وەستا خالید

من ناتوانم قسە بکەم ، تەنها ویستم خواحافیزیت لێبکەم !!

09/06/2017

بە دەنگێکی کزەوە ، بەڵام نەك بێ ئومێدییەوە ، بە هەناسە و گوڕێکی ئاساییەوە ،  نەك وەکو  کەفتەکاری تەواوی سەرجێگاو دەردەدارییەوە …..

بۆ یەکەم جار بوو، نە وەختی ئەوە مابوو ، نە توانای ئەوەشت تیادا بوو …. بۆ یەکەم جار و دواجار بوو کە تۆ باسی سیاسەتت لەگەڵ من نەکردبێت.. بۆ یەکەم جار بوو کە دەردی دڵی خۆت، سکاڵای خۆت ، لای من دەرنەبڕیبێت…. یەکەم جار بوو کە قسەکانی خۆت دووبارە نەکەیتەوە ، بە گوڕو بەو پەڕی یەقینییەوە پێ لەسەر حکومەتی دڕندە و گەندەڵکاران ،  دانەگریتەوە ….

هەموو قسەکانی تۆ بیست چرکەی زیاتر نەخایاند ” پێیان وتم کە چەند جارێك تەلەفونت کردووە ، منیش وتم با هەواڵێکت بپرسم و خواحافیزیشت لێبکەم ”

فریای ئەوە نەکەوتم کە وەڵامت بدەمەوە ، کە دڵت بدەمەوە ، بڵێم وەستاخالید بە ورە بە ، بە ئومێد بە ….. شێخ فازیل تەلەفونەکەی لێوەرگرتیت  ”  ناتوانێت لەوە زیاتر قسە بکات … توانای دانیشتن و قسەی نەماوە … هەناسەی سوار ئەبێ و هیچی تری بۆ ناوترێ… بەڵام ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر خۆشی هەبوو .. زۆر مورتاح بوو چونکە بردمان بۆ باخچە و کەیفی بەوێ زۆر هات.. ”  ئەمە هەینی ، شەوەکەی ، 02/06/2017 بوو.

کە تەلەفونەکەم دانایەوە خۆمم بۆ ڕانەگیرا ….. ئاخر ناهەقم نەبوو …ئەو چرکانە ، چرکەی ئاسایی نەبوو کە بێت و بڕوات و کاراییت لەسەر دانەنێت … چەند چرکەیەك بوو هەتا ماویت لە بیرت ناچێت ، چەند قسەیەکی تیادا کرا دەبێتە یادەوەرییەك لە لات ، بەڵام چ یادەوەرییەك …. ئاخر لەوە ناخۆشتر هەیە کە کەسێکی خۆشەویستت ، ماڵئاوایت لێبکات؟ … ماڵئاوایی بۆ سەفەر و گەشت نا .. ماڵئاوایی بۆ لەماڵدەرچوون نا … چ ماڵئاوواییەك … ماڵئاوایی هەمیشەیی … ماڵئاوایی لە ژیان و دونیا دەرچوون .. ماڵئاوایی لەبیرکردنی  هەموو شتێك…. ماڵئاوایی لە هەموو گیانلەبەر و  بونەوەرێك… ماڵئاوایی  لە هەموو هیوا و ئومێد و حەسرەتێك ….

برام کەی تۆ وەختی ماڵئاوییت بوو؟!! ،  زۆر بە زوویی بەجێت هێشتن …ئاخر تۆ پرسیارەکانت بێ وەڵام مابوونەوە … هێشتا هیواکانت بێ ئاسۆ مابوونەوە … هێشتا مەرام و حەسرەتەکانت لە چاوەڕوانی داهاتوودا خۆیان لە چاوی ” گۆڕان”  مێشکی نەوشیروان موستەفادا ،  مەڵاس دابوو … تۆ هەموو هیوا و ئومێدی خۆتت بە ” گۆڕان ” بەوەوە گرێ دابوو … گەرچی من و تۆ لەو بۆچونانەدا هیچ وەخت ، یەکمان نەدەگرتەوە ، بەڵام هەمیشە بە ئارامی  و بێ بچڕاندنت گوێم بۆ ڕادەگرتی و جاروباریش سوکە ڕەتێکم دەدایتەوە … نەم دەویست  کە لێدوانی زۆر جددیت لەگەڵدا بکەم…  نەمدەویست کە دەریای خەون و خەیاڵت بهەژێنم….  چونکە دەمزانی بە هۆی دڵسۆزی و بێزاریت لە حکومەتی هەنوکە ، بویتەتە ئەو خنکاوەی  کە ‘ لە کانی خنکاندا پەنا بۆ چڵە پوشێك دەبات’  ئیدی دەستی من چەندێك درێژبوایە ، هەرگیز.. هەرگیز.. بە فریات نەدەهات…

هاوڕێیەك لە مردنی هاوڕێیەکدا ، نوسیبوی ” کە هەر هاوڕێیەك دەمرێت، کە کەسێکی نزیکمان دەمرێت… ئەوە بەشێك لە ئێمە دەمرێت”  بەڕاستی ڕاستە .  بە مردنی تۆش بەشێك لە من دەمرێت … تا ڕادەیەك بیرەوریی  و یادەوەرییەکانیش دەمرێت… ڕەنگە هەلی ئەوەش نەڕەخسێت کە بە یادیان بکەینەوە … بیریان لێبکەینەوە .

لەگەڵ مردنی هەر یەکێك لە ئیوە ، لەگەڵ مردنی بیرەوەرییەکان و یادەوەرییەکانیشا ، بەشێکی پەیوەندی منیش لەگەڵ ئەو خاکەدا، لەگەڵ  ئەو وڵاتەدا ، دەمرێت… منێك کە خاوەنی هیچ نەبم لەو وڵاتە …نە لە موچە و نە خانەنشینی و نە خانو و نە زەوی.. دەبێ بێ لە پەیوەندیم لەگەڵ هاوڕێیان و هاوتەمەنەکانم   ئیدی چ شتێکی دیکە من پەیوەست بکاتەوە بەو وڵاتەوە، بەو خاکەوە  ‘کوردستان’

لە یەکێك لە نامەکانی عەتا قەرەداخی-دا بۆم، لە کۆتایی ساڵانی 80 کانا بۆی نوسیبوم ” …. ئەوەندە بێزارم لەم وڵاتە تەنانەت پێڵاوەکانیشمی پێوە نانوسێت ”  منیش لە کۆچی دوایی ئێوەدا … لە خەمباریی و بێزاریی مردنی ئێوەدا …ناچارم  هەمان قسەی ئەو بکەمەوە.

یادت هەمیشە بەخێر و ڕۆحت شاد وەستاخالید

زاهیر باهیر –  09/06/2017

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *