ئایا به‌ڕاستی سیاسه‌ته‌کانی بارزانی، شکستیان خواردووه‌؟!

ئایا به‌ڕاستی سیاسه‌ته‌کانی بارزانی،  شکستیان خواردووه‌؟!

                                                          زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

                                                            30/09/2016

سه‌راپای نوسینه‌کانی ناو فه‌یسبووك و ماڵپه‌ره‌کان پڕن له‌و نوسینانه‌ی که‌ گوایه‌ بارزانی و پارتی سیاسه‌ت نازانن و ئه‌وه‌شی که‌ ده‌یکه‌ن شکستی خواردووه‌.

شیکردنه‌وه‌ی من بۆ سیاسه‌ته‌کانی بارزانی به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و ڕایانه‌ی سه‌ره‌وه‌ن ، له‌به‌ر:

یه‌که‌م : پێناسه‌ی سیاسه‌ت له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌، دوای ‌ سه‌رده‌می ڕۆڵی به‌سه‌رچوی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریی یۆنانییه‌ کۆنه‌کانی سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی یه‌که‌م و ماوه‌یه‌کیش پێشزاینی،  ماناکه‌ی شێوێندراوه‌ و گۆڕراوه‌.‌ ئه‌وکاته‌ سیاسه‌ت وه‌کو نان و ئاو زه‌روری بوو بۆ ئه‌وان له‌ به‌شداریکردن له ئه‌نجوومه‌ناکانیاندا بۆ‌ ‌ لابه‌لاکردنه‌وه‌ی کاروباره‌ سه‌ره‌کییه‌کانیان به‌ لێکۆڵینه‌وه ‌و دانی بڕیار و ئه‌نجامدانی  له‌ ڕیگای دیمۆکراسی ڕاسته‌وخۆوه‌ ( مشاوه‌ره‌ی هه‌موانه‌وه‌).  دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وان،‌ سیاسه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ باو بووه‌ و پیاده‌کراوه،‌ پاشقوللێدان و ساخته‌ و که‌ڵه‌ك و فێڵ بووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ، ئیدی له‌ هه‌ر بوارێکدا بووبێت . ئه‌م دیاره‌دیه‌ له‌سه‌ر ئاستی لۆکاڵی، ناوچه‌یی و جیهانیش ، گه‌ر بمانه‌وێت، به‌ ئاشکرا ده‌یبینین.  به‌گوێره‌ی ئه‌م پێناسه‌یه‌ بۆ چه‌مکی سیاسه‌ت، بارزانی باشترین سیاسی کورده‌، وه‌کو وتراوه‌ ” تا ئێستا ڕوینه‌داوه‌ له‌ مێژووی کورددا”  ئیدی ئه‌ی ڕؤشنبیران گله‌یی چیتان هه‌یه‌ له‌ بارزانی؟!

دوووه‌م:   ده‌بێت له‌ سیاسه‌تا و کاروباری سیاسیانه‌ و ئه‌نجامدانی، دوولایه‌ن ببیینین.  واته ئه‌وه‌ی ‌ ڕاده‌گوزه‌رێ‌ هه‌م ڕاسته‌ وهه‌م هه‌ڵه‌شه‌، که‌ به‌ڕای من  ڕۆشنبیران و نوسه‌رانی کورد سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی بارزانی یه‌كلایه‌نانه‌ ده‌یبینن، واته‌ ته‌نها له‌ دیدی خۆیانه‌وه و‌ به‌ گو‌ێره‌ی ته‌سه‌وراته‌کانی خۆیان ده‌توانن بییبین، که‌ ئه‌مه‌ش لایه‌نێکی دیکه‌ی بینینی سیاسه‌ته‌ به‌ ‘ یه‌كلایه‌نی’

ئه‌مان ئه‌وه‌ نابینن له‌ کردنی سیاسه‌تدا هه‌رکه‌س بیکات و له‌ هه‌ر شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا بیکات و ببێت، دوولایه‌ن تیایدا به‌شدار ده‌بێت.  لایه‌نی یه‌که‌م :  ئه‌وه‌ی که‌ سیاسه‌ت ده‌کات ، لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداره‌. لایه‌نی دووهه‌م:  ئه‌وانه‌ی که‌ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ردا ده‌کرێت ، سیاسه‌تی سیاسییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتدارانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌کرێت. 

گه‌ر به‌ وردی له‌ هه‌رد‌وو لایه‌نه‌کی سیاسه‌تی بارزانی و پارتی بڕوانین، یه‌که‌م ئه‌وه‌ ده‌بینین: که‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ به‌رژه‌وندی خۆی و خێزانی  و توێژاڵێکی دیکه‌ی نزیك له‌ خۆیانه‌وه‌ زۆر سه‌رکه‌وتوانه‌ بووه‌ و تا ئه‌م ساته‌ش نه‌ك هه‌ر شكستیان نه‌هێناوه‌ به‌ڵکو له‌ بره‌ویشدان‌ .  دووه‌م هاوکات ئه‌وه‌ ده‌بینین: که‌  سیاسه‌ته‌که‌ی بارزانی  سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نی ژێرده‌سته‌یان واته‌ گه‌ل ، یا ڕاستتر به‌شی زۆری خه‌ڵکی کوردستان که‌ زۆربه‌یان هه‌ژار وڕه‌نجده‌ر و به‌شخوراوانن، سیاسه‌ته‌کانی بارزانی بۆ ئه‌مان سیاسه‌تێکی شکستخواردوون و خراپن، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی بارزانی و هاوپه‌یمانه‌کانێتی چ له‌ کوردستانا و چ له‌ده‌ره‌وی کوردستاندیشدا.

من لێره‌دا بڕێك له‌و سیاسه‌تانه‌ی که‌ بارزانی به‌ڕێی کرده‌وه‌ که‌ بۆخۆی و هاوپه‌یمانه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانی  سه‌رکه‌وتو بوون و بۆ زۆربه‌ خه‌ڵکی کورستان کاره‌سات بوون، ته‌نها لیستیان ده‌که‌م:

سیاسه‌تی په‌نجا به‌ په‌نجای فرمانڕه‌وایه‌تی، شه‌ڕی ناوخۆ به‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه‌ ، ڕێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ تورکیاو ناوچه‌که‌ و وڵاتانی ڕۆژاوا و ئه‌مریکا، ڕێگادان به‌ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ جیاجیاکانی بێیانه‌ که‌ به‌ئاره‌زوی خۆیان سه‌روه‌ت و سامانی ولات ده‌قۆزنه‌وه‌، ڕاگرنتی هاوسه‌نگی  یاخود  یاریکردن به‌ په‌یوه‌ندی نێوانی هه‌رێم و حکومه‌تی ناوه‌ندیی ، مووچه‌بڕین و که‌مکردنه‌وه‌ی ، ده‌ست تێکه‌ڵاوکردن له‌گه‌ڵ تورکیا و قه‌ته‌ر له‌ هێنانی داعش ، ڕێگه‌دان به‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی تورکیا و هێڕشکرنه‌ سه‌ر په‌که‌که‌، دژایه‌تیکردنی بزوتنه‌وه‌ی  ڕۆژاوا و باکور ، کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو حیزبه‌ کوردییه‌کان له‌ حکومه‌تی بنکه‌ فراوان و هاوکاتیش په‌لبه‌ستن و بێده‌سه‌ڵاتکردنیان ، تڕۆکردنی په‌ڕله‌مان و په‌ڕله‌مانتاران، یاریکردن به‌ سۆز و عه‌قڵی جه‌ماوه‌ری کورد … گه‌لێکی دیکه‌ له‌مانه‌. 

پرسیار بۆ نوسه‌ر و ڕۆشنبیری کوردی لێره‌دا:  باشه‌ گه‌ر سیاسه‌ته‌کانی بارزانی شکستی خواردووه، ‌ ئه‌ی چۆن 24 ساڵ و نیوه‌ به‌ پێوه‌ ماوه‌؟!!   

 

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *