سەرنجێك لەسەر پۆستێکی هاوڕێ شەماڵ عەلی

15/04/2019

ئەم بۆچونەی خوارەوەم سەرنجدانی پۆستێکی هاوڕێ شەماڵ عەلی-یە کەلە دامێنی پۆستەکەی خۆمەوە دایدەنێم .  دیارە وەلامی تێکڕای پرسیارەکانی هاوڕێ شەماڵ-م نەداوەتەوە بەڵکو تەنها سەرنجی خۆمم دەربڕیوە لەسەر سەرمایەداریی سەردەم. بەڵام هاوکات سوپاسی دەکەم کە بۆی ناردم، دەرفەتی ئەوەی دامێ کە ئەم سەرنجانە دەربڕم : .

  • پێناسەی کرێکار زۆر گۆڕاوە ، بۆ من : کرێکار ئەوەیە کە لە هەنووکەدا کاردەکات و زێدەبایی دروست دەکات ، بۆیە بە ڕای من نە من کە خانەنشینم و نە قوتابی و نە بێ کار و نە کاسبکار و نە ئەوانەی کار بۆ خۆیان دەکەن و نە ئەوانەی لەسەر سۆشیالن نە ئەوانەی کە پەککەوتەن یاخود خاوەنپێداویستی تایبەتین .. کرێکارن. بە گشتی تەکسیگێڕ لە کاتێکدا کار بۆخۆیان دەکەن کرێکار نین  ، بەڵام دەکرێت کە یەکێك بن لە توێژاڵە شؤڕشگێڕاانەی سەررەوە .
  • بارو دۆخەکە زۆر گۆڕاوە لەچاو 170 ساڵ لەمەوبەردا بەتایبەت لە دوای هەشتای جەرخی ڕابوردووە وە کە عەولەمە گەیشتە ئاستێکی یەکجار بەهێز و چڕ.  ئیدی  عەولەمە نەك هەر سەرمایەداریی زۆر بەرەو پێشتر برد بەڵکو بزوتنەوەی کرێکارانی ئەوەندە لاواز کرد کە لە هەندێك شوێندا شتێک نیە پێی بڵێیت بزوتنەوەی کرێکاران.
  • عەولەمە یەکێتی چینەکانی بە کرێکارانیشەوە بە تەواوی هەڵوەشاندەوە و خەباتی تەقلیدیانەی کرێکارانی بەلاوە خست و ئیدی ئەو خەباتە تەقلیدییە نەك هەر هیچ بەدەست ناهێنێت بەڵکو خزمەتی سیستەم و دەوڵەتاکانی دەکات.
  • کرێکارانی لە دینەمۆی شۆڕشەوە کردە ئۆرگانێکی پاشکۆ و سست و  گونجاو و ئۆرگانێك لە بورجوازی و سیستەمەکەشی ، تا ئەو ڕادەیەی کە کرێکارێك لە جوتیارێك لە کاسبکارێك، لە قوتابییەك، لە خانەنشیکراوێك، لە بێ کارێك ، لە دوکاندارێك، لە کەسێك لەسەر شەقامەکان دەژین… شؤڕشگێڕتر نییە
  • عەولەمە وەکو بزوتنەوەی کرێکارانی تێشکان بەڵام هاوکات یەکێتی تۆێژاڵەکانی نێو چینە جیاجیاکانی  دروست کرد کە ئەم توێژاڵانەن دەبنە هێزی بزوێنەر و دینەمۆی شۆڕش هەر ئەمانەشن لەسەر شەقامەکانن لە هەموو شوێنێکی  ئەم جیهانە بە وڵاتانی عەرەبی و هەتا عێراقیشەوە  ، ئەم تۆێژاڵانەش کە سەرمایەداری سەردەم زیاد لە هەموو کاتێك خولقاندونی  لە نێو هەموو چینەکانا هەن جگە لە دەستەبژێرەکان و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان و پیاوانی دەوڵەت و جێنڕالە گەورەکان و دادوەرە گەورەکان .
  • لەوە دەکات سێنتەری شۆڕش لە قەڵای سەرمایەدارییەوە گوێزرابێتەوە بۆ دەوروبەری قەڵاکە [ دیارە مەبەستم لە پەیڕەوکردنی  تیئورەکەی ماوتسیتۆنخ نییە] تا ئێستا من وای دەبینم کە گریمانی شۆڕش لە وڵاتانی دواکەوتوی پیشەسازیدا زۆر زیاتر هەیە تاکو خودی قەڵاکانی سەرمایەداریی .  ئەوەش دەبێتە بەتاڵکردنەوەی قەڵاکە لە کەرەسە و زەخیرەی ژیانیی،  هانی خەڵکی باشتر دەدات بۆ خۆڕێکخستنیان لە شەڕیانا لە تەك سیستەمەکەدا [  لەم بارەیەوە وتارێکی درێژم بە هەردوو زمانەکە نوسیوە ].
  • عەولەمە ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی زۆر کەمکردۆتەوە هەتا زەمەنیش تێپەڕێنین ژمارەی کرێکاران بە هۆی بەکارهێنانی  ڕۆبۆتەکانەوە کەمتر دەبن.

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەم سەرنجانە، تکایە ئەم 2 لینکەی خوارەوە ببینە گەر وەختت هەیە:

http://www.emrro.com/bizutneweyxelkiy.htm

                                                              http://dengekan.ca/archives/1261

…………….

پۆستەکەی هاوڕێ شەماڵ:

سەبارەت بە چینی کارگەر
پرۆسەی ئوبەری کردن و پەیوەندی کار و سەرمایە

ماوەیەک لەمەوبەر سەبارەت بە تێرمی ھەڵەی “چینی کرێکار” بابەتێکم نووسی و تیایدا گوتم کە ئەو دەربڕینە بە جەوھەریکردنی ‘کرێ’ لە پێناسەی چینی کارگەردا ھەڵەیە.

لێرەدا دەمەوێت سەرنجی ئەو ھاوڕێیانەی ئەم بابەتەیان بۆ گرنگە بۆ نموونەیەک ڕاکێشم و بۆ بیرکردنەوە بە دەنگێکی بەرز بانگھێشتیان دەکەم.

ئوبەر ناوی ئاپێکی سەر تەلەفۆنی زیرەک و کۆمپانیایەکی زەبەلاحی تەکسیە کە بە پێی دوواین ئامار سەرمایەکەی ٧٢ ملیار دۆلارە. ئوبەر کە لەسەرتاسەری جیھان خزمەتی پێشکەش بە ٧٥ ملیۆن بەکاربەری تەکسی کردووە و ٣ ملیۆن شۆفێری تەکسی کاری بۆ دەکەن، تەنھا ١٩٠٠٠ کارمەندی ھەیە.
شۆفێرەکانی ئوبەر سەعاتی زۆر و بە نرخی زۆر کەم کاردەکەن و ھیچ جۆرە بیمەیەکیان نییە، چونکە ئەوان بە سەیارەی خۆیان و بە وەرگرتنی بەش لە ھەر گەیاندنێک یاخود لە ڕاستیدا بە دانی باج و دەرسەد بە ئوبەر کار دەکەن.

ئێستاش پرسیار ئەوەیە:

ئایا شۆفێرەکانی ئوبەر کارگەرن، یان وردە بۆرژوا کە ئامرازی بەرھەمھێنان یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری خۆیان ھەیە ؟

ئایا ئوبەر کۆمپانیایەکی سەرمایەداریە یان دامەزراوەیەکی دەرەبەگیە کە وەک دەرەبەگی کۆن باج و بەش لە شۆفێرەکان دەستێنێت؟

مۆدێلی ئوبەر بۆ سەرمایە زۆر سەرنجڕاکێشە و ئەگەری ئەوە دوور نییە کە چەندین کەرتی ئابووری تر ئەو مۆدێلە بگرنە بەر، ئەگەر لە چەند دە ساڵی داھاتوودا ئەم مۆدێلە فراوانبووەوە و ژمارەیەکی ھەرچی زۆرتر بەم جۆرە لە کرێ وەرگرەوە بوونە باجدەر بە کۆمپانیاکان، ئەو سیستەمەی داھاتووشمان ھەر سەرمایەداریە؟

کەواتە پێناسەی سەرمایەداری چییە؟

دەڵێم بە دەنگی بەرز بیربکەینەوە، واتە وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ خۆشم جێگای بیرکردنەوەیە.

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *