هه‌ڵبژاردنی داهاتوی یۆنان ڕه‌نگه‌ چاره‌نوسی یورۆ و زۆنی یورۆ بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌

هه‌ڵبژاردنی داهاتوی یۆنان ڕه‌نگه‌ چاره‌نوسی یورۆ و زۆنی یورۆ بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
03/01/2015
پاش ئه‌وه‌ی له‌ دوو دانیشتنی په‌ڕله‌ماندا به‌ هۆی نه‌هێنانی ده‌نگی ته‌واوه‌وه‌‌ که‌ ده‌بایه‌ له‌ کۆی 300 په‌ڕله‌مانتاری ئه‌وێدا ، لانی که‌م 180 که‌سیان ده‌نگیان به‌ سه‌ره‌کۆماری کاندیدکراو، بدایه‌، نه‌درا، ئیدی سه‌ره‌كوه‌زیران، ئه‌نتۆنوێس سه‌ماره‌س‌ ، چاری نه‌ماو بڕیار ی هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ ڕۆژی 25 ی ئه‌م مانگه‌، جێنیوه‌ری، دا.
هه‌ڵبه‌ته‌ جێگای سه‌رسامبوون نییه‌ که‌ سه‌رکۆمار ده‌یه‌وێت ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه‌ و سه‌ره‌کوه‌زیرانیش که‌ سوڕی په‌ڕله‌مانه‌که‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی ئاینده‌دا ، ساڵی 2016، ته‌واو ده‌بێت، به‌ خۆشییه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی، پێشته‌واوبوونی خوله‌که‌ی، ده‌کات. ئابوری یوێنان که‌ له‌ ساڵ ی2008 دا ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێکی کوشنده‌ بووه‌ و‌ تا ئێستاش، پاش گۆڕینی ده‌موچاوه‌کانی سه‌ره‌كوه‌زیران و وه‌زیری دارایی و ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات له‌ پارتێکی چه‌په‌وه‌ بۆ لیبراڵ له‌ خه‌ڵکانی سیاسییه‌وه‌ بۆ خه‌ڵکانی ته‌کنۆکرات، نه‌ك هه‌ر ژیانی نه‌گه‌ڕانده‌وه‌ به‌ گیانی ئابوریدا، به‌ڵکو بارودۆخه‌ ئابورییه‌که‌ خراپتر بووه‌ و به‌ره‌و داڕمانی زیاتر ده‌چێت.
ئه‌و ده‌رمان و نوشتانه‌ی که‌ ده‌زگه‌ دراوییه‌کانی وه‌کو بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانکی ناوه‌ندی ئه‌وروپا له‌پاڵ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای کۆمیسۆنی ئه‌وروپا، بۆ یوێنانیان نوسی و کردیان، هیچ ده‌وایه‌کی پێ شیفا نه‌بوو، بگره‌ لێشی کرده‌ سه‌ره‌تان ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ دووجه‌مسه‌ری ته‌واو له‌یه‌ك جیاوازیشی له‌و وڵاته‌دا به‌هێز و به‌هێزتر کرد ، که‌ ئه‌ویش پارتی ڕایسستی neo-Nazi Golden Dawn Party ئه‌وێ و پارتی چه‌پی Syriza که‌ ‌گه‌نجێکی 40 ساڵه‌، Alexis Tsipras ، سه‌رکردایه‌تی ده‌کات که‌ هه‌ردووکیان له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا به‌ ڕیژه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو سه‌ره‌لوێنکی په‌ڕله‌مانیان، به‌ پیتتر کرد. هاوکاتیش ئه‌و ده‌زگه‌ دراوییانه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ناوم هێنان که‌وتنه‌ ئیستغلالکردنی بارودۆخه‌که‌ی ئه‌وێ به‌ دانی قه‌رزی 250 ملیار یورۆ به‌ بڕی سوویه‌کی به‌رز له‌ته‌ك سه‌پاندنی هه‌لو مه‌رجێکی یه‌کجار سه‌ختی وه‌کو به‌ تایبه‌تکردنی که‌رته‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان، به‌رزکردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر داهاتی خه‌ڵکی، ده‌رکردنی کارمه‌ند و کرێکارێکی زۆر ، که‌مکردنه‌وه‌ی به‌های حه‌قیقی کرێ، که‌مکردنه‌وه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان و داخستنی بڕێکیان و به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌های سووی بانقه‌کان و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی خانووبه‌ره‌ی خه‌ڵکی که‌ چیتر نه‌یانده‌توانی سلفه‌ی عه‌قاره‌کانیان بده‌نه‌وه‌ و زیادکردنی ڕیژه‌ و ژماره‌ی خه‌ڵکانێک که‌ که‌وتنه‌ سه‌رجاده‌ و بێ لانه‌و خانووبه‌ره‌ که‌وتن و زۆری دیکه‌ له‌م سیاسه‌تانه‌ی ‌ دژ به‌ئابوریی .
به‌ڕێکردنی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ نه‌ك هه‌ر ئابوری ئه‌و وڵاته‌ی نه‌بوژانه‌وه‌و نه‌تواننرا قه‌رزه‌کانی پێبدرێته‌وه‌ به‌ڵکو ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ کردی به‌ قوڕدا و بوو به‌ژێر قه‌رزی دیکه‌و مه‌سروفاتی زیاده‌ی دیکه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی بێکاران و کرێی خانوویان .
له‌ ئێستادا به‌های حه‌قیقی کرێی سه‌ر کار به‌ ڕیژه‌ی له‌ %30 دابه‌زیوه‌ ، به‌رهه‌مهێنانی که‌رته‌ پیشه‌سازییه‌کان به‌ ڕێژه‌ی له‌ %35 اهاتۆته‌ خاره‌وه‌ ، ‌ له‌ 4 که‌سی ئه‌وێ یه‌کێکیان به‌تاڵه‌یه‌، خه‌ڵکانێک که‌ له‌ ئاستی هێڵی برسێتیدا ده‌ژین، ڕێژه‌یان له‌ %23 وه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ له‌ %40.5 ، داهاتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ ڕیژه‌ی له‌ %25 هاتۆته‌ خواره‌وه‌، ئه‌‌مه‌ جگه‌ له‌ باجی ژیان که‌ خه‌ڵکی له‌وێ ده‌یدات به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی خه‌ڵکانی بێ خانووبه‌ره‌وه‌ ، به‌هۆی داڕمانی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی و داخستنی خه‌سته‌خانه‌کان و نه‌بوونی داووده‌رمانی ته‌واوه‌، به‌خشینه‌وه‌ی خواردن له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان له‌ بره‌ودایه‌ ، مردنی منداڵانی ساواو گچکه‌ ، له‌ زیادبووندایه‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ، ده‌زگه‌ دراوییه‌کان وا پێشبینی ده‌که‌ن که‌ پێداگر تن له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه‌ی زیاتر ( ته‌قه‌شوف) له‌ داهاتوودا ‌ بودجه‌ی یوێنان به‌ ڕێژه‌ی له‌ %3 له‌ ساڵی 2015 دا و به‌ ڕێژه‌ی له‌ %4.5 له‌ ساڵی 2016 دا و هه‌ره‌ها له‌ ساڵانی ئاینده‌شدا به‌ ڕێژه‌ی زیاتر، سه‌رکه‌وێت . ئه‌‌م داخوازی و هیوایانه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاکو بڕی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کانی یوێنان زیاتر بێت که‌ سووی ئه‌م قه‌رزانه‌ش له‌ ساڵی 2009 وه‌ له‌ ڕێژه‌ی له‌ %130 وه‌ بۆ ڕیژه‌ی له‌ %175 سه‌رکه‌وتووه‌ . بۆرصه‌ی یوێنان له‌ ڕۆژی 29/12/2014 ده‌دا به‌ ڕێژه‌ی له‌ %10 شکا و کارایی ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر قه‌رزه‌کان به‌ ڕێژه‌ی له‌ %12 چووه‌ سه‌ره‌وه‌ .
مانیفێستی پارتی چه‌پ و مه‌ترسی ده‌زگه‌ دراوییه‌کان و کۆمیسۆنی ئه‌وروپا:
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمکرد ، پارتی چه‌پی SyriZa به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیکالی بۆ هاووڵاتیانی یوێنان هه‌یه‌ که‌ زۆر سه‌رنجڕاکێشه‌‌ بۆیان و به‌ حه‌لی کێشه‌ی ئابوری 6 ساڵه‌یانی ده‌زانن ، پارتی چه‌پ گه‌رچی له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌موو قه‌رزه‌کان هه‌ر به‌ هاتنی بۆسه‌ر حوکم و کشانه‌وه‌ی له‌ زۆنی یورۆ پاشگه‌ز بووه‌وه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مانیفێسته‌که‌ی هێشتا به‌شی ئه‌وه‌ی تیادا هه‌یه‌ که‌ به‌ ڕێژه‌یه‌کی به‌رز خه‌ڵکی ده‌نگی بۆ بده‌ن. له‌و به‌ندانه‌ش که‌ مایه‌ی دڵخۆشی و بڕوای خه‌ڵکییه‌ : سه‌رخستنی کرێی کاره‌، به‌دواچوونه‌‌ بۆ خه‌ڵکانی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌وێ و کۆمپانییه‌کان که‌ پاره‌کانیان له‌ وڵاتی سویسرا داده‌نێن تاکو باجی له‌سه‌ر نه‌ده‌ن، پێداگرتنه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ قه‌رزه‌کانی یوێنان ده‌بێت به‌گوێره‌ی گه‌شه‌کردنی ئابوری ئه‌وێ بدرێته‌وه‌ نه‌ك له‌ سه‌رکه‌وتنی بڕی پاره‌ی بودجه‌‌ که‌ له‌سه‌رئه‌نجامی سه‌رفنه‌کردن و که‌مکردنه‌وه‌ی پاره‌ی بیمه‌کان و سه‌رخستنی باج و داخستنی ده‌زگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان، دێته‌ ده‌ست، پێداگرتنه‌ له‌سه‌ر ملکه‌چ نه‌کردن بۆ ده‌زگه‌ دراوییه‌کان، به‌ڵکو ئاماده‌یی وتووێژ له‌گه‌ڵیاندا، کوژانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کان به‌ بڕی 350 ملیار یورۆ ، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ستگرتنه‌وه‌ ( ته‌قه‌شوف)، به‌ستنه‌وه‌ی تێکڕای خانه‌واده‌کان به‌ تۆڕی کاره‌باوه‌ ، ده‌ستوبردیی له‌ چاره‌سه‌رکردنی بێکاریدا به‌ به‌ڕێکردنی به‌رنامه‌یه‌کی ته‌واوه‌، دابه‌زاندنی بڕی باج له‌سه‌ر داهات ، دانی خواردن به‌ وانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانن به‌هۆی بێ خانوو به‌ره‌وه‌‌ هه‌وه‌ها دابینکردنی شوێن بۆ حه‌وانه‌وه‌یان …گه‌لێکی دیکه‌ تاکو بتوانێت ژیانی خه‌ڵکی بگۆڕێت.
هه‌روه‌کو پێشتر وتم ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ ئێستا ئه‌و وڵاته‌ی پیادا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌م به‌رنامه‌ ڕادیکاله‌ گومان له‌وه‌دا ناهێڵێته‌وه‌ که‌ ئه‌م پارته‌ چه‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی کۆتایی ئه‌م مانگه‌دا، زۆربه‌ی‌ ده‌نگه‌کان بۆ خۆی دابین ده‌کات..
دوای هه‌ڵبژاردن ده‌بێت یوێنان به‌ره‌و کوێ بڕوات ؟
ئه‌مه‌ پرسیارێکه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئاسان نییه‌ و ناتوانرێت به‌ یه‌قینه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌یت. من لێره‌دا ده‌توانم هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بڵێم له‌ هاتنی ئه‌م پارته بۆ ده‌سه‌ڵات، یوێنان و یوێنانییه‌کان به‌ره‌و دووڕیانێك ده‌بات به‌ حوكمی داخوازییه‌کانی ده‌زگه‌ دراوییه‌کان و کۆمیسۆنی ئه‌وروپا که‌ ته‌واو له‌ته‌ك مانیفێسته‌که‌ی ئه‌م پارته‌ چه‌په‌دا که‌ ده‌بێته‌‌ به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌تی ئاینده‌ی یوێنان، له‌ ناکۆکی و ململانێیه‌کی توندا ده‌بێت.
هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ نه‌ سه‌ره‌كوه‌زیرانی یوێنان ، ئه‌نتۆنیس سه‌ماره‌س‌، که‌ هاوکاتیش نوێنه‌ری پارته‌ هاوپه‌یمانه‌کانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، و نه‌ سه‌رۆکی کۆمیسۆنی ئه‌وروپا، جێن کلۆود جه‌نکه‌ر ، ئه‌مه‌یان پێخۆشنییه ‌و کۆمێنتی نابه‌جێ و ناحه‌ز ده‌ده‌ن و ده‌ست له‌ کێشه‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌رده‌ده‌ن. بۆ نموونه‌ سه‌ماره‌س ده‌ڵێت ” جێگای نیگارانییه‌کی زۆره‌ که‌ هێزه‌ توودندڕه‌وه‌کان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست ………زۆربه‌ی زۆری یوێنانی هه‌‌ڵبژاردنیان ناوێت…” سه‌رۆکی کۆمیسۆنی ئه‌وروپاش ده‌ڵێت ” یوێنانییه‌کانی پێویسته‌ ئیلتیزامێکی به‌هێزیان به‌ ئه‌وروپاوه‌ هه‌بێت…. ئاگاداری یوێنانییه‌کان ده‌که‌مه‌وه‌ ده‌نگ به‌ هه‌ڵه‌، مه‌ده‌ن‌ ” هه‌ردووکیان له‌ته‌ك هه‌ندێك له‌ وه‌زیره‌کانی دیکه‌و که‌سه‌ ناوداره‌کانی پارتییه‌کان به‌به‌رده‌وامی کۆمێنتی خۆیان ده‌ده‌ن و هاووڵاتیانی یوێنان له‌و “مه‌ترسییه‌ی” که‌ به‌ڕیوه‌یه‌ ، به‌ئاگاده‌هێننه‌وه‌.

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *