به‌ سیاسیكردنی كێشه‌ كۆمەڵایەتییەكان سه‌رچاوه‌ی تێشكانمانه‌

به‌ سیاسیكردنی كێشه‌ كۆمەڵایەتییەكان سه‌رچاوه‌ی تێشكانمانه‌

زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
10.04.2011

‌كێشه‌ كۆمەڵایەتییەكان به‌هەمووو چه‌شنه‌كانییه‌وه جگه‌ له‌ كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی ‌ ده‌گه‌ڕینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتی كوردی (میری هه‌رێم ) به‌ نه‌بوونی نان و ئاو و موچه‌ و‌ كاره‌با و نه‌وت و گاز و به‌نزین و سه‌رجه‌می پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی تری ژیان له‌ پاڵ دروستكردنی شه‌ڕی ناوخۆ و به‌كوشتدانی گه‌نجان و لاوانی كوردوستان له‌ كێشمەكێشی نێوانی دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستاندا له‌سه‌ر مۆنۆپۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات و داهاتی كوردوستان .
ئه‌مه‌ بناخەیه‌كی بۆ دروستبوونی گه‌نده‌ڵی دانا و دواتریش دوای ڕوخانی سه‌دام حوسه‌ین له‌ ساڵی 2003دا، هاتنی ئه‌مریكییه‌كان، كه‌ بوارێكی له‌باری بۆ هاتنی پاره‌یه‌كی مشه‌وماڵ و موڵكیه‌تییەكی به‌لاشی بێسنوور‌ و به‌خشینه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ و تاڵانی كردنی ئه‌و ماڵاته‌، گه‌نده‌ڵی كێشه‌ كۆمەڵایەتییەكانی تری به‌جێهێشت و خۆی خسته‌ سه‌ری سه‌ره‌ه‌وه‌ی لیستی داخوازییه‌كان‌.
هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كرد، كه‌ بوا‌رێكی له‌بار دروست بكات بۆ دروستبوونی گروپ و ڕێكخراو و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و قۆستنه‌وه‌ و ئیحتیواكردنی ناڕه‌زایی مه‌وجودی خه‌ڵك، هه‌روه‌ها گه‌وره‌بوونی قه‌باره‌ی پارته‌كانی تری وەكو ئیسلامی و كۆمونیست و چه‌پ و سوشیالیست و كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌. ئیدی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی سه‌ری كێشه‌كانی تری خوارد و ئه‌م بوو به‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی و هەمووو ئه‌وانی تر بوون به‌ كێشه‌ی ناسه‌ره‌كی و پاشكۆی ئه‌م، له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌رگی كێشه‌ی سیاسی كرا به‌ به‌ردا و له‌ پاشكۆی كێشه‌ی گه‌نده‌لییه‌وه ناوی له‌ لیسته‌كه‌دا دانرا.
كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی، سیاسی تازه‌ و كۆنه‌-سیاسییه‌كان و ڕۆشنبیره‌ لیبراڵه‌كان و چه‌پ و كۆمونیسته‌كان و ئیسلامییه‌كان و زۆری تریشی خسته‌ به‌ره‌یه‌كی یه‌ك لایه‌نی شوبهه‌ ڕێكخراوه‌یه‌ك له‌ دژی به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌رئه‌نجامیش به‌رنامه‌ سیاسییه‌كان ورده‌ ورده‌ گۆڕان و سنووری ته‌سكی به‌ ته‌نها به‌شداریكردنی په‌ڕله‌مانتاریانه‌ و سووكه‌ برابه‌شییه‌كه‌ی له ‌سه‌ره‌وه‌ت و سامانی یه‌كێتی، كه‌ داخوازی ئه‌م به‌ره‌ تێكه‌ڵه‌یه‌ بوو، فراوانتر كرد و ڕیكخراوتر كرد، دروشم و داخوازی ده‌ستكێشانه‌وه‌ و وازهێنانی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی په‌ڕله‌مان و سه‌رۆكی شالیاران و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مانی، گرته‌ ئه‌ستۆ.

جیاوازی نێوان ئه‌م دوو كێشه‌یه‌ و هه‌ڵه‌ی تێكه‌ڵكردنیان

كێشه‌ی سیاسی و سیاسیبوون و سییاسه‌تكردن یانی هه‌یمه‌نەكردن و خستنه‌ ژێر ڕكێف و پاشكۆكردنی هه‌رچه‌ندێك بتوانیت له‌ خه‌ڵك بۆ ئەو مه‌به‌سته‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ تاكتیكی جیا جیا و حیله‌زانین و فێڵكردن و پاشقولدان و درۆوده‌له‌سه‌كردن و بۆیاخكردنی ڕووی ڕه‌شی خۆت و خۆپیشاندانی خۆت وه‌ك ئه‌كته‌رێك ، ته‌مسیلكردن، باسكردن له‌ دروشمی زل و بریقه دار، داخوازی و داواكاری گه‌وره گه‌لێك گه‌وره‌،‌ واته كورد وته‌نی ‌ نه‌وین له‌ به‌ردی گه‌وره، لای ئه‌مان ئیدی گرنگ نییه‌ بتوانیت بیهاوێژیت یا نه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ خۆت گرد بكه‌یته‌وه‌ و گوێگری باشت هه‌بێت، كه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌م و وته‌ی تۆ بكه‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستت به‌ گرتنەده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌، ده‌سه‌ڵات گرتنەده‌ستیش به‌ گرتنەبه‌ری ڕێگا كۆنه‌كانی وه‌كو له‌شكركێشی و شه‌ڕی شاخ و پێشمه‌رگانه،‌ كوشتنی ئه‌م و ئه‌و نا، به‌ڵكو به‌ ڕیگا و ئوسوڵی مه‌ده‌نیانه‌ی كه‌مپه‌ینكردن بۆ هه‌ڵبژاردن، بۆ به‌شداریكردن له‌ په‌ڕله‌مانی ئاینده‌دا. ئه‌م ڕێگایه‌ش كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی سه‌رده‌م قەبوڵیەتی و ناڕه‌زاییه‌كانیش هه‌رچی بن و له‌ هه‌ر بوارێكدا بن، سه‌رئه‌نجامیان لابه‌لاكردنه‌وه‌كه‌یان لای ئه‌مان به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مانی وه‌ختی دێت و جێگرتنه‌وه‌ی به‌كه‌سانی تر و ده‌م و چاوانی تر، كه‌ ده‌بنه‌ كۆمه‌ڵێك یا توێژاڵێكی جیا له‌ كۆمه‌ڵگا و هەمووو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ به‌خه‌ڵكیان داون، له‌بیریان ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه‌ هه‌وای خۆیانه‌وه‌وه‌ و كه‌سی دیكه‌ ناناسن، هه‌وڵی سه‌ره‌كییان ده‌ستگرتنه‌ به ‌پایه‌ و پله‌ و پاره‌ و موڵكانێك، كه‌ له‌سه‌ر حسابی ئێمه‌ په‌یدایان كردوه‌، زۆربه‌شیان وه‌كو ئینگلیز ده‌ڵێت ده‌بنه‌ یه‌سمان (به‌ڵێكه‌ران).
جاروباریش نوكه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، تاكو واژه‌ی هه‌بوون و زیندوویی خۆیان دووپات بكه‌نه‌وه‌ بۆ به‌بیرهێنانه‌وه‌مان له‌ سوڕی داهاتووی په‌ڕله‌مان.‌
جگه‌ له‌مانه‌ش سیاسییه‌كان له‌سه‌ر بناخەی بیروباوه‌ڕ یه‌كده‌گرن و هه‌ڵوێستی سییاسیانه‌یان هه‌یه‌ له‌ كه‌سانی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان و خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی خۆشیان. ئه‌م بوونی هه‌ڵوێستی سیاسییه‌ له‌لای ئه‌مان زۆر گرنگه‌، وه‌فا و قیه‌م و ڕه‌وشت و ئیعتیبارات و دووری و نزیكی لای ئه‌مان به‌ ئه‌نده‌ك وه‌رناگیرێت، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دوژمنی خوێنی خۆیانه‌، به‌یانی ده‌شێت ‌بێته‌ دۆستی گیانی به‌ گیانیان، ئه‌وانه‌شی له‌ ڕیز و سه‌نگه‌ری پێشی پێشه‌وه‌ بوون، ده‌شێت به‌یانی ‌ببنه‌ پیاوخراپ و خیانه‌تكار، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، گه‌ر به‌ زمانی ئه‌وان قسه‌ نه‌كه‌یت و به‌ مۆسیقای ئه‌وان هه‌ڵنه‌په‌ڕیت، ئیدی په‌راوێز خراویت و فه‌رامۆش كراویت. ئه‌وان خۆیان به‌ گه‌وره‌ و زانا و كارامه‌ و حه‌لكه‌ری هەمووو گیروگرفته‌كان، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هەمووو پرسیاره‌كان، ده‌زانن.

هه‌ر‌چی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌یه‌كانیشه‌، كێشه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی ناو كۆمه‌ڵگان، كه‌ پێداویستییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیانیانن، كه‌ ڕۆژانه‌ له‌تەکیاندا ده‌ژین و پێوه‌یانەوە ده‌ناڵێنن، ده‌زانن به‌ گۆڕینی په‌ڕله‌مانته‌ره‌كان و دوموچاوه‌كان، گه‌ر گۆڕانكاریه‌كیش بكرێت، گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی نابێت له‌ ژیانی ئه‌واندا، ئه‌وان ده‌زانن كێشه‌كانیان به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانتار و سه‌رۆكی شالیاران و سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆكی په‌ڕله‌مان لابه‌لایی نابنه‌وه‌.
كێشه‌كانی ئه‌مان زیاتر كێشه‌ی ڕۆژانه‌ن له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان‌، هی گونده‌كان ، شارۆچكه‌ و، شاره‌کانن. كێشه‌كان زیاتر مەحه‌لین وه‌ك له‌وه‌ی مه‌ركه‌زی بن، چونكه‌ كێشه‌كانیان بریتین لە کەموکوڕی قوتابخانه‌، خه‌سته‌خانه‌، زانكۆ، ئاو و كاره‌با، به‌نزین و نه‌وت و گاز و ، گرانی زه‌وی و زار و سه‌رجه‌می پێداویستییه‌كانی ژیان و ، به‌رزی كرێی خانوو، كه‌می مووچه‌ و‌ كرێی كار و زێراب و ئاوی پاك، نه‌بوونی پارك و شوێنی یاری بۆ منداڵان، فه‌رامۆشكردنی ڕێگاوبان و گوند و شوێن و گه‌ڕه‌ك و كاره‌سات و ڕوداوی سه‌یاره‌ و ئامرازەكانی گوستنه‌وه‌ و كێشه‌ی ئاو و زه‌ویو زار له‌ لادێكاندا و باشكردن و چاككردنی سه‌رجه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كان، له‌ سستی بەڕێوەچوونی كار و هه‌بوونی خه‌ڵكانی ناشایسته‌ و ناكارامه‌ له‌ ده‌وائیره‌كانی ده‌وڵه‌تدا و هێنانی خواردن و خواردنه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌سه‌ر حسابی فه‌لاحه‌ت و زه‌راعه‌تی ناوخۆ، قوتكردنه‌وه‌ی سوپه‌رماركێتی گه‌وره كه‌ سوود و قازانجێكی خه‌یاڵی ده‌گه‌یه‌نێته‌ چه‌ند كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و كۆمپانیاكانیان به‌ هێنانی خواردنی به‌ستوو و به‌سته‌ڵه‌كی و بریقه‌دا‌ر به‌ مه‌وادی كیمیاوی ، كه‌ قیمه‌ی غیزائی تێێدا نییه‌ و هەمووو ئه‌مانه‌ كارایی خراپ له‌سه‌ر ته‌ندروستی خه‌ڵكی داده نێن و له‌سه‌ر حسابی كشتوكاڵی خۆماڵی ده‌بن، یا ئوتێلی به‌رز به‌رز كه‌ له‌ قودره‌تی خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كادا نییه‌ نه‌ك هه‌ر ‌تێیدا بحه‌وێته‌وه‌ به‌ڵكو ناشتوانێت ناوه‌وه‌شی ببینێت، كه‌ قه‌ره‌باڵغی و زه‌وزا و نائارامی و كێشه‌ و ڕوداوی سه‌یاره‌ دروستده‌كات. تا ده‌گاته‌ كێشه‌ی ژینگه‌. ئه‌مانه‌ بڕێكی كه‌من له‌ كێشه‌كانی خه‌ڵكی ناو هەمووو كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌ كۆمه‌ڵگای كوردستانیشه‌وه‌، كه‌ ئه‌م لیسته ده‌توانرێت درێژ بكرێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌های تر. چونكه‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایەتییه‌كان ته‌واوبونیان نابێت و نییه‌ تاكو بڕیاره‌كان و ده‌سه‌ڵات له‌ خودی كه‌مایتییه‌كی ده‌سته‌بژێره‌وه‌ نه‌كه‌ونه‌ ده‌ستی هەموو خه‌ڵكه و بتوانن به‌ هه‌ره‌وه‌زی ده‌نگیان له‌سه‌ر بده‌ن و كاریان بۆ بكه‌ن و كاریان پێ بكه‌ن.
پاوه‌ر و هێزی خه‌ڵكی له‌ گه‌ڕه‌كێكدا له‌ گوندێكدا كه‌ گیروگرفتی قوتابخانه‌یان له‌ هه‌ر باره‌یه‌كه‌وه‌ هه‌بێت یا خه‌سته‌خانه‌یه‌كی بچووك له‌ وێدا، به‌ گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ یا كار گێڕان و فه‌رمانبه‌رانی خه‌سته‌خانه‌كه‌،- گه‌ر گیروگرفته‌كه‌ ئه‌وه‌ بێت- زۆر كاریگه‌رتره‌ له‌ ده‌نگدان بۆ ئه‌ندامێكی په‌ڕله‌مان. یا نه‌ڕۆیشتنی كاروباری ناوچه‌كه‌ به‌ هه‌بوونی مودیرناحیه‌یەك یا به‌ڕێوه‌به‌رێكی خراپی پۆلس ، گۆڕینی ئه‌وانه‌ و خستنه‌ ژێر چاودێری كه‌سه‌ تازه‌كانه‌وه‌، گیروگرفته‌كان حه‌ل ده‌بن و بەبێ ئه‌وه‌ی باس له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بكه‌یت و یابته‌وێت خه‌ته‌ر له‌ سه‌ر ئه‌وان دروست بكه‌یت، بكه‌ویته‌ كێشمانكێشی سیاسی له‌گه‌ڵیاندا. یا گه‌ر كێشه‌ی شاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌شێك له‌ به‌شه‌كانی خزمه‌تگوزاریدا بێت، یا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكیاندا، ده‌توانین به‌ گۆڕینیان كێشه‌كانمان حه‌ل بكه‌ین، كه‌ ده‌یانخه‌ینه‌ ژێر فشاره‌وه‌‌. دیسانه‌وه‌ لێره‌شدا ده‌توانم به‌ ده‌یه‌ها نمونه‌ی تر بێنمه‌وه‌ له‌م كێشانه‌ كه‌ ده‌توانین حه‌لیان بكه‌ین، بێئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ لا‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان یا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان و ده‌ستكێشانه‌وه‌ی ئه‌م و ئه‌و بكه‌ین.

به‌ڵام كاتێك كه‌ كێشه‌ كۆمەڵایەتییەكان به‌كێشه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌ست كران، كاتێك كه‌ بانگهێشه‌ی خه‌ڵكی كرا به‌وه‌ی گوایه‌ ‌كێشه‌كانیان به‌ستراون به‌ په‌ڕله‌مانه‌وه‌، ده‌بێت من و عه‌مرو زه‌ید‌ هه‌ڵبژێرن، تاكو چاك بكرێت، ئه‌وه‌ كرۆكی كێشه‌ كۆمەڵایەتییەكان ونده‌بێت سه‌ریش له‌ خه‌ڵكی تێكده‌درێت، كاتێكیش كه‌ كێشه‌ كۆمەڵایەتییەكان به‌ كێشه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ ‌په‌یوه‌ه‌ست كران و چاره‌سه‌ره‌كه‌شی به‌ده‌سه‌ڵات گرتنەده‌ست درایه‌ قه‌ڵه‌م، یا گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌وه یا نه‌زانی و نائه‌زموونی خه‌ڵكییه‌ یا‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و خۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵكه‌، چونكه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتیك له‌ دنیادا ناتوانێت و نه‌یتوانیوه‌ كه ‌كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ كۆمەڵایەتییەكانی خه‌‌ڵكی لابه‌لا بكاته‌وه‌. خودی گه‌نده‌ڵی كێشه‌یه‌ك نییه كه‌ ڕوتی بكه‌یته‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ، تۆ ناكرێت له‌لایه‌كه‌وه‌ بته‌وێت گه‌نده‌ڵی بنه‌بڕ بكه‌یت و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بته‌وێت ده‌سه‌ڵات دروست بكه‌یت یا بگریته‌ ده‌ست. گه‌نده‌ڵی خه‌سڵه‌ت و كرۆكی ده‌سه‌ڵاته‌، ئیدی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رد بێت یا خێڵ یا ده‌وڵه‌ت‌، تا ئه‌و چه‌شنه‌ ‌ده‌سه‌ڵاتانه‌‌ش بمێنن و به‌رده‌وام بن، گه‌نده‌ڵی ده‌مێنێت و باڵاده‌ست ده‌بێت. به‌ڵام یاسایی ده‌كرێت، وه‌كو له‌م وڵاتە ئەوروپیانه‌دا كراوه‌ و ده‌كرێت، تاكو هه‌ر به‌و یاسایه‌ ده‌مكوتمان بكه‌ن و شه‌رعیه‌تی گه‌نده‌ڵیه‌كه‌یانمان پێبدرێت. ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگای كوردوستانیش به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات گه‌ر چی ڕه‌نگه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ كه‌متر ببێته‌وه‌ به‌ڵام به‌یاسایی ده‌كرێت.

ئایه‌ ئه‌م شه‌پۆلی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌یەی مەیدانی ئازادی گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وە؟‌

ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له‌ شێوه‌ی گله‌یی و كردنەوەی مه‌زبه‌ته‌ و خۆپیشاندان و پرۆتێست و تا ده‌گاته‌ مانگرتن، ده‌ستبه‌كاركردنی كار و چالاكی ڕاسته‌وخۆ دژی هه‌ر جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێك مافی سه‌ره‌تایی خۆمانه‌ و گه‌ر ئه‌و مافه‌شمان لێ زه‌وت كرابێت و بكرێت، ده‌بێت ئه‌وه‌ ببێته‌ داخوازیمان، له‌ پێناوی چاككردنی بارو زروفی ژیانمانا و به‌ده‌ستهێنانی داخوازییه‌كانمان و جێبه‌جێكردنو چه‌سپاندنی دادوه‌رێتی كۆمه‌ڵایه‌تی دا. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو ده‌ر‌بڕینی ناڕه‌زایی و كاركردن له‌سه‌ری، ڕه‌وڕه‌وی مێژوه‌وه‌ و بناخەی پێشكه‌وتن و كردنی گۆڕانكاری بچووك و بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا‌.
هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی خۆی له‌ده‌ست بدات یا تێدا نه‌بێت، ده‌بێته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر و پته‌وكەری ده‌سه‌ڵاتێكی تۆتۆلیتاری و دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌ند ئاسا كه‌ فه‌رده‌كانی ناوی له‌ هه‌موو ئازادی و سه‌ربه‌ستیه‌ك بێبه‌ش ده‌بن و‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی گوێڕایه‌ڵی به‌ ئه‌مه‌كی وه‌كو ماستی-مه‌یوی لێ به‌رهه‌م دێت تا هه‌لێكی بۆ ده‌ڕه‌خسێت، بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی هەمووومانه‌ له‌ سه‌رده‌م و زروفی ئاوادا پشتگیری و لایه‌نگیری ته‌واوی خۆمانی بۆ ده‌ربڕین و به‌پێی توانای خۆشمان به‌شد‌اری تێدابكه‌ین و ڕۆڵی تێدا بنوێنین.
من به‌شبه‌حاڵی خۆم ئه‌وه‌ هێڵی ژیانمه‌ و ئیدی له‌هه‌ر شوێنێك و له‌ژێر هه‌ر جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێكدا ئه‌و‌ ناڕه‌زاییانه‌ ده‌رببڕێن، پشتگیرییان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم و به‌پێی تواناشم به‌شدارییان تێدا ده‌كه‌م تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ ناڕه‌زاییكه‌ران ده‌گه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات یا ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵات.
ئه‌م جۆره‌ تێكۆشان و چالاكیانه‌ی كه‌ ئێستا نه‌ك هه‌ر له‌ كوردوستاندا ده‌كرێن، به‌ڵكو له‌ وڵاتانی وه‌كو میسر و تونس كه ‌كراون و‌ ئیستاش سه‌رودڵی سوریا و یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و لیبیا و جاروبار ئێران و عێراقی سبه‌ینێ و هتد گرتۆته‌وه‌، جێگای دڵخۆشییه‌كی گه‌وره‌ن، كه‌ ئیدی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ باروزروفی مه‌وجود و باو ڕازی نابن، ده‌موچاوه‌كانی سه‌ر شانۆی سیاسی، كه‌ ساڵه‌هایه‌كی دوورودرێژه‌ وه‌كو ئه‌كته‌ر ده‌ور ده‌بینن، ده‌ده‌نه‌ لاوه‌ و ده‌یانگۆڕن و ژیان تازه‌ ده‌كه‌نه‌وه، جۆره‌ ڕیفۆرمێك ده‌كه‌ ، كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و قۆناخێكی تری تازه‌ ده‌به‌ن له‌ بواره‌كانی سه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگاكه‌دا، ویست و وره‌ی مرۆڤ به‌هێز ده‌كه‌ن، مرۆڤی ناو كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كاته ئه‌و‌ بونه‌وه‌ره‌ خولقێنه‌ره‌ كه‌ ئیدی به‌هەمووو شت ڕازی نه‌بێت و به‌ كاڵ بڵێت كاڵ و به‌ كوڵاو بڵێت كوڵاو، نه‌وه‌ی نوێ دێته‌ پێشه‌وه‌ و نه‌وه‌ی كۆن ده‌داته‌ دواوه. تا ده‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ جیهان ورده‌ ورده‌ بچوك ده‌كاته‌وه‌ به‌دانه‌ده‌می به‌شه‌كان و وڵاته‌كان، به‌یه‌كگرتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای “مه‌ده‌نی و نا مه‌ده‌نی” له‌ بواره‌كانی وه‌كو : كولتور و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نیوانی تاكه‌كانی و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان و جۆره‌ له‌یه‌ك چونێك له‌ ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ هەمووو وڵاته‌كاندا.
ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ په‌روه‌رده‌ و ڕۆشنبیریش ده‌خەنه‌ ‌ خزمه‌تی سرفی بزنسه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردن و زامنكردنی سه‌رتاپای خزمه‌تگوزارییه‌كانیش به‌ خه‌سته‌خانه‌ و چاره‌سه‌ركردنیشه‌وه‌، له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌هاو په‌یوه‌ندی دێرینه‌ی كۆمۆنێتیه‌كان و به‌ده‌ر‌هێنانی ڕه‌گوڕیشه‌ی هەموو په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆڤانه‌ و كردنیان له‌ باشترین حاڵه‌تدا به‌ مرۆڤێكی ئالی، خۆ په‌رستی ده‌ست به‌كڵاوی خۆوه‌گرتوو، كه‌ له‌سه‌ر كاره‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و له‌ ماڵیشه‌وه‌ بۆ سه‌ركار، ده‌بێته‌ به‌شی سه‌ره‌كی ژیانی و. له‌ خراپترین حاڵه‌تیشدا مرۆڤه‌كان ده‌كاته‌ ناده‌ربه‌ست و شێت و موعتاد و هتد.
گه‌رچی گۆڕانكارییه‌كان ئه‌م لایه‌نه‌ خراپانه‌شی دێت به‌دووادا، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا هیوای هێنای دنیایه‌كی نوێ، كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێ ، به‌گوێماندا ده‌چر‌پێنێت، كۆمه‌ڵگا و دنیای مرۆڤانه‌ و‌ مرۆڤایه‌تیی، كه‌ دوا قۆناغی ئه‌م ژیانە و ڕه‌وتی كۆمه‌ڵگایه‌، كه‌ به‌حه‌تمی و به‌ ناچاری كۆمه‌ڵگا هه‌نگاوی هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ بۆ ده‌نێت. ‌
من له‌گه‌ڵ هەموو ئه‌مانه‌‌دام و ‌باوه‌ڕیشم وایه‌ ئه‌مانه‌ هه‌نگاوی زه‌روری و سه‌ره‌تایین و‌ له‌ شۆڕش نزیكمان ده‌كەنه‌وه، له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌و هیوایه‌ به‌دی ناكه‌م، که‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی وا له‌ ئێستادا بهێنێته‌ كایه‌وه‌، كه‌ سه‌رفرازی ته‌واو بۆ فه‌رده‌كانی به‌رهه‌م بهێنێت، ‌وه‌كو له‌لایه‌ن سیاسییه‌كان و خۆشباوه‌ڕه‌كانه‌وه، ده‌درێت به‌ گوێماندا.
لای من ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییانه‌ چه‌‌ندێك گه‌وره‌ بن، چه‌ندێك خۆیان به‌ كار او گرنگ نیشاند بدەن، به‌ڵام له‌ دوو مه‌سه‌له‌ی گه‌وره‌ به‌ دوورن و لێیان داماڵراون، كه‌ ئه‌و‌ دووانه‌ش بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و‌ كۆمه‌ڵگایه‌ن، كه‌ هیوای بۆ ده‌خوازرێت و گۆرانی پیادا ده‌وترێت، ئه‌و دوانه‌ش ئازادی و عه‌داله‌تی ئیجتیماعین. هۆی ونبوونی ئه‌م دوو خاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌ش خوازیاریی هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاته‌.
ڕونتر قسه‌ بكه‌م ئه‌م ناڕه‌زاییانه‌، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، ئه‌م شه‌پۆلی خۆپیشاندانانه‌ ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجود بگۆڕیت به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی تر، یا ڕاستتر ده‌ستی ده‌ستی كردن به‌ده‌سه‌ڵات بكات. خودی ده‌سه‌ڵاتیش ڕێگری ته‌واوی هه‌بوونی ئازادی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیه، چونكه‌ گه‌ر وانه‌بێت سوود و قازانج و سه‌رمایه‌ دروست نابێت،‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵات دیلی گه‌نده‌ڵیه‌، چونكه‌ خۆی له‌سه‌ر ئه‌و دوو خاڵه‌ دروست بووه‌ و بۆ به‌رده‌وام بوونیشی ده‌بێت قه‌واره‌و سنووری ئازادی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌سك بكاته‌وه‌و گه‌ر ته‌نگیشی پێهه‌ڵچنرا، ئه‌وا ده‌ستی خۆی به‌ خوێنی خه‌ڵكه‌كه‌ی ‌ سور ده‌كات.
به‌ كورتییه‌كه‌ی ناڕه‌زایی و داخوازییه‌ كۆمەڵایەتییەكان و نه‌بوونی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه‌ به‌رگی سیساسییان به‌به‌ردا كراوه‌ و ده‌كرێت و له‌لایه‌ن سیاسییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌‌ ده‌فرۆشرێنه‌وه‌ به‌خه‌ڵك بۆ به‌دیهێنانی سوود و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان.( له‌كۆتایی ئه‌م نوسینه‌دا ئه‌م خاڵه‌ باشتر ڕونده‌كه‌مه‌وه‌).

مەیدانی ئازادی یا سه‌رای چه‌واشه‌كاری و خه‌ساندن؟!

كێن ئه‌وانه‌ی له‌ مەیدانی ئازادیدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ و داخوازییه‌كانیان چین؟
مەیدانی ئازادی ده‌نگ و ڕه‌نگێكی تێكه‌ڵه‌یه‌، نوێبه‌رایه‌تی به‌ته‌نها توێژاڵێك، كۆمه‌ڵێك یا پارتێك ناكات، داخوازییه‌كانی مەیدانی ئازادی داخوازی سیاسیانه‌ن و دافعی جیاجیایان به‌خۆوه‌ گرتوه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكانی جیاجیا و كۆمه‌ڵی جیاجیا ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
هێزی مەیدانی ئازادی، هێزی كپكردن و كۆنترۆڵكردنی خه‌ڵكی و وه‌ڕسكردنیانه‌ و پاڵپێوه‌نانیانه‌ به‌ره‌و ماڵه‌وه‌.
مەیدانی ئازادی ئه‌و بازاڕ و مه‌یدانه‌ سیاسییه‌، كه‌ موزایه‌ده‌ و مونافه‌سه‌ی سیاسی تێدا ده‌كرێت، خیتابی حه‌ماسی تیادا ده‌ده‌رێت، په‌یامی “شۆڕشگه‌ڕانه‌ی” تیادا به‌گوێی خه‌ڵكه‌كه‌یدا ده‌درێت، قسه‌ی باقوبریقدار ی تیادا ده‌كرێت، په‌یمان و به‌ڵێنی بێئه‌ساسی تیا به‌جه‌ماوه‌ر ده‌درێت، سه‌رمایه‌ی سیاسی لێدروست ده‌كرێت، بوو‌نی زات و گه‌وره‌كردنی قه‌باره‌ی شه‌خسی و شوهره‌ی شه‌خسی تیادا ته‌شه‌نه‌ پێده‌درێت، زه‌مانی موحه‌مه‌دی په‌یامبه‌ر و چوار یاره‌كه‌ی له‌ناو ئه‌م مەیدانی ئازادییه‌دا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ به‌ كردنی نوێژی هه‌ینی و ناردنی په‌یامی “موسڵمانان” ئیرشاداتی دینی و خوێندنی مه‌واعیزی دینی و گه‌لێكی تر، ئه‌مانه‌ هەموووی له‌سه‌ر حسابی داخوازییه‌ كۆمه‌ڵایەتییه‌كانی خه‌ڵكانی ئاسایی. كه‌ مه‌سه‌له‌ و كێشه ئه‌ساسیه‌كانیان، كه‌ ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌سڵی بوون، لێڕفێنراون. كاتێك جه‌ماوه‌ر خاوه‌نی بوون و سكاڵایان دژی ده‌كرد و كه‌س گوێی لێ نه‌ده‌گرتن، سه‌رانی ئه‌م گروپ و كۆمه‌ڵانه‌ برابه‌ش بوون له‌ دزینی ڕه‌نجی جه‌ماوه‌ر و ڕاوڕوتی سامانی وڵاتدا، هه‌رچیش نوسه‌رانی لیبراڵ بوون، موچه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرت و بیتاقه‌ی ته‌یاره‌ی هاتنه‌وه‌یان بۆ وڵات بۆ ده‌بڕرا و كۆڕی گه‌وره‌یان له‌ تەلەفزیۆن و له‌ یانه‌ كۆمەڵایەتییەكاندا بۆ ساز ده‌كرا و ده‌ستی ڕێزیان لێده‌نرا.

‌ مەیدانی ئازادی ئه‌و مه‌یدانه‌یه‌، كه‌ كێشمانكێشی شه‌خسی و فیكری چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردووی نێوان ده‌سته‌ ڕۆشنبیره‌ لیبراڵه‌كان و فه‌یله‌سوفه‌كانی تیا ده‌بینرێت، كێشه‌ی نێوان ئه‌وانن له‌گه‌ڵ با‌قیه‌كه‌ی تریدا، كێشه‌ی نێوان پارت و گرپه‌كانن هه‌ر له‌ كۆمونیسته‌كان و چه‌په‌كان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سه‌ر ئیسلامییه‌كان. ئه‌مانه‌ هەموویان له‌وێن، به‌ڵام هەمووویان بۆ خۆیان و له ‌پێناوی كێشه‌ی خۆیاندا، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و چه‌سپاندنی هێڵی سیاسی خۆیان. هه‌ر هەموویان له‌ پێناوی به‌دیهێنای ده‌سه‌ڵاتێكی تازه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كدا، ته‌با و ئاشتن و جیاوازییه‌كانی نێوانیان به‌ خۆشی و خۆیان وته‌نی به‌ ڕێگای “مه‌ده‌نی” ده‌ناسن و ڕێزیان لێده‌گرن، تا ئه‌و‌ كاته‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست. ئیدی له‌ مینبه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی، ئه‌م له‌و ده‌خوێنێ و ئه‌وی دی ده‌یه‌وێت سه‌ری ئه‌وی تر پان بكاته‌وه‌.
هه‌رچی ده‌سته‌ ڕۆشنبیره‌كه‌یه‌، خۆیان به‌ توێژاڵێكی زۆر زانا و عەقڵدار ده‌زانن و له‌ باڵه‌خانه‌یه‌كی گه‌ڵێك به‌رزه‌وه‌ ته‌ماشای باقیه‌كه‌ی تر وه‌كو نه‌زان و نه‌فام ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش ناو به‌ ناو نامه‌یان ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ن و خیتابی حه‌ماسیان بۆ ده‌ده‌ن. ئه‌مان باوه‌ڕیان به‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك هه‌یه‌، به‌ ته‌وجیهكردنیان هه‌یه‌، به‌عاقڵكردنیان هه‌یه‌، ئه‌مان چاره‌سه‌ری گیروگرفته‌ كۆمەڵایەتییەكان به‌ دوو شت ده‌كه‌ن؛ یه‌كه‌میان گۆڕینی عه‌قڵ، دووهه‌میان به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌خلاق و بوونی ئیلتیزامی ئه‌خلاقی و پاراستنێتی، ئه‌مان باوه‌ڕێیان به‌ ده‌سته بژێر ( نوخبه‌) هه‌یه‌، كه‌ ده‌ور بگرێته‌ده‌ست، ئه‌مان سیاسه‌ت به‌ زانست و هونه‌ر ده‌زانن، جا بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت بدرێته‌ ده‌ست نوخبه‌ و ڕه‌شه‌خه‌ڵكه‌كه‌ی لێ به‌دوور بگیرێت، چونكه‌ ئه‌وان نه‌خوێنده‌وارن و له‌ هونه‌ری سیاسه‌ت و له‌ زانستێتی سیاسه‌ت نازانن.‌

به‌ختیار عه‌لی ( مەیدانی ئازادی له‌ دیدی -به‌ختیار عه‌لی-ه‌وه‌) ده‌ڵێت: ” گه‌ڕانه‌وه‌م جۆرێكه‌ له‌ ئیلتیزامی‌ ئه‌خلاقی‌‌ و ئینسانی‌ من به‌كێشه‌یه‌كه‌وه‌، هه‌ستده‌كه‌م ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ نووسینه‌كانمه‌وه‌ رۆڵێكم هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی‌ جۆرێك له‌ هوشیاری‌ ره‌خنه‌ییدا، هه‌ستده‌كه‌م ئه‌گه‌ر كاریگه‌رییه‌كی‌ راسته‌وخۆشم له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ نه‌بووبێت كه‌ له‌سه‌ر جاده‌یه‌، ئه‌وا له‌و كه‌شه‌ سیاسییه‌ گشتییه‌ی‌ كه‌ دروستبووه‌ گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ بچوكیش بێت ده‌ستێكی‌ منی‌ تیا هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌م جۆرێك له‌ ئیلتیزامی‌ ئه‌خلاقی‌ بوو به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ی‌ نووسیومه‌ “.

هه‌ر له‌ هه‌مان دیدیدا، دواتر ده‌ڵێت “تا ئێستا هه‌ستده‌كه‌م خۆپیشاندانه‌كان له‌سنووری‌ حه‌ماسه‌تێكی‌ كاتی‌ تێنه‌په‌ڕیون، ئه‌وانه‌ی‌ رێكخه‌ری‌ خۆپیشاندانن مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كییان هه‌ندێك ده‌سكه‌وتی‌ سیاسییه‌، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ تۆ له‌بازنه‌ی‌ ده‌سكه‌وتی‌ سیاسیدا بمێنیته‌وه‌ گه‌مه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست هه‌ندێك هێزی‌ سیاسییه‌وه‌، له‌كاتێكدا زۆر گرنگه‌ ئێستا گه‌مه‌كه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست هەمووو كۆمه‌ڵگاوه‌، بێته‌ ده‌ست هەمووو ئه‌و نوخبه‌ چالاكه‌ی‌ له‌زانكۆكان‌و له‌فه‌رمانگه‌و له‌كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌‌و میدیاكاندان، ئایا ئێمه‌ له‌م خۆپیشاندانانه‌دا توانیومانه‌ وابكه‌ین؟ به‌ڕاستی‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌پۆزه‌تیڤ وه‌ڵامی‌ ئه‌وه‌ بده‌مه‌وه‌”.

له‌و لاشه‌وه‌ ناسك قادر له‌ دیمانه‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌ی سبه‌ی دا ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌مان پێبڵێت، كه‌ ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵكانی سه‌رشه‌قام كه‌ ئه‌وانن جودان، ئه‌و وای ده‌بنێت كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ سیاسه‌ت نه‌گه‌یشتوه‌، بۆیه‌ وامامه‌ڵه‌ی ناڕه‌زایی ده‌ربڕان ده‌كات و ده‌ستیان به‌خوێنیان سور ده‌كات. ده‌ڵێت” ماهیه‌تی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا جیاوازه‌، چونكه‌ ئۆپۆزسیۆن هێزێكی‌ سیاسیه‌، به‌ڵام شه‌قام بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، له‌ڕاستیدا ئه‌وان ئه‌گه‌ر له‌ سیاسه‌ت بگه‌یشتنایه‌ ده‌بو ئه‌وكاته‌ی‌ كه‌ چه‌كداره‌كانیان گوللـه‌یان نا به‌هاونیشتیمانیانه‌وه‌ خۆیان ساغ بكردایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ بۆمان ده‌ركه‌وتوه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ئه‌لف ‌و بێی‌ سیاسه‌ت نه‌گه‌شتوه‌، له‌و روه‌وه‌ كه‌ سیاسه‌ت…..” دیمانه‌ له‌گه‌ڵ سبه‌ی دا . ده‌سه‌ڵاتی كوردی شه‌رعیه‌ت ی نه‌ماوه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌، ئەوەیە کە ئه‌و له‌ سیاسه‌ت نه‌گه‌یشتووه‌، سیاسه‌ت وه‌كو پێشتر باسم كرد، كردنی هەمووو شتێكه‌ و به‌كارهێنانی هەموو شتێكه‌ كه‌ هه‌یمه‌نه‌ و ده‌سه‌ڵات بهێڵێته‌وه‌. با ناسكه‌ خان شوێنێكم له‌م دنیایه‌دا پێ بڵێت، كه‌ سیاسییه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان به‌جێهێڵابێت له‌ژێر فشاری ناڕه‌زایی خه‌ڵكدا بێ خوێنڕشتن. باوه‌ڕ ناكه‌م ناسكه‌ خان به‌سیاسییه‌كانی به‌ریتانیا و ئیتالیا و ئیسرائیل و شوێنه‌كانی تر بڵێت سیاسی نین، كه ‌هه‌ر هەموویان ده‌ستیان به‌ خوێنی خه‌ڵك سوور بووه‌.

له‌ به‌ریتانیا له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی 26.03.2011 دا كه‌ زیاتر له‌ نیوملیۆن خه‌ڵك چووه‌ سه‌ر جاده‌، دژی (Cuts In Services and Jobs) کە 157 گه‌نج دایان به‌سه‌ر (Fortunm & Mayson) له‌ ناویدا به‌ ئاشتیانه‌ دانیشت، كه‌چی پۆلیس 138 كه‌سیانی گرت، كه‌ زۆربه‌یان قوتابی گه‌نج بوون و هه‌ندێكیان ماوه‌ی 48 سه‌عات له‌ پۆلیسخانه‌ مانه‌وه‌ و دواتر كه‌ به‌ره‌ڵاكران، نه‌ك هه‌ر مۆباییلفۆن و ده‌فته‌ر و كاخه‌ز و جانتاكانیان لێسه‌ندرا، به‌ڵكو جله‌كانی به‌ریشیان لێسه‌ندران و به‌ بیجامه‌ی پۆلیسه‌وه‌ ناردنیانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه، كه‌ كاتێك به‌ره‌ڵایان كردن‌. كه‌ ته‌نها تاوانیان دانیشتن بوو له‌ ناو ئه‌و شۆپه‌دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ته‌عه‌هودیان پێپڕكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت له‌ مانگی ئایاریشدا له‌ دادگا ئاماده‌ بن و تا ڕۆژی دادگاییكردنیشیان، ده‌بێت 5 میل دوور بن له‌ سێنته‌ر و ئه‌و شۆپه‌شه‌وه‌. خۆگه‌ر به‌ردیان بگرتایه‌ته‌ پۆلیس ئه‌وه‌ پۆلیس به‌ ده‌یه‌های گه‌ر لێ نه‌كوشتنایه‌، ئەوا لێی بریندار ده‌كردن. من پاسا و بۆ ده‌سه‌ڵاتی دڕنده‌ی كوردی ناده‌م، بگره‌ ده‌مه‌ویت بڵێم، كه‌ خودی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ ته‌بیعه‌ت فاشییه‌ و فاشیه‌ت و دیكتاتۆریه‌ت مه‌یل نییه‌ به‌ڵكو ته‌بیعه‌ته و سروشتی ده‌سه‌ڵاته‌‌.
هه‌رچیش كۆمه‌ڵ و گروپه‌كانی ترن، له‌ كێشمانكێشی هه‌یمه‌نەكردنی مەیدانی ئازادیدان، هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌یانه‌وێت ، به‌شی شێریان له‌و مه‌یدانه‌دا هه‌بێت له‌ خه‌ڵكانی گوێگر و چه‌پڵه‌لێده‌ر، جه‌خت له‌سه‌ هه‌بوونی كاریگه‌ری ته‌واوی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ڕاكێشانی بڕێكی تر له‌ لا‌یه‌نگر و پشتگیری كه‌ران. به‌ڵام هه‌ر هەمووو له‌سه‌ر ترنجاندنی خه‌ڵكه‌كه‌ی مەیدانی ئازادی دا‌ و خیتابدان بۆیان و كۆنترۆڵكردنیان ڕێكن، پرنسپڵی گه‌ر نه‌توانم ببم به‌ كۆمه‌ڵ و گروپی یه‌كه‌م له‌ هاندان و جوڵاندنی ئه‌م خه‌ڵكه‌دا و له‌وه‌شه‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی كردنیان، با هیچ نه‌بێت ئه‌م خه‌ڵكه‌ نه‌بێته‌ جه‌ماوه‌ری لایه‌نێكی تر، له‌ مەیدانی ئازادی، به‌رده‌وامه‌.
ئه‌م جۆره‌ تاكتیكه‌ لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی كوتومتی خۆپیشاندانه‌كانی مه‌یدانی ئازادی قاهیره‌یه، بێئه‌وه‌ی زروف و هێزی خۆپیشانده‌ران و داخوازییه‌كانیان و زه‌مان و مه‌كانی ئه‌وان ڕه‌چاو كرابێت.
من گومانم نییه‌ له‌ نییەتی پاكی خۆپیشانده‌ران و ئه‌نجومه‌ن و قسه‌كه‌ره‌كانی مەیدانی ئازادی، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ به‌ژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ بچوككردنه‌وه‌ی قه‌باره‌كه‌ی و ته‌سككردنه‌وه‌ی داخوازییه‌كان له‌ داخوازی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، كه‌ هی جه‌ماوه‌ری كوردین، ‌بۆ داخوازی سیاسی له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ك ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و گروپ و كۆمه‌ڵه‌ی سیاسیه‌وه‌. ئه‌مه‌ وه‌ڕسكردن و هیلاككردنی خه‌ڵكه‌ و بێزاركردنی خه‌ڵكانی ده‌وروبه‌ری سه‌رایه‌، كه‌ كاروكاسبیان ڕاگیراوه‌ و له‌ دڵه‌ڕاوكێ و ترسدا ڕۆژو شه‌و ده‌كه‌نه‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات گه‌مژه‌ و گه‌لحۆ نه‌بێت، پارێزگاریان لێده‌كات و نان و ئاو و پێخه‌فیان بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات و لێیان ده‌گه‌ڕیت با‌ هه‌ر هه‌ڵبه‌ست و مه‌ڵبه‌ست و په‌خشان و خیتابی حه‌ماسی و مه‌وعیزه‌ی دینی بخوێننه‌وه‌، گوڵی شۆڕشی یاسه‌مینی و نێرگسی ببه‌خشرێته‌وه،‌ سه‌رئه‌نجام خه‌ڵكه‌كه‌ خۆی كۆڵده‌دا و ڕووده‌كه‌نه‌وه‌ ماڵی خۆیان.
هه‌ڵبه‌ته‌ من له‌مه‌دا پێشنیازی شه‌ڕی شه‌قام و به‌یه‌كادان و تاڵانی دوكان و شوێنه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و سوتانیان و به‌كارهینانی توندوتیژی ” شۆڕشگێرانه‌ و ناشۆڕشگێرانه‌” ناكه‌م. من به‌شبه‌حاڵی خۆم، لا‌یه‌نگیری هیچ كام له‌وانه‌ نیم.

‌به‌كارهێنانی توندوتیژی شۆڕشگێرانه‌ و ناشۆڕشگێڕانه‌، له‌ به‌رژه‌وندی كێدا ده‌بێت له‌ كاتی خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕیندا؟

ئه‌زموونه‌كانی پێشتر له‌ زه‌مان و مه‌كانی جییاجیادا ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌، كه‌ به‌كارهێنانی توندوتیژی هه‌میشه‌ به‌ سوودی زیاتری ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه‌كه‌ شكاوه‌ته‌وه، تاكو ‌خه‌ڵكانی داخوازیكار و ڕاپه‌ڕیو. خۆ ئەگه‌ر توندوتیژییەكه‌ش درێژه‌ی كێشا و چه‌كی تێدا به‌كارهێنرا و به‌ره‌و جه‌نگی ئه‌هلی ڕۆیشت، خاپوورکردن و ماڵكاولی و كوشتن و بڕینێكی زۆری تیا ڕوده‌دات، خۆ ئەگه‌ر‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی “شۆڕشگێره‌كانیش” ته‌واو بێت، ئه‌وه‌ ساڵاهایه‌كی دوورودرێژی ده‌وێت، تاكو ئاسه‌واری ئه‌وه‌ نه‌مینێت و برینی له‌ناوچونی خۆشه‌ویستان و له‌ناوبراوانیش، هه‌رگیز ساڕێژبوونه‌وه‌ی بۆ نابێت‌.
به‌یه‌كدادان و به‌كارهێنانی توندو تیژی بزوتنه‌وه‌كه‌ لاواز ده‌كات به‌ پارچه‌ پارچه‌ بوونی، به‌ته‌كینه‌وه‌ی بڕێكی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ ترسی گیانی خۆیان و خۆشه‌ویستانیان، كاولكردنی كۆمه‌ڵگا و زه‌ره‌ر و زیانی گیانی و ڕۆحی و ژینگه‌، دروستكردنی ڕق و كینه‌یه‌كی زۆر له‌ نێوانی خه‌ڵكیدا . نه‌هێڵانی ڕۆحی ته‌بایی و خۆشه‌ویستی و به‌ ئارامی به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان و دروستكردنی دوژمنایه‌تی و‌ ڕواندنی ڕۆحی كینه‌ و تۆڵه ‌سه‌ندنه‌وه‌ و وه‌ستانی كارو باری خه‌ڵكو هێواشكردنه‌وه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و لەكارخستنیان، دروستكردنی زه‌میه‌نه‌ی بێكاری و برسێتی و بڵاوبوونه‌وی ده‌رد و نه‌خۆشی و سواڵكردن و موعتادبوون و له‌شفرۆشتن و په‌نابردنه‌وه‌ بۆ وڕاوه‌كردن و خه‌رافیات و دروست بوونی داخوازی گه‌وره‌و لاوه‌نانی ئه‌و داخوازییانه‌ی كه‌ خۆپیشانده‌ران و ڕاپه‌ڕیوان له‌ سه‌ره‌تادا بۆیان هاتونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام. هەموو ئه‌مانه‌ش ده‌بنه‌ بیانوویه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵات و سیسته‌م و میدیاكه‌ی بۆ تاوانباركردنی جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ر و ڕاپه‌ڕیوو به‌ تابووری پێنجه‌م، نۆكه‌ری بێگانه‌، تیرۆریزم و لا‌یه‌نگرانی تیرۆریزم، زیندووكرنده‌وه‌ و به‌هێزكردنی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و دین و مه‌زهه‌ب و به‌رگری له‌ وڵات، تا ده‌گاته‌ ده‌ستتێوه‌ر‌دان له‌لایه‌ن “كۆمۆنێتی نێونه‌ته‌وه‌یی” و فرمێسكڕێژه‌ری وه‌كو وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا و وڵاتانی ئه‌ورپی بۆ ” مافی مرۆڤ” گه‌لێكی تر، تاكو به‌ ده‌ستێكی پۆڵاینی زیاتر له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بده‌ن. باشترین نموونه‌ی سه‌رده‌م (لیبیا)ی ئێستایه‌، كه‌ به‌ قۆناخێكی گه‌لێك مه‌ترسیداردا ده‌ڕوات.
توندوتیژی به‌كارهێنان، وه‌ڵامی توندوتیژی نییه‌، سه‌رئه‌نجامێكی پۆزیتیڤی نییه‌، توندوتیژی تر به‌دووی خۆیدا ده‌هێنێت، ئازاری برینی جه‌سته‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌ ، پێگه‌یشتن و به‌ده‌ستخستنی ئامانج و داخوازییه‌كان گه‌ر له‌باریش نه‌بات، ئه‌وه‌ دوورتریان ده‌خاته‌وە، ده‌سه‌ڵات و ڕژێم ڕه‌قترو دڕنده‌تر ده‌كات. بۆیه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكدا كۆمه‌ڵێك، ده‌سته‌یه‌ك باسیان له‌ به‌كارهێنانی توندوتیژی كرد و بیریان لێكرده‌، ئه‌وه‌ یانی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه‌.
كه ‌باس له‌ توندوتیژی ده‌كه‌م، مه‌به‌به‌ستم پلان بۆ كردنێتی، مه‌به‌ستم ئاڕاسته‌كردنی بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ به‌و ئاقاره‌، ئه‌گینا گومانی تێدا نییه‌، له‌ كاتی خۆ پێشاندان و ڕاپه‌ڕیندا ده‌سه‌ڵا تو پۆلیس و پیاوه‌كانی ده‌یانه‌وێت كۆنترۆڵی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ بكه‌ن و به‌و ئاڕاسته‌شدا بیانبه‌ن، كه‌ خۆیان ده‌یانه‌ویێت، تاكو خۆپیشندانه‌كان و پرۆتێسته‌كان كارایی خۆیان له‌ده‌ست بده‌ن، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ پۆلیس و ئاسایش ده‌كه‌ونه‌ گیانی خه‌ڵك به‌‌ شێوه‌یه‌كی ذڕندانه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش خه‌ڵكانی ناو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ ناچار ده‌كات، بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆیان وه‌ڵامیان هه‌بێت. ئه‌مانه‌ بوون و هه‌ر ده‌شبن و به‌رده‌وامیش ده‌بن. كه‌واته‌ توندوتیژی جیایه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌شی لەناچاریدا، جیایه‌.

چۆن بزوتنه‌وه‌كه‌مان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت و ده‌رئه‌نجامه‌كان
پێشتر باسم كرد، كه‌ چۆن داخوازییه‌ كۆمەڵایەتییەكانی خه‌ڵكی، كراون به‌ داخوازییه‌كی سیاسی ، د‌وای ئه‌وه‌ش باسم له‌ كه‌مپه‌ینی ئه‌و داخوازییانه‌ كرد، كه‌ مەیدانی ئازادی چه‌قی تێكۆشانه‌كه‌یانە. هه‌ره‌وها له‌وه‌ش دوام، كه‌ چۆن به‌كارهێنانی توندوتیژی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیسته‌مه‌كه‌ و ده‌سه‌ڵات ده‌شكێته‌وه‌. ئێستاش با ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ دابنێین و بزانین چی له‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت و چه‌ندێك له‌ داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ر جیبه‌جێده‌كرێن، پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كان.
سه‌ركه‌وتنی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه،‌ یه‌كه‌م، ئەگه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش بكات، گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی نابێت. دووهه‌میش، گۆڕانكارییه‌كان له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كەن، نه‌ك له‌بنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا. هه‌ر بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌مێنێته‌وه‌، گه‌ر چی له‌م شێوه‌یه‌ی ئێستادا نابێت، ناعه‌داله‌تی ئیجتیماعی باقی ده‌بێت، كێشه ‌كۆمەڵایەتییەكان به‌رده‌وام دەبن و په‌یتا په‌یتاش كێشه‌ی تازه‌تر ده‌خولقێن و دێنه‌كایه‌وه‌، بڕیاره‌كان له‌ كه‌مینه‌كه‌ی سه‌ره‌وه، كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ستدایه‌، ده‌درێن، بیرۆكراتیه‌ت هه‌ر وه‌كو جاران به‌رقه‌رار‌ ده‌بێت .
منیش و به‌شێكی زۆری ئه‌و خه‌ڵكه‌شی، كه‌ ئێستا له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دان، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ده‌ره‌وی كوردوستان ژیاون، یا هێشتا پێیان لێره‌ نه‌بڕاوه‌، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ده‌زانن، كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پارتییه‌كان بۆ گرتنەده‌ستی ده‌سه‌ڵات، چ له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و ئۆسترالیاو هه‌تا ئیسرائیلیش گۆڕانكارییه‌كی وا ناهێننه‌ گۆڕێ،‌ له‌ سیساسه‌تی حوكمڕانیان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، تا ئه‌وه‌ ڕاده‌یه نزیكن له‌ یه‌كه‌وه‌، كه‌ هه‌ندێك جار زۆر گرانه‌ سیاسه‌ته‌كانیان له‌ یه‌كدی جیا بكرێنه‌وه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ هه‌ڵوێستی پارتی له‌یبه‌ر و پارتی تۆری له‌ به‌ریتانیادا وه‌كو یه‌كه‌ و نه‌گۆڕه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یاندا، له‌ هه‌ڵوێستیاندا و له‌ دۆستایه‌‌تیاندا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و له‌ هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر بزنس و كۆمپانیا گه‌وره‌كان و نقابه‌ و كۆچكردنی بێگانه‌ بۆ ئه‌م وڵاته‌ و مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌ری، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ جیاوازی سه‌ره‌كی نێوانیشیان له‌ مه‌سه‌له‌ی ئه‌و‌ قه‌یرانه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ ئێستا به‌ریتانیا پێیدا ده‌ڕوات، كه‌ عه‌جزی میزانیه‌ی به‌ بڕی 160 ملیارد پاوه‌ند، هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌ سه‌ر كار ده‌ر بكرێت، شوێنه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانیش زۆربه‌یان دابخرێن، ئه‌وه‌شی كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌بێت به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م و كرێكار و فه‌رمانبه‌رێكی كه‌م ببرێت به‌ڕێوه‌.
دەوڵه‌ت كه‌ پارتی تۆری ( موحافزین) و لیبراڵ دیمۆكرات ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه‌، دیانه‌وێت له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌میاندا 80 ملیارد پاوه‌ند پاشه‌كه‌وت بكه‌ن، تاكو ئه‌و نوقسانییەی بودجه‌ی پێ پڕ بكه‌نه‌وه‌. جیاوازی نێوانی له‌یبه‌ر كه‌ له‌ده‌ره‌وی ده‌سه‌ڵاته‌ و ئه‌مانی دی كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان، دوو جیاوازییه‌؛ له‌یبه‌ر ده‌یه‌وێت 70.4 ملیارد بێت، تۆرێش ده‌یه‌وێت 80 ملیار پاوه‌ند بێت. یه‌كه‌م جیاوازی نێوانیان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا پاشه‌كه‌وتكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی سه‌ره‌وە به‌ 9.6 ملیارد پاوه‌نده‌ و دووهه‌میش موده‌ی پاشه‌كه‌وت كردنه‌كه‌یه‌، كه‌ له‌یبه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌م پاشه‌كه‌وت كردنه‌ به قۆناخ و‌ ‌ماوه‌یه‌كی درێژ تر‌ بكرێت.

من ده‌توانم به‌ده‌یه‌ها نموونه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ به‌ریتانیا بهێنمه‌و،ه‌ به‌ڵكو له‌ سه‌رجه‌می ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ په‌نجه‌م بۆ ڕاكێشان‌ بۆ پاساودانی جه‌ده‌له‌كه‌م، كه‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان پارتییه‌كاندا شته‌ سه‌ره‌كییه‌كان ناگۆڕێت. خۆ ئەگه‌ر بیگۆڕایه‌ وه‌كو‌ له‌ ده‌می چه‌ند كه‌سێكه‌وه، ده‌مێكه‌ وتراوه‌، ‌ كه‌ یه‌كه‌میان ئه‌ناركستی مه‌شور، ئێما گۆڵدمانه‌، له‌ سه‌ده‌ی 19 دا وتی “ ده‌مێك بوو قه‌ده‌غه‌ كرابوو”.
من بۆیه‌ ده‌ڵێم شكستی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ سیاسیكردنی كێشه‌ و‌ داخوازییه‌كاندایە،‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌ست به‌ گۆڕانه‌كارییه‌كان بكه‌ن، نه‌ك له‌بنه‌وه‌، ئەوەش به‌ گرتنەده‌ستی پاوه‌ر، ده‌سه‌ڵات.
به‌سیاسیكردنی داخوازییه‌كان جۆرێك له‌ پرۆتێست و خۆپیشاندان دروستده‌كات، كه‌ كه‌فوكوڵێكی زۆری تێدا ده‌بینرێت، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی بۆ نانرێن، جگه‌ له‌ باسكردنی‌ گرتنەده‌ستی ده‌سه‌ڵات نه‌بێت ، پلان بۆ داهاتوو ناكرێت، تاكو چۆن پارێزگاری له‌ داخوازییه‌كانمان كه‌ تاڕاده‌یه‌ك به‌ده‌ستمان هێناون، بكه‌ین، چۆن بڕیاره‌كان خۆمان بیده‌ین و به‌ هه‌ره‌وزیش به‌جێیان بگه‌یه‌نین.
بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان سه‌ركه‌وتو بێت، خۆشمان و نه‌وه‌ی ئاینده‌شمان به‌رهه‌مه‌كه‌ی بچنێته‌وه‌، ده‌بێت له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه‌، له‌ گونده‌كانه‌وه‌، له‌ شارۆچكه‌كانه‌وه‌، له‌ شاره‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، ده‌بێت بۆ هەمووو كێشه‌یه‌ك كه‌ هه‌مانه‌ لیژنه‌یه‌ك دروست بكه‌ین، دواتریش لیژنه‌یه‌كی ته‌نسیق یاكۆمیته‌یه‌كی ناوكۆیی كه‌ نوێنه‌رانی هەمووو لیژنه‌كانی تێدا بێت. ئه‌م لیژانانه‌ نه‌ سه‌ركرده‌یان هه‌یه‌ و نه‌ بنكرده‌ و نه‌ ڕۆشنبیری لیبراڵ و نالیبراڵ و نه‌ فه‌یلسوف و زاناش، ڕۆڵێكی زیاتر له‌ من و تۆ زیاتر ده‌بینن. ‌ته‌نانه‌ت نوێنه‌ره‌كانی ئه‌م لیژنانه‌ سابت و هه‌میشه‌یی نابن. ئه‌م لیژانانه‌ له‌سه‌ر بیر و باوه‌ڕ یه‌كناگرن ، په‌یڕه‌وپڕۆگرامی سیاسییان نییه‌، فه‌لسه‌فه‌یان نییه‌ و پێویستیشیان پێی نییه‌، له‌م قۆناخانه‌دا باس له‌ مه‌سه‌له‌ی تیوری ناكرێت مه‌گه‌ر هه‌ر بۆ ده‌مه‌ته‌قێ و خۆشی. به‌ڵكو خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌سه‌ر بناخەی داخوازییه‌كان دێنه‌ پێشه‌وه، به‌ ڕه‌غمی هەمووو جیاوازییه‌كانیان له‌ هەمووو بواره‌كاندا وه‌كو ته‌مه‌ن و ڕواڵه‌ت و دین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌ و ڕه‌گه‌ز و پێست و ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌ژاری و هه‌بوونی ئینتیمای ڕێكخراوه‌یی و چینایه‌تی یا پارتایه‌تی….هتد ‌ هه‌ر كه‌سه‌ش به‌ پێی توانای خۆی به‌شداری ده‌كاتو به‌ ئاره‌زوی خۆشی كاری تێدا ده‌كات ، شێوه‌ی هه‌ڕه‌می و دیسپلینی پارتایه‌تی ڕه‌تده‌كەنه‌وه، بڕیاره‌كانیان به‌ جه‌ماعی ده‌د‌رێن و به‌ جه‌ماعیش جێبه‌جێ ده‌كرێن، كاره‌كانیان زۆر ئاسان و ڕون و ئاشكران، هەمووو كه‌س ڕاست و چه‌پی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران و خۆی ده‌زانێت، ئیدی پێویستی نه به‌‌ وانه‌ پێوتنه‌وه‌ و موحازه‌ره‌دان نییه‌.
ئه‌م لیژانانه‌ ورده‌ ورده‌ فراونتر و به‌هێزتر ده‌بن، تاكو وای لێدێت یاخۆیان خاوه‌نی بڕیاره‌كان ده‌بن له‌ زۆر بواردا یا پیاوانی ده‌سه‌ڵات ملكه‌چ ده‌كه‌ن، تاكو داخوازییه‌كانیان به‌جێبگه‌یه‌نرێن. بۆ ئه‌مه‌ش چالاكی جیاجیا به‌رده‌وام ده‌بن وه‌كو مه‌زبه‌ته‌، گله‌یی، كردنی لۆبی، خۆپیشاندان، ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی وه‌ختی ، مانگرتن تاده‌گاته‌ نواندنی چالاكی و كاری ڕاسته‌وخۆ ، به‌ڵام هەمووو ئه‌مانه‌ پلانی توندوتیژی بۆ ناكرێت، خۆ له‌و كاره‌ساته‌ ده‌پارێزرێت. به‌كورتییه‌كه‌ی بنكه‌نی سیسته‌مه‌كه‌ ده‌كرێت، به‌گۆڕینی كۆمه‌ڵگاكه‌ له‌ بنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌م بزه‌وتنه‌وه‌یه‌دا به‌ژه‌وه‌ندی زاتی تیا نییه‌، ناو و ناوبانگ ناخوات و دروستیشی ناكات، پله‌و پایه و‌ پاره‌ نابه‌خشرێته‌وه، بزوتنه‌وه‌كه‌ موڵكی تاكه‌ كه‌سێك یا گروپێك یا لایه‌نێك نابێت، به‌ قازانجی هیچ لایه‌نێكیش به‌ته‌نها ناگه‌ڕێته‌وه‌، بگره‌ موڵكی هەموو كۆمه‌ڵگایه‌.
هەمووو كه‌سێكیش له‌و لیژانانه‌ ئازادی ته‌واوی هه‌یه‌، له‌ ڕاده‌ربڕین و قسه‌ و ده‌نگدان و ده‌نگنه‌دان و هاتن و نه‌هاتنی بۆ دانیشتنه‌كان و چالاكییه‌كان‌. هه‌ڵبه‌ته‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك ئاوا بگۆڕریت ئیدی شوێنه‌واری گه‌نده‌ڵی نابینیت هه‌ر هیچ نه‌بێت، فه‌رده‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا قه‌بوڵی ئه‌وه‌ ناكه‌ن، كه‌ خۆیان گه‌نده‌ڵ بن و ڕێگاش به‌ كه‌سی دیكه‌ ناده‌ن، كه‌ گه‌نده‌ڵی بكات.‌
ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ مه‌تالیبی سیاسی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتگرتنەده‌ستی نابێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ‌له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداراندا كه‌متر ده‌كه‌وێته‌ موهاته‌راته‌وه‌، تا ئه‌و‌ كاته‌ی كه‌ گۆڕانكارییه‌كان سه‌رجه‌می كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێی ده‌سه‌ڵات ڕاده‌كێشرێت، ئه‌و‌ كاته‌ش سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ لاواز و به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه‌، کە توانای ئه‌وه‌ی نامێنێت، سه‌ركوت و‌ بكوژ و ببڕی هەموو خه‌ڵك بكات‌.

شۆڕشه‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ مرۆڤ به‌های ته‌واوی مرۆیانه‌ی خۆی ده‌ستده‌كه‌وێته‌وه‌ و سیسته‌می سوود و قازانج ده‌وری به‌سه‌ر ده‌چێت و به‌ته‌نگه‌وه ‌هاتن و بایاخی مرۆڤ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م و ده‌چێته‌ پله‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ و جێگای قازانج و سوود و سه‌رمایه‌ی ئێستا ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ له‌ سیسته‌می مه‌وجوددا هەموو خوله‌كێك ده‌یبینین.

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *