دوای مردنی نەوشیروان موستەفا ، ڕاستییەکان باشتر دەبینرێن:

دوای مردنی نەوشیروان موستەفا ، ڕاستییەکان باشتر دەبینرێن:

21/05/2017

وەکو برادەرێك لە پۆستێکیدا بۆ مردنی نەوشیروان موستەفا نوسیبووی ” ئەوەندە فرمێسکی ڕاست و درۆ بۆ مردنی نەوشیروان موستەفا لە فەیسبوکدا  ڕێژراوە، مایکرۆسۆفت خەریکە ئاو دەیبات” .

ئەو برادەرە ڕاستدەکات،  لە دکتۆر و مامۆستای زانکۆوە تا خوێنەوار و نەخوێنەوار و ڕۆژنامەوان و سیاسییەکان و مشەخۆرەکان … هەر هەمووی کەوتنە شین و شەپۆڕ بە نوسینی وتار و هەڵبەست و پەخشانە هەڵبەست.  دیارە ئەمانە نە لە ڕاستیی کەسایەتی و چالاکی سیاسیانەی نەوشیروان موستەفاوە بوو نە لە بەهێزی و بە توانایی خۆشیانەوە بوو .  بەڵکو ئەمانە بەڵگەیەکن ، ڕاستییەك زیاتر دەردەخات کە ئێمە چەند گەلێکی کڵۆڵین، چەند میللەتێکی لاوازین ، چەند سیاسیی و ڕۆژنامەوان و نوسەرێکی فاشلین، چەند تاکێكی [فەرد] گەوجێنراو لاواز و جێی بەزەیین ، چەند خاكێکی بێ پیت  و بڕشتین کە ئەم خاکە بە هاوکاری دین و کوڵتوری نەتەوەیی و پەروەردە و پێگەیاندنی  توڕەهات و سەقەت ، بە باڵادەستی حیزب،  نەیتوانی کە دەیەکی[ یەك کەس لە دە کەس ] ئەو تاکانەشی کە دروستیان دەکات، سەربەخۆ و بن.

هاوکاتیش ئەم خاک و میللەتە  توانی دەیەها سەرکردە ، دەیەها حیزب درروست بکات ، دەیەها شەڕ بەرپابکات ، ئەمبەرەوبەری دەیەها حکومەت بکات . باوەڕناکەم بە بەراورد بە کەمی نفوسی کورد لە باشورردا، هیچ میللەتێك ئەوەندەی ئێمە سەرکردەو حیزبی ، هەر وەکو بڕکەی بێستان، هەڵخستبێت ، هیچ وڵاتێک و هیچ میللەتێك ئەوەندەی ئێمە ناسۆری چێشتبێ ، ئەزموونی شەڕی دیتبێ ، بەڵام لەگە ئەوەشدا بە دەگمەن سەرکردەیەکی هەڵخستبێ ، کە خائین نەبووبێت، کە بەکرێگیراو نەبووبێت ، کە ماڵوێرانکەر نەبووبێت.

مردنی نەوشیروان موستەفا ئەوەی زیاتر سەلماند ئەم میللەتە، ئەم خاکە ، ئەم فەردەی ئەم گەلە ، هێشتا زۆر ، زۆر ، ساڵانێکی دووروو درێژیان ماوە تاکو لەسە پێی خۆی بوەستێت .  تازە پاش ئەم هەموو ئەزموونە ترش و سوێرانە ، پاش ئەم هەموو شین ئەشكانە ، پاش ئەم هەموو کارەسات و وێرانکاریانە ، پاش ئەم هەموو ئەزموونە فاشلانە …. پاش ئەم هەموو …….تازە ئامانجی خۆیان، فریاڕەسی خۆیان ، ئومێدی داهاتوی خۆیان بە سەرکردەیەکەوە ، بە حیزبێکی ئایندەوە، دەبەستنەوە .

ئای کە دڵم ژان دەکات بۆ ئەو خەڵکە .  تەنانەت ئەو” سەرکردە خاکیە هەژاردۆستەش”  ئەویش  لە ماوەی 8 ساڵدا نەیتوانی کە یەکێك، تاکە یەکێك پەروەردە بکات کە جێی خۆی بگرێتەوە ، ئیدی دەبێت چۆن چاوەڕوانی گۆڕان –ی لێ بکرێت.  هەیهوو هەیهوو.    تەنها شتێکی باش کە کردبێتی ئەوە بوو کە ‘دانی’ بۆ دواکەوتووانی نەدا،  کە شەڕ دژی بارزانی یا یەکێتی هەڵگیرسێنن.  جگە لەمە کەسێك ناتوانێت تەنها شتێكی باشی ئەم ” سەرکردە باشە” بڵێت کە لە هەموو ژیانی ” خەباتیا” کردبێتی .  من نامەوێت لیستێکی دووروو درێژتان بۆ ڕەشبکەمەوە ، لە کاتێکدا کە ئەو’ شەیتان دەستی لێهەڵگرتووە’ .

تکایە بمبورن دۆستانی گۆڕان و کەس و کاری ئەو پیاوە، بە تایبەت منداڵەکانی  گەر ئەم قسەیەی من بریندارتان بکات ، بەڵام ئەوە هەقەتە.

لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم وەک چۆن خەڵکانێك قوربانی دەستی نەوشیروان موستەفا بوون ، ئەویش خۆی قوربانی دەستی بزوتنەوەی کوردی  و سیاسەتی  ڕەشی کوردایەتیی  و  ئەو بزوتنەوەیە بوو.

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *