تیرۆر کولتوری حیزبە و نزیکەی حەفتا ساڵە پیادەدەکرێت

تیرۆر کولتوری حیزبە و نزیکەی حەفتا ساڵە پیادەدەکرێت

زاهیر باهیر – لەندەن

07/05/207

 

پێشەکی سوپاستان دەکەم بۆ بەسەرکردنەوەم  تاکو بە لێدوانێکی کورت قسە لەسەر تیرۆر و تیرۆری  سەردەشت عوسمان بکەم.

لە ڕاستیدا چەمکی تیرۆرکردن  ئەوەندەی کاری تیرۆر و کاردانەوەکەی  لەسەر کۆمەڵ لای من گرنگە، ئەوەندە کەسایەتییەکانی کە تیرۆر کراون و دەکرێن وێڕای جیاوازی بیروبۆچونیان و پێگەی کۆمەڵایەتییان و ئینتیمای چینایەتییان لای من، گرنگ نییە.

تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان نە یەکەم کاری تیرۆریستی بوو،  نە ئەویش دواکەس بوو، وەکو بینیمان کەسانی زۆری دیکەشی بەدووادا هاتن و هی تریشی بەدووادا دێن.

بنەما و هۆکاریی تیرۆر لە کۆمەڵی کوردی-دا مێژووی دێرین و هۆکاری جیا جیای خۆی هەبووە و هەیە. بەڵام هەرگیز بەو شێوەیە نەبووە کە لە دوای پەنجاکانی چەرخی ڕابوردووەوە دەستیپێکراوە چ لە شار و لەلادێ  و لە شاخیشدا.

حیزبە جیاوازەکانی کوردستان بە ئیسلامی و پاررتی کە دوواتر بوونە دوو باڵەوە و حیزبی شیوعی ، ئەویش بە هەردوو باڵەکەیەوە،  هەروەها حیزبی بەعسیش  برەوێکی زۆریان  بە تیرۆر و ئەو کارە، دا ، نەك هەر ئەوەش، بەڵکو بووە یەکێك لە تاکتیکەکان و ئاڕاستەی خەباتیان لە پاکتاوکردنی نەیارەکانیانا.

تیرۆر و کاری تیرۆرانە نزیکەی ٧٠ ساڵە بووەتە سونەتی ئەو حیزبانە ، بە دزی و بە ئاشکرا سڵیان لە کردنیا نەکردووەا.

کوڵتوری تیرۆر و تیرۆرکردن لە سەرەتای شەستەکانی چەرخی ڕابوردوودا لەسەر دەستی پارتی دیمۆکراتی کوردستان-دا بووە چالاکییەکی ئاشکرا و باو کە لە قەسابخانەکەی کانی ماسییەوە دژ بە شیوعییەکان بە فیت و پلانی خودی پارتی لەسەردەستی کەسانی وەکو عوسەی ئامە و حسەی فارس و هەندێکی تریانا ، ڕوویدا کە لەو پاکۆکردنەدا زۆر دڕەندانە نەیارە شیوعییەکانی خۆیان نەك هەر  لەبەرچاوی خێزان وکەسوکاریان، دەکوشتن ، تەنانەت گەیشتیشە ڕادەی سوتاندنی هەندێکیش .

لە کۆتایی شەستەکان کە جەلالییەکان لە بەکرەجۆ بوون دوو جۆر تیرۆر لە ئارادا بوو .  یەکێکیان تیرۆری جەلالییەکان  دژ بە حیزبی شێوعی – قیادەی مەرکەزیی-  کە یەکێك لەو تیرۆرانە کوشتنی حەمەکوڵەباڵ بوو، کە بە ڕۆژی ڕوناك بەدەستی عەلی عەسکەریی لە شەقامی صابوونکەرانی شاری سلێمانی، کرا .  بێ گومان هەر لەو  ماوەیەدا خەڵکانی دیکەی شیوعی وەکو عەلی میرزا و براکەی کە نانەوابوون و هی دیکەش لە گەڕەکەکانی تری سلێمانی بوونە قوربانی دەستی چەپەڵی تیرۆر.

جۆری دووهەمی تیرۆر لە نێوانی مەلایی و جەلالی، خۆیاندا،  کە لە هەرە دیاردەکەیان تیرۆرکردنی خالید کۆکۆیی، خالیدی حاجی فەرەج،  دواتر تیرۆرکردنی ئازاد-ی عەلی کاتب کە قوتابی خانەی مامۆستایان بوو لەگەڵ ئێمەدا و هیچ پەیوەندییەکی بە کوشتنی خالیدەوە نەبوو ، تەنها برای جەزا شەل بوو. تیرۆر کرا، هەروەها تیرۆرکردنی فەقێ ئەحمەدی سڵێمان کە کاردری پێشکەوتوی جەلالی بوو لە لایەن عومەری حاجی ئەوڕەحمانی هێلکەوە لەبەر خانەقا.    تیرۆر پەرەی سەند و جەماعەتی مەلایی بە فرمان و فیتی ئێران کەوتنە کوشتنی سەرکردە و کادرە پێشکەوتووەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەناو شاری سلێمانی و دەروەی شاریش.

لە ساڵانی ١٩٧٥ و ١٩٧٦  یشدا حیزبی بەعسیش درێغی لە  تیرۆرکردنی ئەندامە چالاکەکانی حیزبی شیوعی نەکرد ، کاتێکیش کە لە یەك بەرەدا بوون.

دوای ئەوەشی کە بزوتنەوەی کوردی دروست بووەوە، لە سەرەتادا ئەوەندەی خەڵکیان لە شار و شاخ  هەر لە نەیارانی خۆیان بە موختاری گوندەکانیشەوە ، تیرۆر کرد، ئەوەندەیان عەسکەرو کوردی خۆفرۆشی چەکهەڵگرتوو ، لەبەرەی جەنگدا نەکوشتووە. خەڵکانێکی یەکجار زۆر لە هەموو لایەنەکان بوونە قوربانی دەستی نەگریسی  تیرۆر .

مێژوی هاتنەوەی حیزبەکان بۆ ناو شار و بەهێزبوونی حیزبە ئیسلامییەکانیش، نەك هەر ڕێڕەوی تیرۆریان بەرنەدا، بەڵکو تیرۆر لە لایەن هەرسێ لایانەوە ، یەکێتی و پارتی و ئیسلامی بەردەوام بوو. گەر چی لە ئێستادا تیرۆر بە ئاشکرا پارتی دەیکات، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم دوولایەنەی تر مەیلی تیرۆریان نییە و نابێت .

کاتێك کە تیرۆر دەبێتە کولتوری حیزب و حیزبیش لە پێناوی دەسەڵاتا ، ئیدی هەر جۆرە دەسەڵاتێك بێت ئەو کاتە تیرۆر و تیرۆرکردنی نەیاران  دەبێتە یە کێك لە چالاکییەکانی حیزب لە پێناوی گەیشتن بە ئامابجەکانیا.

پەیامێك کە بدرێت ، یاخود کار و چالاکییەك کە بتوانرێت بکرێت،  بەر بە تیرۆر بگرێت ، بەرگریی خەڵکییە  وێڕای هەموو جۆرە جیاوازی و ئیبنتیمایەکیان ، بەگژاچوونەوەیانە لە بەرانبەر تاوانباران و تیرۆرکاران.  ئەو چالاکیانەش دەبێت لە شێوەی چالاکی ڕاستەوخۆدا بکرێت و لە شوێن و کاتی خۆیی و بەبەردەوامیش بێت.  ئەم جۆرە چالاکییەیە،  کە دەتوانێت بەر بە تیرۆر بگرێت، نەك واژۆ کۆکرنەوە و چونە بەردەم دیوەخانی پەڕلەمان و بینینی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس و عەریزەدان بەم سەرەكکۆمار و ئەو سەرەکوەزیر و کۆمەڵەی دەوڵەتە یەکگرتووەکان.

 

 

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *