من باوەڕم وایە کە شەر لە نێوانی پارتی و پەکەکەدا، ڕوونادات. بۆچی؟

من باوەڕم وایە کە شەر لە نێوانی پارتی و پەکەکەدا، ڕوونادات. بۆچی؟

07/11/2020

گەر چی هەموو شتێك لە گەمەی سیساسیی-دا ئەگەری ڕوودانی هەیە ، بەڵام من ڕام وایە کە شەڕ لە نێوانی پەکەکە و پارتی-دا ڕوونادات .

ئەوەی ئاشکرایە حکومەتی هەرێم و تورکیا و عێراق هەتا ئەمەریکاش و سەراپای حیزبە کوردستانییەکانیش هەر لە یەکێتی و پارتی و پەکەکە و دیمۆکرات و ئیسلامی و پژاك و ئەوانی دیکەشیان تا دەگاتە حیزبی شیوعی و کۆمۆنیستی کرێکاریی و هەموو چەشنەکانیان، لە ئەزمەیەکی یەکجار گەورەدا دەژین.

بەڵام من لێرەدا هەر زۆر بە کورتی  بە تەنها ڕۆشنایی دەخەمە سەر ئەو ئەزمەیەی کە تورکیا و پارتی یا حکومەتی هەرێم و پەکەکەی تیادایە سەبارەت بەڕوودانی شەڕ .

قەیرانی حکومەتی هەرێم کە پارتی بەشێکی سەرەکییە لێی قەیرانێکی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییە ، هەموان ئەوە دەزانن و ژیانیش لە سای ئەم حکومەتەدا ئەو ڕاستییەی بۆ دوو دەیە سەلماندووە.

  تورکیاش ڕۆژ بەڕۆژ لە داڕمانی ئابووریی و پشێوی ناوخۆی خۆیدا، قوڵتردەبێتەوە ، هەموو هەوڵەکانی لە لیبیا لە ئازەربایجان و لە قوبرس و لە باکور و لە باشوور ی کوردستان و لە سوریا و لە فەلەستن تەنها و تەنها بۆ چەواشەکردنی هاووڵاتیانیەتی و ناردنەدەرەوەی تەواوی قەیرانەکانییەتی ، کە ئەوانەش نەك کۆتایی بەو قەیرانانە ناهێنێت بەڵکو ئەوەندەی تر قوڵتریان دەکاتەو تا سەری ئاکەپە دەخوات.

پەکەکەش لە دوای ناچاربوونییەوە بە شەڕکردنەوە دژ بە ڕژێمی تورکیا لە مانگی تەموزی 2015 وە تا ئێستا،  لە گەورەترین قەیراندایە چ لە ڕووی سەربازییەوە و چ لە ڕوی سیاسیشەوە ، قەیرانەکانی پەکەکەش ڕۆژ بە ڕۆژ لە قوڵبونەوەدایە و  خستویەتییە سەر تەنها دووڕیان نەك ڕیگای سێهەم .  من لێرەدا نامەوێت لە ئێستادا باس لەوە بکەم .

کەواتە هیچ کامیان نە پارتی / حکومەتی هەرێم، نە تورکیا و نە پەکەکە و نە عێراق-یش لە ڕاستیدا نایانەوێت شەڕ بکەن چونکە شەڕکردن گەرچی بە پلەی یەکەم دژ بە خودی خەڵکەکەی هەرێم و عێراق و تورکیایە، هاوکاتیش لە قازانجی خۆشیان نییە .  ئەمەریکاش لەسەروبەری هەڵبژارندا لە ئێستادا و ڕەنگە لە ئایندەشدا نەیەوێت شەڕێکی وا دروست بێت کە پەکەکە تیابچێت هەر هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی کە پەکەکە وەکو وەرەقەیەك لە ناوچەکەدا بمێنیتەو بۆ فشار خستنە سەر تورکیا یاخود ئێران، دیارە من مەبەستم ئەوە نییە کە بڵێم پەکەکە پیاوی ئەمەریکایە ، نا پەکەکە نە پیاوی ئەمەریکایە و نە عیراق  و نە ئێران و نە سوریاش ، ڕەنگە چەك لە لایەك لە لایەکان وەربگرێت بەڵام مێژوی پەکەکە ئەوەی سەلماندووە کە نەبوەتە داردەستی دەوڵەتان بۆ دژایەتی کورد و بزوتنەوە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان .

ئەوەی پارتی یا بارزانی وتویەتی لەم پەیامەی ئەم ڕۆژانەدا ، بەرای من نە بڕیاری شەڕە و نەبانگەشەی شەڕیش .  زۆر جار هەمان شتیان وتووە من تاکە وشەیەکی جیاوازم لە پەیامەکەی بارزانی لەوانەی پێشتری خۆی و نێچیر و خودی پارتیش، نەبینیوە.   هەرچیش  جوڵانی سوپاکەیەتی تەنها مانۆری سیاسییە و  بۆ لەباربردنی یا هەر هیچ نەبێت سڕکردنی ئەزمەکانی ئێستایەتی کە پرس و کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستانە، کەئەوان لە توانای چارەسەرکردنیدا نین و ئەم جوڵە و پەیامەنەش لەسەر داوای تورکیایە .

تورکیا هەر وەکو هەموو جارەکانی پێشتری کە لە هاژە و هوژەی لەناوبردنی پەکەکەدایە و لە هێڕشەکانی پێشوش و ئەوەی ئەم چەند مانگەی پێشتریش تێشکاوە و نەیتوانیوە مەرامەکانی بەدەستبهێنێت هەر لەبەر ئەوەش بەرای من خۆی نایەتە ناو شەڕەکەوە هەتا ئەگەر ئەو شەڕەش ڕووبدات.  تورکیا دەیەوێت ئەو شەڕە بە پارتی بکات ، بەڵام پارتی-ش ئەوەندە گەمژە و ئەحمەق نییە کە بە تەنها و لە تەك یەکێتی -شدا ئەو شەڕە بکات چونکە هەردولایان سوور دەزان کە تێشکان و کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتیان .  خۆیان لە ماڵی خۆیانا ئاشتەواییان نییە و نایەنوێت ئەوەندەی دیکە خراپتری بکەن .  بەژەوەندی ئەوان لە مانەوە و هاوکاری و هاوپشتی یەکدیدایە نەك شەڕکردن و  هاوپشتی و کۆمەکی میللەتەکەیان.

 هیوادارم بۆچونەکەی من ڕاست بێت و دانیشتوانی کوردستان قوربانییەکان و قۆرتەکانی شەڕیش نەبنە سەرباری سەرجەمی کێشەکانی تریان.

 

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *