مردنی نەوشیروان موستەفا
19/05/2017
هەرگیز بە مردن و کوشتنی هیچ کەسێك خۆشحاڵ نیم . مردنی نەوشیروانم پێناخۆشبوو هەم بە هۆی ئەوەی کە من خۆم باوکم و ئەویش باوکی دوو کوڕ و کچێکی لاو بوو. کە بە داخەوە ئەو سێ لاوە هەروەکو لە بێ دایکێتی کە زۆر زوو بوو ، مەحروم بوون ، لە تەمەنێکی زۆر لاویشدا، بێ باوك کەوتن ، کە ئا لێرەدا من بەشداریی خەم و پەژارەیانم.
لە لایەکی ترەوە پێمناخۆش بوو چونکە گەلێك پرسیار هەبوون کە نەوشیروان موستەفا ، بێ وەڵام هێڵانییەوە ، گەلێکێس قوربانیکران ، بێ قەرەبوو، مانەوە [هەڵبەتە مەبەستم قەرەبوەکرنەوەی پارە نییە] ، جەنگی ناوخۆ و قوربانیدانی خەڵکانێکی یەکجار زۆر ، بێ شرۆڤەیەکی بێ لایەنیی تا ڕادەیەك عادلانە، بێ وەڵام مانەوە ، لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕانەدا ، لە لایەن نەوشیروان موستەفاوە ، هەموو چوونە ڕەفەی لە بیرچووەوەی مێژووە، مەجزەرەکەی پشتئاشان و قەڕناخە بۆ ئێمە ، کە نەوشیروان تاکە کەسێک بوو لە وردوو درشت و سەرەتا و سەرەنجامی ئەو قەسابخانەیەی دەزانی ، بۆ هەموومان، بە بێ وەڵام مانەوە.
بەڵی زۆرێکی دیکە کە لە بزوتنەوەی ڕەشی کوردایەتییدا ڕویداوە و بە قوربانی کراوە و نەوشیروان موستەفاش وەکو کاراکەتەرێکی سەرەکی و سەکردەیەکی دێرین و دیاریی ئەو بزوتنەوەیە ، لێی بە ئاگا بوو ، بەڵام تا ئێستاش ئێمە بێ ئاگایانە و جار جارەش تاوانبارکردنی ئەم و ئەو و لە غیابی تۆمارکردنێکی بێ لایەنانەدا ، کە نەوشیروان موستەفا ، وەکو چەند کەسێکی کەمی دیکە دیتوانی ڕۆشناییان بخاتە سەر، عەوداڵین ، بەڵام نەکرا، کە دەیتوانی هەم ڕۆحی خۆشی پێشادکاو ، هەم ویژدانیشی پاکبکاتەوە و هەم ئێمەش بە ڕاستییەکان بگەیەنێ ، بەڵام مەخابن هیچی نەکرا .
ئەفسوس ، سەد جار ئەفسوس نەوشیروان موستەفا مردو هەموو ئەو نهێبنانەی لە گەڵ خۆی ، بردە ژێر گڵەوە .
هاوکاتیش بە مردنەکەی چاپتەرێکی ڕەشی کوردایەتی و بزوتنەوەکەش مرد . دەڵێم چاپتەرێکی ڕەش بوو ، چونکە بزوتنەوەی کوردایەتی هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە بە تەواوکردنی کارەکانی حکومەتە یەكبەدواکانی عێراق-دا و بەهێزکردنی یەکدی ، تەواو بوو. چشتێ دیکەی بۆ هەژاران و ئەو وڵاتە نەهێنا.
چاپتەرێك بوو لە پاکتاوکردنی یەکدی و نەیارانیان و ئافرەتان و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و هەر جارە و بە ‘پیاو’ بوونی حکومەتێك و بەشداربوون لە کارەساتی ئەنفال و کیمیاوی و دامەزاراندنی دەوڵەتێكی شێوە دەوڵەتی بەعس و دواجاریش کەرتکردنی یەکێتی لەژێر ناوی ڕیفۆرم و گۆڕانکارییدا ، کە هەر هەموو ئەمانە ئەزموونێکی فاشل بوون .
حەزم دەکرد نەوشیروان موستەفا کاتێك کە دەمرد ، بە ویژدانێکی سافەوە ، دڵێکی بێ گەردەوە ، ژیانی لە دەستبدایە هەم خۆشی دڵنیا و مورتاح بکردایە و ئاشتیشی بۆ دڵ و دەرونی خۆی بگێڕایەتەوە، هەم بۆ قوربانییەکانیشی. مەبەستم لە قوربانییەکان گەلی کورد هەموویەتی نەك ئەوانەی کە بوونە قوربانی لە ئاکامی ئەو سیاسەتە ڕەشەی کە لە 1961 وە بەردەوامە و لەوەش دەکات تا ماوەیەکی دیکەش هەر بەردەوام بێت. بەڵام بە داخەوە ئەو ڕۆیشت ، بە ڕۆیشتنەکەشی نە خۆی مورتاح کرد و نە ئێمەش.
بیر و هۆش و دڵم ، بەڕاستی ، لە لای منداڵەکانییەتی ، نەك خۆی .