دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

 

بەشی یازده‌هه‌م

 

ھەژێن :

ھاوڕێ تاھیر، لەبارەی ئابووری سۆشیالیستییەوە لە ڕوانگەی (ماركس و ئەنگلس)ەوە، بەو پێیەی تۆ ئاماژەت پێداوە و خۊشیان نكۆڵی لێناكەن و بۆلشەڤیكەكانیش ھەر ھەمان پلانیان پیادەكرد، واتە نێوەندیانەی ڕێكخستنی ئابووری وەك ژێرخان و نێوەندیانەی ڕێكخستنی ڕامیاریی وەك سەرخان، ھەر پێداویستی وەڵامدانەوە بەو نێوەندگەراییەیە، كە دەوڵەت دەكاتە ناچاریی و  ماركس و ئەنگڵس ھەرچی دەكەن، وەك تەوقێك لە ملیان نابێتەوە و  ھەر ئەمەشە ئاوایان لێدەكات، كە بەناچاریی دەبێت سۆشیالیزمەكەیان شێوە بەرھەمھێانی پێش خۆی (بۆرجوازیی) لە بۆرجواكان بەقەرزوەربگرێت.  بێجگە لەوەی كە من باوەڕم بەوە نییە و  سەرلەبەری بەنادروست و ناپێویست دەزانم، بەڵام پرسیارێك كاتێك كە ئابووری كۆمونیستی مۆركی سەرمایەداری پێوەبێت، ئیدی چۆن كۆمونیستییە؟ كەواتە بەناچاریی لەبەر مۆركە سەرمایەدارییەكەی، پەیوەندییە سەرمایەدارییەكانی بەرھەمھێنانیش لەخۆدەگرێت، چونكە مۆرك بەبێ بوونی كرۆك ناتوانێت بوونی ھەبێت یا بمینێت! كاتێك كە ئەو ئابوورییە بەناو كۆمونیستییە مۆركی سەرمایەداری و پەیوەندی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری ھەبێت، كەواتە بۆ پاڕاستن و گەشەپێدانی پێویستی بە ڕێكخستن و سەرخانی سەرمایەدارییش دەبێت، وەك ھەموومان دەزانین پەیوەندی و گونجانی ژیرخان و سەرخانی كۆمەڵگە (بەرھەمھێنان و بەرێوەبردن) ڕانكوچۆخەی  كوردی نییە، كە سەرەوەی ڕەنگێك بێت و بنەوەی ڕەنگێكی دیكە بێت. كەواتە دەوڵەتەكەش بەناچاری و ھەر بەپێی ئەو یاسا كوێرانەیەی كە مێژوو ئاراستە دەكات، دەىێت بۆرجوازیی بێت. دەكرێت جۆرێكی دیارێكراو یا ڕواڵەتجیاوازی بۆرجوازی بێت وەك لە ڕوسیەی بۆلشەڤیكیدا بینیمان،بەڵام كڕۆكی چینایەتی ڕێكخستنی ئابووری و  پەیوەندییەكانی بەرھەمھێان و دەوڵەت، ھەر ھەمان كرۊكی پێش خۆی بوو. ئەمەش بۆ نەزانی بۆلشەڤیكەكان ناگەرێتەوە، بەڵكو بۆ ھەڵەبوونی تێزەكەی ماركس و ئەنگلس دەگەڕێتەوە. كاتێك كە لە ڕاپەڕینی ١٩١٧دا كرێكاران كارخانەكان و جوتیاران زەمینەكان لە داگیركەرە بۆرجوا و خانزادەكان دەستێننەوە و لە شێوەی خۆبەڕێوەبەرایەتی كارخانەكان لەڕێگەی كۆمیتەكانی كارخانە و خۆبەرێوبەرایەتی ھەرەوەزیی زەمینەكان كە سوونەتیكی ھەرە كۆنی ڕوسیا بوو، لێنین ددان بەوەدا دەنێت، كە لەبەرئەوەی ئابووری سۆشیالیستی بەپێی تێزەكانی ماركس و ئەنگلس و پلانەكانی خۆی، ھێشتا مۆركی سەرمایەداری ھەیە و ناكرێت لە شەوڕۆژێكدا ھەموو شت كۆمەڵایەتی (سۆشیالیزە) بكرێت، بۆیە ناچارە بەڕێوەبەرانی جاران بگیڕێتەوە و  لەجێی خۆبەرێوەبەرایەتی كرێكاران گەشە بە ئابووری و پلانە ئابوورییەكانی ئەوان بدەن. ئایا ئەمەی ئەو كردی ھیچ جیاوازی لە تەك تێزەكەی ماركس و ئەنگڵس ھەبوو؟ ئەگەر وەڵام ئەرێێیە و بەبۆچوونی ھەر ھاورێیەك جیاوازی ھەبووە و ھەیەتی، دەی با وەك ماركسیستێكی سەدەی بیست و یەك خۆی بخاتە شوێنی لێنین و  پێمانبڵێت، ئەو [بێجگە لە ئەڵتەرناتیڤی كۆمونیستەكانی كڕۆنشتات و ئەناركییەكانی ئۆكرانیا و پترۆگراد] چیدەكات، بۆئەوەی ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەر و  سۆشیالیزم لەو ناوچەیە ئاوای بەسەردا نەیێت یا ھەر ڕاپەڕیننیكی ئەگەریی دیكە، كە لە ئێستادا ڕووبدات، چۆن لەو چارەنووسە شكستاوییە ڕزاگار دەكات، بەواتایەكی دیكە تێزەكەی ماركس و ئەنگڵس لەمەڕ ئابووری سۆشیالیستی نێوەندگەرای سایەی دەوڵەت، چۆن كردەییدەكاتەوە، بەبێ ئەوەی ناچار بە كوشتوبری ناڕازییە كۆمونیست و ئەناركییستەكان ببێتەوە ؟

 

با ئاوا وێنای ئەمڕۆ بكەین، كە ھیچ ئەناركییەك و ئەڵتەرناتیڤێكی ئەناركی و نائەناركی بوونی نییە و تەنیا دەنگێك لە كۆمەڵگەدا بۆ سۆشیالیزم، ھەر دەنگی ماركسیستەكانە، دەكرێت بزانین چۆن سۆشیالیزم لەسایەی دەوڵەت و نێوەندگەرایی ئابووریی، بەبێ دووبارەكردنەوەی ھەڵەی بۆلشەڤیكەكان ڕۆدەنێن و ئەوە چییە كە ئەوان دەیكەن، كە بۆلشەڤیكەكان نەیانكرد یا ئاوەزییان بەسەریدا نەشكا، ئایا ڕێگە و شێوازی ئابووری و  ڕامیاریی جیاواز لەوەی بۆلشەڤیكەكانیان پێیە و شكدەبەن، كامەیە و چۆن ؟

 

ھاوڕێ گیان، شۆڕش لەسەر ڕەچەتەی نێو پەرتووكەكان ڕوونادات، بوونێكی زیندووی نێو كەتوارە و  كۆمەڵێك ھۆكار، كاراییان لەسەر ھەنگاوە كردەییەكانی ھەیە؛ لەوانە ھوشیاری شۆڕشگێڕانە كە بەرھەمی خەباتی ڕۆژانەیە، ئامادەیی بۆ ژیان بەبێ سەروەریی، كە بەرھەمی ھوشیاری شۆڕشگێڕتانەیە، ڕێكخستنی شۆڕشگێڕانە، كە ئامراز و پێویستی و وەڵامدانەوەیە بەسەركەوتنی خەباتی سەربەخۆی ڕۆژانە، شكانەوەی ھاوسەنگی ھێز بەلای بەرەی دژە سەروەرییدا و نەمانی پێویستی مانەوەی دەزگە و  سیستەمی سەروەری بۆرجوازیی و كەتوارییبوونەوەی ژیانی ھەرەوەزیی لەسەر بنەمای خاوەندارێتی گشتی و بەرھەمھێنان و دابەشكردنی كۆمەڵایەتی (سۆشیالیئستی)، دیسانەوە ڕەوتی پێگەیینی ئەمانەش لەژێر كارایی ھۆكارە دەرەكییەكانی وەك دەسەڵاتی كولتووری و  بەكولتووربوونی  ژیانی بۆرجوازی، مێنتاڵیتیبوونی سەروەریی چینایەتی و  ڕاھاتن لەسەر نادەربەستبوون و زۆر شتی دیكەی كۆمەڵگەی چینایەتی، كە وەلانانیان تەنیا لە گرەوی ویستی ھوشیارانەی سوشیالیستیی تاكەكان وەستاوە.  شۆڕش بوونێكی لەو جۆرەیە و لە پرۆسێسێكی مێژووییدا دەبێتە كەتوار و بەسەر كەتواری (ناكۆك بەژیان و ناكۆك بە پێداویستی و ناكۆك بە ئازادی تاك)دا زاڵدەبێت، نەك شەڕە تفەنگی میلیشیا و كودەتای سەربازیی و پارەلەمانیی و ھەلقۆستنەی پارتەكان بۆ بەدەسەڵاتگەیشتن. شۆڕشێك كە ئەو ئامادەییانە و ئەو  ھەنگاوانەی نابێت و تاكی ئاوای پەروەردەكردبێت، بەدڵنییاییەوە زەمینەكانی ھەڵوەشاندنەوەی پەیوندی سەرمایەدارانەی بەرھەمھێان و ڕێكسختنی بۆرجوازییانەی ئابووری و  قوچكەیییانەی بەڕێوەبەرایەتی، ئافراندووە و  ھیچ پێویستی بە قەرزكردنی ڕێكخستنی ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە و كولتوور و پەیوەندییە كۆمەڵاویەتییەكان و شێوازی بەرھەمھێنان لە دوژمنەكانی، نابێت.

 

وەك پێشتر وتم، لەبەرئەوەی لە شوێنی دیكەدا لەسەر دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتێری وەستاوم، لێرەدا ناگەرێمەوە سەر ئەو بابەتە، بەڵام دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریا بەپێی تێزی پێشڕەوبوونی كۆمونیستەكان و باشتردەركردنی بەرژەوەندییەكانی پرۆلیتاریا لەلایەن مامۆستاكانییەوە : كۆمونیستەكان لە مانیفێستی پارتی كۆمونیستدا، كە ئایدیالیسترین تێزی سەردمی خۆیەتی و ھوشیاری بۆ دەرەوەی چین و بۆ دەرەوەی كار  دەگێڕێتەوە، ئەوا بۆلشەڤیكەكان بەشی پێشرەوبوون  و ئاوەزی پرۆلیتاریا بوون، كەواتە بەپێی ئەو تێزە دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریاش دیكتاتۆری ئەو پێشڕەوانە دەبێت و بۆلشەڤیكەكان ھەر ئەوەیان كرد و دەسەڵات و بەڕێوەبردنیان لە سۆڤیەتەكان سەندەوە، چونكە بەپێی تێزەكەی نێو مانیفێستی پارتی كۆمونیست ئەوان (پڕۆلیتێرەكان) بە قەد مامۆستاكانیان نەیاندتوانی دەركی ئەركە مێژووییەكانی خۆیان بكەن، ھەر بۆیەش سەركوتی پڕۆلیترە كۆمونیستەكان لە كڕۆنشتات، ئاسایی بوو، چونكە ئەوەی ئەوان داوایاندەكرد، دژی ئاوەز و تێزی پێشروان بوو. ئیدی كاتێك ئەمە دەبینین، ئەوەمان باشتر بۆ ڕوندەبێتەوە بۆ ئەناركیستەكان دژی پێشڕەوایەتی كۆمونیستەكانن و بۆچی پارت ڕەتدەكەنەوە. چونكە وەك لە نێونەتەوەیی یەكەمدا پێداگرییان لەسەر دەكرد، ھوشیاریی چینایەتی لە دەروونی خەباتی ڕۆژانەی چینەكەوە سەرھەڵددات نەك لەلایەن ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجوازییەوە بەدیاری بۆیان ببرێت، ئیدی پێشڕەوایەتی و دیكتاتۆرییش لێرەوە دەچنە ژێر پرسیار. بۆیە جارێكی دیكە ناچارم بپرسمەوە؛ بە چ پێوەرێك دەوڵەتی بۆلشەڤیكی، ئەو دەوڵەتە نەبوو، كە ماركس و ئەنگلس مەبەستیان بووە، ئەو چینە كرێكارە چۆن ئەو چینە كرێكارە نەبووە، كە ماركس و ئەنگلس مەبەستیان بووە، ئایا چینی كۆمەڵایەتی لەسەر ڕەچەتەی ئایدیۆلۆجیی دروستدەبێت؟

 

بەڵام ئەگەر تۆ شۆڕشی كۆمونیستی بە شتێكی دیكە بزانیت، لەوەی بۆلشەڤیكەكان كردیان، ئەوەیان شتیكی دیكەیە و من لەو بارەوە ھەم حەزدەكەم بزانم ئەو شۆڕش چۆنە  و چۆن ڕوودەدات، بۆ ئەوەی ڕوسیا ئەوە نەبوو؟ بۆیە ناتوانم لەو بارەوە زۆر قسە بكەم، ئیدی ناچاردەبم لەوەشدا بوەستم، كە جارێكی دیكە قسە لەسەر ئەو دەوڵەتە بكەمەوە، چونكە تۆ ھەم ئەوەی ڕوویدا بە شۆڕشی كۆمونیستی نازانیت و بە لۆجیكی تیڕوانینەكەشت بەرەھەمەكەشی دەوڵەتی ڕاگوزەری كۆمونیستی نابێت. كەواتە تۆ ڕەخنەی پەیگیرانەت لە بۆلشەڤیزم و ئۆكتۆبەر ھەیە و لەم بارەوە ئەگەر لە وەڵامەكانی داھاتوودا كەمێك قسەی لەسەر بكەیت، سوپاسگوزار دەبم، چونكە تاكە ڕەخنەیەكی ماركسیستی كە بۆلشەڤیزم ڕەتبكاتەوە و ڕەخنە لەوە بگرێت، كە لێنین كردی و تا ئێستا من خوێندبێ‎تمەوە، ڕەخنەی ھاوڕێیانی كۆمونیزمی شوراییە، بەدیارێكراوی ئەنتۆن پانەكۆك و  كایو براندل. بەڵام دەتوانم بڵێم ھاوڕێ ئەگەر واز لەوەش بھێنم، كە دروست نییە لە پەرتووكان و كەلێنی ئادیۆلۆجییەكاندا بۆ دروستی و نادروستی و شۆڕشبوون و كۆمونیستبوون و بوونەكانی دیكە بگەڕێین، ئەوا دەبێت ئەوە بڵێم، كە یەكەم ناتوانین كەتوارێكی زیندوو لە قاڵبی تیئۆری بدەین و دووەم، ناتوانین ئەوەی لە ڕستەیەكدا ھاتووە دەقاودەق لە كەتواری ژیان و كۆمەڵگەدا كۆپی/ پەیست بكەین و تەنانەت ناتوانین مەبەستی نووسەرێك لە دیالۆكێكدا، دەقاودەق لەسەر شانۆیەك یا لە فیلمێكدا وێنا بكەین. بەڵام دیسانەوە ناچارم بە پرسیارێكی وەرسگەر  ڕوو لەو ھاوڕێیانەی كە ئەو بۆچوونەی تۆیان ھەیە، بنێمەوە و بپرسم، ئەی ئەو دەوڵەتە چۆنە و چۆن دەبێت، جیاوازی لەتەك دەستكردەكەی لێنیبن چییە؟

 

وەك پێشتر وتم، من بەپێچەوانەوە، ڕادەیەك لە تەكنۆلۆجیا و گەشەی بەرھەمھێنان و  ژێرخانی ئابووریی و  زۆری و كەمی و ساوایی و پیری چینی كرێكار  بە مەرجی شۆڕش و سەركەوتن و سەرنەكەوتنی نازانم. ھەروەھا بەپێچەوانەی ھەموو ئۆروپاوە، ڕوسیا تەنیا وڵاتێك بوو، كە بە سوونەتی كۆمەڵایەتی، ھەرەوەزییە كشتكارییەكان بەشێك بوون لە كولتووری و ھەروەھا ناڕەزایەتی و خەباتی ژنان ئەوەندە لە ئاستێكی بەرزدایە، كە مانگرتنی ژنان دەبێتە ھەوێنی ڕاپەڕینی ١٩١٧ و یاخیبوونی سەربازان و دەریاوانان بە ڕادەیەكە، كە لەھیچ وڵاتێكی ئەوروپی ئەو سەردەمەدا ئەو ھەڵچوونە شۆڕشگیرانەیە نابین، بە ئێستاشەوە لەھیچ وڵاتێكی ئەوروپی تۆپ پێشكەوتوودا، وێڕای پیربوونی چینی كرێكار و تەنانەت ئەو ورە و یاخیبوونە شۆڕشگێرانەیە نابینین و بە ئێستاشەوە توێژی كرێكار نەك چینی پڕۆلیتاریا، لەھیچ وڵاتێكی تۆپ پێشكەوتوودا ئەو مەرجانەی تێدانییە، كە لە كڵێشەكەی (ماركس و ئەنگلس)دا جێگەی ببێتەوە. بەداخەوە ئەو ئامارگیرییە و پەنابردنی ھاوڕێیانی ماركسیست بۆیان، لە گشت سەردەمەكاندا تەنیا توانیویەتی پاساوی شكست و تاوانەكانی دەسەڵاتی بۆلشەڤیكەكان بێت.

 

بەبۆچوونی من وێرای ھەموو دواكەوتووییەكی پێشەسازی و وێرانی پاش جەنگ و فشار و  ھەڕەشەی دەوڵەتانی ئەوروپی و ئەمەرێكا، ھێشتا دەكرا بەڕێوەبەرایەتی سۆڤیەتی لەجێی دیكتاتۆری پارت بێت و ئەوەی لە بەروبووم و بەرھەم و سامان و ھەژاری ھەیە، دادپەروەرانە دابەشبكرێت و جیاوازی سۆشیالیزم و سەرمایەداری بەكردەوە بۆ پرۆلیتێرەكان بخرێتەرەڕوو. بمبوورن، كە ناچارم بگەڕێمەوە سەر ناوچەی كەتەلۆنیای ئیسپانیا، كە ئەناركستانە بەڕێوەدەبرا، ئەوەی بەرھەمی ھەرەوەزییانەی ھەمووان لەسەر بنەمای یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی دابەشدەكرا و بڕیاردان ھەمووانی بوو و بەرەنگاری دوژمن ھەمووانی بوو، بێجگە لەوەی كە توانیان لە بوون و نەبوون، لە ئازادی بڕیاردان و بەڕێوەبردن، لە دڵخوازانە بەشداری جەنگ و كۆمەكردن، بەھرەمەندبن، ھەروا وەك پێشتر وتم، كاتێك كە سەرمایەدارەكان بە پێشلەشكری فاشیستەكان پاش تێكشكانی سەربازیی ھەرەوەزییەكان و بەشەكانی دیكەی ئیسپانیا، گەڕانەوە، نەك كارخانەكان و كێڵگەكان ئاوەدانبوون، بەڵكو بەروبوومیش لەچاو پێش ھەرەوەزییەكان زیاتر بوو. ئێستاش ئەوانەی كە لەو سەردەمەدا ژیاون، بەتامەزرۆییەوە ئەو ڕۆژانە دەگیرنەوە. ئایا نەدەكرا لە (ڕوسیە)ش ئەوە بكرێت؟ باشە، با ئاوای دابنێین كە پێش و  پاش ١٩١٧ تا ١٩٢٨ [ھەرچەندە من ئەو ساڵە ١٩٢٨ بەدروست نازانم، تەنیا ھەوڵێكە بۆ دەركیشانی لاقی لێنین لە لیتەكەدا] لە ڕوسیە پیشەسازی ھاوچەرخ وەك بنەمای ئابووریی پێشكەوتوو، زۆر دواكەتوو بووبێت، ئەدی لە ساڵانی سییەكان بەملاوە، مەگەر ڕوسییە نەبووە وڵات و ھێزێكی ئابووریی و سەربازیی جیھانخۆر و  مەگەر نەك ھەر چینی كرێكار بە ئاستی ڕەچەتەكەی ماركس و ئەنگلس گەییشت، بەڵكو ھەموو كۆمەڵگە لەژێردەستی سەروەری پارتی بۆلشەڤیكدا نەبوو بە كرێكار و لەھیچ جێییەكی دونیا ھێندەی ڕوسیە كرێكار ی پێشەسازیی بوونی ھەبوو؟ مەگەر لە چاینی پاش سەركەوتنی ماوییەكان ئەوەندە كرێكاری پێشەسازیی ھەبووبێت، ئەدی بۆچی كلیشە كۆمونیستییەكان، كەتواریی نەبوونەوە ؟

ھاوڕێ گیان ناو و ناتۆرە دۆزینەوە بۆ خەڵكی ڕاپەڕیوی ڕوسیە لە ١٩١٧دا ھیچ لەوە ناگۆڕێت، كە جەماوەری ڕاپەڕیو بەڕێوەبەرایەتی سۆڤیەتی (شورایی)یان دەویست، ئازادی و یەكسانی ئابووریی و دادپەروەرییی كۆمەڵایەتییان دەویست. پاشان ئەگەر ڕاپەڕینی گشتی یا گەلیی خراپ و بێكەڵك بێت، ئەدی ڕاپەڕین و دەسەڵاتی چەند ملیۆن كرێكارێك نابێتە سەروەریی كەمینە بەسەر زۆرینەدا؟

 

بەبۆچوونی من درەخشانترین خاڵی ئەو ڕاپەڕینە، گەلییبوونی بوو و تەنیا توێژێكی وردەبۆرجوازی، كە بەناوی كۆمونیزم و سۆشیالیزم و سۆڤیەتەكانەوە قسەی دەكرد و كۆمونیزمی كردبووە دێوجامەی شاردنەوەی خەونە ناسیونالیستییەكانی بۆ گەیاندنی ڕوسیە بە ئاستی وڵاتانی ئۆروپا و ئەمەریكا، ئەوە پارتی بۆلشەڤیك [سەرانی پارت نەك ئەندامانی دڵسۆز و كۆمونیستخواز] بوو، ھەر بۆیە بەبۆچوونی من نەك پیادەكردنی ئەڵتەرناتیڤە كۆمونیستییەكانی كرۆنشتات و ئەناركییەكانی ئۆكرانیا، بەڵكو ئەگەر تەنیا ئەڵتەرناتیڤی نادرۆنیكییەكانیان پیادەبكردایە، زۆر لە دەسەڵاتی پارت و دیكتاتۆریی پارت بەناوی پرۆلیتاریاوە باشتربوو، چونكە بەلایەنی كەم، ھەنووكە نەك تەنیا چارەنووسی ڕوسیە، بەڵكو  چارەنووسی تەواوی جیھان شتێكی دیكە دەبوو. ھەرچۆنێك بووایە، ھەنووكە واژەی كۆمونیزم ئەوەندە ڕسوا نەبووبوو و خەونە بەرزەكان نەدەبوونە كەرەستەی گاڵتەی ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجوا و قسەكەرانی نیئۆلیبرالیزم. ھەرچەندە لەو ئەزموونەدا ئەناركیستەكان قوربانی بوون، بەڵام دوژمنانی چینایەتی ئەو ڕاستییە دەشارنەوە و شكست و تاوانەكانی بۆلشەڤیزم بەڕووی ئێمەشدا دەدەنەوە !

 

ھاوڕێ، دیسانەوە جارێكی دەگەرێیتەوە سەر بڕیاردانی یاسای كوێرانەی گەشەی ئابووریی كۆمەڵگە و دەیكەیتە بەردەبازی ڕزگاركردنی پارت و سەرانی بۆلشەڤیك لە خنكان لەبەردەم ڕەخنەكانی خۆتدا و دەیانكەیتەوە بە ڕۆبۆت و  ئاراستەكردنی ڕەوتی رووداوەكان بەھێزێكی درەوەی ئەوان دەسپێریتەوە.  “حیزبی ئەو چینە بێت و بە ناچاری دەبووایە خۆی تەسلیم بە ڕەوەندێکی مێژوویی بکات کە لەدەرەوەی، مەیل و خواست و ئیرادەی ئەو، یاساکانی گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە ئابوریی و ژێرخانییەکانی کۆمەڵگەی ڕوسیا بەسەریدا دەیسەپاند.” بەڵام ھاوڕێ، كەتواری ئەو كات شتێكی دیكەمان نیشاندەدات.

 

كاتێك كە تۆ باس لە شۆڕشبوونی ڕاپەڕینی ١٩١٧ دەكەیت و  ددان بەوەدا دەنێیت، كە كرێكاران و سەربازان و خوێندكاران ئەو شۆڕشەیان كردووە، باشە سەربازان كێن و پێش سەربازی كێبوون، مەگەر ڕۆلەی كرێكار و زەحمەتكێش نەبوون، ئەی خوێنداكاران كێن، مەگەر بەپێی زۆریەنبوونی كرێكار  و زەحمەتكێش، زۆرینەی خوێندكاران سەر بە بنەماڵەكانی ئەو چینە نەبوون؟ باشە ئەگەر شۆڕش ئەوان كردبێتیان، ئیدی چ پێویست دەكات، لە كەسی دیكە وەریبگرنەوە؟ ئایا من بەرەنجامی كارێك كە بەخۆت ئەنجامتداوە، چۆن لە كەسێكی دیكە وەریدەگریتەوە و پێشكەشت دەكرێتەوە؟ ئەمە ڕاستییەكی شاراوەی تێدایە؛ یا شۊرش كەمینەی بۆلشەڤیك كردوویەتی و بەپێی تێزەكانی مانیفێستی پارتی كۆمونیست و بۆچوونەكەی تۆ، دەبوو بیداتە دەست كرێكاران ! یا خودی كرێكاران و بەشە ژێردەستەكانی كۆمەڵگە كردوویانە و  بۆلشەڤیكەكان لێیاندزیون و دەبوو بیگێرنەوە بۆ خاوەنەكەی؟ بەبۆچوونی من، ئەوەی دووەم بوو، وەك دەبینین تا  ساڵی ١٩١٨ بەجۆرێك سۆڤیەتەكان ڕۆڵیان ھەیە و دەتوانن بەجۆرێكی لاوەكی بڕیار بدەن، بەڵام لە پاش ١٩١٨- ١٩٢١ ەوە ئیدی سۆڤیەتەكان تەنیا ناوی سەركاخەز بوون و  ئەگەر وەك ڕێكخراویش ھەبووبن، ئەوا تەنیا مەقاشی پارت بوون و بۆ سەركوتی ناڕەزایەتی خەڵك بەكاریھێناون!

 

ئاخر ھاورێ، كاتێك پارت وەك پێشڕەو باڵاترین ئۆرگانی ڕێكخستنی چینایەتی بێت، كاتێك كۆمونیستەكان ڕۆڵی پێشڕەوایەتیییان ھەبێت، ئیدی چۆن بزووتنەوە لە قاڵبنادرێت، یا ئیدی ڕۆڵی پارت چییە؟ بەڵێ یەكێتی كۆمونیستەكان وەك پارت، سەرچاوەی لێڵبوونی ئاوەكەیە و ھەر ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی، كە ماركس و ئەنگلس سكتاریستانە لە نێونەتەوەیی یەكەمدا بە پیلانگێڕیی، باكونین و  ھاوڕێكانی بە تۆمەتباركردن و  سووكایەتی بكەنە دەرەوە. ھەڵدانەوەی ئەم پەڕە ڕەشانە لە مێژووی نێونەتەوەیی یەكەمدا زۆر ئازارم دەدات، بەڵام ھەندێك جار ناچاردەبم و ناكرێت بازی بەسەردا بدرێت. ھەروا بەداخەوە دەبێت ئەوە بڵێم، یەكێتی كۆمونیستەكان و مانیفێستەكەی سەرچاوەی سروشتوەرگرتنی لێنین و ئەوانی دواترن، ھەروەھا پیلانگێڕییەك كە بۆلشەڤیكەكان لە خۆزاڵكردن بەسەر سۆڤیەتەكاندا و دواتر پووچەڵكردنەوەیان و پیلانگیرێیەك كە چەپەكانی ھەرێمی كوردستان لەنێو یەكێتی بێكاران و ڕێكخراوەكاندا بۆ دەرپەڕاندنی سۆشیالیستە نا حیكمەتیستەكان، سروش لە یەكەمین  پیلانگێریی نێو نێونەتەوەیی یەكەم وەردەگرن و وەریانگرتووە، كە بۆ یەكدەستیكردنەوەی نێونەتەوەیی یەكەم و دەرپەڕاندنی سۆشیالیستە دژە دەوڵەتییەكان، گیرایەبەر. من ئاوای دەبینم، بەداخەوە، بەپێی بەڵگە مێژووییەكان لەلای من، شتێكی دیكە، جیاواز لەوەی لەلای تۆ گەلاڵە دەبێت، دەسەلمێنن. ئەمەش ئاساییە و دەكرێت ھەڵەشبم. بەڵێ من ئەوەی لێنین، بە گەشەی ئەوەی پێشووتری خۆی دەبینم، بەڵام دەقاودەق ھەوڵەكانی حیكمەتیزم لە ئێران و كوردستاندا، بە دووبارەكردنەوەی ھەوڵەكانی لێنین و بۆلشەڤیكەكان دەزانم.

 

ھاوڕێ گیان، سروشتی پێكھاتە و ڕێكخستنی قوچكەیی و دەسەڵاتخواز ئاوایە، كە وەك ئەم ڕۆژانە دەبینین حیكمەتیستەكان لەسەر  ڕابەرڕابەرانێ و ئەوەی كێ باشتر دەروێشی حیكمەت بووە، كەوتوونەتە گیانی یەكتر، لە ڕێكخستنی ڕامیارییدا ناو و  دەسەڵاتی ڕابەر/ لیدەر لەپێش پارتەوەیە، ھی پارت لە پێش چینێكەوەیە كە پاگەندەی دەكات، پاشان وڵاتەكی لە پێش وڵاتەكانی دیكەوەیە و  بەم شێوەیە …تد  كایەكە بەردەوام دەبێت. ھاوڕێم، حەزدەكەم بگەڕێتەوە سەر پێداگرتنە مەزھەبییەكانی لێنین لەسەر  ماركسیستبوون، پاشان سوێندخواردنەكانی ستالین لەسەر تەرمەكەی لێنین و  پێشبركێی ستالین و ترۆتسكی و ئەوانی دیكە لەسەر ئەوەی كە كێ زیاتر و باشتر لێنینیست بووە و ژەیە. لە ئەمڕۆدا دەقاودەق ئەمە دەبینین، مەنسووری حیكمەت لە دەورانی فراكسیۆنەكەی نێو (حكا)دا ئۆرتۆدۆكسبوونی كردە سوونەت، پاش جیابووەنەوەی لە ستوونی یەكەمی، یەكەم ژمارەی بڵاوكراوەی (انترناسیونال)دا بە “من لێنینیستم” پەیامی خۆی بە لایەنگرانی دەدات، كە ئەو مرد، بە شێوەی ستالین، پاشڕەوانی كەوتنە سوێندخواردن بۆ مەیتەكەی و ئینجا پێشبڕكێی ئەوەی كە كێ حیكمەتیستترە دەستیپێكرد و درێژەی خۆتان باش دەیزانن. ئەم وەرەمە كە ئەمڕۆ سەراپای كۆمونیستەكانی گرتووەتەوە و لەوێشەوە بزووتنەوەی كرێكاری و سۆشیالیستی ئالوودەكردووە، سەرچاوەكەی بۆ نێونەتەوەیی یەكەم دەگەرێتەوە و  سۆشیالدێمۆكراتەكان گواستییانەوە نێو نێونەتەوەیی دووەم و  لێنین  گواستییەوە نێو سەدەی بیست و ھەوڵەكانی دواتر. بەبۆجوونی من، ئەو وەرەمە، كە تۆش بەجۆرێك ڕۆشنایت خستووەتەسەر، تەنیا بە پاكژكردنەوەی كۆمونیزم و ماركسیزم لە مەزھەبگەرایی و ئایدیالیزم بنەبڕ دەكرێت، ھەرچەندە لە ئوروپا كۆمونیستە شوراییەكان بەجۆرێك بەو كارە ھەستاون، بەڵام بەداخەوە لە خۆرھەلاتی ناوین و  كوردستاندا ھەوڵی ئاوا جێگەی خاڵییە.

 

دەستخۆش ھاوڕێ، لەپێش دوا پەرەگرافدا، زۆر بەجوانی وێنای یا وێنەیەكی پڕاوپڕت لەسەر چۆنیەتی سەركەوتنی بۆلشەڤیكەكان و دەوڵەتەكەیان، خستووەتەڕوو، كە بەداخەوە، كەم كۆمونیست لە خۆرھەڵاتی ناوین و  ھەرێمی كوردستاندا بوێری ئەوەیان تێدایە. بەڵام داخەكەم، لەبەرئەوەی تۆش پاش ئەوە، جارێكی دیكە دەبیتەوە بە تاھیری نێو پەرتووكەكان، ناتوانیت واوەتر برۆیت و ئەو دەرگە كڵۆڵمكراوە بشكێنیت، كە لەسەر بابەتی دەوڵەتینەبوونی سۆشیالیزم و كۆمونیزم، داخراوە. بەبۆجوونی من، گرفتەكە لە ناتوانایی یا نەزانینی لێنین و پاشڕەوانی ئەودا نەبوو، كە ئەو دەوڵەتە نەبووە، كۆمونیستی، بەڵكو لەوەایە، كە كۆمونیزم وەك ئایدیای كۆمەڵگەی ئازاد، دژ و ناتەبایە بە دەوڵەت، ئەوەش لەبەرئەوەی كە دەوڵەت دژی ئازادییە و  كۆمونیزمیش بەبێ ئازادی، تەنیا دێوجامەیەك دەبێت، لەو دێوجامانەی كە لێنین  و مائوتسیتۆنگ و  كاسترۆ و  ئەوانی دیكە پۆشییان.

 

بەڵام ھاوڕێ گیان، ئەوەندەی من بزانم و تێگەییشتبم، خودی ماركس ڕەخنە لەوە دەگرێت، كە بتوانرێت ھەر كەس بەقەد بڕی كارەكەی وەربگرێت، چونكە بێجگە لە پێداویستییە ڕۆژانەییە ڕاستەوخۆكانی تاك، بەشێك لە بڕی كاری تاك بۆ پێداویستییە گشتییەكانی كۆمەڵگە دەبێت بخڕینەلاوە. ھەڵبەتە من نامەوێت، پاساو بۆ چەتەگەریی جەنەراڵ و سەرانی پارتی بۆلشەڤیك بەسەر ڕەنج و بەرھەمی ژێردەستانی كۆمەڵگەوە، بھێنمەوە، نەخێر، مەبەستم ئەوەیە، كە نە لە كۆمەڵگەی كۆمونیستی و  نە لە كۆمەڵگەی ئەناركیدا ناتوانرێت تاك  ١٠٠%ی بڕی كارەكەی ڕاستەخۆ وەربگرێت، بەڵام دەبێت ئەوەی ھەیە و نییە، بە یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتییانە دابەشبكرێت و ھەمووان لێی بەھرەمەندبن، چ كەسانێك كە توانای كاركردنیان ھەیە، چ ئەوانەی كە توانایان نییە.

 

بەڵام ھاوڕێ گیان، وەك لە سەرەتادا وتم، ھەرچەندە دژایەتی بەستنەوەی ئەو دوو واژەیە بەیەكەوە دەكەم، ئەگەر ئەوەی لە ڕوسیە بەرپاكرا، ئەوە نەبووە، ئەدی دیكتاتۆری بەناو پڕۆلیتاریا چییە و چۆن دەبێت و چۆن پیادەدەكرێت؛ ئەگەر سبەینێ لە عیراقدا ھەلێك لە چەشنی ئەوەی ئۆكتۆبەر ھەڵكەوێت و  پارتێكی كۆمونیست لەو چەشنەی كە ماركس و ئەنگلس دەیانخواست، ھەبێت و ھەموو ئەو  زەمینە و مەرجانەی كە تۆ بۆ سەركەوتنی شۆڕش و كۆمونیزم بەپێویستی دەزانیت، لەئارادابن، بەڵام پاش سەركەوتنی، خەڵكی بادینان، داوای جیابوونەوە و  پەیوەستبوون بە ھەرێمی كوردستانی توركییە یا سوریە بكەن، شیعەكان داوای ئۆتۆنۆمییەك بكەن، كە لە لە سایەیدا بەز ۆرینەی دەنگ خوازیاری میرایەتی ئایینی بن، دانیشتوانی ناوچەی ھەولێر، بە زۆرینەی دەنگ خوازیاری كۆمونە كشتكارییەكان بێت، دانیشتوانی ناوچەی ھۆرامان بە زۆرینەی دەنگ، خوازیاری خوێندن و بەكاربردنی زمانی دایكی خۆیان بن، ئایا  وەڵامی پارتی پێشرەو و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا لەسەر ڕەچەتەی ماركس و ئەنگلس، بەچوونی ھاوڕێییانی ماركسیست – كۆمونیستی ئەم سەردەمە، دەبێت چۆن بێت یا چۆن دەبێت ؟

 

تێبینی، مەبەستم لەم پرسیارە یا پرسیارەكانی پێشووتر، تەنگەتاوكردنی ھیچ ھاوڕێیەك نییە، بەڵكو تەنیا بۆ تێگەییشتنی خۆمە، كە بەداخەوە ھەرچەندی دەكەم و تێدەكۆشم، من جیاوازی لە ڕەچەتەكانی ماركس و لێنین و  پاش ئەوانیش نابینم. ھەر بۆیە وەڵام بەو پرسیارانە كۆمەكێكی زۆر بە ڕەخنەگرانی كۆمونیزمی ماركسیستی بەھەموو لك و پۆپەكانیەوە دەكات و ئاسانكاریی تێگەییشتنی ئەوەیان بۆ دەكات، كە دەركی جیاوازییەكە لەسەر زەمینەی كەتوار بكەن. ھەروەھا نامەوێت سووچی درێژبوونەوە و ھاتنەناوەوەی باسی لاوەكی دیكە، بخەمە سەر ھیچ ھاوڕێییەك، بەڵكو بۆ ئەوەی دەگێڕێمەوە، كە مشتومڕەكەی ئێمە لە سەرەوە دەستیپێكرد و ئەگەر لە خوارەوەڕا دەستیپێبكردایە، واتە لە بابەتەكانی قۆناخبەندی مێژوو و ھۆی دروستبوونی چینەكان و پاشان ناچاریی بەرەنگاریی و ئینجا پێداویستی ڕێكخستن و كامە ڕێكخستن و ئەگەری ڕاپەرینەكان و ھۆی تێكشكانیان و شۆڕش و ئینجا سۆشیالیزم و دەوڵەت، كاتێك كە مشتومەكەی ئێمە بازدانێك دەبێت بەسەر ئەو بابەتانەدا، ئیدی بمانەوێت و نەمانەوێت، بابەتەكانی دیكە دێنەپێشەوە و ناكرێت ھیچ یەك لە ئێمە خۆی لە لێدوان لەبارەیانەوە لابدات  و ئەگەر كارێكی ئاوا بكەین، تەنیا ناڕۆشنی لەلای خوێنەر دروستدەكات.

 

 

ھاوڕێیان، لە كۆتاییدا تەنیا ئەوە ماوە بڵێم، كە مشترومڕ لەمەڕ پرسەكانی سۆشیالیزم، بۆ من ھەوڵێكە بۆ پەیبردن بە لاوازییەكانی تێڕوانینی خۆم لە خوێندەوەی بۆچوون و دیتنی ھاوڕێیانی سۆشیالیستخوازدا، بۆیە ھەم كاتێكی زۆری بۆ تەرخاندەكەن و ھەم بەسوودی دەبینم، بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەم بنەمایە، لە مشتومڕی تەندروست و ھاوڕێیانەدا، براوە و دۆراو بوونی نییە، چونكە ئەوە تەنیا لە فەرھەنگی كەسانی ڕامیار و پارتیبازدایە، كە مشتومڕ دەبێتە شەڕەدەنووكی كەڵەبابان و دەبێت یەكێكیان ئەوی دیكەیان بكوژێت یا لە خوێندا بگەوزێنێت. بەداخەوە زۆرجار لەو فەرھەنگە دواكەوتووەدا كەسایەتی خاوەنی بۆچوونی ڕەخنەلێگیراو و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی دەكەونە بەرھێرشی كینەدۆزانە و تەنانەت لە فەرەھەنگی گروپە چەپە میلیشیاكاندا زۆرجار كاركێشاویەتە گولـلەبارانكردنی یەكدی، خۆشبەختانە ئەمڕۆ ئەمە نەماوە، بەڵام ھێشتاكە لە شێوازی ڕەخنەی نووسراودا، تیرۆری كەسایەتی و دەوروبەری ڕەخنەلێگیراو، پارێزراو نییە.

 

بۆیە من زۆر دڵخۆشم و بە ئارەزوومەندییەوە بەشداری ئەم مشتومڕانە دەكەم، چونكە ئەم ھاوڕێیانە یا لەبنەڕەتەوە ھەڵگری وەھا فەرھەنگێكی دواكەوتوو نەبوون یا سەردەمانێكی زۆر دوورە پشتیان لەو فەرھەنگە كردووە. سوپاس بۆ بەشداری و ئامادەییتان، بەھیوای یەكگرتنەوە لە مشتومڕێكی دیكەدا، ئەگەر بشكرێت بەشێوەی زنجیرەیی و لەسەر پێشنیاری ھەمووان، ناوبەناو لێرەولەوێ بەردەوام بین. ھەڵبەتە بۆ خوێنەری ھێژا نەوتراو نەمێنێتەوە، من بۆخۆم ئامانجم لەم مشتومرانە، لەنێوبردنی جیاوازی بۆچوون و بیركردنەوە نییە، بەڵكو ئامانجم دەوڵەمەندكردنی جیاوازییەكانە و ھیچ شتێك بەبێ جیاوازی بۆچوون و بیركردنەوە، ناتوانێت بەرەوپیشەوە بڕوات، جیاوازییەكان لەبیركردنەوەدا، زیندوویەتی بە ھزر و فیلۆسۆفی و ژیان بەگشتی، دەبەخشن.

درێژەی ھەیە ….

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم :http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم:http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم:http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم:http://wp.me/pu7aS-18J

بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N

بەشی شەشەم : http://wp.me/su7aS-4397

بەشی حەوتەم : http://wp.me/pu7aS-19a

بەشی ھەشتەم : http://wp.me/pu7aS-19t

بەشی نۆھەم : http://wp.me/pu7aS-19y

بەشی دەھەم: http://wp.me/pu7aS-19D

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *