بۆ مەرگی ئامۆژنم: بەهێ حاجی شێخ عەبدولڕەحمان:

بۆ مەرگی ئامۆژنم: بەهێ حاجی شێخ عەبدولڕەحمان:

29/12/2020

زۆر بە داخەوەم بۆ کۆچی دوایی ئامۆژنم ، ژیانی ئەم 35 ساڵەی دوایی تاڵاوی دونیای کرد بە قوڕگیا ، ئێش و ئازاری دونیای کرد بە بەرگیا، ساتێکی نەهێڵایەوە بۆ هەناسەدانێک بە ئازادیی ، بێ پەرۆشی و بێ خەمناکی ، شاڵاوی ئەنفال و کیمیاوی و تیاچوون و بزربوونی برا و برازاو و براژن و ئامۆزا و کەسانی نزیکی دیکەت و دواتریش مەرگی مامم، جوانەمەرگبوونی برازا لە چەمچەماڵ و بە دوی ئەویشدا مەرگی سوێبوونەوەی باوکی،  دڵێکی ڕەگ و ڕیشە داکوترا و ، جەرگێکی نا پارە پارە کراو ، خەمساردییەکی وەکو شنەبایەکی بەر ساباتی جارانی دەرەوەی هاوینانی کانی هەنار یاخود شیوی قازی دەویست، کە بەرگەی ئەم هەموو خەم و ناسۆر و تیاچوونی نزیکترین کەس و جگەرگۆشەکانت بگرێت

 . بەڵام ئامۆژن گیان تۆ هێشتا پایەیەك بویت بە پێوە ، شاخێك بووی بە زەردەوە ، دینەمۆیەک بووی کە تین و هێز و وزەت بە هەموان ، بە دەورو بەرانت دەداو ڕاتدەگرتن ، بەڵام هەمومان دەمانزانی کە لە ناخەوە دڵی تۆ ، ڕۆحی تۆ،  وەکو سەماوەری حەوت جۆشی کۆنی مەجلیسی گەورە مرۆڤان لە جۆشاندا بوو ، کوڵی دڵی تۆ هەمیشە لە کوڵدان و قوڵپا بوو ، بەڵام بە شاراوەیی ، بە ئارامیی و لەسەرخۆیی نەبا برین و زامی کۆنی منداڵان و دەورو بەر، بکولێنیتەوە ، نەبا یادەوەریە دەردەسەرییەکانی، نەگبەتییەکانی ، دڵسوتانەکانی پێشتریا ن بەیاد بهێنیتەوە

. مەخا بن ژیان بۆ تۆ ئەو بارە قورسە بوو ، ئەو سەفەرە پڕ لە مەینەتی و خەمخوارییە بوو کە بویتە مۆمێک و خۆت ئارەزوومەندی تواندنەوەی خۆت بوی ، لە پێناوی ڕۆشنکردنەوەی دڵی تاریکی خەمباری منداڵ و باقی برا و برازا و کەس و کاری نزیکت . ئای ژیان تۆ چەند بە سوێیت ، چەند ئازاراویت…. کە هەندێک جار مردن زۆر شادی هێنەر ترە ، ئارام بەخش ترە . ئیتر بۆ تۆش ڕەنگە مەرگ ، گۆڕ ئەو ئارامییە بە جەستەت بگەیەنێ ، ئەو ئاسوودەییە بە لاشەت شاد بکات ، ئیتر کاتی حەوانەوە و بێ ئاگایتە لەم ژیانی ناژیانەی کە تێیدا بەسەرت دەبرد ، کاتی بێ دەنگی و متێتیتە لەم ژیانی مردنەدا. بنوو بۆ هەمیشە ئامۆژن ، ڕاستە لە دەستمان چویت بەڵام یاد و یادەوەرییەکانت بۆ هەمیشە لە لامانە و هەتا ئەو کاتەی لە ژیاندا بین دەیپارێزین و یادتی پێدەکەینەوە .

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *