ەوەی چالاكییە ڕاستەوخۆییەكان بەڕۆژێك بەدەستی دەهێنن ، پەڕلەمان و سیاسییەكان لە خولێكی تەواوی پەڕلەماندا ناتوانن ئەنجامی بدەن

ئەوەی چالاكییە ڕاستەوخۆییەكان بەڕۆژێك بەدەستی دەهێنن ، پەڕلەمان و سیاسییەكان لە خولێكی تەواوی پەڕلەماندا ناتوانن ئەنجامی بدەن

زاهیر باهیر

لەندەن/ ٢٣/٠٢/١٢

‌لە ئەمڕۆی بریتانیادا سەرجەمی خزمەتگوزارییەكان، هەموو بیمەكان، مافی كاركردن، ماف و ئازادییەكانی خەڵكی بە هەموو چەشنەكانییەوە، گەر لەكۆتاییدا نەبن، ئەوە لە ژێر هەڕەشەیەكی بەردەوام و سەرومڕدان. ئەمە جگە لەوەی كە نرخی هەموو پێداویستییەكانی ژیان ، زۆر بەرزە و بەردەوامیش لەبەرزبوونەوەدایە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەوڵەتیش هەموو ڕۆژێك بە پلانێكی تازەوە بۆ بارگرانكردنی زیاتری ژیانی خەڵكە هەژارەكە دێتەوە مەیدان.

‌مانگێك لەمەوپێش ڕۆژنامەی گاردیانی ئێرە (بریتانیا) بە وتارێكی درێژ پەردەی لەڕووی سیاسەتێكی تری ڕەشی دەوڵەت هەڵماڵی. ڕۆژنامەكە ئەوەی خستەڕوو كە چۆن دەوڵەت بڕیاری داوە ئەو گەنجانەی كە دەرچووی زانكۆكان و پەیمانگاكانن و كاریان دەست ناكەوێت، بۆ ئەوەی كە بیمەی بێكاریان پێ بدرئیت تا ئەو كاتەی كە كاریان دەستدەكەوێت دەبێت بچن لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانییەكاندا یا سوپەرماركێتەكاندا بۆ ماوەی ٦ مانگ بە پارەی بێكاری كار بكەن كە هەفتەی لە ٣٠ كاتژمێر كەمتر نەبێت ، هەروەها هەر كەسێكیش واز لە كارەكەی بهێنێت ئەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە بیمەی بێكارییەكەی دەبڕدرێت . ئەمەش لەژێر ناوی جێگرتنەوەی كار یا تەدریبكردن و ڕاهێنان بۆ دۆزینەوەی كار. هەرچیش ئەوانەی كە لە دەرەوەی دەرچوانی زانكۆكانن و هەر بێكار بوون یاخود ئێستا بێكارن، ئەمانیش بۆ ئەوەی كە كار بدۆزنەوە دەبێت بۆ ماوەی ٤ هەفتە هەمان شت بكەن.

‌بۆ ئەم مەبەستەش شالیاری بێكاران و بیمەكان لەگەڵ گەلێك لە كۆمپانیاكان و سوپەرماركێتەكاندا كەوتنە وتووێژ و ڕێكەوتنەوە. لەوانە Tesco, Asda, Oxfam, The Arcadia Group, Pizza Hut, BHS, TK Maxx, Matalans electronics, Argos, Sainsbury, Waterstones و گەلێكی تر.

‌ئەمەیە دادپەروەرێتی، ئەمەیە ژیان لەناو كۆمەڵگەی مەدەنی و لەژێر سایەی دەوڵەتی مەدەنیدا، ئەمەیە بارودۆخی كاركردن كە پاش ١٦ و زیاتر لە ١٦ ساڵ خوێندن هەفتەی ٣٠ كاتژمێر بە پارەی بیمەی بێكاری كار بكە ، گەر ئەمە كۆیلایەتییەكی سەردەمیانە نەبێت لە كۆمەڵگەی ژێر سایەی دەوڵەتی مەدەنیدا، ئەی دەبێت چی بێت؟ ئائەمەیە دووڕویەتی و بازرگانێتی و سیاسەتكردن ، كە لە كاتێكدا لە كۆی ١٧ شالیارەكەی دەوڵەت زیاتر لە ١٢ شالیاریان ملیۆنێرن كە خۆیان لە هیچیان كەم نییە و كەچی بە گەنجەكان و دەرچووانی زانكۆكانیش ژیانی نانەسكی ڕەوادەبینن .

‌ئەم سیاسەتە ناڕەوایە لەكاتێكدا دەگیرێتە بەر كە بریتانیا لە بارودۆخێكی یەكجار سەختدایە و گرتنەبەری ئەم سیاسەتە نەك یارمەتی بوژاندنەوەی ئابووری ئەم وڵاتە نادات بەڵكو ئەوەندەی تر بارە ئابووریەكە خراپتر دەكات چونكە ئەم سیاسەتە یەكەم یارمەتی كۆمپانیا گەورەكان و سوپەرماركێتەكان دەدات كە سوود و سەرمایەی زیاتر پەیدا بكەن ، كە لەحاڵی حازردا گەلێكیان پێكەوەناوە بەبێ ئەوەی باجی تەواوی لێ بدەن. دووهەم ئەو ٢٤ هەزار گەنجەی كە بڕیاڕ بوو لەو شوێنانەدا كار بكەن هێشتا دەوڵەت لە بوجەی پارەی بێكاری یارمەتییان دەدات، ئەمەش یانی كەمبوونەوەی بوجە و نەدانی باج لەلایەن ئەو گەنجانەوە. سێهەم دەركەوتنی ناكۆكی لە نێوان قسە و كردارەكانی دەوڵەت و سیاسییەكانییدا كە لە لایەكەوە دەڵێن هەوڵدەدەن كە باری ئابووری باش بكەن و ڕێژەی بێكاری بێننە خوارەوە و لەلایەكی تریشەوە یارمەتی كۆمپانییە گەورەكان دەدەن بە ناردنی گەنجان تاكو بە نانەسكی كاریان بۆ بكەن، بێگومان گەر كۆمپانیایەك بە بەلاش كرێكاری دەستكەوێت و هەمان كاری كرێكارێكی بۆب كات ئیتر بۆچی كرێ بدات بە كرێكارێك تاکو هەمان كاری بۆ بكات.

‌كاتێك كە گروپە لۆكاڵییەكان و سەندیکا و گروپەكانی تری وەكو Anti Cut , The UK Uncut ‌بەمەیانزانی گەورەترین كەمپەینی بۆكرا ئەویش بەهەستان بە چالاكی ڕاستەوخۆ دژی هەندێك لەو كۆمپانیا و سوپەرماركێتانە. ڕۆژی شەمەی ڕابودوو، ١٨/٠٢/١٢ هەندێك لەو كۆمپانیا و سوپەرماركێتانە لەلایەن خەڵكییەوە داگیركران و دەستیبانبەسەردا گیرا ، ئەمە بووە  هۆی ئەوەی كە لە ماوەی تەنها دوو ڕۆژدا زیاتر لە ١٢ كۆمپانیا و سوپەرماركێت لەو كۆنتراكتەی كە لەگەڵ دەوڵەتدا بۆ ئەو مەسەلەیە هەیانبوو پاشگەز ببنەوە و دووانیشیان وەكو تێسكۆ و سەینسبێری كە تەواوی ئەو گەنجانەی كە لەگەڵ ئەواندا بە پارەی بیمەی بێكاری كار دەكەن گەر خۆیان بییانەوێت ئەوە دەتوانن لەوێ بمێننەوە وەكو كرێكارێكی ئاسایی پارەیان دەدرێتێ و هەموو مافێكیشیان وەكو ئەوان دەبێت.

‌كەمپەینی دژی ئەم پلانە هەر بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تاكو هەم دەوڵەت و هەم ئەو كۆمپانیانەشی كە تا ئێستاش هەر بەو كۆنتراكتەوە پەیوەستن پەشیمان دەبنەوەوە و كۆتایی بەو كۆنتراكتە دەهێنن. وا بڕیارە كە كەمپەینی داهاتوو لە ڕۆژی دووی مانگی ئازاردا بێت.

‌ئەمەی كە لە سەرەوە باسم كرد ئەوە دەسەلمێنێت كە چالاكی ڕاستەوخۆ ڕۆڵێكی گەورە دەبینێت و دەتوانێت لە ماوەیەكی كورتدا گەلێك دەسکەوت و ئامانج بەدەست بهێنێت كە ژاوە ژاو و چەلەحانێی ناو پەڕلەمان هیچ وەخت ناتوانێت ئەوانە بەدەست بهێنێت.

About author View all posts

Zaher Baher

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *