به‌شی دووهه‌م
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
شوباتی 2010
ئایین و ترس، ئایین و دڵره‌قی، ئایین و به‌دكاری و خراپه‌كردن…
گه‌رچی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م به قسه‌یه‌كی Russell به كورتی كرد سه‌باره‌ت به ئایین و ترس، ئایین و دڵڕه‌قی و خراپه‌كاری، ئێستاش ده‌توانم زیاتر تیشك بخه‌مه سه‌ر ئه‌وه به هێنانه‌وه‌ی قسه‌ی كه‌سانیتر و به‌ڵگه‌ی مێژویی، كه ده‌توانین هه‌موو ئه‌مانه به به‌ڵگه بۆ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ده‌ڵێن ئایین: بووه‌ته هۆی ڕاگرتنی ئاسایش، وه‌ستانی خه‌ڵك له كوشتن و بڕین و دزی و تاڵانی و ده‌ستدرێژیكردنه (لاقه‌کردن) سه‌ر ئافره‌ت و منداڵ و كه‌مئه‌ندام و بێتوانایان ..هتد گوایه ئایین نه‌مێنێت ئیدی كۆڵه‌كه و دیواری ویژدان و ڕه‌وشت و مرۆڤایه‌تی هه‌مووی هه‌ره‌س ده‌هێنێت، به‌كورتییه‌كه‌ی ئه‌مان ده‌ڵێن گه‌ر ئایین نه‌مێنێت ئیدی دنیا ئاخر ده‌بێت.
ئیبن وه‌ره‌ق له‌لاپه‌ڕه 157ی هه‌مان په‌رتووكدا كه ده‌توانم بڵێم قسه‌كه‌ی Russell ته‌واو ده‌كات، ده‌ڵێت ” ترس دواجار له‌ژێر نێڵه‌ی كاری نامرۆیانهدا ئه‌خلاق بۆگه‌ن ده‌كات، كه به‌دووره له پاكی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی، بۆ خۆپاراستن له ئه‌شكه‌نجه‌دانی دۆزه‌خ كه بۆ باوه‌ڕداران له‌و ڕاستییه كه‌متر نییه له دڵخۆشبوون به نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی جوانكردنه‌وه كه به‌ناوی به‌هه‌شته‌وه ناو ده‌برێت“
جورج بێرناردشۆش له بۆنه‌یه‌كدا جارێك وتوویه‌تی ” له ڕاستیدا به‌خته‌وه‌ری ئه‌و بڕوادارانه له گوماندارێك (واته له‌خودا) ، زیاتر نییه له‌و ڕاستیه‌ی كه پیاوێكی سه‌رخۆش به‌خته‌وه‌رتره له كه‌سێكی ئاسایی (ناسه‌رخۆش) ” لاپه‌ڕه 167The God Delusion, By Richard Dawkins .
ئیبن وه‌ره‌قیش درێژه به‌م باسه‌ده‌دات و له‌لاپه‌ڕه 180 دا ده‌ڵێت” هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌سته و دامه‌زراوه‌یه‌كی ئایینیت هه‌بوو هه‌روه‌كو Kant و Paineوتوویانه به‌بێ هیچ گومانێک تۆ فه‌رمانڕه‌واییه‌كی دڵڕه‌قی به‌دفه‌ڕت هه‌یه، هزرێكت هه‌یه كه له غیابی ڕه‌خنه‌ی عهقڵیانهدا په‌نای هوشیاری و پێشكه‌وتنی ئه‌خلاق نادات. له حكوومه‌تێك یا سیسته‌مێكی ئیسلامی‌دا خوا و فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كه‌ی ره‌هایه. قسه‌و وته‌كانی له سنووری ڕههایهتیش ده‌ترازێت، به‌بێ مشتومڕكردن، به‌بێ گومان، به‌بێ پرسیار و تێڕامان. ناتوانین گله‌ییه‌ك له هه‌قی خودا بكه‌ین، هه‌وه‌ها ناتوانین هه‌قی ڤیتۆ له ڕایه‌كانی خودادا به‌كار بهێنین. خوای موسوڵمانان دیمۆكراتی نییه، ناتوانین لێی ڕزگارمان بێت وه‌كو چۆن له سیسته‌مێكی دیمۆكراتی‌دا ده‌توانین له‌و مرۆیه‌ی كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردراوه، ڕزگارمان بێت. خۆ گه‌ر ده‌سه‌ڵات گه‌نده‌ڵ بێت ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها به‌ڕه‌هایی گه‌ندڵه”.
Hamilton Gibb سه‌باره‌ت به‌هه‌مان مه‌سه‌له ده‌ڵێت ” خوا وه‌ستایه‌كی زۆر شاره‌زایه، ئه‌و پیاوه‌یه ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌های هه‌یه ، بوونه‌وه‌ره‌كانی هه‌میشه له ترس و خه‌ته‌ری ژێر ڕه‌حمه‌تی یا ته‌واوی توڕه‌یی ئه‌ودان، ئه‌مه‌ش بناخه‌ی دیراسه‌ی موسوڵمانانه له‌سه‌ر سروشتی خوا و پرنسیپه‌كانی ئه‌خلاق” په‌رتووكه‌كه‌ی ئیبن وه‌ره‌ق لاپه‌ڕه 157.
له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا له‌و كاته‌وه‌ی كه ئایینی ئیسلام و جووله‌كه و مه‌سیحی دروستبوون و هاتوونه‌ته ژیانی خه‌ڵكه‌وه تاكو ئێستا ئه‌و هه‌موو کوشتوبڕه به کۆمه‌ڵییه، ئه‌وهه‌موو ترساندن و زیندانه، ئه‌و هه‌موو هه‌ڵكه‌ندن و گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له ڕێوشوێنی خۆیان، ئه‌و هه‌موو سزا توندوتیژ و دڵڕه‌قانه‌ی كه ڕوویانداوه و به‌كارهاتوون هه‌مووی خه‌ڵكانی دیكتاتۆری ئاییندار یا پارت و ڕێكخراوی ئایینی چ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بووبێت یا له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات بووبن، كردوویانه. هه‌ر چاوێك به‌چه‌ند ساڵی پێشوودا یا كۆنتر بگێڕین به ده‌یان نموونه ده‌توانین بهێنینه‌وه. سه‌ددام حسه‌ین هه‌تا ده‌ستی نه‌كرد به جه‌نگ له‌ته‌ك ئێران‌دا نه‌بوو به ئیسلام به‌و واتایه‌ی كه قورئان بخوێنێته‌وه و نوێژ بكات و ڕۆژوو بگڕیت و سه‌ردانی مزگه‌وته‌كان بكات و بودجه‌یه‌كی گه‌وره بۆ دروستكردنی مزگه‌وتی تازه یا تازه‌كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته كۆنه‌كان، ته‌رخان بكات، ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌ته‌ك ئێران‌دا كرد و ناویشی نا جه‌نگی قادسییه. له جه‌مسه‌ره‌كه‌ی ئه‌و سه‌ریشه‌وه خومه‌ینیش كه كه‌وته جه‌نگه‌وه، هه‌ر به‌ناوی ئیسلامه‌تی و هه‌م بۆ ئیسلامیش بوو، له سه‌ر سووره‌ته‌كانی قورئان و وته‌كانی په‌یامبه‌ر ده‌ڕۆیشت.
سه‌ددام كه كوردی ئه‌نفال كرد نه‌ك هه‌ر به‌ناوی ئایینه‌وه بوو هه‌ندێكیش له زانا و مامۆستا ئایینییه‌كانیش بانگه‌وازی بێئایینیبوونی كوردیان كرد، ناوی ڕاگواستنی دێهات و شارۆچكه‌كان و وێرانكردنیانی له سووره‌تی ئه‌نفال و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یه‌وه وه‌رگرتبوو. هه‌ر سه‌ددامی موسوڵمان نه‌بوو كوشتاری له شیعه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق دروستكرد و كوردستانیشی كیمیاباران كرد.
تالیبان و ئه‌لقاعیده‌ش كه‌ڵكیان له‌سووره‌ته‌كانی قورئان و پێڕه‌وكردنی له کوشتوبڕی خه‌ڵكدا، بینیوه و تا ئێستاش ده‌یكه‌ن. هه‌ر تالیبانه‌كان نه‌بوون كه بته‌كانی بوزایان لهBamiyan وردوخاش كرد. هه‌ر موجاهیدینه‌كان نه‌بوون له هه‌شتاكاندا به‌تۆپ بێ ده‌ستپاراستن له ژن و پیر و په‌ككه‌وته و منداڵانی بێ‌تاوان، كابولیان ده‌دایه به‌ر تۆپ و ئاڕپیجی. هه‌ر حه‌ماس و پارتوڵا نه‌بوون و نین خۆیان یا سه‌یاره ده‌ته‌قێننه‌وه خه‌ڵكانی هه‌ژار و بێده‌ره‌تانی ئاسایی ده‌كوژن.
جووله‌كه‌ی ئهرسهدۆكسیش هه‌موو به‌یانییه‌ك كه‌له خه‌و هه‌ڵده‌ستێت وا فێركراوه كه به ده‌نگی به‌رز ڕۆژانه بیڵێته‌وه” ستایش بۆ تۆ (بۆ خوا) كه نهتكردووم به غه‌یری جووله‌كه، ستایش بۆ تۆ كهنهتكردووم به ژن، ستایش بۆتو كه نهتكردووم به به‌نده” لاپه‌ڕه 259 له‌په‌رتووكی The God Delusion. كه جووله‌كه‌یه‌ك ئه‌مه هزرینی بێت چۆن ده‌توانێت له دروستكردنی كوشتارێك كه پێویست بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و حوكمڕانانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و پاراستنی، سڵ بكاته‌وه، ئیدی چۆن سه‌برا و شاتیلای فه‌له‌ستین ڕوونادات؟ چۆن كاره‌ساته‌كه‌ی شاری جه‌نینی فه‌له‌ستین و هێرشه دڕندانه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر لوبنان 3 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕوونادات؟ چۆن كوشتاره‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی غه‌ززه‌ی فه‌له‌ستین كه 1600 كه‌س له غه‌ززه و 13 كه‌سی ئیسرائیلیش كوژران، ڕوونادات؟
كه (به‌ریتانیا)ش (هیندستان)ی به‌جێهێشت و دواتریش پاكستان له‌دایك بوو، گه‌رچی ئه‌م دروستبوونه خواستێكی دورودرێژی كۆمه‌ڵه یا گروپی موسوڵمانان بوو كه له ساڵی 1906 دا له‌سه‌ر ده‌ستی موحه‌مه‌د عه‌لی جه‌ناح دا دروستبوو، پێشڕه‌وایه‌تی ئه‌م خواسته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌ی ده‌كرد، كه‌چی پرسه‌که زیاتر به‌لایه‌نی مه‌زهه‌بی و ئایینی‌دا شكایه‌وه و ئه‌مه‌ش بووه هۆی گه‌لێك ڕوداوی دڵته‌زێن. با له‌ده‌می (ئه‌حمه‌د ڕه‌شید)ه‌وه بیگێڕینه‌وه كه له په‌رتووكه تازه‌كه‌ی ، Descent into chaos دا ده‌ڵێت ” ملیۆنه‌ها له هینده‌كان و سیخه‌كان كه لهپاكستاندا ده‌ژیان به‌ره‌و هیندستان ملیان نا ، له كاتێكیشدا كه موسوڵمانه‌كانی هیندیش به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژ ئاوای پاكستان كۆچیان ده‌كرد . 12 ملیۆن خه‌ڵكی سه‌رلێشێواو ماڵیان ده‌گواسته‌وه، له‌نێوان 500.000 كه‌س بۆ ملیۆنێك که‌س له جه‌نگێكی سكتاریانهدا كوژران. پاكستان له گۆمی كینه و ڕق لێكهاتنهوهی كهمایهتیهكانهوه دروست بوو، له كاتێكدا كه به ملیۆنه‌ها موسوڵمان ده‌یانویست له هیندستانێكی سكوێلاردا بمێننه‌وه. ده‌وڵه‌تێكی نوێی نه‌ته‌وه‌یی له ڕیگه‌یه‌کی تراژیدییه‌وه ده‌ستیپێكرد ، هه‌ر له‌و كاته‌دا پرسیارێك دروست بوو”.
خۆگه‌ر چاو به ڕابوردووشدا بگێڕیته‌وه ئه‌وه هه‌ر دروستبوون و بڵاوكردنه‌وی ئایینی ئیسلام به جه‌نگ و غه‌زا ده‌ستیپێكرد كه ئه‌مه‌ش دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مه‌وییه‌كان و عه‌باسییه‌كان و دواتریش شه‌ڕی نێوانی سه‌فه‌وی و عوسمانی، به ملیۆنان خه‌ڵك كوژران و كه‌مئه‌ندام و زهدهبوون، یاخود له شوێن و ڕێگای خۆیان هه‌ڵكه‌نران. خۆ ئه‌م كوشتارانه له‌سه‌ر ده‌ستی ئایینی مه‌سیحیشدا ڕوویداوه، به‌ڵام باسه‌كه‌ی من له‌سه‌ر ئیسلام و ئایینی ئیسلامه بۆیه لێره‌دا من ناچمه ئه‌و ورده‌كارییه‌وه.
كێیه كه گوته‌ی مه‌ترسیداری نابه‌رپرسانه ده‌دات كه ده‌ڵێت “گه‌وره‌ترین تێكده‌ری ئاشتی جیهان منداڵ له‌باربردنه” كه‌چی خه‌ڵاتی نۆبێل بۆ ئه‌م ڕاو و بۆچوونه وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه كه‌سێكی بێئایین و خوانه‌ناسه یا دایكه ترێسهی مرۆڤپه‌روه‌ر و به ئایینه؟
كێ بوو له‌سه‌ر ده‌ستیدا جه‌نگی جیهانی دووهه‌م ڕوویدا؟ كابرایه‌كی ئایینی مه‌سیحی یا كابرایه‌كی بێئایینی بێبڕوای خوانه‌ناس؟ بێگومان هیتله‌ری ئاییندار بوو.
Steven Weinberg كه زانایه‌كی ئه‌مه‌ریكییه و له‌بواری فیزیاداخهڵاتی نۆبیلی وه‌رگرتووه، ده‌ڵێت” ئایین سوکایهتیكردنه به كه‌رامه‌تی مرۆڤ. به‌بێ ئایین و به هه‌بوونیشی تۆ خه‌ڵكانێكی باشت هه‌ن كه كاری باش ده‌كه‌ن و خه‌ڵكانێكی خراپیشت هه‌ن كه كاری خراپ ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ خه‌ڵكانی باش كه كاری خراپ بكه‌ن ئایین هۆیه‌كه”.
Blaise Pascal یش شتێكی له‌و چه‌شنه ی وتووه” پیاوان كاری وا به‌د به كامڵییهوه و به ئاگاییه‌وه ناكه‌ن، كاتێك كه ده‌یكه‌ن له بڕوای ته‌واو به ئایینه‌وه‌یه” The God Delusion, Richard Dawkins، لاپه‌ڕه 249.
هیتله‌ریش وه‌كو گه‌لێكی تر ئایینی بووه، ڕاسته گه‌لێك هۆی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كێشمانكێشی نێوان وڵاته‌كان بووه هۆی ڕوودانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ستی هیتله‌ردا ئه‌وه هه‌ڵگیرسا و باوه‌ڕدارێتی ئه‌ویش یارمه‌تیده‌رێكی گه‌وره‌بوو بۆ دروستكردنی ئه‌و كوشتاره مرۆڤییانه‌ی كه ڕوویدا به‌تایبه‌ت دژی جووله‌كه.
هیتله‌ر هێشتا هه‌ر كه زۆر لاو بووه ئایینی به‌توندی گرتووه و تێڕوانینی سه‌یری هه‌بووه. بڕوانه له خه‌باتی منMein Kampf سه‌باره‌ت به هیتله‌ر ده‌ڵێت هه‌ر كه بیستی كه جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی هه‌ڵگیرسا، ئه‌مه‌ی وت ” له‌سه‌ر ئه‌ژنۆم چۆكم دادا و سوپاسی به‌هه‌شتم، سه‌روه‌ره‌كه‌م كرد ………………..به‌و چاكه‌یه‌ی كه به من دراوه كه مۆڵه‌تی ئه‌وه‌م پێدراوه له زه‌مه‌نێك و زه‌مینێكی ئاوادا بژیم” ئه‌مه‌ی له 1914 دا وتووه كه ته‌مه‌نی ته‌نها 25 ساڵ بووه به‌ڵام له ساڵی 1920 كه ته‌مه‌نی 31 ساڵ بووه براده‌ره نزیكه‌كه‌ی كهRudolf Hess بووه كه دواتریش بوو به جێگری له نامه‌یه‌كیدا بۆ سه‌رۆك شالیارانی Bavaria ده‌ڵێت ” من Herr Hitler به‌شه‌خسی و به باشی ده‌ناسم زۆریش نزیكم لێی. ئه‌و كاراكته‌رێكی نائاسایی به‌ڕێزی هه‌یه هه‌روه‌ها گه‌لێكیش میهره‌بانه، ئیمانداره و كاسۆلیكێكی باشیشه” لاپه‌ڕه 273 -274 .، هه‌مان سه‌رچاوه.
Dawkins زیاتر تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ی ژیانی ئایینداریی هیتله‌ر، بۆیه په‌نجه بۆ هه‌ندێك له قسه‌كانی، نامه‌كانی ، نووسینه‌كانی ڕاده‌كێشێت. هه‌ر له‌هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا ده‌ڵێت ” له گوته‌كه‌ی به‌رلینی 1933ییدا، هیتله‌ر وتی : ئێمه قه‌ناعه‌تمان هه‌یه كه خه‌ڵكی پێویستێتی و داوای ئه‌م باوه‌ڕ و ئیمانه‌ش ده‌كات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ئێمه هه‌ڵده‌ستین به‌جه‌نگی دژ به‌بزووتنه‌وه‌ی بێئایینهكان، ئه‌وه‌ش نه‌ك بهبانگهێشهكردنی ته‌نها له ڕێگای تیۆرییه‌وه، ئێمه ده‌یان پروێنین” له‌ساڵی 1941یشدا به‌سه‌ركرده‌ی هێزی سه‌ربازی وت: من بۆ هه‌میشه به كاسۆلێكێتی ده‌بێت بمێنمه‌وه” لاپه‌ڕه274.
ئه‌مه یه‌كه‌م وتاردانی نه‌بووه و یه‌كه‌م نووسینیشی نه‌بووه كه‌وا به‌و ڕاشكاوییه‌وه باس له پته‌وی بڕوای خۆی به ئایین بكات. له یه‌كێك له وتاردانه به‌ناوبانگه‌كانی ساڵی 1922ی‌دا چه‌ند جارێك ئه‌وه دووباره ده‌كاته‌وه كه ئه‌و مه‌سیحییه ده‌ڵێت: “وه‌كو مه‌سیحییه‌ك هه‌ستم ڕووی پێ كردمه سه‌روه‌ره‌كه‌م، پهیامبهرهكهم وه‌كو جه‌نگاوه‌رێك، ڕووی پێ كردمه پیاوێك له وه‌ختێكدا بوو كه ته‌نها بووم ، ئه‌ویش به موالییهكانی (ئه‌وانه‌ی كه دوای كه‌وتبوون) حاته درابوو، ده‌ركم به‌وه كردبوو كه ئه‌م جووله‌كانه بۆچی و به‌ره‌و كوێ و !! بانگی پیاوان بكه‌م كه شه‌ڕیان له دژ بكه‌ن، ڕاستگۆیه‌تی له‌ته‌ك خوادا گه‌وره تره نه‌ك له‌وانه‌ی كه ئازار ده‌چێژن به‌ڵكو له جه‌نگاوه‌ران. له خۆشه‌ویستییه‌كی بێ‌سنوور وه‌كو مه‌سیحییه‌ك ، وه‌كو پیاوێك ئه‌یخوێنمه‌وه له ده‌روازه‌ی ئه‌و پرۆسێسه‌وه كه پێمان ده‌ڵێت چۆن سه‌ره‌نجام سه‌روه‌ر هه‌ڵكشا به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆی ئه‌وانه‌ی كه بونه‌ته مایه‌ی گیروگرفت له په‌رستگه‌كه‌یان ده‌ریانپه‌ڕێنێت، ئه‌وانه‌ی وه‌كو ئاژه‌ڵێك، مار، خۆیان حه‌شارداوه. چه‌ند گرنگه جه‌نگه‌كه‌ی (جه‌نگی سه‌روه‌ر) بۆ جیهان دژی جووله‌كه ژاراوییه‌كان. له دوای 2000 ساڵه‌وه تاكو ئه‌مڕۆ، به‌سۆزێكی قووڵه‌وه زۆر به‌قووڵی له هه‌میشه زیاتر ده‌رك ده‌كه‌م به‌و ڕاستییه، كه ئه‌وه بووه، ئه‌بووایه خوێنی به‌سه‌ر خاچه‌كه‌دا بڕشتایه. وه‌كو مه‌سیحییه‌ك به‌ئه‌ركی نازانم كه له خۆم بگه‌ڕێم ههڵبخهڵهتێنرێم، به‌ڵكو ئه‌ركی سه‌رشانمه كه ببمه جه‌نگاوه‌رێك له پێناوی ڕاستی و داددا….خۆ ئه‌گه‌ر شتێكیش بتوانێت ئه‌وه بخاته به‌رچاو كه ئێمه كارێكی ڕاست ده‌كه‌ین ئه‌و په‌ژاره و نائارامییه‌یه كه ڕۆژانه له زیادبووندایه، بۆ مه‌سیحییه‌كی وه‌كو من، بۆ خه‌ڵكه‌كه‌م، دیسانه‌وه ئه‌مه ئه‌ركی سه‌رشانمه” لاپه‌ڕه 275 هه‌مان سه‌رچاوه.
Dawkins باوه‌ڕی وایه ك هیتله‌ر هه‌ندێك وشه‌ی له مـارتن لۆسه‌ره‌وه وه‌رگرتووه (داوكینز مه‌به‌ستی له كاریگه‌ری و به‌هێزی وشه‌كانه، نه‌ك ئه‌وه‌ی لوسه‌ر وه‌كو هیتله‌ر بیری كردبێته‌وه) هه‌ر بۆیه له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕاده‌كێشێت كه هیتله‌ر ئه‌مه‌ی به‌ڕێككه‌وت نه‌وتووه چونكه له Mein Kampf دا ده‌ڵێت” ئه‌مڕۆ من باوه‌ڕم وایه كه من به‌پێی ویسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتداری بێپایانی دروستكه‌ری بوونه‌وه‌ران ده‌ڕۆم: به‌به‌رگریكردن له خۆم دژی جووه‌كان ، من له پێناوی كار و فه‌رمانه‌كانی سه‌روه‌ردا ده‌جه‌نگم” ئه‌مه‌ی له‌ساڵی 1925 دا وتووه.
لێره‌دا ئایینداره‌كان، باوه‌ڕداره‌كان، ڕه‌نگه پرسیاری ئه‌وه بكه‌ن بڵین خۆ ستالین بێئایین بووه و ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌شی كوشتووه.
گومان له‌وه‌دا نییه كه ستالین و هیتله‌ر هه‌ردووكیان دڵڕه‌ق بوون و كوشتارێكی گه‌وره‌یان دروستكردووه به‌ڵام وه‌کDawkins یش ده‌ڵێت ته‌نها به‌ڵگه‌یه‌كی بچو‌وكیش نییه كه بێئایینیی پاڵی بهستالینهوه نابێت بۆ دروستكردنی ئه‌و قه‌تڵوعامه‌ی كه كردوویه‌تی .
ئه‌م لێكدانه‌وه‌ی سه‌ره‌وه به‌ره‌و پرسیارێكی زۆر گه‌وره‌مان ده‌بات كه تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتداره‌كانمان، حكوومه‌ته‌كانمان یا بیریان لێنه‌كردۆته‌وه یا به‌ئه‌نقه‌ست فه‌رامۆشی ده‌كه‌ن له به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و ڕامیاری خۆیاندا، پرسیاره‌كه‌ش ئه‌مه‌یه: ئایا لۆمه‌ی ئایین بكه‌ین یا هه‌ڵگرانی ئایین؟ به‌واتایه‌كی تر بۆ به‌رگریكردن له خۆمان یا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه ده‌بێت جه‌نگ دژی خودی ئایینه‌كان بكه‌ین یا هه‌ڵگرانی؟ هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌مانباته ناو به‌شێكی تری ئه‌م باسه‌وه.
ئایین: ئایین و لۆمه، ئایین و تیرۆر، ئایین و جه‌هل
ئه‌و دیارده‌یه‌ی كه ئه‌مڕۆ ده‌یبینین نه‌ك هه‌ر له بریتانیادا به‌ڵكو له هه‌موو ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا و سه‌رجه‌می وڵاتانی تریش ئه‌وه‌یه كه زیاتر باس له ئایین ده‌كرێت و ( دواتر دێمه‌وه سه‌ر ئه‌م باسه) به پیرۆزی ده‌هێڵرێته‌وه وده‌ستی لێ‌نادرێت ئه‌مه بێ له‌وه‌ی كه كاتێك هه‌ڵگرانی ئه‌م ئایینه كارێكی خراپ ده‌كه‌ن، به به‌رده‌وامی پاساویشی بۆ ده‌درێت. به واتایه‌كی تر ئایین داده‌بڕێنن له هه‌ڵگرانی، دایده‌بڕن له‌و هه‌لومه‌رجه ڕامیاری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌ی، كه ئه‌م خه‌ڵكه‌ی به”ئایین” سه‌رمه‌ست و هیوادار كردووه، هه‌ر له‌مه‌شه‌وه له‌بری هه‌وڵدان بۆ چاككردنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی سه‌ره‌وه و هێڕشكردنه سه‌ر خودی ئایینه‌كان به‌ڕه‌خساندنی هه‌لی مشت‌ومڕ له بواره جیاجیاكانی میدیادا و دانانی بودجه‌یه‌ك بۆ پرسی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئایین به شێوه‌یه‌كی زانستیانه و ده‌ركردنی له خانه‌ی پیرۆزی و تابۆییبوونی، گۆڕینی پڕۆگرامی خوێندن. له‌بری ئه‌مانه، كه‌چی هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌ڵگرانی. ئه‌مڕۆ كه‌سێ نییه نه‌زانێت كه زۆربه‌ی زۆری حكوومه‌ته‌كانمان له جه‌نگێكی گه‌وره دان چ به‌شاراوه‌یی و چ به ئاشكرا له ژێر ناوی” جه‌نگی دژه تیرۆر” كه له‌م جه‌نگه‌دا تهڕووشكی تێدا ده‌سوتێنرێت، له زۆر وڵات‌دا خه‌ڵكێكی زۆر بوونه‌ته قوربانیی ده‌ستی ئه‌م جه‌نگه، هه‌ر ئه‌مه‌ش كراوه به بیانوویه‌ك بۆ دروستبوونی زۆر یاسای نامرۆڤانه له هه‌ندێك وڵات‌دا كه بازنه و مه‌ودای سه‌ربه‌ستی و ئازادییه‌كانی تاكه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌یان به‌ته‌وای بچووك كردۆته‌وه و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی قورسكردنی ژیانی ئاسایی ڕۆژانه‌مان: هه‌ر له بازاڕكردنی ئاسایی، له‌سه‌ر كار، له سهفهرماندا، له هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه‌ماندا، هه‌تا له‌و كاتانه‌شدا كه ده‌مانه‌وێت له باڕه‌كاندا یا له چێشتخانه‌كاندا به‌خۆشی بیبه‌ینه سه‌ر.
گومانی تێدا نییه كه ئیسلام وه‌كو ئایین له دوای كاره‌ساتی دڵته‌زێنی 11-09 -2001 وه له‌سه‌ر ئاستی جیهانی گه‌لێك به‌هێزتر بووه له پێشتر، وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌ك هه‌م وه‌كو بیروباوه‌ڕێكیش به‌تایبه‌ت له وڵاته ئه‌وروپییه‌كاندا، كه ئا لێره‌دا دوو پرسی سه‌یر ده‌بینم: یه‌كه‌میان : پاش زیاتر له هه‌شت ساڵ ” جه‌نگی دژه تیرۆر” ده‌بووایه ئایینی لاواز بكردایه كه‌چی به‌هێزی كردووه. دووه‌میش : سه‌یر تر له‌وه‌ی یه‌كه‌میش ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی كه خۆیان به حكوومه‌تێكی ئیسلامی ده‌زانن كه‌چی جه‌نگی تیرۆری ئیسلامی ده‌كه‌ن. له‌كاتێكدا ئه‌م دوو پرسه ده‌بینین هیچ یه‌كێك له‌م حكوومه‌تانه چ ئیسلامی و چ غه‌یره ئیسلامی به‌تاكتیك و ستراتیجیهكانیاندا ناچنه‌وه!! پرسیارێك له خۆیان ناكه‌ن بۆ گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕامیاریه كه كار ناكات و سه‌رنه‌که‌وتووه و تاكه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ره‌ر و زیانه‌ی مرۆڤی و ئابووری به‌رده‌وام ده‌بن؟
به بڕوای من ده‌وڵه‌ته‌کان و ڕامیاران له گێلییه‌وه نییه که له‌سه‌ر ئه‌م ڕامیارییه به‌رده‌وامن، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێـم كه ئه‌مان وه‌كو چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو گیروگرفته‌كانی تر ڕه‌گوڕیشه‌ی پرسه‌كه‌یان نه‌گرتووه، بۆیه له پێڕه‌وانی ئایینه‌وه (له باوه‌ڕدارانه‌وه) ده‌ستپێده‌كه‌ن نه‌ك له خودی ئایینه‌كه خۆیه‌وه له پاڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی كه‌وا ئایینی كردووه به مه‌ڵهه‌می ده‌ردی ملیۆنان ده‌رده‌داران یا كردوویه‌تی به‌هیوای گه‌شی ملیۆنان نه‌گبه‌ت و بێچاره و نائومێدان.
Dawkins سه‌باره‌ت به‌مه له هه‌مان په‌رتووكدا له‌لاپه‌ڕه 304 دا ده‌ڵێت ” ڕامیاره‌كانی ڕۆژئاوامان له ناوهێنانی پیتی R بۆ وشه‌ی ( Religion ) خۆیان ده‌پارێزن، له‌بری ئه‌وه، نهبهردهكهیان به جه‌نگی دژه”تیرۆر” ناو ده‌به‌ن، هه‌ر وه‌كو تیرۆر جۆرێك بێت له ڕۆح یا هێزێك، له‌ته‌ك خواست و هۆش (Mind )ی كه‌سه‌كه‌دا بێت. یاخود وا ناو له تیرۆریست ده‌هێنن یا وێنه‌ی ده‌كێشن كه به‌ڕاستی” شه‌یتان” پاڵپێوه‌نه‌ری بێت. به‌ڵام ئه‌مانه له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه هاننه‌دراون. به‌هه‌رحاڵ گه‌روا بیریش بكه‌ینه‌وه هه‌رچۆنێك به خراپیی ئاراستهكرابێتن، ئه‌وان پاڵیان پێوه نراوه، هه‌ر وه‌كو مه‌سیحییه مرۆڤكوژه‌كان كه ئه‌و دۆكتۆرانهی كه به‌كاری له‌باربردنی ساوایان له سكی دایكدا هه‌ڵده‌ستن، ده‌یانكوژن. ئه‌وه‌ی كه ئه‌م كاره‌یان پێده‌كات و به‌ئاگا ده‌بن لێی ، ڕاستی پرسكهیه لایان، دڵسۆزییانه بۆ ئه‌و كارانه‌ی كه ئایینه‌كه‌یان پێیان ده‌ڵێت“.
له ڕاستیدا ئه‌مه‌یه كرۆكی پرسكهیه، ئه‌گینا تاكو ئه‌و كاته‌ی كه مرۆڤه‌كه ده‌بێت به كه‌سێكی توندڕه‌و كار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی وه‌كو هه‌موو كه‌سێكی تری ئاسایی ئاسایین. ئه‌وه قورئانه كه په‌رتووكی پیرۆزی موسوڵمانانه و ڕۆحی ئیسلامه كه قه‌بوڵی نایه‌كسانی ده‌كات، به‌ندایه‌تی و خاوهنبهندیی قه‌بووڵكردووه و ده‌كات، ساماندار و بێسامان، بووه و نه‌بووه بۆ هه‌میشه ده‌هێڵێته‌وه، هه‌ر ئه‌و په‌رتووكه‌یه كه نیوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی به‌لاواز (زه‌عیفه) و به زاڵم و به شه‌یتان ناو ده‌بات و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بناغهیهشه كه مامه‌ڵه‌ی ته‌واوی پیاوانی، وێنه و كڵێشه كێشاوه و داوایان لێده‌كات كه چۆن بجووڵێنه‌وه لهگهڵێاندا.
تا ئه‌و كاته كه ئایینی ئیسلام هات خه‌ڵكی له بیابانی عه‌ره‌بی و له مه‌ككه و مه‌دینه به جووله‌كه و مه‌سیحی و بێئایینهكان به‌یه‌كه‌وه به‌ته‌بایی و به‌ئاشتی ده‌ژیان و خوایهكانیان ده‌په‌رست. خه‌ڵكانی بیابانی عه‌ره‌بی هه‌ر خێڵه و بنه‌ماڵه‌یه‌ك بتی خۆیان هه‌بوو ده‌یانپه‌رستن، به‌ڵام كه ئیسلام هات ڕیگا به‌هیچی دی نه‌درا كه بپه‌رسترێت جگه له خوا. جا كه ئایینی ئیسلام ئه‌مه جه‌وهه‌ر و لێكدانه‌وه و بۆچوونی بێت ئیدی چۆن به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌دان و بگره هه‌زاران كه‌س نابێت، تاكو ئه‌وه‌ی خراپه بتوانن بیكه‌ن. له‌م لاشه‌وه به‌سه‌دانی تر دروست ده‌كات كه هانی خه‌ڵكانێك بۆ جیهاد كردن بده‌ن. وه‌كو ئه‌بولئه‌علا مه‌ودوودی و حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌ننا و سه‌یدقوتب و ته‌قیه‌دین نه‌به‌هانی و وه‌هابییه‌كانی كۆن و نوێ و خومه‌ینی و تالیبانه‌كان و شێخ ئه‌بوحه‌مزه و شێخ عومه‌ر به‌كری و ئوسامه‌بن لادن و گه‌ڵێكی تریش، كه له ڕاستیشدا ئه‌مانه‌ن به خۆیان و ڕێكخراو و پارته‌كانیانه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامیان كردووه و ده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌مانن كه به ته‌واوی له قورئان و وته‌كانی په‌یامبه‌ر گه‌یشتوون و هه‌ر ئه‌مانیشن كه به جیددی ده‌یانه‌وێت بیخه‌نه پراكتیكه‌وه. ئه‌مانن ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌ن و به‌موو له‌تێكسته‌كانی قورئان لاناده‌ن و ئاماده نین سازشكاری بكه‌ن نه سه‌باره‌ت به‌خودی قورئانه‌كه و نه له‌ته‌ك خه‌ڵكه‌كه و حكوومهتهكانیشیاندا.
من لێره‌دا به‌پێویستی نازانم سووره‌ته‌كانی قورئان بهێنمه‌وه بۆ به‌رگریكردن له‌وانه‌ی كه له سه‌ره‌وه باسم كردن كه قورئان له سه‌ره‌تاوه تا كۆتاییكه‌ی پڕه له به‌كارهێنانی وشه‌ی شه‌ڕ و كوشتن و بڕین و ڕق و كێنه و ترس و تۆقین و غه‌زا و داگیركردن و غه‌نیمه و مامه‌ڵه‌ی ناشیرینی ئافره‌ت و ….زۆری تر، چونكه له ئێستادا ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی قورئان به‌زمانی كوردی زۆر ئاسانه و هه‌مووانیش ده‌توانن بۆ ڕاستی و ناڕاستی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه، چاوێكی پیادا بخشێنن. به‌ڵام ڕه‌نگه گه‌لێكمان به‌ئاگا نه‌بین له نووسین و قسه‌كانی گه‌لێك له‌وانه‌ی كه ناونووسم كردوون، بۆیه به پێویستی ده‌زانم په‌نجه بۆ چه‌ند نموونه‌یه‌ك له قسه‌كانیان ڕاكێشم..
ئه‌بولئه‌علا مه‌ودوودی، كه كابرایه‌كی موسوڵمانی پاكستانییه و بیردۆزێكی ئیسلامییه‌كانه و دامه‌زرێنه‌ری پارتی جه‌ماعه‌تی ئیسلامییه، سه‌باره‌ت به‌ئایینی ئیسلام ده‌ڵێت “ئیسلام ڕێبازێكی شۆڕشگێڕانه‌یه و سیسته‌مێكه بۆ لابردنی حكوومه‌ته‌كان. له هه‌وڵی هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی هه‌موو یاسا و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندایه” لاپه‌ڕه 36 , The Islamist By ED Husain
سه‌ید قوتب، كه له ساڵی 1949دا كه حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌ننا كوژرا چووه جێگاكه‌ی و بوو به سه‌رۆكی پارتی ئیخوان ئه‌لموسلیمین، ئه‌میش له هه‌مان مه‌داری ڕامیاریدا ده‌سوڕێته‌وه و هه‌مان هه‌ڵوێست و ئامانجی هه‌یه. دیاره یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌م له‌ته‌ك مهودوودیدا یا ئه‌وانه‌ی پێش خۆی و دوای خۆشی به‌ڕێككه‌وت نییه به‌ڵكو هه‌ر هه‌موویان بیر و ئایدیایان له‌یه‌ك سه‌رچاوه‌وه هه‌ڵهێنجاوه، كه ئه‌ویش قورئانه. لای سه‌ید قوتب ئیسلام ته‌نها بیروڕایه‌كی وشكهه‌ڵهاتووی مردوو نه‌بووه و نییه بۆیه ده‌ڵێت ” ئیسلام بانگهێشتنی سه‌ربه‌ستی پیاوه له ده‌سه‌ڵاتی پیاوان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و سیسته‌م و حكوومهتانهن كه بنگهیهكن بۆ ده‌سه‌ڵاتی پیاو به‌سه‌ر پیاودا” لاپه‌ڕه‌ی 50 هه‌مان سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌وه. سه‌ید قوتب پێ زیاتر له سه‌ر ئه‌م پرسیه داده‌گرێت تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ده‌ڵێت: حكوومه‌تی خودای مه‌زن له سه‌ر زه‌وی خودا. دواتریش مه‌ودوودی هه‌مان مه‌به‌ستی به‌م شێوه‌یه داڕشته‌وه ”یاسای خودا له‌سه‌ر زه‌وی خودا “.
ته‌قیه‌دین نه‌به‌هانی، كه دامه‌زرێنه‌ری پارت ئهتتهحریره له زۆربه‌ی زۆری نووسینه‌كان و قسه‌كانیشیدا مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ڕوخاندنی ته‌واوی پێكهاته‌ی ڕامیاری هه‌بوو ده‌كات و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت به‌تایبه‌ت له وڵاته ئیسلامییه‌كاندا تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه سیسته‌مێكی خه‌لافه‌تی شوێنی بگرێته‌وه. نه‌به‌هانی هیچ جۆره سازشێكی نه‌كردووه زۆر به ئاشكراش نه‌ك هه‌ر ڕای خۆی ده‌ربڕیوه به‌ڵكو ناوهڕۆك و ڕواڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامیشی خستۆته‌ڕوو بۆیه ده‌ڵێت “ئیسلامییه‌كان مامه‌حه‌مه‌یی بۆ خه‌ڵك ناكه‌ن، موجامه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتیش ناكه‌ن هه‌روه‌ها به‌ته‌نگ فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی خهڵكهكهشهوه نایه‌ن و به‌لاشیانه‌وه گرنگ نییه ئایا خه‌ڵكی قه‌بووڵی ئه‌وه ده‌كه‌ن یا نایكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وان ( واته خه‌ڵكه‌كه) ده‌بێت باوه‌ڕیان به ئایدۆلۆجییهكه بێت و پێڕه‌وی بكه‌ن” هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و ، لاپه‌ڕه 83.
ئه‌م پارته‌ی نه‌به‌هانی باوه‌ڕیان به دیمۆكراتییهت نییه، چونكه دیمۆكراتییهت یانی حوكمی گه‌ل، كه ئه‌م وشه‌یه‌ش وشه‌یه‌كی یۆنانییه و هه‌مووان له‌وانه‌وه وه‌ریانگرتووه. په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی ئه‌م پارته قه‌بووڵی ئه‌مه ناكات چونكه نه له ئیسلامه‌وه هاتووه‌و نه ئیسلامیشه، ئه‌مان باوه‌ڕیان وایه مرۆڤ نابێت حوكمی خه‌ڵك بكات، چونكه مافی شه‌رعی حوكمڕانێتی نییه، ده‌ڵێن خودا حوكمی خه‌ڵك ده‌كات. ئه‌مان وا ته‌ماشای دیمۆكراسی و سه‌ربه‌ستی ده‌كه‌ن، ئه‌وان هه‌میشه سه‌ربه‌ستی و دیمۆكراسی به خۆره یا شێرپه‌نجه‌ی مرۆڤایه‌تی و جیهان ده‌زانن، مه‌گه‌ر هه‌ر دیكتاتۆره‌كان و فاشییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م ئیسلامییانه ترسیان له دیمۆكراسی و سه‌ربه‌ستی هه‌بێت كه ئه‌مه‌ش خاڵێكی گه‌وره‌ی ناوكۆیی ئه‌م دوولایه‌نه‌یه دواتریش هه‌ردوولایان هه‌ر یه‌ك چاره‌سه‌ریان بۆ ئه‌م “گیروگرفته” هه‌یه ئه‌ویش سه‌ركوتكردن و داپڵۆسین و كوشتن و بڕینه.
شێخ عومه‌ر به‌كری، كه كابرایه‌كی به ئه‌سڵ (لوبنانی)یه ماوه‌یه‌ك سه‌رۆكی یه‌كه‌می پارت ئهتتهحریر بوو هه‌ر وه‌كو نه‌به‌هانی و مه‌ودوودی توندڕه‌و بوو یا ڕاستتر پارێزه‌ر و درێژه‌پێده‌ری بیروباوه‌ڕ و كۆڵه‌كه‌كانی ئیسلام بوو، له سه‌رده‌می جه‌نگی به‌ڵقاندا كه موسڵومانه‌كان و ڕێكخراوه مرۆییه‌كان به‌پاره و پێویستی تر یارمه‌تی خه‌ڵكانی موسوڵمانانی ئه‌وێیان ده‌دا كه بووبوونه قوربانی ده‌ستی جه‌نگه‌كه، شێخ عومه‌ر به‌كری له ده‌ستگاكانی ڕاگه‌یاندنی بریتانیا و كۆبونه‌وه‌كاندا، هاواری ده‌كرد “ئێمه نه چه‌كمان پێویسته نه یارمه‌تی خواردن و شتی تر، ئێمه كه برسی بووین ده‌توانین دوژمنه‌كانمان بخۆین” هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و لاپه‌ڕه 67.
ئه‌م به ئاشكرا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه بۆ موسوڵمانه‌كان حه‌ڵاڵه گۆشتی سربه‌كان بخۆن، چونكه ئه‌و موسوڵمانانه له جه‌نگدان، له‌به‌ر ئه‌وه یارمه‌تی خواردن و پاره پرسێك نییه، ئه‌وه‌ی كه موسوڵمانانی بۆسنیا ده‌یانه‌وێت یارمه‌تی چه‌كه یا ناردنی له‌شكره له وڵاتێكی ئیسلامییه‌وه. بڕوانه هه‌مان سه‌رچاوه، لاپه‌ڕه‌ی 81.
هه‌ر ئه‌م عومه‌ر بهكرییه له سه‌رده‌می یه‌كه‌م جه‌نگی كه‌نداودا داوای كوشتنی سهرۆكشالیاری ئه‌و كاته‌ی به‌ریتانیای ده‌كرد كه جۆن مه‌یجه‌ر بوو. به‌پێی ڕۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی به‌ناوی سانده‌ی مه‌یڵ Mail Sunday به‌كری بانگه‌شه‌ی كوشتنی جۆن مه‌یجه‌ری كرد كه ئامانجێكی شه‌رعییه و هه‌ركه‌س هه‌لی كوشتنی ئه‌وی به‌ده‌ست كه‌وێت باوه‌ڕ ناكه‌م پێویست بكات له‌ده‌ستی بدات. ئه‌مه ئه‌ركی سه‌رشانی موسوڵمانبوونمانه و ئاهه‌نگی مردنه‌كه‌ی ده‌گێڕین.
له یه‌كێك له بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م پارته‌دا سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێست و ڕوانگه‌یان بۆ جووله‌كه واهاتووه” ته‌نها جێگای به‌یه‌كگه‌یشتنی موسوڵمانان و جووله‌كه گۆڕه‌پانی جه‌نگه” لاپه‌ڕه 127 ، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
نه‌به‌هانی بووجاڕی دا كه جیهاد جه‌نگێكه دژی هه‌ر كه‌سێک كه دژایه‌تی بانگهێشتنی ئیسلامی بكات. (حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌ننا)ش هه‌مان بانگهێشتنی كرد و هه‌مان ڕای هه‌یه، ته‌نانه‌ت (جهماعهتوئیسلامییه)یش چه‌ند دروشمێكیان هه‌بوو كه یه‌كێكیان ئه‌مه‌یه كه له حه‌سه‌ن ئهلبهننایان وه‌رگرتووه:
خودا گه‌وره‌مانه
موحه‌ممه‌د ڕابه‌ر و سهركردهمانه
قورئان ده‌ستوورمانه
جیهاد ڕێگامانه
شه‌هاده‌تیش ( شه‌هید بوونمان) ئاره‌زوومانه.
با ئه‌وه‌شمان له‌یاد نه‌چێت (ئوسامه بن لادن)یش هه‌میشه بۆ ئه‌و كردانه‌ی كه ئه‌لقاعیده ده‌یكه‌ن، یان له سه‌رجه‌می هه‌ڕه‌شه‌كانیدا كه له كاسێته ناوبهناوهكانیدا دێت، له هه‌ر هه‌موویدا ئاماژه به ئایه‌ت و سووره‌تی قورئان ده‌كات.
ئه‌وه‌ی كه بن لادن و به‌كری و نه‌به‌هانی و مه‌ودوودی و سه‌ید قوتب و وه‌هابییه‌كان و پێشتر و دوای ئه‌وانیش بانگه‌شه‌یان بۆ كردووه و ده‌كرێت، قورئان سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تی، ئه‌مان كه‌سێكی ڕاستگۆ و دڵسۆزن به‌ناوه‌ڕۆكی قورئان و داخوازییه‌كانی و پێڕه‌وی ده‌كه‌ن. جا كه ئایینێك ئه‌مه به‌هره و په‌یام و ئامۆژگارییه‌كانی بێت، گه‌ر بمانه‌وێت دژایه‌تی تیرۆر و كاره نامرۆیهكانی موسوڵمانان و جاهیلێتی ئیسلامی بكه‌ین، ده‌بێت دژایه‌تی خودی ئایینه‌كه و په‌رتووكه پیرۆزه‌كانی بكه‌ین، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی كه پێشتر په‌نجه‌م بۆ ڕ‌اكێشا، نه‌ك به‌كوشتن و بڕین و به‌ندكردن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی پێڕه‌وانی ئایینه‌كه.
ئایینه‌كان به‌تاڵن له ڕاستی، پشت به به‌ڵگه‌ی زانستییانه نابه‌ستن، له ژووره‌كانی تاقیگه‌دا تاقیكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر نه‌كراوه. خۆگه‌ر كه‌سێكیش باوه‌ڕی بهشتی به‌ڵگه‌نه‌ویست هه‌بێت زۆر ئاسانه كه باوه‌ڕ به‌هه‌موو شتێك بكات و كاریگه‌ریی خراپیشی له‌سه‌ر دابنرێت یا لێبكرێت. ڤۆڵتێر Voltaire زۆر ده‌مێك له‌مه‌و پێش وتوویه‌تی ” ئه‌وانه‌ی كه ده‌توانن باوه‌ڕت به ناڕاستی پێبهێنن، ده‌شتوانن وات لێبكه‌ن كه كوشتار دروست بكه‌یت “ لاپه‌ڕه 306 ،The God Delusion
به‌ڵام بۆچی هه‌موو ئایینه‌كان هه‌مان دڵره‌قی و به‌كارهێنانی كوشتن و بڕین و شێوه‌ی تۆقێنه‌ریان به‌خۆوه گرتووه و له ململانێی نێوان خۆیاندا و دژی باوه‌ڕی جیا یا بێبڕوایان به‌كاریان هێناوه، من وه‌ڵامی ئه‌مه‌م پێ نییه زیاتر له‌وه‌ی كه بڵێم ئه‌وه‌ی كه نه‌توانێت داكۆكی له‌سه‌ر باسێك بكات واته پرسكه به مشت‌ومڕ و لێدوان كۆتایی نه‌هێنێت، ته‌نها چاره‌یه‌ك كه هه‌یه‌تی په‌نابردنه به‌ر به‌كارهێنانی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌تی، به واتایه‌كی تر توانای سه‌لماندنی پرسه‌كه‌ی به ڕێگایه‌كی ئاشتیانه و مرۆیانه نییه و نابێت.
بۆ كۆتاییهێنان به‌م به‌شه‌ی باسه‌كه‌شم حه‌ز ده‌كه‌م سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ بڕگه‌یه‌كی Dawkins له‌و په‌رتووكه‌ی كه پێشتر ناوم هێنا، ڕاكێشم سه‌باره‌ت به سروشتی ئایین كه بۆچی وایه، ئه‌و ده‌ڵێت” پرسیاری ئه‌وه‌ی كه ئایا ئایینه‌كان به ئه‌نقه‌ست داڕێژراون له لایه‌ن قه‌شه‌كانه‌وه یا حوكمڕانانه‌وه: پرسێكی سه‌رنجڕاكێشه، به‌ڵام ئه‌مه له خۆیدا پرس یا كێشه‌ی داروێنییهكان نییه. داروێنییهكان هێشتا ده‌یانه‌وێت ئه‌وه بزانن كه بۆچی خه‌ڵكانی بارخوار ده‌كه‌ونه داوی خۆش مه‌شره‌بی ئایینه‌وه و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه ئاوه‌ڵا ده‌بن بۆ ئیستیغلالكردن له لایه‌ن قه‌شه‌كان ، ڕامیارییه‌كان و پاشاكانهوه” لاپه‌ڕه 169The God Delusion .
ئێستاش حه‌ز ده‌كه‌م بچمه سه‌ر به‌شێكی تری باسه‌كه‌م كه به‌هێز بوونی ئایینه، به‌تایبه‌ت ئایینی ئیسلامی له جیهان و ئه‌وروپا به‌گشتی و به‌تایبه‌تی بریتانیا و ئه‌مه‌ریكا هه‌ر له‌مه‌شه‌وه له ده‌رگای باسێكی گه‌لێك گه‌وره و به‌ها له ئه‌وروپادا بده‌م، كه پێی ده‌وترێت ڕامیاریی فره كولتووری و خۆشكردنی زه‌مینه بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رجێك بۆ هه‌ریه‌كه له تاكه‌كانی کۆمه‌ڵگه به‌تایبه‌ت كه‌مایه‌تییه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان تاكو دیواری جودایی و جیاوازی هه‌ره‌سی پێبهێنرێت.