سەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی بریتانیا
13/12/2019:
پارتی کرێکاران بۆ جاری سێیەم لە ساڵی 2010 وە هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند. سەرەنجامی هەڵبژاردنەکەی دوێنی 12/12 دوو بەڵگە دەسەلمێنێت. یەکەم: ئەوەی کە حوکم دەکات و دەسەڵاتی پارتی حوکمڕانی ئایندە دیاریدەکات میدیایە، ئەو دەزگە زەبەلاحەیە کە هەر پارتێك پشتی تێبکات و دژی بخوینێت زۆر زەحمەتە هەڵبژاردن بباتەوە . میدیا لە بریتانیا باشترین ئامرازی هەڵخەڵتێنەری خەڵکییە ، خراپ دەکاتە باش، درۆزن دەکاتە ڕاستگۆ، بەرنامەی خراپ دەکاتە باش ، بێ ئومێدی دەگۆڕێت بە ئومێد… . بێ گومان پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. هەر زوو پێش ڕؤژی هەڵبژاردن پێمان دەلێت کە چ پارتێك دەیباتەوە ، بە ژمارەی ئەندامەکانیشیەوە تەنانەت بە ڕیژەی سەدیش سەرەنجامەکەت دەداتێ.
دووەم: کۆمەڵی بریتانی کۆمەڵێکی زۆر موحافیزکارە ، ئیتر گرنگ نییە مانیفێستەکەت چەندێك ڕادیکالە و چەندێك بەجێ و لە خزمەتی زۆرینەدایە . گەرچی مانیفێستەکەی لەیبەر هێشتا وەکو ئەوەی کە لە ساڵانی 70 کانا هەیانبوو ڕادیکال نییە هەروەها زۆر لە خوارەوەی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی سکەندەناڤیاشەوەیە. هەوڵی لەیبەر لە مانیفێستەکەیدا بنیاتنانی کۆمەڵی سۆشیالیستی نەبوو بەڵکو دەیویست کە هیچ نەبێت بە لۆقە لۆق بگاتەوە بەو وڵاتانەی کە ناوم هێنان و بەمەش ڕواڵەتێکی جوانتر بە سیاسەتی نیولیبراڵ و لیبراڵ بدات و ژیانیان درێژتر بکاتەوە . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەنگەدەرانی بریتانی لەیبەریان ڕەتکردەوە و لەوە دەکات کە قەبوڵیان بێت کە: سیستەمی تەندروستی خراپتر بێت، قەرزی قوتابییان بمێنێتەوە، باخچەوی ساوایان نەبێتە خۆڕایی ، کرێی هاتوچۆ گرانتر بێت، بێ خانووبەرە زۆرتر بێت ، ژنان زیاتر بکوژرێن و توندوتیژی بەرانبەریان زیاتربێت، کرێخانوو گرانتربێت ،کرێی سەر کار کەمتر بێت لەگەڵ ئەو پەڕی هەلومەرجی نەگریسی سەر کار، ڕۆژی کارکردن درێژتر بێت، کۆمەڵێکی ڕایسستتر و سێکستتری زیاتری هەبێت، ڕای دژ بە بێیانە و کۆچبەران و پەنابەران و موسڵمانەکان خراپتر بێت، قەدەخەکردنی خۆپیشاندان و مانگرتن بە گوێرەی یاسا جێ بەجێبکرێت، نرخی کاڵاکان گرانتر بێت، باج لەسەر سامانداران کەمتر بێت، قوتابخانەکان قوتابی زیاتر لە پۆلەکانا هەبێت ، مامۆستا کەمتر بێت، کەمتر دەربەستی ژینگەبێت و … زۆری تر لەمانە . لەوەش خراپتر ئەوەیە کە بە گوێرەی شیکەرەوەیەك [ موحەلیل] دەڵێت پارتی لەیبەر لە سەدا 12 ی دەنگی لەو شوێنانەی کە زۆربەیان کرێکار و هەژار نشینن لە دەستداوە .
ئێمە لە بریتانیا کۆمەڵێكمان هەیە کە قەبوڵی تۆزێك ڕیفۆرم-یش ناکات جا لە شۆڕش بگەڕێ و بیری لێـمەکەرەوە . هەر وەکو پێشتریش وتومە ئەم وڵاتە دوا وڵات دەبێت لە شؤڕش دا ، هۆکارەکەشی ئاشکرایە و پێشتر قسەم لەسەر کردووە.