونیادا ئەو ڕاستییە سەلمێنراوە کە بڕیارە گرنگەکان، چارەنوسییەکان، تەنانەت زۆرێکیش لە بڕیارە بچوکەکان هەرگیز ناچنەوە بەردەمی دەنگدەران.  بۆ نموونە بڕیاری هێڕشی ئەمەریکا و بریتانیا و وڵاتانی دیکە بۆ داگیرکردنی عێراق. لەمەدا پرس بە کەس نەکرا. بڕان و کەمکردنەوەی  بیمەکان و فرۆشتنی سامان و موڵککەکانی دەوڵەت کە بە موڵکی گەل ناوزەد دەکرێت، دەنگدەر و هاووڵاتیان بێ خەبەر دەبن لێی تاکو لە میدیاکانەوە دەیبیستن. دانانی سەرۆکی پۆلیس و دەسگەی سیخوڕی و  سەرۆکی بانق و دەزگە دراوییەکانی دیکە و سەرۆکی دادگا و بەڕیوەبەرە گەورەکان نەك ئەمانەش ناگەڕێننەوە بۆ پرسی خەڵکی بەڵكو ناشخرێنە بەردەم پەڕلەماناتارەکان، نوێنەرەکانمان.

بە کورتی ئەوەی کە پەیڕەو دەکرێت ناوی بێ ناوەرۆکە.

ئایا حکومەتێكی  دیمۆکراتی بوونی هەبووە یاخود بوونی هەیە؟

دەتوانین پرسیارەکە بە جۆرێكی تر بکەین ئایا دیمۆکراتیی و دیکتاتۆرییەت هەر یەك شت نین؟

ئەوەندەی من بەبیرم بیت و بزانم حکومەتێك نییە کە ئەگەر بۆ جارێكیش بووبێت توندوتیژی بەرانبەر بە هاووڵاتیانی، دەنگدەرانی، بەکارنەهێنابێت.  حکومەتێك نییە و نەبووە کە هەر یەك دیوی هەبووبێت واتە هەر دیکتاتۆریی یا دیمۆکراتیی، حکومەتێك نەبووە و نییە کە سروشتەکەی دیمۆکراتیانە بووبێت یا خود پەنای بۆ یەك لایەنی حوکمڕانی لە دیمۆکراتی یا دیکتاتۆریی، بردبێت ، نەشکراوە کە یەك شێوازی حوکم بەکاربهینن .

زانینی هۆکاری لۆژکیانەی ئەمەش هەر زۆر ئاسانە.  حوکمڕانیی دەبێت بەسەر کۆمەڵە خەڵكێكدا بکرێت، بۆ ئەوەشی کە حوکمکراون، فرمانپێکراون، لەهێڵ دەرنەچن، سنور نەبەزێنن، وەلایان بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی هەبێت. هەر لە خەت لایان دا و وەلایان نەبوو ئەوە دەکرێت کە حکومەت توندووتیژییان بەرانبەر بەکاربهێنیت ، بۆ ئەمەش حکومەت، دەوڵەت پێویستی بە جیهازی سەرکوتکردن لە پۆلیس و سوپا و سیخوڕ هەیە.

حکومەت، دەوڵەت، یا نییە یاخودی دیمۆکراتی نییە و نابێت ، دەوڵەتیش یا بەهێزە یا لە داڕمانایە زۆر جاریش بۆ بیناکردنەوەی خۆی بە هێزێکی دیکەوە.  ئەوەی کە حکومەت، دەوڵەت هەیەتی سروشتی دیکتاتۆریانە، فاشستیانەی خۆیەتی کە گۆڕانیی بۆ نییە و بەسەریدا نایەت.  هەرچیش دیمۆکراتییەکەی و دیکتاتۆرییەکەیەتی مەیلە، شێوازی حوکمە، کە جاری وا هەیە پێویستی بە نواندنی تۆزێك نەرم و نییانی و کردنی چەند چاكسازییەکی لاوەکیانە هەیە، ئا لەم بارەدا وامان پێدەناسێنن کە دەوڵەت دیمکراتییە.  کاتێکیش کە مانەوەی خۆی پێویستدەکات، تووند و تیژی بەکاربهێنێت و سەرکوتی هاووڵاتییان بکات، حکومەت و دەوڵەتمان بە دیکتاتۆریی پیدەناسرێنرێت.

پەلاماری لایەنگرانی ترامپ بۆ سەر کۆنگریس، ئەمانە کێن و بۆچی؟

ئێستاش با لێرەوە سەرنجێکی حوکمی ترامپ لە ئەمەریکادا بدەین و دواتریش پێگە جەماوەرەییەکەی .

مێژوویەکە کە حوکمکردنی  ئەمەریکا لە نێو پارتی کۆماریی و پارتی دیمۆکرات-دا دەستی دەستی دەکات.  ئەم پارتانەش چ دیمۆکرات و چ کۆماری هیچیان دیمۆکراتی نین بەڵام هەر کامەیان  شوناسنامەیەکیان بۆ خۆیان وەرگرتووە و جەماوەری خۆیان گەرچی گۆڕانی بەسەردا دێت، بەلام هەیانە.  یەکێکیان حیزبی دەسڕۆیشتوان، بزنسمانان و سەرمایەدارانن. ئەوی تریان ئاوا ناوی ڕۆیشتووە و لە میدیای فەرمیشدا بە دیمۆکراتی دادەنرێت. میدیا و خۆیان وا لە خەڵکی دەگەیەنن کە دیمۆکراتییەکان نەك هەر دۆست، بەڵکو حیزبی ڕەشپێستان و خەڵکانی بێگانە و کرێکاران و هەژارانە.

بەلام لە ڕاستیدا جیاوازییەکی زۆر جەوهەری لە نێوانیاندا نییە.  لە حوکمی هەر یەکەیانا گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتە بنەڕەتییەکانی ئەمەریکا، چی لە ڕووی سیاسییەوە یاخود کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە تا ڕادەیەك هەر نایە.  دۆست و دوژمنەکان، دۆست ودوژمنی هەردوولان، زەرەر و قازانجی ئەمەریکا هەرچی بێت هی هەردوکیانە.

پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لەوێ پارەیەکی هێکجار خەیاڵی تێ دەچێت، ڕەنگە باوەڕ نەکەیت کە کولفەی هەڵبژاردنی ڕابوردوی ئەمەریکا لە نێوانی هەر هەموویانا 14 ملیار دۆلاری تێچووە، چەند پارەیەکی خەیاڵییە دوو ئەوەندەی هڵبژاردنی 2016 بووە.

لە هەڵبژاردنیشدا هەموو شتێک بۆ هێنانی دەنگ، دەکرێت، هەموو درۆ و دەلەسەیەك ڕەوایە ، هەموو بوختان و لەکەدارکردنێك بۆ زڕاندی یەکدی ئاساییە، ئەوەی لەژێر بەڕەی پەنجا ساڵ لەمەوبەری جەنگی ئەمەریکادا  بۆسەر ڤێتنام، هەیە،  دەهێنرێتە سەر بەڕە . باشترین  کاتە بۆ میدیای ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی کارە ئابڕووچوەکانی کاندیدەکان و گاڵتەجاڕیی دیمانەی ڕادیۆ و تی ڤییەکانیان.

دۆناڵد ترامپ لە هەردوو هەڵبژاردنەکەی 2016 و 2020  کەوتە مەعرەکەیەکی زۆر نابەرانبەر و مەترسیدارەوە لەگەڵ میدیا و نەیارەکانیا، بەڵام هێشتا لە 2016 دا هەر بردییەوە.  لە 2020 دا وێڕای ئەوەی کە میدیای ئەوروپی و ناوخۆی ئەمەریکا زۆر دژایەتییان کرد، کە بەشی هەرە زۆری ئەوەبوو کە لە هەقەتدا ترامپ زۆر بە جوانی وەکو خۆی ڕواڵەت و جەوهەری  سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەتی ئەمەریکای نیشاندەداین ، کە بووە هۆی خولقاندنی بزوتنەوەی جەماوەری گەورە، مانگرتن ، خۆپیشاندان کە ماوەیەکی زۆر زۆر بوو ئەمەریکا ئەوەی بە خۆیەوە نەدیبوو.  هاوکاتیش  پرسی کۆرۆناش زەربەیەکی زۆر گەورەی لێدا بەڵام هێشتا توانی  74،222،958  دەنگ لە بەرانبەر جۆی بایدن-دا 81،283،098 بهێنێت کە بە ڕێژەی سەدیش ترامپ لەسە 46.8 و بایدن 51.3 دەنگیانهێنا.   لە ڕاستیدا جیاوازی نێوانی دەنگەکانیان 7 ملیۆن تۆزێك زیاتر بوو، بەڵام بە بەراورد بە هەڵبژارردنی 2016  ترمپ 11 ملیۆن زیاتر دەنگی هێنا.

ئەمە گەورەترین هەڵبژاردن بووە لە مێژوی 140 ساڵەی ئەمریکادا کە زیاتر 159 ملیۆن کەس دەنگیان داوە.  ئەم  ژمارە گەورەیەی کە دەنگییان بە ترامپ دا زۆربەیان کرێکاران و هەژارانی ئەمەریکا بوون تەنانەت بەشێك لە پێستڕەشەکانیش دەنگیان بۆدا.  ڕاستە خەڵکی ڕاستڕەو و فاشستەکانیش دەنگیان بۆ دا بەڵام ئەمانە هەرگیز زۆرینە نەبوون، زۆرینەی دەنگدەرانی ترامپ وەکو وتم کرێکاران و خەڵکانی هەژار و ئاسایی ئەمەریکا بوون .  ئەمەش بە گاڵتە نەبوو لەبەر ئەوەی لە 3 ساڵی یەکەمی حوکمیدا، ژیانی ئەمەریکییەکان بە بەراورد بە جۆرج بوش و هەتا ئۆباماش باشتر بوو.  بۆ نموونە: ئابوری ئەمەریکا بە ڕێژەی لەسەدا 2.5 هەڵکشا، ژمارەی بەتاڵە لە دابەزیندا بوو تا گەیشتە ڕێژەی لە سەدا 3.5 ، داهاتی خەڵکی بە بڕی 6000 دۆلار ساڵانە سەرکەوت، لانی کەمی کرێی بۆ کرێکارانیێك کە سکیڵیان نەبوو یاسیکیڵێکی کەمیان هەبوو بەرزکردەوە، بەڵام ئەمانە هەر لە 3 ساڵی یەکەمی حوکمیدا پێش هاتنی کۆرۆنا.   ئەمە جگە لەوەی ترامپ خۆی بە دوور گرت لە شەر لە تەك کۆریای باکور، ئێران، ڕوسیا ، کشانەوەی بەشێك سوپای ئەمەریکا  لە ئەفغانستان و لە عێراق و گەڕاندنەوەی سەربازان بۆ ناو کەسوکاریان و سازشکردن لەگەڵ تالیبان،   هەروەها دوو سەرکردەی گەورەی تیرۆریستیشی ، بەغدادی و قاسمی سولێمانی ،  لەناو برد کە سەراپای حوکمدارانی ئەوروپا و میدیا دژ بەمە وەستانەوە.  ئەمانە هۆکار بوون بۆ جەماوەریبوونی ترامپ و هاتنی خەڵك بۆ سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن .

ئەگەر تێبینی بکەین ئەوە دەبینین لە زۆر وڵاتی ئەوروپی و ئەمەریکادا بە گوێرەی داخوازی و پێویستی سەرمایە، کاپیتاڵیزم ، لە چەند ساڵێکدا چەپ و پارتە کرێکارییەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکان دێنە سەر حوکم و لەو چەند ساڵەدا کە خەڵك بۆی دەردەکەوێت کە گۆڕانکاری گرنگ ڕوونادات جارێ تر حیزبە ڕاستڕەووەکان هەڵدەبژێرنەوە ، کە لە حوکمی ئەوانیشدا دەستیان لە بنی هەمانەکەوە دەردەچێت دووبارە دەگەڕێنەوە سەر هەڵبژارردنی چەپەکان.  ئێستا دەینینین کە وەرزی هاتنی حیزبە ڕاستڕەو ڕایسستەکانە ، تەماشا بکەن هەر لە  بریتانیاوە تاکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەمەریکا و سوید و بەرازیل فلیپین، یۆنان و پؤڵۆنیا  ڕاستڕەوەکان لە حوکمدان.  دووریش نییە  حوکمی چەند ساڵی ئایندە  چەپەکان دووبارە وەکو دەیەی یەکەمی ئەم چەرخە، بێنەوە سەر حوکم .

 ئیتر ئاوایە و ئەمەش جێی سەرسوڕمان نییە و ژیان لە سای سیستەمی پەڕلەمانتارییدا گۆرانکاری جددی ڕوونادات.  هەر ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی کارایی لەسەر زۆربوونی شەپۆلی ڕایسستانە و ڕاستڕەویی و هەژموونیان ، دادەنێت.

 لەسەردەمی فرمانداری چەپەکاندا ، سۆشیالدیمۆکراتەکانا ، حیزبە کرێکارییەکانا لەبەر ئەوەی کە گۆڕانکاری سەرەکی ڕروونادات، گرانی و بەتاڵەیی و بێ خانووبەرەیی و قەرزاریی و هەژاری زیاتردەبێت لەپاڵ هاتنی زیاتری پەنابەران و کۆچبەرانا … ئەمانە هەمووی دەبنە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی ڕایست و فاشت و مەیلی ڕایسیزمانە و فاشیزمانە . تەنها جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە سەردەمی چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و حیزبە کرێکارییەکاندا ئەمانە دەچنە ژێرزەمینەوە و خەباتی خۆیان دەکەن و جارو باریش بۆ نیشاندانی هێز و بازوویان دژ بە پەنابەران و کۆچبەران دێنە سەر شەقامەکان .  لەسەردەمی حوکمی ڕاستڕەکانیشا ئەمان لەژێرزەمین دێنە دەرەوە و دەکەونە خەباتی ئاشکرایی و دەوڵەتیش بە ناڕاستەوخۆ پشتگیرریان دەکات.

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *