به‌رده‌وامی و قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان سه‌لماندی كه ڕامیاریی ئابووریناسه لیبراڵه‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه شكستی هێناوه.
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
30/06/12
له پاش جه‌نگی جیهانی دووهه‌مه‌وه، دوو جۆره ڕامیاریی ئابووری له بەڕێوەبردن و به‌رده‌وامبوون و پته‌وبوونی ئابووری سه‌رمایه‌داریدا تاوەكو ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا و وڵاتانی ئەوروپا و هه‌ندێك له وڵاتانی دیكەشه‌وه گیراواته به‌ر. ڕامیاریی یه‌كه‌میان ، ڕامیاریی قوتابخانه‌ی كینزییه، كه له دووی ئابووریناسی به‌ناوبانگی بریتانی John Maynard Keynes (1883 – 1946 ) وه‌رگیراوه و بووته قوتابخانه‌یه‌ك و زۆربه‌ی زۆری ڕامیارەكان و ئابووریناسه سه‌رمایه‌داریه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه و هه‌ندێك له ئێستاشدا پەروەردەی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ن و له بەڕێوەبرنی كارگێڕیی سەرمایەداریدا باوه‌ڕ و متمانه‌ی ته‌وایان به ڕێگەی كینزی هه‌یه. ئه‌م ئابووریناسانه وایان پێشبینی كردووه و ده‌كرد، كە بهههندوەرگرتن و كاركردن به تیئۆری كینزی تاكه ڕێگەیه‌ك ده‌بێت له پاراستنی ئابووری سه‌رده‌م له ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كێشه و قه‌یرانه‌كانیدا، لای ئه‌مان هه‌ر ئه‌مه‌ش ته‌نها ڕێگەیه‌كه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئابوورییه‌که‌ی کارل مارکس و ڕێگه‌گرتن له جێگرتنه‌وه‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری به ئابووری و کۆمه‌ڵگه‌ی سوشیالیستی.
كینز، كه‌ڵه ئابووریناسی بریتانی له سه‌ره‌تای چه‌رخی ڕابوردوودا، پاش ده‌ركردنی یه‌كه‌م په‌رتووكی له ساڵی 1913دا له‌ژێر ناوی Indian Currency and Finance، دواتریش وه‌كو فه‌رمانبه‌رێكی ئابووریناسیش له ده‌وڵه‌تدا كاری كردووە و ده‌ركه‌وتووه، دواتریش له زانکۆکان‌دا وانه‌ی ئابوری وتووه‌ته‌وه. هه‌ر له سه‌ره‌تای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه لەتەك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و كه‌ڵه‌پیاوانی ده‌وڵه‌ت له لێدوان و توێژینه‌وه‌ی ئابووریی و ئامۆژگارییكردن و ڕاوێژكردن به‌رده‌وام بووه. كینز له ساڵی 1926 سه‌ردانێكی یەكێتی سۆڤیەتی جارانی كردووه و سه‌رسام بووه به شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری له‌وێ، ڕه‌نگه ئه‌م سه‌ردانه‌ی بیر و بۆچونه ئابوورییه‌كانی ئه‌وی ده‌وڵه‌مه‌ند كردبێت، له بواری ئابوورییدا چه‌نده‌ها په‌رتووك و وتاری به‌پێزی نوسیوه. له په‌رتوكه به‌ناوبانگه‌كه‌ی كه له ساڵی دا1936 به‌ناوی A General Theory of Employment, Interest and Money كرۆكی بیری خۆی خستۆته ڕوو، كه ناوەڕۆكەكهی، ده‌وڵه‌تی له سیسته‌می ئابووری به‌رپرسیار كردوه و ڕۆڵی وی به گرنگ زانیوه ، لەتەك ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت و گونجاندنی و كۆنترۆڵكردنی (Regulate ) بزنس و بازاڕدا، بووه. هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش، كینز، له سه‌روه‌ختی ژیانیدا ڕۆڵێكی باڵای بینیوه به به‌شداریكردنی له ده‌یه‌ها كۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره و كۆنفرانسی ئابووریانه لەتەك ئابووریناسان و ڕامیاره‌كانی سه‌رده‌می خۆی له ده‌ره‌وی ده‌سه‌ڵات و له ده‌سه‌ڵاتدا ، هه‌تا له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووهه‌مدا به‌بێ وه‌رگرتنی پاره، بەخۆڕایی، ڕاوێژكاری ئابووریی شالیاری دارایی(مالییه) بریتانی بووه. له یه‌كێك له نووسینه گرنگه‌كانی دیكەیدا له‌ژێرناوی Economic Possibilities for our Grand Children كه لەتەك ئه‌و كتێبه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه ناوم هێنا، ته‌واوكه‌ری یه‌كترین . ئه‌و، له‌م نووسینانه‌یدا پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه له‌م چه‌رخه‌دا كۆمه‌ڵگه له‌پاڵ كێشه‌ی بێكاریدا كه به‌هۆی قه‌یرانی ئابوورییه‌وه تووشی ده‌بێت ، لەتەكیدا ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی Technological Unemployment واته بێكاری به‌هۆی ته‌كنه‌لۆجیاوه، ده‌بێته‌وه. ئه‌و وای ده‌بینی ڕاده‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا له چه‌رخی 21 دا به ڕاده‌یه‌ك ده‌بێت كه بڕی كاری هه‌فتانه دێته سه‌ر ته‌نها 15 كاتژێر كاركردن و ئەوە بۆ به‌رهه‌مهێنان بەس دەبێت.
دیاره كینز له ڕوانگە و بۆچوونی تیئۆرییه ئابووریه‌كه‌ی خۆیه‌وه و شیكردندهوهی ئابووری ئه‌و سه‌رده‌مه و په‌یوه‌ستبوونی ده‌وڵه‌ت به بزنس و كۆنترۆڵكردنی بازاڕ و ، گه‌لێك فاكته‌ری دیكە ، به‌و به‌رئه‌نجامه‌ی سه‌ره‌وه گه‌یشتووه. ڕه‌نگه گران بێت یان ڕاست نه‌بێت گه‌ر بڵێین كینز ده‌ركی به‌و ڕاستییه نه‌كردوه، كه سه‌رمایه وه‌كو ئه‌سپی سه‌ركێش و ئێستری چه‌مووش وایه، لغاو و ڕه‌شۆ ده‌پچڕێنێ و گرتنه‌وه‌ی ئەستەمە، یا ڕه‌نگه كێشه‌كه ئه‌وه بووبێت، كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان هه‌ر له كۆنفرانسی Bretton Woods كه له ساڵی 1944 بەسترا و ئه‌و ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌و كۆنفرانسه‌دا هه‌بوو ، كه‌چی ئه‌مه‌ریكییه‌كان لەتەك ئه‌ودا تەبا نه‌بوون هه‌وڵیان ده‌دا كه به‌پێچه‌وانه‌ی ڕاو بۆچونی ئه‌وه‌وه ڕه‌فتار بكه‌ن. به‌لام هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و ڕاستییه ناشارنه‌وه، كه كینز چ جای ڕاستبوونی یا هه‌ڵه‌بوونی له پێشبینیهكانیدا بۆ سەرمایەداری له‌م چه‌رخه‌دا، لەتەك هه‌موو ئه‌مانه‌دا هه‌وڵ و كۆششه‌كانی ئه‌و له بواری ئابووری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، بایاخ و گرنگی و تایبەتمەندییەتی خۆیان هه‌بووه.
بیردۆزی كینز و قوتابخانه‌كه‌ی له ئه‌وروپای خۆرئاوا و گه‌لێك له ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌دارییه‌كانی دیكە، جگه له ئه‌مه‌ریكا له بره‌و و پێشهوهچووندا بووه و هه‌ندێكیش له پارته فه‌رمانڕه‌واكان، په‌یڕه‌ویان كردووه. به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی Milton Freedman و قوتابخانه‌ی شیكاگۆ له سه‌ره‌تای حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی چه‌رخی ڕابوردوو ، ورده ورده قوتابخانه‌ی كینزییان خسته په‌راوێزه‌وه.
فریدمان كه پڕۆفیسۆرێكی ئابووریناسی لیبراڵ بوو وانه‌ی ئابووری له زانكۆی شیكاگۆ دەوتهوه، چه‌نده‌ها قوتابی ئابووریناسی لیبراڵ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و په‌روه‌ده كران و بڕوانامەی به‌رزی وه‌كو ماسته‌ر و دوكتۆرایان وه‌رگرت ، ئه‌و ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بوو له هاندانی ئابووری لیبراڵ و ڕامیاریی لیبراڵ و بازاڕی ئازاد‌دا، كه دواتر له بزوتنه‌وه‌ی جیھانگیریدا خۆی گرته‌وه. فریدمان كاریگه‌رییه‌كی زۆر زۆری له‌سه‌ر (ڕێگن) سه‌رۆككۆماری ئه‌و كاته‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكی ، هه‌بوو.
كرۆكی بیری فریدمان و قوتابیانی قوتابخانه‌ی شیكاگۆ، كه‌مكردنه‌وه و ده‌ستكێشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بوو له بزنس و بازاڕ و بچووككردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی ده‌وڵه‌ت بوو، دابڕینی بوو له ڕۆڵی بزنس و بازاڕ و باوه‌ڕی ته‌واوی به‌وه هه‌بوو، كه بازاڕ خۆی ده‌توانێت كێشه‌كان یەكلا بكاته‌وه و ده‌بێت به‌ر بۆ بازاڕ به‌ره‌ڵا بكرێت، ئه‌و خۆی هه‌ڵكشان و داكشانهكانی ئابووری به‌پێی یاساكانی بازاڕ و بزنس ده‌گونجێنێ و چاره‌سه‌ریان ده‌كات.
فریدمان و قوتابییه‌كانی قوتابخانه‌ی شیكاگۆ كه‌وتنه تاقیكردنه‌وه‌ی تیئۆرهكهیان، یه‌كه‌م وڵات كه له ساڵی 1974 به‌سه‌ریاندا سه‌پاند، وڵاتی چیلی بوو، كه جه‌نڕاڵ پینۆشێت فه‌رمانڕه‌وای بوو، فریدمان و قوتابییه‌کانی هانی جه‌نڕاڵ (پینۆشێت)یان دا كه ده‌وڵه‌ت ڕامیاری دهسگرتنهوه ( ته‌قه‌شوف) بگرێته‌به‌ر و كه‌رته ده‌وڵه‌تییه‌كان بكات به فرۆشتنیان به كه‌رتی تایبه‌تی، تاكو بتوانێت قه‌رزه‌كانی ده‌وڵه‌ت و نوقسانی بوجه‌كه‌ی كه‌م بكاته‌وه. به‌ڵام ئه‌م ڕامیارییه گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی بۆ چیلی هێنا، به‌ڕاده‌یه‌ك، چیلی كه‌وته قه‌یرانێكی یه‌كجار قوڵه‌وه و ڕێژه‌ی بێكاری له ساڵی 1975 دا بۆ له %30 سه‌ركه‌وت ، هه‌ڵئاوسانی پاره‌ش به ڕێژه‌ی له %375 چووە سەرەوە، له 1980 دا چیلی وا ھەژماركرا، كه له ئاستی جیهانیدا له ڕووی نابه‌رامبه‌ری و نایه‌كسانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا یه‌كه‌م وڵات بوو. حكومه‌ت ورده ورده بۆی ده‌ركه‌وت، كە به‌رده‌وامبوونی ڕامیاریی ئابووریناسه‌كانی قوتابخانه‌ی شیكاگۆ، واتە نابوتبوونی ده‌وڵه‌ت به تێشكانی ته‌واوی به‌های پاره‌كه‌یان و داخستنی زۆربه‌ی كارگه و كارخانه‌كان و شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌كان و كه‌وتنه‌وه‌ی بێكارییه‌كی زۆرتر. سه‌رئه‌نجام هه‌موو ئابووریناسه‌كانی قوتابخانه‌ی شیكاگۆ له چیلی ده‌ركران و هه‌موو ڕامیاری و ئامۆژگارییه‌كانی ئه‌وان ڕه‌تكرانه‌وه ، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین تێشكانی ڕامیاریی لیبراڵه‌كان بوو له‌وێ و لە ئەمەریكای لاتینی.
Paul Krugman كه ئابووریناسێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكییه ڕای وایه، ئه‌و ڕامیارییه لیبراڵه‌ی كه ئێستا ئه‌مه‌ریكا و بریتانیا و وڵاتانی ئه‌وروپا و ده‌سگه دراوییه‌كانی جیهانی وه‌كو سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی ناوه‌ندی ئه‌وروپا، له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یرانه‌دا ده‌یگرنه‌به‌ر، نه له ئێستادا و نه له ڕابوردووشدا ئیشی نه‌كردوه. ئه‌و وه‌كو كەسێكی ئابووریناس كه له ساڵانی حه‌فتاكانی چه‌رخی ڕابوردووه تا ئێستا ده‌نوسێ و قسه‌وباس و توێژینه‌وه له سه‌ر ئابووری ده‌كات و له‌و بوارەشدا وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵە ، هه‌روه‌ها بۆ ڕۆژنامه‌ی New York Time ده‌نوسێت و له زانكۆی Princeton یش وانه‌ی ئابووری ده‌ڵێته‌وه، قسه و لێكدانه‌وه‌كانی سه‌نگ و قورسایی خۆیان هه‌یه، ئه‌و بۆ سه‌لماندنی قسه‌كه‌ی له دیمانه‌یه‌كیدا لەتەك CNN كه له سه‌ره‌تای مانگی حوزەیراندا ئەنجامی دا، به به‌ڵگه‌وه پشتگیری له قسه‌كانی ده‌كرد. هه‌روه‌ها له كۆتایی مانگی ئایاریشدا دیمانه‌یه‌كی لەتەك Radio4sToday Programme سه‌باره‌ت به ڕامیاریی دهسگرتنهوه (ته‌قه‌شوف)، هێڕشێكی گه‌وره‌ی كرده سه‌ر كامیرۆن سه‌رۆكشالیارانی بریتانیا و كابینه‌كه‌ی، كه به‌ڕای ئه‌و له كاتێكدا وڵات به قه‌یرانی ئابووریدا ده‌ڕوات، ده‌بێت حكومه‌ت زیاتر پاره سه‌رف بكات تاكو ئابووری ببوژێنێته‌وه. وتی”لێره‌دا، بێگومان، هۆ هه‌یه، كه بۆچی ئه‌مان ئه‌مه ده‌كه‌ن: چاوچنۆكی و به‌دیهێنانی ده‌ستكه‌وته” . هه‌ر له‌و گەشتەیدا بۆ بریتانیا، له ڕۆژی 29.05.12 موحازه‌ره‌یه‌كی له‌سه‌ر ده‌ستگرتنه‌وه ( ته‌قه‌شوف) له London School Of Economic دا، له یه‌كێك له قسه‌كانیدا وتی ” بریتانیا كەوتووەته قه‌یرانێكی ئاواوه، كه نزیكه‌ی له %30 بێكارانی 52 هه‌فته و زیاتریش بێكارن، كه ئه‌مه له ساڵی 2008 دا له %9.5 بووه”.
نموونه‌ی قه‌یرانه یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی وه‌كو ساڵی 1982 ی وڵاتانی ڕوو لە گه‌شه ( Developing Countries ) ، قه‌یرانی مه‌كسیكۆی ساڵی 1994 ، قه‌یرانی وڵاتانی ئاسیایی 1997 ڕوسیا و به‌رازیل له 1998دا هه‌روه‌ها ئه‌رجه‌نتین له ساڵی 2002 دا، نموونه‌یه‌كی زیندوون و به‌ڵگه‌ن بۆ قسه‌كانی ئه‌و.
هه‌ر به ته‌نها Krugman نییه، كه ڕامیاریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵیزم ڕەتده‌كاته‌وه، سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌ریان بۆ ئه‌م قه‌یرانه ئابوورییه‌ی كه ئێستا جیهانی پیادا ده‌ڕوات، به‌گشتی و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی ، به‌ڵكو گه‌لێكی دیكەیش له ئابووریناسه به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و بریتانیا و وڵاتانی دیكەیش لەتەك ئه‌ودا هاوڕان. هه‌تا Ha-Joon Chang كه ئابووریناسێكی دیكەی گه‌لێك ناسراوه، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ڕامیارەكان بۆ چارەسەری قه‌یرانه‌كه هه‌مان ڕێگه‌چاره ده‌گرنه‌به‌ر و به‌ڵام ئه‌نجامێكیش بەدەستەوە نادات ، زۆر توڕەیە ، لەو بارەوە ده‌ڵێت ” گه‌ر ئێمه پێناسه‌كه‌ی ئەلبێرت ئه‌نیشتاین، كه بۆ كه‌سانی شێتی كردوه، بهكاربەرین، ئه‌وه ئه‌مانه شێتن”. ئه‌نشتاین ده‌ڵێت ” دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان شت له هه‌مان كاتدا بهدانهدهستی هه‌مان ئه‌نجام”
ا
بێگومان تا ئێستاش هه‌ندێك له ئابووریناسانی قوتابخانه‌ی شیكاگۆ و نیو-لیبراڵه‌كانی دیكەش باوەڕیان وایە، كه ڕامیاریی نێو-لیبرالیزم و حكومه‌ته‌كانیان له چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه ئابووریه‌ی ئێستادا به به‌رزكردنه‌وه‌ی باج و خولقاندنی باجی دیكە و ، ده‌ستگرتنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له خزمه‌تگوزارییه‌كان و بیمه‌كان و بڕینی هه‌ندێكیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێ و مووچه و پاره‌ی خانه‌نشینی و فرۆشتن و هه‌ڕاجكردنی به‌شه كه‌رته‌كانی سه‌ر به‌ده‌وڵه‌ت ، ته‌نها ده‌رمانێكه بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كه. سییاسییه‌کانی لای ئێمه‌ش ، بریتانیا، به هه‌موو عه‌قڵی خۆیان ده‌یانه‌وێت که کاپیتاڵیزمی سه‌رده‌م بگۆڕن بۆ : کاپیتاڵیزمێکی مۆدێرن، کاپیتاڵیزمێکی به‌رپرسیار، قبووڵکراو گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌م باروودۆخه‌دا و هتد، تاکو له‌م قه‌یرانه ده‌رچێت.
ڕه‌نگه به‌ته‌نها مشتومڕەكان و لێدوانه‌كان بۆ سه‌لماندنی ڕاستی و هه‌ڵه‌ی بۆچونه‌كانیان، له ڕوانگه‌ی هه‌ردوو لاوه و یا هه‌ردوو به‌ره‌وه ، بەس نه‌بن ، بۆیه تا ڕاده‌یه‌ك لێره‌دا دیاریكردنی براوه و دۆڕا و له‌و میانه‌دا گرانه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه و گەواھی (شاهیدی) ده‌دات كه چ ده‌سته‌یه‌ك له‌م ئابووریناسانه ڕاستن یا هه‌ڵه‌ن، به‌ڵگه‌كانن، داتاكانن، ڕووداوه‌كانن، ئه‌زموونه‌كانن، چارهسهسهرهكانن بۆ كێشه‌كان، كه له ژیانی ڕۆژانه‌دا ده‌یانبینین. واته ئا لێره‌دا ئه‌وه گرنگ نییه، كه ئابووریناسه لیبراڵه‌كان و لایه‌نگره‌كانیان له بواری فه‌رمانڕه‌وایی و له بواری بزنسدا چی ده‌ڵێن و پاساو و چاره‌سه‌ریان بۆ باروودۆخهكه چییه ، چونكه ئه‌وه‌ی كه گرنگه، له سه‌ره‌تای ڕودانی ئه‌م قه‌یرانه‌وه، له 2008 وه تا ئیستا، ئه‌وان چی‌یان وتبێت و چ چاره‌سه‌رێكیان هه‌بووبێت، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه ئاسۆیه‌ك بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه به ئێمه نیشان بده‌ن ، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه تارمایی هه‌ره‌سی ته‌واوی دراوی یورۆ و سستی و ئیفلیجبوونی ته‌واوی دراوه سه‌ره‌كییه‌كانی دیكەی جیهان، ده‌بینین.
بۆیە پێویستمان به‌وه نییه، كه لە ئابووریناسیدا پرۆفیسۆر بین ، یا به‌لانی كه‌مه‌وه ھەتا هه‌ر ئابووریناسیش بین، تاكو بزانین كۆمه‌لگه‌ی مرۆڤایەتی له سایەی ڕامیاریی لیبراڵه‌كان و نیو-لیبراڵیزمدا به‌ره‌و كوێ مل ده‌نێت. ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ئابووریناسانه بۆ گەشەی ئابووری ده‌یزانن و به‌ڵام نه‌هی ده‌كه‌ن یا ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه، دووشته، كه هه‌ردوكیشیان هاوكێشه و ته‌واوكه‌ری یه‌كترین ئه‌ویش به‌رزی توانای كڕینی تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌یه ( Purchasing Power ) تاكو ئه‌وه‌ی كه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت له بازاڕدا، نه‌مێنێته‌وه. ئه‌وی دیكەشیان: داهاتی من به‌كاربه‌ری تۆیه ( خه‌رجكردنی تۆیه) ، داهاتی تۆش، خەرجكردنی منه. ئه‌مه‌شیان واتە ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له باخه‌ڵی تۆدایه، به‌یانی هی منه، پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاسته. ئاڵێرهدا ئابووری له دوو باردا تووشی ڕاوه‌ستان و سستی و قه‌یران ده‌بێت. باری یه‌كه‌میان كه پاره هه‌بوو، یا زۆر به‌كه‌می لێی خه‌رج بكرێت یا هه‌ر هه‌مووی پاشه‌كه‌وت بكرێت. باری دووهه‌میان، نه‌بوونی پاره‌یه، تاكو خه‌ڵكی پێداویستییه‌كانی ڕۆژانه‌یی و ئه‌و كاڵایانه‌ی دیكەیش كه له بازاڕدا هەن، بكڕێت.
هه‌ر له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و دوو وته سه‌ره‌تاییه‌ی سه‌ره‌وه، ئێمه پێشه‌كی ده‌بێت بیزانین كه ئه‌و ڕامیارییه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئابوورییه‌كه گیراوه‌ته به‌ر و ده‌گیرێته به‌ر ، نه‌ك هه‌ر كێشه‌كه‌ی لابه‌لا نه‌كردووەته‌وه به‌ڵكو به‌ره‌و قوڵبوونهوهیهكی زیاترییشی بردووه. ڕامیاریی خولقاندنی بێكاری زیاتر ، به‌رزكردنه‌وەی نرخی سه‌رجه‌می پێداویستییه‌كانی ڕۆژانه له پاڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی كار و مووچه و بیمه‌كان و خانه‌نشینی و زیادكرنی باج، كه هه‌ر هه‌مووی ده‌بێته هۆی گیرفان به‌تاڵكردنه‌وه ، به‌واتایه‌كی دیكە كه‌مكردنه‌وه‌ی توانای كڕین، به‌و ئه‌نجامه‌مان ده‌گه‌یه‌نێت، كه بڵێێن ڕامیاریی لیبراڵه‌كان و نیو-لیبراڵیزم كار ناكات و قهیرانهكانیش ناڕه‌وێنه‌وه و به‌رده‌وام ده‌بن.
وەكو پێشتر وتم ئاماره‌كان، ڕووداوه‌كان كه ڕۆژانه ده‌یانبینین، دهیسهلمێننن ئه‌وه‌ی كه له ساڵی 2008 وه تا ئێستا بۆ ڕه‌وانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه كراوه ، هه‌ر هه‌مووی كێشه‌كه‌ی زیاتر دژوارتر كردووه. وڵاتانی سه‌ره‌كی ناو زۆنی یورۆ وه‌ك یۆنان ، ئیسپانیا، ئیتالیا ، پورتوگال ئیرله‌نده، كات و ساتی چوونهدهرهوهیانه له‌و زۆنه و ههرهسهێنانیانه وه‌كو وڵاتی به‌كارهێنه‌ری دراوی یورۆ. تێکڕایی ڕێژه‌ی به‌تاڵه له ئه‌وروپاد سه‌رکه‌وتووه بۆ له %11.1 . یۆنان، ده‌مێكه له دووڕیانی مان و نه‌ماندایه له زۆنی یورۆ ، دوای ئه‌وه‌ی كه دووجار له ئایاری 2010 دا 110 ملیارد یورۆ و له ئازاری ئه‌مساڵیشدا 130 ملیاردی دیكە، قه‌رزی پێدرا، به‌ڵام به‌هۆی دانانی مه‌رج و به‌ندی قورسه‌وه له‌لایه‌ن ده‌زگه دراوییهكانهوه، له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته هۆی بوژانه‌وه‌ی ئابوورییه‌كه‌ی ، بگره بارودۆخه‌كه‌ی به جۆرێك به‌ره‌و خراپتر بردووە، كه ناڕه‌زاییه‌كان و بهیهكدادانهكانی نێوانی ده‌وڵه‌تی یۆنان و ده‌سگه دراویهكان لەتەك زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵكی یۆنان، به‌ره‌و ئاقارێكی تازه‌تر برد ، وای كرد كه پارتی چه‌پ ،Syriza ، به ڕابه‌رایه‌تیAlexis Tsipras له ڕۆژی 17.06.12 له خولی دووهه‌می هه‌ڵبژاردندا له سه‌دا 27 ی ده‌نگه‌كان بهێنێت، كه دووهه‌م ده‌نگ بوو، له كاتێكدا كە له ساڵی 2009 دا هه‌مان پارت ته‌نها له %4.6 ی ده‌نگه‌كانی هێنابوو. گه‌رچی پارتی پاسۆك و پارتی دیمۆكراسی نوێ ( پارێزگاران) توانیان حكومه‌تێكی هاوبه‌ش دروست بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه، ئیدی له‌مه‌ولا كێشه ئابوورییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و بارودۆخی یۆنان به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات و ئه‌گه‌ری هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی له زۆنی یورۆ به‌سه‌ر ده‌چێت. بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌وێ گه‌ر نه‌یتوانیبێت و نه‌توانێت چۆك به لیراڵیزم و حكومه‌ته‌كانی دابدات و مێژوییه‌كی دیكە دروست بكات، به‌لام ده‌توانێت مێژوی ئه‌وروپا بگۆڕێت.
ئه‌و دوو پارته كه ئێستا له حكومه‌تدان، ئه‌وانیش وه‌كو خه‌ڵكی یۆنان و پارته چه‌په‌كان ده‌ركیان به‌مه‌ترسی به‌جێهێنانی مه‌رج و به‌نده‌كانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی ناوه‌ندی ئه‌وروپی و یه‌كێتی ئه‌وروپا ، كردووه، بۆیه ده‌یانه‌وێت سه‌رله‌نوێ له‌سه‌ر مه‌رج و به‌نده‌كانی مانگی دووی ئه‌م سال، كه به دانی قه‌رزی 130 ملیارد یورۆكهی مانگی ئازاره‌وه په‌یوه‌ست بوون ، ڕاوێژ لەتەك ده‌سگه دراوییه‌كان و كۆمیسۆنی ئه‌وروپادا بكه‌ن، تاكو چیدیكە لانی كه‌می كرێ و كرێی كرێكاران و مووچه و پاره‌ی خانه‌نشینان دانه‌گرن ، باج زیاد نه‌كه‌ن، ماوه‌ی مافی دانی بیمه‌ی بێكاری له ساڵێكه‌وه بكه‌نه‌وه به دوو ساڵ. به‌ڵام هه‌ر له ئێستاوه (ئه‌نجێلا مێركڵ) سەرۆكشالیانی ئاڵمان هه‌ڕه‌شه‌ی خۆی لێكردون و پێی وتن كه قسه له‌سه‌ر مه‌رج و به‌ندەكانی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان دووباره ناكرێته‌وه و ده‌بێت یۆنان پابه‌ندی ته‌واوی مه‌رجه‌كان بێت، بۆیه داوایان لێ ده‌كه‌ن كه هه‌تا ناوه‌ڕاستی مانگی جولای یۆنان ده‌بێت 10 ملیارد یورۆ پاشه‌كه‌وت بكات، واته بێكاركردنی زیاتری كرێكاران و كارمه‌ندان كه له ئێستادا ڕیژه‌ی بێكاری له نێوانی گه‌نجانی ته‌مه‌ن 16 ساڵ و 24 ساڵدا له %54 و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانیش له %24 ، توانای كڕینی كاڵا‌و پێداویستییه‌كانی ژیان له %35 هاتووەته خواره‌وه،
هه‌رچی (ئیسپانیا)شه به‌ره‌و هه‌مان هه‌ڵدێری یۆنان مل ده‌نێت، ڕیفۆرمه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی RaJoy Mariano به‌فریای باروودۆخهكه نه‌گه‌یشتن، هه‌ر بۆیه ڕێژه‌ی بێكاری له نێوه‌ندی گه‌نجان و ده‌ره‌وی گه‌نجاندا له سه‌ركه‌وتن و بره‌ودایه، له هه‌مان كاتیش‌دا ڕێژه‌ی ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵك و هاتنه سه‌رشەقام، ژماره‌ی خۆپیشاندانه‌كان و خۆپیشانده‌ران له زیادبووندایه. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كرێكارانی كانه خه‌ڵوزه‌كان ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه له مانگرتندان و به‌رده‌وامیش ده‌بن هه‌تا داخوازییه‌كانیان به‌ده‌ست دێن، قوتابیان و خوێنكارانی زانكۆكانیش به به‌رده‌وامی له كردنی چالاكی ڕاسته‌وخۆدان.
قه‌یرانه ئابوورییه‌كه له ئیسپانیا ئاوا قووڵبۆته‌وه، هه‌ندێك له ئابووریناسه‌كان وا پێشبینی ده‌كه‌ن، كه پچڕانی ئه‌ڵقه‌ی زنجیره‌ی وڵاتانی زۆنی یورۆ له وێوه ده‌ست پێده‌كات، نه‌ك یۆنان. Bankia كه یه‌كێكه له بانكه گه‌وره‌كانی ئیسپانیا به‌ره‌و مایه‌پووچی ڕۆیشت، به‌په‌له ده‌وڵه‌ت فریای كه‌وت. مه‌ترسی هه‌ره‌سی بانكه‌كان گه‌یشته ڕاده‌یه‌ك، كه له ناوه‌ڕاستی مانگی ئایاردا له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا خه‌ڵكی زیاتر له 1 ملیارد یورۆیان له بانكه‌كان ڕ‌اكێشا، ئه‌م مه‌ترسییه تا نوسینی ئه‌م وتاره‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه هه‌ر بۆیه شالیاره‌کانی دارایی وڵاتانی زۆنی یورۆ بڕیاریان وایه که له ڕژی 09-07-12 کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له برۆکسل سه‌باره‌ت به قه‌یرانی بانكه‌کانی ئیسپانیا، بکه‌ن، تاکو ڕاوێژ له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ڕیگاچاره‌یه‌ک بکه‌ن له ڕێگه‌گرتن له نابووتبوونیان. له‌ولاشه‌وه ڕێژه‌ی پشكه‌كانیش به له %03 هاتنه خواره‌وه. ئابوورییه‌كه‌شی له 4 مانگی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵدا به‌ڕێژه‌ی له %0.3 داكشاوه، واته نه‌ك هه‌ر بەو جۆرەی كە چاوه‌ڕوان ده‌كرا، گەشەی نه‌كرد، بگره هه‌نگاوێكیش چووه دواوه، به‌مه‌ش باری ئابوورییه‌كه‌ی خسته قه‌یرانێكی دیكەه‌وه، كه به‌ڕای ئابووریناسه‌كان ئه‌م قه‌یرانه هه‌تا كۆتایی ساڵی 2013 به‌رده‌وام ده‌بێت. له ڕۆژی 25.06.12 له‌لایه ئهیجنسییهكهوه نووسینگەی هه‌ڵسه‌نگاندنی ستانده‌ری بانكه‌کان، که پێی ده‌ڵێن (Moody ) كه ده‌توانێت پله‌و پایه‌ی بانكه‌كان داگرێت، پله‌ی 28 بانكی له بانكه‌كانی ئیسپانیا، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه له‌وێ هه‌یه، هێنایه خواره‌وه. ئابووریناسه‌كان وای بۆ ده‌چن، ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه ئیسپانیای تێكه‌وتووه، پێویستی به 350 ملیارد یورۆ هه‌یه، كه له‌م پاره‌یه 75 ملیاردی ده‌چێت بۆ كۆمه‌كی بانكه‌كانی.
بارودۆخی ئابووری (ئیتالیا)ش له ئیسپانیا باشتر نییه، ڕووداوه‌كان و ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی سه‌لماندیان، كه پێشبینییه‌كانی ده‌سگه دراوییه‌كان و كۆمیسۆنی ئه‌وروپی به‌دانانی تهكنۆكراتێكی وه‌كو Mario Monti به سه‌رۆكشالیاران، بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه، له‌مه‌شیاندا به‌هه‌ڵه‌دا چوون، ئه‌وه‌تا ئێستا هاواری لێ هه‌ڵساوه، چونكه كێشه ئابوورییه‌كه‌یان له قوڵبونهوهدایه، له نێو میدیاكاندا به ئاشكرا داد و بێدداییان له‌ده‌ست فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا دیاره، له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا كه هه‌فته‌ی پێشوو له ڕۆم بەسترا Monti توڕه‌یی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌نجێلا مێركڵ و فره‌نسوا هۆڵه‌ند، سه‌باره‌ت به ئه‌و مه‌رج و به‌ندانه‌ی له‌سه‌ر وڵاتانی زۆنی یورۆ دانراون، نه‌شارده‌وه، داوای كرد، كه ڕێژه‌ی ئه‌و سودەی كه له‌سه‌ر دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی ئیتالیا دانراوه ، بهێنرێته خواره‌وه. دیسانه‌وه له ڕۆژی 28.06.12 نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر به بارودۆخه‌كه ده‌ربڕییه‌وه و وتی “گه‌ر ئیتالیا هیوابڕاو بێت، وا له هێزه ڕامیاره‌كان ده‌كات، كه بڵێن: با ئه‌وروپا، با یورۆ ، با ئه‌م وڵات یا ئه‌و وڵات بڕوا بۆ دۆزەخ”
(ئیرله‌نده) و (پورتگال)یش له‌م قه‌یرانه‌دا له‌شانی ئیتالیا و (ئیسپانیا)دان. پورتوگال، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ی قوڵتر نه‌بێته‌وه، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به بڕی 78 ملیارد یورۆ قه‌رزی پێدرا، هه‌ر له‌م یه‌ك دوو مانگه‌ی ڕابوردوودا بوو، كه (٣)یان له هه‌ره بانكه سه‌ره‌كییه‌كانی ، Millennium, BPI, Geral de Depositos , گه‌ر به 5.8 ملیارد یورۆ كۆمه‌ك نهكرانایە، ئه‌وا به‌ره‌و نابووتی و مایه‌پووچی ده‌ڕۆیشتن.
بۆ ده‌سگه دراوییه‌كان و كۆمیسۆنی ئه‌وروپی سه‌نگی ئه‌م دوو وڵاته، وه‌كو وڵاته سه‌ره‌كییه‌كانی زۆنی یورۆ قورس نییه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه له‌ناو میدیادا كه‌متر ده‌كه‌ونه به‌رچاوان. به‌ڵام میدیا و ده‌سگه دراوییه‌كان، هه‌رچۆن حساب بۆ ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته بكه‌ن، مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه، چونكه ئه‌وانیش به‌پێی سه‌نگی ئابووری خۆیان و ژماره‌ی دانیشتوانیان له‌ناو زۆنی یورۆدا،پشكێكی گه‌وره‌ن و وه‌كو هه‌موو وڵاتانی دیكەی ئه‌وروپا پسانی ئه‌ڵقه‌كه‌یان له زنجیره‌ی بهیهكهوهگرێدراوی زۆنی یورۆدا ، مه‌ترسییه‌كی كه‌متر له یۆنان و ئیسپانیا و ئیتالیا له‌سه‌ریان دروست ناكات .
تا ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر بریتانیا، گه‌رچی وڵاتێك نییه له زۆنی یورۆدا، به‌ڵام قه‌یرانه ئابوورییه‌كه زۆر به خه‌ستی هه‌ر له 2008 وه ئه‌ویشی گرتۆته‌وه. ئابووریناسه‌كان ده‌ڵێن له دوای قه‌یرانه گه‌وره‌كه‌ی نێوان ساڵانی 1928 و 1936ەوە، ئه‌مه یه‌كه‌م جاره، كە ئه‌م وڵاته قه‌یرانی ئاوا گه‌ورەی بهخۆیەوه بینیبێت. ئاماره‌كانی ئه‌م دواییه نیشانی ده‌دن، كه ئه‌م وڵاته له كۆتایی پارساڵ و سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه قه‌یرانه‌كه‌ی قوڵتر بووه‌ته‌وه، ڕێژه‌ی بێكاری له %8.5 ، به ژماره و به‌پێی ئاماری ده‌وڵه‌تی له سه‌روو 2.7 ملیۆنهوهیه، به‌ڵام ئاماری سەندیكای ناوه‌ندی وڵاته‌كه ده‌یسه‌لمێنێت، كه ژماره‌ی بێكاری له سه‌روو 6 ملیۆنهوهیه، هه‌ر له ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا 381.000 كه‌س، ته‌نها له كه‌رته دهوڵهتییەكاندا بێكار بوون. . ڕێژه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که هه‌ر به ته‌نها له له له‌نده‌ن دا لانهوازهو بێشوێن و ڕێگان و له لۆچی دوکانه‌کان و وێستگه‌ی پاس و میترۆ‌و ئاوده‌ستی شوێنه گشتییه‌کاندا دهخهونو کات ده‌به‌نه سه‌ر، 5678 که‌سن که له ساڵی پاره‌که‌وه به‌ڕێژه‌ی له %43 زیادی کردوه. باروو دۆخه‌که به‌و شێوه‌یه‌یه له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت پاره پاشه‌که‌وت بکات. که‌چی له مانگی ئایاری ئه‌م ساڵدا ده‌وڵه‌ت 17.9 ملیارد پاوه‌ندی قه‌رز كردووه. هه‌ر ڕۆژی سێشه‌ممه ، 26.06.12 بوو ، كه Mervyn King ، سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ئینگلته‌ره، بۆ جارێكی دیكەش نائارامی خۆی به‌رامبەر دراوی یورۆ و وڵاتانی زۆنی یورۆ، ده‌ربڕی و وتی: “من به‌رامبه‌ر بارودۆخی وڵاتانی زۆنی یورۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له سه‌ر ئابووری بریتانیا ڕه‌شبینم”. ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی که داهات و ژیانیان له خوار ستانده‌ری ژیانه‌وه‌یه له ساڵی 2008 وه به ژماره‌ی 3 ملێون سه‌رکه‌وتووه ، جێگای سه‌رنجه له وڵاتێکی خاوه‌ن داهات و سامانێکی زۆر که‌چی چواریه‌کی خه‌ڵکه‌که‌ی ستانده‌ری ژیانیان نزم بێت.
نرخی پێداویستییه‌كانی ژیان و ژماره‌ی منداڵان كه له ده‌وروبه‌ری هێڵی برسێتیدا ده‌ژین و ژماره‌ی زگورت و خێزانه‌كان، كه به هۆی ئه‌م بارودۆخه‌وه بێخانووبه‌ره بوون له هه‌ڵكشاندایه. له‌م ڕۆژانه‌دا بوو، كه ڕۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی وتارێكی به ئاماره‌وه بڵاوكرده‌وه، كه له هه‌ندێك قوتابخانه‌دا مامۆستاكان خواردن و میوه بۆ ئه‌و قوتابیانه ده‌هێنن، كه برسین و به‌هۆی بێكاربوونی باوك و دایكیانه‌وه له‌م دواییه‌دا ناتوانن نانی بهیانانیان بۆ دابین بكه‌ن.
قهترانهكه ڕۆژ به ڕۆژ وڵاتانی دیكەش ده‌گرێته‌وه. له ڕۆژی 26.06.12 دا، قوبرس كه وڵاتێكی دیكەی زۆنی یورۆیه، داوای به‌هاناوه‌چوونی ده‌سگه دراوییه‌كان و كۆمیسۆنی ئه‌وروپی، كرد. ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ی بارسوكتر بێت، پێویستی به 10 ملیارد یورۆ هه‌یه، ئه‌مه بێجگە له‌وه‌ی كه پارساڵ 2.5 ملیارد یورۆی له ڕوسیا قه‌رزكردووه، بۆ ئه‌م جاره‌ش ڕویكرده ڕوسیا و چین، به‌لام له‌سه‌ر هه‌ل و مه‌رجه‌كانی قه‌رزه‌كه ڕێكنه‌كه‌وتن بۆیه ئێستا داوا له ده‌سگه دراوییه‌كان و كۆمیسۆنی ئه‌وروپی ده‌كات. بێ‌کاری له قوبرسیش ده‌ردێکی کوشنده‌یه، به پێی ئاماره فه‌رمییه‌كان ڕێژه‌ی بێكاری له وێ له %10 یه.
ده‌سگه دراوییه‌كان و كۆمیسۆنی ئه‌وروپی و ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكی به‌تایبه‌ت سه‌رۆك ئۆباما، له دوای بردنه‌وه‌ی سوشیالیستهكان له فه‌ره‌نسا و خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی یۆنان، كه به هه‌ر هه‌موو پارته‌كان نه‌یانتوانی له %50 ده‌نگه‌كان بەدەستبهێنن و نه‌توانرا حكومه‌ت دروسست بكه‌ن، به‌مه زۆر نیگه‌ران بوو. چونكه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه زیاتر ڕاپرسییەك بوو له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر پارتێك، كه لەتەك ڕامیاریی دهسگرتنهوه ( ته‌قه‌شوف ) دا بڕوات و پابه‌ندی ته‌واوی مه‌رج و به‌نده‌كانی ده‌سگه دراوییه‌كان بێت. به‌واتایه‌كی دیكە ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕامیاریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵیزم، بوو، له بواری ئابووری و ڕامیاریدا. ئه‌مان ترسی ئه‌وه‌یان لێ نیشتبوو كه گه‌ر له یۆنان Syriza هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 17.06.2012 بباته‌وه ئه‌وه هه‌موو مەرج و بەنده‌كانی هه‌ردوو قهرزهكهی كه پێیان دراون، هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و ئاماده نابێت په‌یڕه‌ویان لێ بكات. قبوڵكردنی ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سگه دراوییه‌كان و كۆمیسۆنی ئه‌وروپییه‌وه، له‌سه‌ریان زۆر ده‌كه‌وت، چونكه ئه‌و كاته ده‌بووایه به سه‌رجه‌می ئه‌و قه‌رزانه‌ی، كه داویانن به وڵاته‌كانی دیكەیش بچونایهتهوه، خۆ ئەگه‌ر ئه‌مه‌ش قبوڵ نه‌كرایه، ئه‌وا یۆنان لەوانه بوو له زۆنی یورۆ بهاتایه‌ته ده‌ره‌وه و ئه‌مه‌ش ده‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه وڵاتانی وه‌كو ئیتالیا و ئیسپانیا و پورتوگال و ئیرله‌نده هه‌مان ڕێگه بگرنه به‌ر، كه ئه‌مه‌ش له كۆتاییدا ده‌بووه هۆی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ی دراوی یورۆ و لاوازبوونی دراوه جیهانییه‌كانی دیكە، ئه‌و كاته‌ش ده‌بووایه به ئاشكرا بانگه‌شه‌ی ئاشبەتاڵكردنی حكومه‌تی لیبراڵ و نیو- لیبراڵیزم له بواری ڕامیاری و ئابووریدا بكرێت.
گه‌رچی ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه حه‌تمیه‌تی مێژوییه و لیبراڵ و ڕامیاریی نیو-لیبراڵیزم به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره ده‌ڕوات، چونكه ڕووداوه‌كان و قەیرانەكان و ئاماره‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی چه‌رخی ڕابوردووه‌وه ، ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه، كه گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕامیارییه له بەرێوەبردنی ده‌وڵه‌ت و ئابووریدا سەركەوتوو نەبووە و به‌ره‌و شكستی كۆتایی ده‌ڕوات. به‌ڵام وڵاتانی زۆنی یورۆ و بریتانیا و ئه‌مه‌ریكا و یابان و چین هه‌ندێك وڵاتی دیكەیش له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگەچارهیهكدان، ئینگلیز وته‌نی “بۆ پاراستنی پێسته‌كه‌یان”. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش سه‌رێك له مه‌كسیكۆ كۆده‌بنه‌وه و جارێكی دیكە له ڕۆم و پاریس و جاری داهاتوویان كه ڕۆژی پێنجشه‌ممه و هه‌ینییه، 28.06 و 29.06 له برۆكسل. له ساڵی 2008 وه ئه‌مه نۆزده‌هه‌م كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ییانه كه سه‌باره‌ت به‌م قه‌یرانه ئابوورییه ده‌یگرن. بێگومان ئه‌مان هه‌ر وه‌كو هه‌موو جاره‌كانی پێشتریان له لابهلاكردنهوهی قهیرانهكەدا ناتوانن بگه‌نه چاره‌سه‌رێك. گه‌رچی قه‌یرانه‌كه ئه‌وان خۆیان و به ڕامیاریی لیبراڵانه‌ی خۆیان خولقاندویانه، به‌ڵام چارەسەرەكهی له ده‌ره‌وه‌ی ویست و خواستی ئه‌وانه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌مان له نێوانیاندا كه‌لێنێكی گه‌وره دروست بووه و زۆر له یه‌كدی دوور كه‌وتونه‌ته‌وه و ناتوانن به كۆڕا بگه‌نه بڕیارێك . بۆ نموونه فه‌ره‌نسه پێشنیاری ئه‌وه ده‌كات، كه له %1 داهاتی نه‌ته‌وه بۆ یارمه‌تیدانی بانكه‌كان له كاتی لێقهومانیاندا بخرێته لاوه، به‌ڵام هه‌ندێكیان گوێ بۆ ئه‌م پێشنیازه ناگرن، هه‌رچی ئۆباما و ئیتالیا و جارجاره‌ش (بریتانیا)ن زۆر پەیگیرانە داوا له ئه‌نجێلا مێركل ده‌كه‌ن، كه تۆزێك مه‌رج و به‌نده‌كانی قه‌رزه‌كان شل بكات و باشتر به‌ده‌م ئه‌و وڵاتانه‌وه بچێت كه باریان لاره، به‌ڵام مێركڵ ئه‌مه‌ی به گوێدا ناچێت. له‌لایه‌كی دیكەوه حكومه‌تی تازه‌ی یوێنان داوای وتووێژی نوێ ده‌كات له سه‌ر قه‌رزه‌كانی كه پێیاندراوه ، دیسانه‌وه مێركڵ ده‌ڵێت ئه‌مه كاری نه‌كرده‌یه. هه‌ندێكی دیكەیان داوا ده‌كه‌ن، كه ئه‌ڵمانیا ڕێژه‌ی باج داگرێت و مووچه و كرێ سه‌رخات تاكو وڵاتانی دیكە بتوانن كاڵاكانیان بنێرنه ئه‌وێ، به‌ڵام مێركڵ بۆ ئه‌مه‌شیان ڕازی نابێت. تازه‌ترین پێشنیار دروستكردنی ” یه‌كێتی بانكه‌كانه” واته لێسه‌ندنه‌وه‌ی بڕیاره گرنگه‌كانه له سه‌ران و ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌ت سه‌باره‌ت به قه‌یرانی دراو، تاكو ئه‌مان مامه‌ڵه‌ی لەتەكدا بكه‌ن. دیسانه‌وه مێركڵ بۆ ئه‌مه‌شیان تا ئێستا ڕازی نه‌بووه. له کۆبوونه‌وه‌ی لوتکه‌یی ئه‌مجاره‌یان که 28.06 2012.و 29.062012. بوو، مێركڵ به‌وه ڕازی بووه که 100 ملیارد یورۆ بۆ بانكه‌کانی وڵاتانی زۆنی یورۆ ته‌رخان بکرێت ئه‌ویش به‌و مه‌رجه‌ی که هه‌موویان پێکبێن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی یه‌کێتی بانكه‌کانی وڵاتانی زۆنی یورۆ ، بۆ ئه‌مه‌ش بڕیاریان دا که سیسته‌مێکی چاودێریکردنی بانكه‌کان له یورۆ زۆندا ، هه‌نگاوی یه‌که‌م بێت له دروستکردنی یه‌کێتی بانكهکاندا، که ئه‌مه‌ش نزیکه‌ی 2 ساڵ ده‌کێشێ تاکو سیسته‌مه‌که بکه‌وێته کار. ئه‌م سه‌رئه‌نجامه‌ی که له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا پێێ گه‌یشتوون شتێک نییه که چاره‌سه‌رێکی هه‌تا وه‌ختی قه‌یرانه‌که بکات.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه دوا كۆبونه‌وه‌ی G20 نابێت چونكه له ئێستادا ئه‌مان ناتوانن به‌م بۆچون و هه‌ڵوێسته جیاجیایانه‌وه چاره‌سه‌رێك، هه‌تا گه‌ر وه‌ختیش بێت، بۆ ئه‌م قه‌یرانه دابنێن، بۆیه قه‌یرانه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت، لەتەك ئه‌وه‌شدا ئەستەمیشه له ئێستادا بزانرێت سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و چی ده‌هێنێته به‌رهه‌م. به‌ڵام ئه‌ڵته‌رناتیڤی كۆتایی و ئاینده هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی سۆشیالیزم و ئهناركیسزمه