ه‌ په‌راوێزی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی فه‌ره‌نسا و هه‌ڵوێسته‌یه‌ك:

له‌ په‌راوێزی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی  فه‌ره‌نسا و هه‌ڵوێسته‌یه‌ك:
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
12/01/2015

ته‌نها ده‌مه‌وێت به‌ ڕه‌چاوکردنی چه‌ند خاڵێك له‌ په‌راوێزی خۆپیشاندانه‌کانی فه‌رنسا، هه‌ڵوێسته‌یه‌ك و تۆزێك تێڕامان، بکه‌ین  و تێفکرین  پێشئه‌وه‌ی ببینه‌  دادوه‌ر و دادگه‌:
• ئه‌و‌ دووکه‌سه‌ی که‌ به‌و کاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌ هه‌ڵسان زۆر ده‌مێك بوو‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌کانی ئه‌مه‌ر‌یکاوه‌ چاودێری کرابوون و چوونیان بۆ ئه‌مه‌ریکا یاساخ کرابوو، هاوکاتیش  ئه‌مه‌ریکا هه‌موو ئه‌و زانیارانه‌ی که‌ له‌سه‌ر ئه‌و دووانه‌ی‌ هه‌بوو به‌ فه‌ره‌نسایان دابوو.  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌ره‌نسا و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌کانی  و پۆلیسی ئه‌وێ هیچ جۆره‌ کاردانه‌وه‌یه‌کیان نه‌بوو ئه‌‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌شی که‌ خۆشیان خاوه‌نی تۆماری هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌وان بوون.  بۆچی بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و کاره‌ساته هیچیان نه‌کرد‌؟!!!
• له‌ لایه‌ن سه‌رجه‌می میدیا و هه‌تا خه‌ڵکانی خۆپیشانده‌ر‌ و خه‌ڵکانی دیکه‌شه‌وه‌ ته‌نها دوو پرسیار ده‌کرێت: که‌ چی ڕوویدا؟ ڕووده‌داته‌وه‌ یا نا؟ پرسیاره‌ گرنگه‌که‌ که‌ بناخه‌ی ڕوودانی ئه‌م کاره‌ساتانه‌یه‌ ناکرێت و بڤه‌ن‌:  بۆچی ئه‌مانه‌ ڕووده‌ده‌ن؟ چۆن ڕێگایان لێده‌گیرێت تاکو جارێکی دیکه‌ له‌ ئاینده‌دا ڕوونه‌ده‌نه‌وه،‌  خۆ ئه‌مه‌ یه‌که‌مجار نییه‌ دواجاریش نابێت؟!!
• 44 له‌ سه‌رانی ده‌وڵه‌تان یا که‌سانێکی پایه‌ و پله‌ به‌رز به‌ نوێنه‌ری وڵاته‌که‌یان ،‌ هاتون بۆ پاریس  هه‌م بۆ هاوپشتی حکومه‌تی فه‌ره‌نسا و گوایه‌ هی هاووڵاتیانیش، هه‌میش گوایه‌ به‌رگری له‌ مافی قسه‌کردن و وتن و ئازادی و سه‌ربه‌ستی وتن و قه‌ڵه‌م ده‌که‌ن.  ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیان چ له‌لایه‌ن میدیاوه‌ و چ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانی ئاساییشه‌وه‌ به‌ هه‌ڵوێستێکی مرۆڤانه‌و چاك فرۆشرایه‌وه‌‌.  هه‌رگیز ئه‌و پرسیاره‌ ناکرێت که‌ ئه‌م ‌ پیاوکوژ و دیکتاتۆرانه‌ی که‌ له‌ فه‌ره‌نسا ، کۆبوبوونه‌وه‌، ‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ نین که‌ وڵاتانی خۆیانیان کردووه‌ به‌ به‌ندیخانه‌ له‌ پیاده‌کردنی ئازادی و سه‌ربه‌ستیدا؟!!  ئیدی چۆن ده‌توانن یا به‌ چ ڕوویه‌که‌وه‌ به‌ر‌گری له‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستی ده‌که‌ن؟!! هه‌ر  ئه‌مانه‌و پێشینه‌کانیان و حیزبه‌کانیان نین که‌ بارودۆخێکی وایان خولقاندوه‌ که‌ له‌ زۆربه‌ی شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا شوێنێك نییه‌ که‌ دڵنیابیت له‌ ئاسایش  و ئارامییه‌که‌ی ؟!! بۆ خه‌ڵکی پرسیارێك ناکات له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یان و ناوه‌وه‌یان ، له‌ ڕۆڵیان له‌ هاوکاری و یارمه‌تیدان و به‌ستنی په‌یوه‌ندی برایانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌می وڵاتانێکدا که‌ دیکتاتۆرییه‌ت، کوشتن و بڕین و فڕاندن و گرتنی  تیادا پیاده‌ ده‌کرێت؟  پرسیار له‌ ڕۆڵیان، سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگه‌کانی که‌ خولقاندیان؟  لابه‌لانه‌کردنه‌وه‌ی  کێشه‌ی فه‌له‌ستینییه‌کان و کورد له‌ تورکیا بۆچی ناکرێت؟!! ئایا جێی گومان و سه‌رسوڕمان نییه‌ که‌ ده‌وترێت ، ئه‌مانه‌ بۆ به‌رگری له‌ سه‌ربه‌ستی و ئازادی هاتوون و ‌ کۆبوونه‌وه‌ ده‌که‌ن؟!! ئه‌ی چۆنه‌ پیاوی مه‌زنی وه‌کو سه‌ره‌كوه‌زیرانی ئیسرائیل و نوێنه‌ری تورکیا و سعودییه‌ و ئه‌مارات و میسر و لیبیا و پیاوی وه‌کو دایڤید کامیرۆنی تیادایه‌؟ وه‌زیری ‌ ناوخۆ‌ی کامیرۆن ، تیرێزه‌ ‌ مه‌ی، له‌حاڵی حازردا ده‌یه‌وێت پێشنیازێکی بکاته‌ یاسا که‌ ئه‌ویش به‌  یاساکردنی  مه‌کته‌ب و خوێندنگا و دانیشگاکانن که‌ ڕۆڵی پۆلیس و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌کان ببینن له‌ به‌ربه‌ستکردنی تیرۆردا به‌ نه‌هێڵانی ئازادی  و سه‌ربه‌ستی لێدوان و دیبه‌یت له‌ دانیشگاکانی بریتانیادا و یاساخ بکرێن، ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی له‌ یاساکه‌ بکرێت ئه‌وه‌ سزا ده‌درێن؟!!
• دووڕویی و ده‌بڵستانده‌ری گۆڤاری شارلی هێبدۆ  که‌ داوای ئازادی و سه‌ربه‌ستی قسه‌کردن و قه‌ڵه‌م ده‌کات به‌ڵام: ‌ له‌ ساڵی 2012 دا له‌سه‌ر‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك کوڕه‌که‌ی سارکۆزی کۆنه‌ سه‌رۆکی فه‌ره‌نسای به‌‌ جووله‌که‌ چواندا، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و وتاره‌ی نوسیبوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پۆزشی نه‌هێنایه‌وه‌ ، به‌زۆر ده‌ستیان له‌کارکردن ، پێکێشایه‌وه‌؟  له‌ ساڵی 2006  دا که‌ ڕۆژنامه‌که‌ی دانیمارك ئه‌و کارتۆنه‌ی له‌سه‌ر په‌یامبه‌ری موسڵمانان ، بڵاوکرده‌وه‌ ، پێشنیازی ئه‌وه‌شی بۆکرا که‌ شتێکیش له‌سه‌ر زیندووبوونه‌وه‌ی عیسا  بڵاوبکاته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌و،  پێشنیازه‌که‌ی ڕه‌ت کرده‌وه‌ به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ستی خه‌ڵکی ده‌خرۆشێنێ و ده‌یانهێنێته‌ سه‌ر شه‌قام!!! ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ستی ئیسلامه‌کان ، نه‌یان ده‌زانی که‌ هه‌رواده‌بێت؟!!  له‌ ساڵی 2005 دا بۆچی ڕۆژنامه‌ی لی مۆندیان غه‌رامه‌ خست گوایه‌ که‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌وێدا هاتبوو هه‌ستی تاوانبارکردنی  ڕایسیسزمی تیادا جوڵێنراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئیسرائیل و خه‌ڵکانی جووله‌که‌!!  .  له ساڵی 2008 دا یه‌کێك له‌ نوسه‌ره‌کانی شارلی هێبدۆ دوای ئه‌وه‌ی که‌ ره‌فزی هێنانه‌وه‌ی پۆزشی کرد سه‌باره‌ت به‌و کۆمێنتی  ئه‌نتی سامیستیك، که‌ له‌ گۆشه‌یه‌کیدا، نوسیبوی ، ده‌رکرا!!! ئه‌ی کوا مافی قسه‌کردن و ئازادی و سه‌ربه‌ستی قه‌ڵه‌م لێره‌دا؟ ئه‌ی بۆ که‌ ئه‌و کاریکاتێره‌یان له‌سه‌ر موحه‌مه‌دی په‌یامبه‌ر کرد ، بۆچی وتیان نابێت قودسییه‌ت هه‌بێت و ده‌بێت ئازادی قسه‌ و قه‌ڵه‌م هه‌بێت!! نه‌ پۆزش هێنرایه‌وه‌ و نه‌ که‌سیش ده‌رکرا؟ !!  ئه‌ی ئه‌مانه‌ دووڕویی و دووفاقه‌یی نییه‌؟!!!!
• دووڕوییه‌کی دیکه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکانی خۆپیشانده‌ره‌وه‌:  ئه‌ی که‌ ئه‌و 3 ئافره‌ته‌ چالکوانه‌ کوردانه‌ی ‌ ساڵی 2013 که‌ وه‌کو ئه‌مانه‌ی ئێستا خه‌ڵتانی خۆێنکران و هیچ گوناهیکیشیان نه‌بوو.  ئه‌مانیش ‌ ته‌نها وه‌کو شارلی ‌هێبدۆ  به‌رگرییان له‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستی قسه‌و قه‌ڵه‌م و نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ده‌کرد، بۆچی ئه‌م خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێك چه‌پ و سۆشیالیست و ئه‌نارکست که‌ تێکه‌ڵاو به‌ خۆپیشاندانی کورده‌کان بوون ، که‌سی دیکه‌ نقه‌یان لێوه‌ نه‌هات؟  خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاته‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی ئێستا بکرایه ‌و بکوژه‌کانی ئه‌وانیان ده‌سگیر بکردایه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرایه‌ ، ڕه‌نگ بوو که‌ ئه‌م ڕوداوه‌ی ئێستا ڕوونه‌دات ، ئه‌گه‌ر ڕووشی بدایه‌ ڕه‌نگ بوایه‌ باجه‌که‌ی به‌م قورسییه‌ی ئێستا نه‌بوایه‌ ؟!!
• هاوکاتیش ئه‌ی له‌گه‌ڵ دووڕویی حکومه‌تی فه‌ره‌نسی-دا ده‌ڵێین چێ؟ له‌ ماوه‌ی 2 کاژێردا ناو و کونییه ‌و تۆماری تاوانی دووانه‌که‌یان که‌شفکرد و 80 هه‌زار پۆلیس و هه‌ندێك سیخوڕیشیان له‌ هه‌موو شوێنێکدا بڵاو کرده‌وه‌ تاکو ته‌واویان کردن؟!! ئه‌ی چییان بۆ ئافره‌ته‌ چالاکوانه‌  کورده‌کان کرد ؟ بکوژه‌کانیان تا ئیستاش ئازادن و سه‌ربه‌ستن له‌ کوشتنی که‌سانی دیکه‌شدا !!! خۆ ئه‌م 3 ئافره‌ته‌ش هه‌ر هه‌ڵگری هه‌مان پاسپۆرتی فه‌ره‌نسین و  هه‌ر هاووڵاتین و خوێنیش هه‌ر خوێنه‌و ڕه‌‌نگیشی هه‌ر  سووره‌؟!!
• حکومه‌ته‌کانی فه‌ره‌نسا چییان کردوه‌ تاکو تیرۆریست و کاری تیرۆریستیانه‌  له‌ نێوانی موسڵماناندا له‌ فه‌ره‌نسا که‌م بکاته‌وه‌، گه‌ر بنه‌بڕیشی نه‌کات: تا ئیستاش ڕێژه‌ی بێکاران و ئه‌وانه‌ی که‌  له‌ خانوی خراپدا ده‌ژین و گیروگرفتی زۆریان هه‌یه‌، له‌ نێوه‌ندی کۆمۆنێتی موسوڵمانه‌کاندان؟!!  ئه‌و دوانه‌ی که‌ ئه‌و کوشتاره‌یان کرد هه‌ر به‌ منداڵێتی دایکوبابیان مردوون، ئه‌مان ته‌مه‌نی منداڵێتی و هه‌ره‌ لاوێتیییان له‌ هه‌تیوخانه‌ به‌سه‌ربردووه‌ .  دواتر که‌ له‌وێ ڕزگار بوون خۆیان له‌ نێوه‌ندی  شه‌ڕو ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان و “تاوان ” کۆمه‌ڵێك مافیادا دۆزیوه‌ته‌وه‌ ، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ خزێنراونه‌ته‌ به‌ندیخانه‌ ، ئیدی له‌وێش له‌لایه‌ن ئیسلامی توندڕه‌وو تۆڕه‌کانیانه‌وه‌ قۆزراونه‌ته‌وه‌.  ئه‌مانه‌ که‌ دونیای واقیع بێ توانا بوو له‌ دۆزینه‌وه‌ی یا خولقاندنی به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌ویدا بۆیان ، ئیمجا رویانکرده‌ ئاسمان و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان کرد که‌ له‌ ئاسمان ئه‌و ئارامی و ژیانباشییه،‌ بدۆزنه‌وه‌.  دیاره‌ من به‌رگری له‌مانه‌ ناکه‌م  به‌ڵکو ده‌مه‌وێت وه‌کو “گا‌ری یوێنگ” ی ڕۆژنامه‌وان،  له‌ وتارێکیدا که‌ بۆ ڕۆژنامه‌ی گاردیانی نوسیبوو ، ده‌ڵیت ” ئه‌مان به‌رپرسیارن له‌وه‌ی که‌ کردیان. به‌ڵام ئێمه‌ش ، کۆمه‌ڵ، هه‌ر هه‌موومان به‌رپرسیارین له‌و بارودۆخ و ژینگه‌یه‌ی که‌ ئه‌مانه‌ی به‌رهه‌م هێنا.  گه‌ر ده‌خوازین که‌سانی دیکه‌ جیاواز بن له‌مان – که‌متر  ڕکوکینه‌دار  بن ، زیاتر به‌ هیواو ئومێد بن-  پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که هاوکات ‌ زیاتر له‌ یه‌ك ئایدیا له‌ مێشکماندا، هه‌بێت”  چه‌ند قسه‌یه‌کی جوانه‌ ، چه‌ند حه‌لێیکی که‌تواریانه‌یه‌…
• میدیاو  گه‌لێك له‌ ڕۆشنبیران و چالاکوانی سیاسی کوردیش پێمانده‌ڵێن: ‌ “ئه‌مه‌ی که‌ ڕویدا و ڕووده‌دات ‌ شه‌ڕی نێوانی کۆنه‌پارێزان و پێشکه‌وتنخوازانه‌، جه‌نگی نێوانی موسڵمانان و لیبراڵه‌کانه‌، یا ئێمه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا بین یا دژی بین”!! ئه‌رێ به‌ راستی ئه‌مه‌ وایه‌؟!!  ئه‌م جه‌نگه‌ هه‌رچییه‌ك بێت جه‌نگی دژی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکیه‌ چ له‌ ئه‌وروپا و چ له‌ وڵاتانی دیکه‌، جه‌نگێکه‌ دوو جه‌مسه‌ری هه‌یه‌ و هه‌ردووکیشیان یه‌کدی ته‌واو  به‌هێز ده‌که‌ن.  به‌ روودانی ئه‌م جۆره‌ هێڕشانه،‌ کاره‌ تیرۆریسیانه‌ له‌ لایه‌ن گروپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌کانه‌وه‌ ‌  جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتداران و سیسته‌مه‌که‌یان ‌ له‌م سه‌رزه‌مینه‌دا به‌هێزترده‌کات، هه‌رچیش جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاتداران و میدیاکه‌یانه‌ له‌ کاتی ڕوودانی ئه‌م جۆره‌ کاره‌ساتانه‌دا ئه‌مانیش به‌ ده‌وری خۆیان ئه‌و گروپ و بزوتنه‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ به‌هێزتر ده‌که‌ن .  له‌م ناوه‌شدا ئێمه‌ زه‌ره‌ر ده‌که‌ین ، لانی که‌م له‌ 4 لاوه‌: یه‌که‌میان: گورجکردنه‌وه‌ و توندکردنه‌وه‌ی یاساکانی دژه‌ تیرۆر و دانانی یاسای نوێش له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌وایان و په‌ڕله‌مانه‌که‌یانه‌وه‌ به‌ پاساوی ڕوودان و مه‌ترسی تیرۆری زیاتر  تاکو ئه‌وه‌شی له‌ ئازادییه‌کان ماومانه‌، زه‌وتیکه‌ن لێمان و باشتر کۆنترۆڵمان بکه‌ن.  دوهه‌م : به‌هێزبوونی گروپ و‌ بزوتنه‌وه‌ ڕایسست و فاشست و هاوچه‌شنه‌ کانیانه‌  له‌م وڵاتانه‌دا.  سێهه‌م:  دروستکرنی ژینگه‌ی ترس و سڵه‌مینه‌وه‌ له‌ نێوانی هه‌ڵگرانی دینه‌ جیاوازه‌کان و خه‌ڵکانی بێیانه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌سڵییه‌که‌ی ئه‌م وڵاتانه‌ ، که‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بێته‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌مان له‌یه‌کدی و گه‌وره‌کردنی ئه‌و که‌لێنه‌ی که‌ له‌ ئێستادا له‌ نێوانماندا هه‌یه‌ .  ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ یاسای په‌نابه‌ران ئاڵۆزتر و سه‌ختتر ده‌بێت و چاودێرییه‌کی زیاتریان له‌سه‌ر ده‌کرێت و که‌ش و هه‌وایه‌کیش ده‌خولقێنێت که‌ حکومه‌ته‌کان به‌ پاساوی جیا جیا نه‌ك هه‌ر که‌سی دیکه‌ وه‌ر نه‌گرن به‌ڵکو ئه‌وانه‌شی که‌ لێره‌ن و هیچیان نییه‌ ، فشاری ناردنه‌وه‌ی‌ زیاتریان بخرێته‌ سه‌رو که‌ لێره‌شن چه‌نده‌ها کۆت و به‌ندیان بۆ دابنێن ، تاکو له‌به‌رچاو بن.
چواره‌م :  به‌هۆی ڕوودانی ئه‌م ڕووداوانه‌وه‌ و به‌ پاساوی ” ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ مه‌ترسیدایه‌ و  ده‌بێت ئه‌سبه‌قییه‌ت به‌وه‌ بدرێت و  ده‌بێت هه‌موو نه‌ته‌وه‌ یه‌کبگرێت، به‌رگری له‌ خاك و دانیشتوانی و ئاڵاو نیشتمانه‌که‌ی بکه‌ن ”  هه‌موو داخوازییه‌کانی دیکه‌ی خه‌ڵکی که‌نار ده‌خرێت و فه‌رامۆش ده‌کرێت.
ئه‌وه‌ی که‌ ماوه‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م کاره‌ساته‌ بۆ‌ ده‌سه‌ڵاتداران گه‌ر هیواشیان بۆ نه‌خواستبێت ،  ئه‌وه‌نده‌ سوودمه‌نده‌ ‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ ‌ پێشوازی لێده‌که‌ن .

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *