Interview with the Press Prs in Jun 2013

 

هه‌ڵبه‌ته‌ پرسیاره‌که‌تان وه‌ڵامێکی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، منیش هه‌ر له‌سه‌ر داوای خۆتان به‌ کورتی ده‌ڵێم :  له‌ لای من گرفته‌که‌ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ کێ خۆی کاندید ده‌کات و سه‌ر به‌چی پارت و ڕێکخراوێک ده‌بێت و چ به‌رنامه‌یه‌کی گۆڕانکاری وه‌کو ده‌ڵێن ڕادیکاڵانه‌ی، بۆ‌ هاووڵاتیان له‌ کوردستاندا، پێیه‌‌، یا خود چۆن ده‌ستورێک داده‌نێن و چۆنی ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ،  ئایا ده‌یخه‌نه‌ پرۆسه‌ی ڕیفرانده‌مه‌وه‌ یا خوود خۆیان پێشده‌ست له‌سه‌ری ڕێکده‌که‌ون.

له‌ ڕاستیدا کێشه‌که‌ لای من ئه‌سڵی پرسه‌که‌یه‌، وا‌ته‌ پرۆسه‌ی گه‌مه‌ سیاسییه‌که‌یه‌ که‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه،‌ که‌ گوایه‌  گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له‌ سه‌رخان و بنخانی کۆمه‌ڵگه‌دا به‌دووی خۆیدا ده‌هێنێت.  که‌واته‌ کێشه‌که‌ نه‌ کێشه‌ی به‌رنامه‌ی ڕادیکاله‌و نه‌ کێشه‌ی که‌سه‌ سیاسییه‌ کاندیدکراوه‌کانه‌ و نه‌ ئومێدخوازی به‌ یه‌کێک له‌ پارت و ڕێکخراوه‌کانه‌.  له‌م پرۆسه‌ دیمۆکراسییه‌دا هه‌ر که‌س جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست نه‌ک هه‌ر له‌ کوردستاندا به‌ڵکو له‌ هه‌موو جیهاندا ناتوانێت گۆرانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی بکات ، بۆیه‌ هه‌رکه‌سێک و هه‌ر پارتێک له‌و ‌ پله‌و پایه‌یه‌دا بێت ناتوانێت له‌ بازنه‌ی وابه‌سته‌یی بۆ بازاڕی ئازاد ، بۆ سیاسه‌تی لیبراڵ ونیو-لیبراڵ و کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان و بانقه‌کان و ده‌زگه‌ دراوییه‌کانی سه‌رده‌م، ده‌ربچێت، که‌ له‌ هه‌نوکه‌دا  له‌ هه‌موو کونجێکی ئه‌م دونیایه‌دا به‌ ئاشکرا دیاره‌ سیاسه‌ته‌کانیان فه‌شه‌لی هێناوه‌ و جگه‌ له‌ به‌تاڵه‌یی و هه‌ژاری و نه‌بوونی و  بێخانووبه‌ره‌یی و وێرانکردنی ژینگه‌و جه‌نگ و کوشتن وبڕینی نه‌ک هه‌ر مرۆڤ به‌ڵکو له‌ناوبردنی ئاژه‌ڵ و ته‌واوی گیان له‌به‌رانیش و زۆری تر له‌مانه،‌ زیاتر  شتێکی دیکه‌ی نه‌هێناوه‌.   ئه‌م سیسته‌مه‌ وه‌کو ماشێنێکی زه‌به‌لاح گه‌ر یه‌کێک له‌ برغووه‌کانی  ( ده‌سه‌ڵات ، ده‌وڵه‌ت)یش  له‌ هه‌ر شوێنێکیدا به‌و ماشێنه نه‌شاز بوه‌ستێته‌وه‌،‌ یا ده‌بێت سلاک بێت یا به‌رگه‌ناگرێت و ده‌شکێت، دیاره‌ ماشێنه‌که‌ش به‌بێ ئه‌ویش هه‌ر کاری خۆی ده‌کات.

 خۆ ئه‌گه‌ر گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له‌ سه‌ر بناغه‌ی گۆرینی ده‌سه‌ڵات  له‌ لایه‌ ن پارته‌کانه‌وه‌ شتێکی بگۆڕیایه‌، هه‌ر به‌ پارتی کۆنه‌پارێز و ، کرێکاران ، دینی  و ئیسلامی و لیبرڵ و دیمۆکرات سۆشیال دیمۆکرات و کۆمۆنیستی و میلیته‌ری و … هتد بۆچی ئه‌م خۆپیشادان وڕاپه‌ڕینانه‌ له‌ شوێنه‌ جیا جیاکانی ئه‌م دونیایه‌دا به‌رده‌وام ڕووده‌دا؟!!! ئه‌مه‌ باشترین به‌ڵگه‌یه‌ که‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارن و ئه‌م گه‌مه‌ سیاسییه به‌گشتی و سیاسه‌تی لیبراڵ و نیو-لیبراڵ و ئیسلامی لیبراڵ و ده‌عباکانی تریش به‌ تایبه‌تی ، فه‌شه‌لیان هێنا.  یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م پارتانه‌ش له ڕوونه‌دانی گۆڕانکاریدا، دڵنییایی له‌سه‌ر قسه‌ی ئێما گۆڵدمانی ئه‌نارکست و ئازادیخواز ده‌کاته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت” گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان شتێکیان بگۆڕیایه‌ ، ده‌مێک بوو قه‌ده‌غه‌ کرابوون”.   حه‌زیش ده‌که‌م په‌نجه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ڕاکێشم که‌ خه‌ڵکی به‌ گشتی زۆر پێ له‌سه‌ر نه‌زاهه‌تی پرۆسه‌ی هه‌‌ڵبژاردن داده‌گرن و ده‌ڵێن نابێت ساخته‌کاری (ته‌زویر)ی تیادا بکرێت.  به‌ڵام خوودی پروسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌و کاته‌وه‌ی که‌ هاتۆته‌ کایه‌وه‌ ساخته‌کاری بووه‌ ، گه‌وره‌ترین ساخته‌ بوو  که‌ ده‌ر‌هه‌ق به‌ چین و توێژاڵه‌ کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه کراوه‌.  ئه‌م داهێنانه‌ی‌ چینی سه‌روه‌وه‌رو توێژاڵی ده‌سته‌بژێر  باشترین کارێک بووه‌و کارێکه‌ بۆ خه‌ساندن و لێدانی بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی، چونکه‌ خۆیان پێشوه‌خت ده‌یانزانی و ئێستاش ده‌زانن که‌ هیچ گۆڕانکارییه‌ک له‌و پرۆسیه‌دا ڕوونادات تاکو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ . گێلێتیش به‌و ڕاده‌یه‌ ئێمه‌ وابزانین سه‌ه‌روه‌رانمان یاسایه‌ک داده‌نێن یا سییاسه‌تێک به‌ڕێده‌که‌ن که‌ هێزو ده‌سه‌ڵاتی خۆیانی تیادا لاواز بێت و به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ی خه‌ڵکانی ئاسایی بشکێته‌وه‌؟!!!!  کوڕینه‌، کچینه‌ عه‌جه‌ب ده‌به‌نگییه‌که‌.

من پێمسه‌یره‌ پاش تێپه‌ڕبوونی ئه‌م ئه‌زموونه‌ فاشیله‌ ( هه‌لبژاردن) له‌ گه‌لێک شوێنی ئه‌م جیهانه‌و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی یه‌ک به‌ دوای یه‌کی زۆر گه‌وه‌ره، له‌ دژی، به‌ تایبه‌ت ووڵستریت له‌ ئه‌مه‌ریکاو ، ئه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی له‌نده‌ن که‌ زیاتر له‌ 3 مانگی خایاندو هاتنه‌سه‌رشه‌قام له‌ ئیسرئیل له‌ مانگی ئه‌یلولی 2011 دا له ‌لایه‌ن زیاتر له‌ 400 هه‌زار که‌سه‌وه‌ و میسرو تونس و  یۆنا و ئیسپانیاو پورتوغال و ئه‌رجه‌نتین و شیلی و ئه‌وانه‌ی ئه‌م  دوایه‌ی ئۆکرانیاو بولغاریاو به‌له‌ڕووزو تورکیاو ئێستاش به‌رازیل،  که‌چی تازه‌ به‌ تازه‌ خه‌ڵکی له‌ کو‌ردستانی ئێمه‌دا ده‌یانه‌وێت ده‌مووچاوێک، پارتێک به‌ ده‌مووچاوێکی تر یا به‌ پارتێکی تر بگۆڕن، خه‌ڵکی له‌وێ ته‌رمه‌که‌ی ده‌نێژن که‌چی ئێمه‌ لێره‌ لایه‌ لایه‌ی بۆ ده‌که‌ین و گه‌وره‌ی د‌ه‌که‌ین. کورد وته‌نی له‌ بێخه‌به‌ران که‌شکه‌ک سه‌ڵاوات.  کاره‌ساته‌که‌ له‌مه‌دایه‌ و ئه‌ ئه‌مه‌یه‌ جێگای نیگه‌رانی ، به‌ڵام کاتێکیش که‌ پرسیار له‌ خه‌ڵکی ده‌که‌یت که‌ بۆ ‌له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌شداری ده‌که‌یت، وه‌ڵامی هه‌موویان زۆر یان که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ ” ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت  حکومه‌تێکی عه‌لمانی ، لیبراڵ و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیمان،هه‌بێت  و یاسا سه‌روه‌ر بێت، وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ڕۆژاواو ئه‌مه‌ریکاو که‌نه‌دا‌و شوێنه‌کانی تردا هه‌یه‌” .  به‌ڕاستی جێگای دڵته‌نگی و به‌زه‌ییه‌ که‌ ده‌بینین ساویلکه‌یی یا بێئاگاییش به‌و ڕاده‌یه‌، بێت، به‌ تایبه‌ت له‌ناو ئه‌‌وانه‌ی که‌ خۆیان ماوه‌یه‌کی زۆر نیشته‌جێی ئه‌و وڵاتانه‌ بوون که‌ له‌ سه‌ره‌و ناونوسم کردن،که‌چی ده‌خوازن ده‌وڵه‌تێک ، حکومه‌تێکی لیبراڵی وه‌کو ئیساپانیایان یا وه‌کو ئه‌وانی تریان هه‌بێت که‌ ڕێژه‌ی به‌تاڵه له‌ ئیسپانیا‌ له‌ نێوانی گه‌نجانی ته‌مه‌ن 16 ساڵ بۆ 24 ساڵ له‌ %55 له‌ یۆنان له‌ %59 له‌ ئیتالیا له‌ %40.5 له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ %9له‌ فه‌ره‌نسا له‌ %23 له‌ بریتانیا له‌ %20.7.  ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ بریتانیا به‌پێی ئاماره‌کان هه‌تا کۆتایی مانگی نیسانی ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 500 هه‌زارکه‌س  له‌ سه‌ر سێنه‌ته‌ره‌کانی خواردن به‌خشینه‌وه‌  ده‌ژێن  که‌ ژماره‌یان تا مانگی نیسان 260 سێنه‌ربوون و هه‌فتانه‌ش ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ زیادبووندایه‌.  هه‌ر له‌ بریتانیا 4.3 ملێون  که‌س له‌ هه‌ژاری ته‌واواودا ده‌ژین  و 3.2 ملێون منداڵیش، یانی هه‌ر منداڵێک ‌ له‌  3 منداڵ له‌ بریتانیا، له‌ژێر هێلی هه‌ژارییه‌وه‌ ده‌ژێن .  ئه‌ ئه‌مه‌یه‌ جه‌وهه‌ری حکومه‌تی لیبراڵ و مه‌ده‌نی و ژیانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.  تۆ بڵیی خه‌ڵکی له‌ کوردستاندا شه‌یدای ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵا تو حکومه‌تانه‌ بن؟!! ڕه‌نگیشه‌ وابێت، هۆکاره‌که‌شی کاردانه‌وه‌ی که‌مپه‌ینی سیاسییه‌کان ‌و میدیاو ڕۆشنبیری لیبراڵی کورد، بێت‌، که‌ ئۆباڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌ی کوردستان ، که‌ شایسته‌ی ژیانێکی باشترن. له‌ ئه‌ستۆیانه‌.

له‌ وه‌ڵامی دوابه‌شی پرسیاره‌که‌تاندا ده‌ڵێم: خه‌ڵکی هه‌قه‌ بایکۆتی ده‌نگدان و پرۆسه‌ی سوکایه‌تیپێکردنی خۆیان بکه‌ن و گه‌ر بیانه‌وێت گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له‌ ژیانیاندا بکه‌ن ده‌بێت پشت به‌خۆیان و هێزی خۆیان  ببه‌ستن و له‌ وابه‌سته‌یی به‌و که‌س و پارتانه‌وه‌ که‌ هه‌ندێکیان زیاتر له‌ 60 ساڵه‌ هه‌ڵیانده‌خه‌ڵه‌تێن و بازرگانی و قاچاخچێتی به‌ ژیانیانه‌وه‌ ده‌که‌ن، خۆیان ڕزگار بکه‌ن.  له‌بری  ده‌نگدان،‌ من پێشنیاری ئه‌وه‌یان بۆ ده‌که‌م که‌  خۆیان له‌ گروپی لۆکاڵی ڕادیکاڵی ناقوچکه‌یی (ناهیراشی)  دژه‌ سه‌روه‌رێتی، دژ به‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو بواره‌کاندا، له‌ سه‌رانسه‌ری شوێنه‌کاندا، له‌ناو گه‌ڕه‌که‌کاندا بۆ هه‌موو کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری،   ڕێکبخه‌ن . گروپانێک که‌ سه‌پۆرتی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌سایه‌تی تاکی نێو کۆمه‌ڵگه‌و  بڕوابوون به‌خۆیان له‌ کۆنترۆڵکردنی کۆمۆنێتییه‌کانیان، شوێنی کاریان، له‌ هاوپشتی یه‌کتری و هاوکاری یه‌کتر ، هاندانی سۆڵیدارێتی نێوانیان به‌ کرده‌وه‌،  شه‌یرکردنی به‌هره‌و تواناو زانیاری له‌ نێوانی یه‌کتریدا له‌ خه‌بات کردن بۆ خولقاندنی ‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری یه‌کگرتو که‌ کرۆکی خه‌باته‌که‌ی “خه‌بات و چالاکی ڕاسته‌وخۆ” بێت، که‌ ڕووداوه‌کانی کۆنیش و نوێش به‌ به‌رده‌وامی ئه‌وه‌یان سه‌لماند ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م جۆره‌ خه‌باته‌ له‌ هه‌فته‌یه‌کدا به‌ده‌ستی ده‌هێنێت گه‌مه‌ی سیاسی و په‌ڕله‌مانتاری به‌ ده‌یه‌ها ساڵ ناتوانن بیهێننه‌ دی ، هه‌ر ئه‌م خه‌باته‌ جه‌ماوه‌رییانه‌یه‌  که‌ ده‌سته‌به‌ری هێنانه‌دی  هه‌موو خواست و داواکارییه‌کانیان ده‌کات، له‌ سه‌روه‌رانیش ڕزگاریان ده‌کات.

 

 ‌

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *